گۆشەنیگایەک بۆ تێڕوانین لە کایەی هونەر: بەشی دووەم
نوسەر: ڕۆجەر سکرتن
وەرگێڕ: هەڵگورد ئەحمەد
بەشی دووەم
خواستی هونەری مۆدێرن لەناوبردنی کیچ بوو، بەڵام ناوبەناو فریوی دەخوارد بەئاڕاستەی تردا.
لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیست، هونەرەکان پێیان خستە ناو سەردەمی شۆڕش و داهێنان. مۆدێرنیستەکان ووتیان، دەبێ ئەو هونەر و وێژەیە کۆتایی بێت کەباس لە ڕەوینەوەی خەم و ڕزگاری مرۆڤ دەکات. هونەر دەبێت ڕاستی ژیانی مۆدێرن وەک خۆی نیشان بدات، چونکە تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت دڵنەوایی و سەبوری هێنەر بێت. ئەندازیار ئەدۆڵف لووس دەڵێت: نەخشاندن و هەموو ئەو ڕوکارە تەلارسازیانەی سەردەمی بارۆک کە شەقامەکانی ڤێنای داگرتوەتەوە و ڕوپۆشکراون بە نەخش و هێڵی چەماوەی بێمانا، تاوانە، هەمووی ئاماژەیە بۆ حاشاکردن لەو جیهانەی تێیدا دەژین. ئەم هەوڵانە ئەو پەیامە دەدەن بەگوێماندا کە جوانی سەربە ڕابردوویەکی نادیار و وونبووە. لەڕێی بەهەند وەرگرتنی ئەم پەیامەوە، ئەندازیار لووس لە سۆراغی جوانییەکی بێگەردتردابوو – جوانیەک لە ژیانی مۆدێرنەوە هەڵهێنجرابێت و لاشمان پەسەند بێت.
ئارنۆڵد شۆنبێرگ، کەبە (لووس)ی هاوچەرخ دادەنرێت، لەدژی میوزیکی ڕۆمانتیکی دواقۆناغ جەنگا. سەرباری ئەوەی خۆی یەکێک بوو لە شارەزایانی ئەو میوزیکە، بڕوای وابوو داڕشتی مۆسیقا بەو شێوازە کۆنە مۆسیقا بەرەو کڵیشێ دەبات. شۆنبێرگ جنگڵی دەدا تا زمانی مۆسیقا داڕێژێتەوە، ئومێدی وابوو پاکی و وردی مۆسیقای مۆزارت و باخ بەپێزتر بکات. ئیلیۆت و پۆند لەدژی هۆنراوە ئەفسانەییەکانی هۆسمان و ۆڵتە دی لا مار جەنگان. ئەمان سوربوون لەسەر ئەوەی ئەرکی شاعیر خەوبینین نیە بە ڕابردووەوە، بەڵکو ڕاپەڕاندنی ئێمەیە لەو خەوەی بردوینیەتەوە، تا واقعی ئێستا ببینین. هۆنراوە کاتێک دەچێتە خانەی هۆنراوەوە کە شتەکان وەک خۆی نیشان بدا، بۆ ئەمەش دەبێت چوارچێوەی بنچینەیی شاعیر بونیاد بنرێتەوە تا ئەگەرەکانی بۆ هاتنەئارای ئەم جۆرە هۆنراوانە فەراهەمبکرێن. دواجاریش تێگەیشتن لە ئاکامەکەی هەروا ئاسان نابێ. بەڵام، بەپێچەوانەی شیعرە خەمڕەوێنەکانی سەردەمی ڤیکتۆریاوە، شایەنی ئەوەیە لێی تێبگەین.
لە ئەنجامی هێرشەکان بۆسەر ڕێگە کۆنەکانی هونەرکردن، یەک ووشەی زۆر تایبەت هاتە نێو ناوان. ئەو ووشەش کیچ (kitsch)، بوو. هەرکە ووشەکە ناسێندرا، ئیدی نەزانرا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەگوترا: هەربەرهەمێکت هەبێت با هەتبێت، بەڵام نابێت کیچ بێت. ئەمە بووە یەکەم داخوازی بەسەر هەموو هونەرمەندەکانی مۆدێرن، جا بەهەر میدیەمێک کاریان بکردایە. لەو بابەتە بەناوبانگەی لەساڵی ١٩٣٩، بڵاوکرایەوە، ڕەخنەگری ئەمەریکی کلیمێنت گرینبێرگ بە خوێنەرەکانی ووت ئێستا تەنها دوو ئەگەری هونەرکردن بۆ هونەرمەندان لەبەردەستدایە. یا سەربە ئاڤان-گارد بیت، بکەویتە ململانێ لەگەڵ شێوازە کۆنەکانی نیگارکێشی فیگەرەتیڤ، یان کیچ بەرهەم بێنیت. ترسان لە ڕەنگپێدانەوەی کیچ یەکێکە لەو هۆکارانەی ناچارت دەکەن سەرزەنشتی زۆرێک لەو هونەرە بکەیت کە ئەمڕۆ بەرهەم دەهێنرێت. چونکە هونەرمەندا واتێگەیشتوون گرفتێک نیە ئەگەر هاتوو کارەکەت ناحەز و شۆکهێنەر و بێزارکەر بێت – بەمەرجێک کیچ نەبێت.
سەرباری ئەوەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە لە ئەڵمانیا و نەمسا ووشەی "کیچ" بەکار دەهێنرا، بەڵام هیچ کەس نەیزانی ئەم ووشەیە لەکوێیەوە هاتە بەرباس. تەنانەت کەس نەیزانی ووشەکە بەباشی پێناسە بکات. بەڵام لەئێستادا کاتێک ڕوبەڕوی بەرهەمێکی کیچ دەبینەوە هەموومان دەزانین ئەو بەرهەمە کیچە یان نا. بوکی باربی، بامبی واڵ دیزنی، سانتا کلوسی ناو مارکێت، بین کرۆسبی کاتێک گۆرانی کریسمس دەڵێت، وێنەی توتەڵە سەگەکان بە قردێلەکانی سەر سەریانەوە لە نموونەی هونەری کیچن. لە کریسمسدا ئابڵوقە دراوین بە کیچ و کڵیشێی داغان بوو، کایەی خۆیان تەواو کردووە بێ ئەوەی پەندێکیان لێوەرگیرابێت. ئەو منداڵانەی بڕوایان بە سەنتا کلوس هەیە سۆزێکی ڕاستەقینە لە خەیاڵەوە هەڵدەهێنجن. ئێمەش کە ئیدی بڕوامان پێ نەماوە، جگە لە سۆزێکی ساختە لەبەرامبەریان هیچمان بێ نیە بیدەینەوە. بەڵام ئەم سۆزە ساختەش چێژبەخشە، کاتێک وادەنوێنین هەستێکی خۆش ئەزموون دەکەین، هەروەها کاتێک هەموو بەشدار دەبین لە بەخشینی ئەم سۆزە ساختەیە، کوتومت وەک ئەوە وایە نواندن نەکەین و بەڕاستەقینە وەریگرین.
ڕۆمان نوسی زیورخی میلان کوندیرا سەرنجێکی جوان و بەجێی هەیە. دەنوسێت، "کیچ" دەبێتە هۆی هێنانی دوو فرمێسکی خێرا-بەدوایەکداهاتوو لەچاوەکانمان. فرمێسکی یەکەم دەڵێت: چەندە جوانە کاتێک دەبینیت منداڵان بەسەر سەوزەگیادا ڕادەکەن! فرمێسکی دووەم دەڵێت: چەندە جوانە کاتێک پێکەوە لەگەڵ تەواوی مرۆڤایەتیدا کاریگەربیت بەڕاکردنی منداڵەکان بەسەر سەوزەگیاکەدا!" بەدەربڕینێکی تر، کیچ بریتی نیە لەو شتەی تێبینی دەکرێت بەڵکو بریتیە لە تێبینیکەر. کیچ پێشوازیت لێناکات بۆ هەست جوڵان بەهۆی ئەو بوکەشوشەی جلی ناسکت لەبەر کردووە، بەڵکو بەهۆی خودی خۆتەوەیە کاتێک جلە ناسکەکان دەکەیتە بەری. هەموو هەستجوڵانێک بەهەمان شێوەیە – ئاڕاستەی سۆز دەگۆڕێت لە کارتێکراوەوە بۆ بکەر، ئەمیش بۆ دروستکردنی فەنتازییای سۆزە بەبێ تێچونی نرخی ڕاستەقینەی هەستکردن پێی. یەکەی کیچ هانتدەدا تا بیر بکەیتەوە، دەچپێنێت بەگوێتدا و دەڵیت: "لێمبڕوانە و هەستم پێبکە – چەند جوان و دڵگیرم." هەربۆیە ئۆسکار وایڵد ئاماژە بە یەکێک لە دەردەدارترین دیمەنی مەرگ دەکات لە نوسینەکانی دیکنس و دەڵێت "مرۆڤ دەبێت دڵی لەبەرد بێت بۆئەوەی بە مەرگی (لیتڵ نێڵ)، پێنەکەنێت".
هەر ئەم تێگەیشتنەبووە وای مۆدێرنیستەکان کردووە ترسەیان لە دزەکردنی کیچ هەبێت بۆناو هونەرەکەیان. بڕوایان وابووە لە دەورانی سەدەی نۆزدەدا، نەتوانراوە ئیمۆشنی ڕاستەقینەی هونەر لەناو بەرهەمی ئەو سەدەدا جیاکرێتەوە و بخرێتە ڕوو. لەنێو نیگاری فیگەرەتیڤ و مۆسیقای تۆنی و هۆنراوەی سواوی عاشقە پاڵەوانەکان و سەرکەوتنە ئەفسانەییەکان، دەتوانین دەستنیشانی هەمان دەرد بکەن – هونەرمەندان نەچوونە ناو قوڵایی دڵی مرۆڤەوە، بەڵکو هونەرێکی فودراوی سەرپێیان ئەفراندووە و دواجاریش ڕەوانەی بازاڕیان کردووە بۆ فرۆشتن.
بەدڵنیاییەوە ڕێگری لەهونەرکردن نەکراوە بە ستایلە کۆنەکان، بەڵام نابێت بە هەوڵێکی بەجدییان بزانین، چونکە دەرنجامەکەی بەرەو کیچ دەڕوات، یان دەبێتە کەلوپەلی فرۆتەنی هەرزانبایی، بێئەوەی کۆششیان بوێت دەتوانیت بەرهەمیان بێنیت و بێئەوەی پێویست بە بیرکردنەوە و تێڕامان بکات، دەتوانی لێیان تێبگەیت و هەزمیان بکەیت. هەر ئەمەشبوو وایکرد نیگاری فیگەرەتیڤ ببێتە کەرەستە بۆ دروستکردنی کارتی کریسمس، مۆسیقاش ببێتە هونەرێکی بودەڵە و هەستبزوێن، ئەدەبیش بە کڵیشێ. کیچ بریتیە لە هونەرێکی ساختەکراوە، گوزارشت لە سۆزێکی ساختە دەکات، مەبەستیش لەم هونەرە بەلاڕێبردنی کڕیارە تا وابزانێت هەست بەشتێکی قوڵ و جدی دەکات، بەڵام لەڕاستیدا هەستی قوڵ لەو هونەرەوە هەر لەئاردا نیە. سەرباری ئەم ڕوونیەش، ڕێگریکردن لە کیچ ئەوەندە ئاسان نەبووە وەک ئەوەی دەرکەوتووە. ئەتوانی بەچاوڕویەکی قایمەوە ئاڤان-گارد بیت، شتێک بکەیت بەناوی هونەرەوە کەس هەر بیریشیدا نەهاتبێت ئەو شتە بکات و ناوی هونەریشی بداتە پاڵ – ئەشێت ئەو شتە پێشێلکاری پیرۆزییەکانی کەسانی تربێت، یاخود دەستبردن بۆ حەرەمەکانی ئاین. بەڵام، خۆ ئەم کردەوەش سەردەکێشێت بەرەو ساختە و ڕەسەنایەتی ساختە و مانای ساختە، یاخود جۆرێکی نوێی کڵیشێ دەهێنێتە ئاراوە، وەک ئەوەی لە هەوڵی زۆرێک لە هونەرمەندە گەنجە بەریتانیەکاندا دەردەکەوێت. کەسێک ئەیتوانی پێداگری لەسەر مۆدێرنبوونی بکات، بەڵام ئەمە بەسنەبوو بۆئەوەی بیگەیەنێتە ئەو دەستکەوتە هونەرییەی ئیلیەت و شۆنبێرگ یان ماتیس پێیگەیشتن، ئەوەی ئەوان کردیان، ڕۆچوونبوو تا قوڵایی و کرۆکی مۆدێرن. مۆدێرنیزمبوون سەختە. ململانێێت لەگەڵ نەریتی هونەر لێدەخوازێت. داوای هونەرێکت لێدەکات جیا لە هونەرە نەریتیەکە، ئەمیش لەپێناوی گوزارشتکردن لە شتێکی نوێ.
ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دەرکەوتنی پرۆژەیەکی هونەری سەراپاگیری نوێ، کە خۆم ئەم پرۆژەیە بە "پری-ئێمەتیڤ کیچ" ناو دەبەم (و. دەستپێشخەری بۆ کێچ کردن). ڕەچاوکردنی مۆدێرن هەم کردەیەکی قورس بوو هەمیش ناباو، هەربۆیە هونەرمەندان بۆخۆدزینەوە لە مۆدێرنیزم، خۆیان دورەپەرێز نەگرت لە کیچ، بەڵکو باوشیان بۆ کردووە، بەو شێوەی ئاندی وارهۆڵ و ئالان جۆنس و جاف کونز کردیان. خراپترین شت ئەوەیە بێئاگایانە بکەویتە ناو تاوانی بەرهەمهێنانی کیچەوە. زۆر لەوەش خراپتر ئەوەیە ئاگابیت و بەئەنقەست کیچ بەرهەم بێنیت، ئەمەی دووهەمیان، بەهیچ شێوەیەک ناچێتە ناو خانەی کیچەوە، بەڵکو دەبێتە جۆرێک لە لاسایکردنەوەیەکی ئاڵۆز. بەو پێیە، پری-ئێمەتیڤ کیچ، کیچی ڕاستەقینە دەخاتە ناو دوو کەوانەوە، بەئومێدی پاراستنی تایبەتمەندییە هونەرییەکانی و زەقکردنەوەی. ئەو پەیکەرە پۆرسلینەی مایکڵ جاکسن بە نموونە وەرگرە کە شامپازییە ماڵیەکەی بەتوندی لەپاوش گرتووە، هەندێک ڕەنگی بازاڕی بەسەردا بڕێژە و دواجار بە وارنیش ڕوپۆشی بکە. فیگەرەکان بەشێوە وەستانێک ڕێکبخە بچێتەوە سەر مادۆنا و منداڵەکە، گوزارشتێکی بێ-هەستیان پێببەخشە بەشێوەیەک وا لە بینەر بکات هەرکە چاوی پێکەوت هێڵنج بدات، دەرئەنجامی ئەم هەوڵە جۆرێک لە کیچ دەردەچێت ناتوانیت هەر بڵێیت کیچەو تەواو. ئێمە وای بۆدەچێن، بەرهەمەکانی جاف کوونز ئەبێت شتی تر بن، شتێکی قوڵ و جدی کە ئێمە لەدەستمان داوە. ڕەنگە ئەم کارە هونەرییە لێدوانێک بێت لەسەر کیچ، بەشێوەیەک لەڕێی کیچبوونێکی ڕوون و ئاشکرا ببێتە مێتا-کیچ.
یان ئالان جۆنس بەنموونە وەرگرە، ئەو هونەرمەندەی لەم دوایانەدا کارەکانی لە ئەکادیمیای ڕۆیاڵ نیشان درابوون، کارەکانی پێکهاتبوون لە فیگەری شێوە ڕەگەزی مێینەی تێکدراو بەملیەکدا لەپێناو لێپێکهێنانی کەلوپەلی ناوماڵی وەک مێز و کورسی، یان ئەو بوکەشوشانەی لەڕێی جلەکانی ژێرەوایان ئەندامە شەهوەت بزوێنەکانیان دەرخراون، هەموویان جۆرێک لە مرۆڤی مێینەی پەڕپوت و منداڵانەن، دواجار چەندێک هەست و زەردەخەنی ساختە لەسەر ڕوخساری نمایشتکارەکانی جلوبەرگدا هەن، ئەوەندەش لەم کارانە. دیسانەوە ئەمانە جۆرێک کە کیچی زەق و ئاشکران، ناکرێت هەر بڵێین کیچن و تەواو. دەبێت هونەرمەندەکە شتێکمان دەربارەی ڕاستی خۆمان پێبڵێت – شتیک دەربارەی ئارەزو و شەهوەتەکانمان – دواجاریش ڕوبەڕووی ئەو ڕاستیەمان بکەنەوە کە گوایە کەیفمان بەکیچ دێت، ئەویش کاتێک ڕیسوایی ڕۆدەکات بەسەر کیچداو بە ماڵنج تێی دەساوێت. هونەرمەند لەبری هونەرێکی ئایدیاڵی لەچوارچێوەگیراوی دونیای خەیاڵ، ڕێک لەناو دوو کەوانەدا خەڕەکە شکاومان پێشکەش دەکات.
پری-ئێمەتیڤ کیچ بریتیە لە یەکەم ئەڵقەی زنجیرێک. هونەرمەند بەشێوەیک خۆی دەنوێنێت وەک بڵێیت باش بەهونەرەوە سەرقاڵە، خۆنوێنی ڕەخنەگرانیش بۆ بڕیاردانە لەسەر هونەرەکەی و نواندنی ناوەندە هونەرییە مۆدێرنەکانش بۆ بەرزکردنەوە و پلەپێدانی ئەو هونەریە. لەکۆتایی هەموو نواندنانەدا، مرۆڤ ناتوانێت جیاکاری بکات لەنێوان شتی ڕاستەقینە و ساختەکراودا، بۆیە بەناچاری بڕیار لەسەر کڕینیان دەدات. کاتێک کار گەیشتە ئەمە، زنجیری خۆنواندنەکان کۆتایی پێدێت و بەهای ڕاستەقینەی ئەم هونەرە خۆی بەیان دەکات – ئەویش خۆی لە بەهای پارەدا دەبینێتەوە. هەرچەندە، لەم قۆناغەشدا نواندن هەر گرنگی خۆی هەیە. کڕیار هێشتا دەبێت بڕوای وابێت ئەوەی دەیکڕێت ڕاستەقینەیە، هەربۆیە سەوداگەری لەسەر هەرنرخێک بکات، هێشتا هەر قازانجیەتی. ئەگەر بڕوای بە مامەڵەکەی نەبێت، یەکسەر شتەکان نرخی ڕاستەقینەی خۆیان دەرەخەن و یەکەی بەرهەمێنراویش ئەو یەکە دەبێت تەنانەت کڕیاریش دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. کرۆکی شتی ساختەکراو گوزارشت لە خودی خۆی ناکات، بەڵکو گوزارشت لە جێگرەوەیەک دەکات بۆخۆی. وەک ئەو تەنەی لەنێوان دوو ئاوینەی تەریب بەیەک دانراوە، بێبڕانەوە وێنەی خۆی دەبینرێتەوە، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەر وێنەیەکدا نرخەکەشی بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە ڕادەیەک نرخی سەگێکی فودراوی جاف کوونز، کە ئەوەندە سادەیە هەموو منداڵێک تێی دەکات تەنانەت هەندێکیان دەتوانن دروستیشی بکەن، دەگاتە نرخێک کە هەرگیز ئەو نرخە نەدراوە بە کاری هونەری هونەرمەندێک کە هێشتا خۆی لەژیاندا ماوە – جگە لەم هونەرمەندە، کە دواجار لای من هەر هونەرمەند نیە.
هەندێک تیۆری دەربارەی بنەچەی "کیچ".
پشتڕاست کراوەتەوە کە ووشەکە لەساڵانی ١٨٦٠کان بۆ ١٨٧٠کان لەبازاڕەکانی میونش بۆ وێنە و سکێچی هەرزان و باو و بازاڕی بەکار هاتووە، بەڵام گەلێ ئایدیای جیاواز لەسەر چونێتی وەرگرتنی ووشەکە هەیە. لەناو ئەو تیۆریایانەدا:
لە ووشەی دیالێکتی ئەڵمانی کیچن "kitschen" بە مانای لەکەدار دێت.
وەک فرمان لە زمانی ئەڵمانیدا ڤێرکیچن "verkitschen" بە مانای هەرزانکردن دێت.
ووشەی سکێچ "sketch"، کە بەهەڵە زمانی ئینگلیزیدا خوێنراوەتەوە، یاخود لە زمانی فەرەنسیدا ووشەکە لە بەهەڵگەڕاوەیی دەوترێت چیک "chic"، بە مانای باو (فاشیۆنەبڵ) دێت.