لەسەر بڕیاری بەڕێوبەری گەشتیاری سلێمانی،

11/11/2016    22:47

لەسەر بڕیاری بەڕێوبەری گەشتیاری سلێمانی، "شەوە ئاهەنگ"ی رێستۆرانت و کافێکان قەدەغەدەکرێت 


Têkst

سولی ئۆن وێب

لەسەر بڕیاری بەڕێوبەری گەشتیاری سلێمانی، "شەوە ئاهەنگ"ی  رێستۆرانت و کافێکان قەدەغەدەکرێت و بۆماوی دوو هەفتەیە کافێ و رێستۆرانتەکانی سلێمانی لە لایەن ئاسایشەوە چاودێری دەکرێن.

ئەم بڕیارە لەلایەن مستەفا حمەرەحیم، بەڕێوبەری گەشتیاری سلێمانی دەرچووە و باس لە دوو هۆکار دەکات کە یەکەمیان بە بیانوی ئەوەی "کافێکان شوێنی حەوانەوە و پشودانە، نەک گۆرانی ووتن و ئاهەنگ."  هۆکاری دووەمیش "کافێ و ڕیستۆرانتەکان زۆربەیان لەنزیک ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی ھاوڵاتیانن، گلەییەکی زۆریان لەلایەن دانیشتوانی گەڕەکەکەوە ھاتۆتەسەر."

هەربۆیە رێگەچارەی بەڕێوبەری گەشتوگوزار بۆ ئەم بابەتە بریتیبووە لە قەدەغەکردنی "شەوە ئاهەنگ." 
دوای بەدواداچونەکانی سولی ئۆن وێب و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەندێک لە خاوەن رێستۆرانت و کافێکان، ئەوان پێیان وایە ئەمە بڕیارێکی نەشیاوە و رێگە گرتنە لە کەیف خۆشی خەڵک لە کاتێکدا لایف میوزیک و ئاهەنگ زیاتر لە رۆژانی هەینی و شەمماندا سازدەکرێت تا خەڵکی بتوانن کاتێکی خۆش بەسەر بەرن.

جێگای سەرسوڕمانە لە سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیر ی بڕیارێکی لەو جۆرە بدرێت لە کاتێکدا ئێمە چاوەڕێی هەوڵی جدی دەکەین تا سلێمانی ئەونازناوەی پێی بەخشراوە بیسەلمێنێت و رێگەخۆشکەر بێت بۆ کلتور و چالاکی کلتوری. بڕیاریکی لەو جۆرە سیستمی دیکتاتۆری دەهێنێتە بەرچاومان چونکە تەواو موگلەقانەیە و رێگە دەگرێت لە گەشەسەندنی شار و بەرەو پێشچونی کۆمەڵگا. سلێمانی هەمیشە شوێنێک بووە کە خەڵکی بۆ کەیف خۆشی روویان تێکردووە ئەمەش دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت وەک هۆکارێک بۆ برەودان بە لایەنی گەشتیاری، وە لایف میوزیک و ئاهەنگی ناو کافێ و رێستۆرانتەکان هۆکارێک بوون تا خەڵکی روو بکەنە ئەو شوێنانە، بەڵام ئایە ئەم خاڵانە لەبەرچاو گیراون کاتێک بڕیاری قەدەغەکردنی ئاهەنگ دەدرێت؟

کاتێک کافێ و رێستۆرانتەکان مۆڵەتی کردنەوەیان پێ دراوە، ئایا نەزانراوە کە ئەم شوێنانە دەکەوێت ناو ماڵانەوە، بۆ لە ئێستادا ئەمە بووە بە بابەتێک؟ پاشان وەک هەندێک لە خاوەن کافێ و رێستۆرانتەکان دەڵێن شوێنەکانیان شوێنێکی گەشتیارییە و بە هەموو شێوەیەک مافی ئەوەیان دەبیت پێبدرێت کە بە پێی پرۆگرامی خۆیان بەڕێوە ببرێن. جگە لەو راستییەی کە لایف میوزیک و ئاهەنگ تەنیا لە رۆژانی کۆتایی هەفتە ئەنجام دەدرێت، ئەو کاتانەیە کە زۆربەی گەنجان و خێزانەکان بۆ کەیف خۆشی دەگەڕێن. گەر لە گەنجانی ئەم شارە بپرسیت چۆن کاتەکانیان بەسەر دەبەن، بە وەڵامی زۆربەیان بۆت دەردەکەوێت کە کافێکان تەنیا شوێنیانە بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر بەرن جیاوازبێت لە رۆتینی رۆژانە.

ئێمە وەک ستافی سولی ئۆن ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر ئەم بڕیارە دەردەبڕین و هیوادارین پێداچونەوەی بۆ بکرێت و کلتور زیاتر لەبەرچاوبگیرێت و بنرخێندرێت.

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw