ئازەر عوسمان
لە فیلمی ئانۆندا "سال فرییە لاند" کە کلیڤ ئۆین ڕۆڵت دەگێڕێت دەڵێت (هیچ کام لەوانەی سەرشەقامەکە بایەخی تەواو بە ژیانیان نادرێ تا ئاگادار بن.
سەرباسەکەم لێرەوە دەست پێئەکەم، لە چی ئاگادار بین و لە چی چێوەیەکدا خوێندنەوە بکەین لە کاتێکدا ئەوەی بەرهەم هاتووە و ڕۆڵ دەگێڕێت سەراپا یەک بیر و یەک کۆنسێپتە.
هەموو ئەوەی بەرهەم دێت ماوەیەکی دیاریکراوەو بەردەوامی نییەو پاشان هەر زوو بیر دەچنەوە بۆیە کەسانی خاوەن دەسەڵات و پێگەکانیش لەگەڵ ئەمە ڕاهاتوون شتێک نییە ناوی مۆڕاڵ بێت تیایاندا یاخود پرسیارێکی لا دروست بکات تا لە چێوەیەکی گشتیدا بیر بکاتەوە.
کام ئەلتەرناتیڤ..!!؟؟
هەموو ئەوانەی ئەنووسین و کار ئەکەین و بیری لێئەکەینەوە پێمان وایە ئەلتەرناتیڤێکە (جیگرەوەیەکی باشتر لەو)ە، بۆ من ئەمە هەمیشە جێگەی هەڵوەستە کردنە بیرکەرەوە ئەلتەرناتیڤەکان زادەی هەمان بیر و سیاسەتن لە مامەڵەکردنیاندا هەمان کرداریش دوبارە ئەکاتەوە هەڵبەتە لە نێوەندی کلتوری مەبەستمە نمونەکانیش ڕونن بۆیە هەر هەمان پرۆژە و کارکردنن ئەوەی ئەگۆڕێت شێوەیە ، ئەو هێزە کاریگەرە نییە لە ئێستادا بتوانێت بوێرانەو بە یەک ڕووەوە پەنجە بکاتە سەر یەک بە یەکی بابەتەکان.
ئەشبێت چاوەڕێبین هاوڕێکانیش زویر نەبن و قسەش نەکرێت واز بهێنین بە بەرچاوی ئێمەوە خواستە تاکمەند و بەرژەوەندییە تایبەتەکان بچنە پێشەوە. بۆیە ئەڵێم کام ئەلتەرناتیڤ.
کام سیستمی جیاواز..!!؟؟
لە نێوەندی کلتوریدا لەم چەند سالەی دوایدا ئەوەی کە زۆر کاری لەسەر کرا دروستکردنی ناوەند و پێگەو ڕێکخراو کۆمۆنەو گروپ ...هتد بوون.
هەریەک لەمانە لەگەڵ دروستبوونیا دوای ناو لێنان دووەم باسیان ئەوەیە ئەم پێگەیە بە سیستمێکی جیاواز کاردەکات بۆ بەرەو پێشچوونی کلتور ....!!
ئەمانەش شێوازو لیزانینی خۆی هەیە بۆ ناساندن و تۆمارکردنی بە ویستی خۆت، شوبهاندنی ئەم سیستمی بیرکرنەوەو داڕشتنەوەیان بە سیستمی وڵاتانی ئەوروپا و وەرگرتنی بابەتێک کە وڵاتێکی ئەوروپی کاری لەسەر کردووە وەک ئەوەی خوێنەرانی ئەم سەردەمە و ئەو کەسانەی ئەوروپای نەدیوە دەبەنگن و هیچ نەدیون بەڵام هێشتاش بروامان بەوە نەبێت میدیایی نوێ چی گۆڕانکاریەکی خێرای دروستکردوە.
خۆ ئێمە هەمووی دەبینین کام لەمانە توانی وێنەیەک نیشان بدات ، پرۆگرامێکی گشتگیر و ئاشکرای هەبووبێت، وویستی خۆیی و تایبەتی تیا نەبووبێت؟
کام شارەزایی..!!؟؟
شێواوی ئەم وڵاتەی ئێمە وای کردووە ڕۆژانە چەندین ڤیدیۆی تەنز ئامێز ئەبینین لەسەر جۆری کارو شارەزایی کەسەکان ئێمەش بینەرێکین و بێ پرسیار پێئەکەنین.
پەروەردە، خوێندنی باڵا و ناوەندە کلتورییەکان ئەرکێتی لەگەڵ نوێبونەوەکانی سەردەمدا تاکێکی هوشیار و تایبەتمەند پێبگەیەنێت و بتوانێت دەستەبەری کارێکیش بکات، لە کتێبی work in the digital age بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠١٨ەیەو لە نوسینی Max Neufeind, Florian Ranft, Jacqueline O'Reillyە
باس لە دیاردەی کارکردنی کارمەند ئەکات لە بەشێکدا کە خاوەن کار هەمیشە و بەردەوام کاری زیاتر دەسەپینن لەگەڵ نوێبونەوەکانی سەردەمدا یاخود کارمەند توانایی و شارەزایی فرەی هەبێت، ئەوان شارەزایی دەکەن بە دوو بەشەوە شارەزایی پێویست و شارەزایی کاتی کە لە جۆری دووەمدا ئەم شارەزاییە لە دونیایی نوێدا لە ڕێگەی بەرنامەکان و یوتوبەوە بەدەست دێن.
بەڵام لە نێوەندی کلتوریدا ئەم بابەتەش پێچەوانە بۆتەوە لە پێناو بەدەست گەشتنی کار و داگیرکاری تەواوی پێگەکاندا لەگەڵ هەر کار و پیشنیارێکدا ڕاستەوخۆ ئەبێتە شارەزاو تەنانەت ئاماژە بەوە ئەکەن بەشێکی خوێندنەکەشیان ئەوە بووە.
لێرەدا ئەگەڕێمەوە سەر سەرەتای بابەتەکەم، هەموو ئەمانەی ئەگوزەرێت لە نێوەندێکدایە ژیان تەواو تیادا قەتیس بووە باسیش لە کلتور تەنها نێوەندە دیاریکراوەکە دەیبینێت، ئەوەی بۆ من گرنگەو پێویستە تەواو کاری لەسەر بکرێت ئەوانەی سەر شەقامەکانن چونکە کرۆکی بابەتەکە ئەبێت بۆ ئەوان بێت و لەپێناو ئەواندا بێت نەک ئێمە و بازنە دیاریکراوە ڕەق هەڵاتووەکە.
تێبینی:
لەم بابەتەمدا بە پێویستم زانی پەرەگرافی کورت بن، زیاتر هەڵگری پرسیار بێت.