ڕێژه‌ن جه‌مال
دواین جار كه كاره‌كته‌ری (جۆكه‌ر) به‌مانا قوڵه فه‌لسه‌فی و هونه‌ریه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، له فیلمی "سوارچاكی تاریكی" له‌ده‌رهێنانی كریستۆڤه‌ر نۆلان بوو له‌ساڵی 2008، زۆرجار بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه ئاخۆ ده‌شێ ده‌رهێنه‌رێك دیكه هه‌بێت بتوانێت هاوشێوه‌ی نۆلان كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر به‌و هه‌موو قوڵاییه فه‌لسه‌فی، سیاسی و هونه‌رییه‌وه نیشان بدات؟ جۆكه‌ره‌كه‌ی نۆلان له‌گه‌ڵ خۆیدا كێشه فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌فڵاتون و سلاڤۆی ژیژه‌ك ده‌رباره‌ی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه و نه‌زمی سیاسی به‌به‌رگێكی هونه‌ریدا كرد، هه‌روه‌ك چۆن فیگۆری تابلۆكانی فرانسیس بیكۆن-ی شێوه‌كاریش له فیگۆری كاره‌كته‌ری جۆكه‌ردا ده‌بینیته‌وه. به‌ر له‌و ساڵه و دواتریش ده‌یان نمونه‌ی كاره‌كته‌ر جۆكه‌ر له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌ركه‌وتوون، وه‌ك چۆن كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر كۆمه‌ڵگه دابه‌شی دووبه‌ره ده‌كات، به‌ره‌یه‌ك ئه‌وانه‌ن كه سه‌رسامی جۆكه‌رن و تا دواسات له‌پاڵیدا ده‌مێننه‌وه، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌وانه‌ن كه دژایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌هه‌مانشێوه ئه‌و كاره‌كته‌ره ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مای دابه‌شی دوو به‌ره كردووه، به‌ره‌یه‌ك كاره‌كته‌ره‌كه له دیوه ڕووكه‌ش و بازرگانییه‌كه‌یدا نیشانده‌ده‌ن، به‌ره‌یه‌كیش قوڵ به نێو لایه‌نه فه‌لسه‌فی و هونه‌رییه‌كه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌دا شۆڕده‌بنه‌وه، ده‌كرێت به‌گه‌ڕانێكی چه‌ند خوله‌كی ده‌یان نمونه‌ت له كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر له دیوه ڕواڵه‌تیی و ساده‌كه‌یدا ده‌ستبكه‌وێت، به‌ڵام جۆكه‌ره ئه‌فسانه‌یی و قوڵه‌كه، زیاده‌ڕه‌ویی نیه گه‌ر بڵێم سه‌ره‌تا لای كریستۆڤه‌ر نۆلان ده‌ركه‌وت و ئێستاش له‌لای تود فیلپس ده‌رده‌كه‌وێت.
جۆكه‌ر، فیلمێكی نوێیه له‌ده‌رهێنانی تود فیلپس و به‌رهه‌می ساڵی 2019یه، چیرۆكی فیلمه‌كه ده‌رباره‌ی كاره‌كته‌ری ئارسه‌ر فلیك-ه كه (خواكین فینیكس) ڕۆڵیده‌بینێت. فلیك كۆمیدیه‌نێكی ئه‌ماتۆره و خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌یه پێكه‌نین بخاته سه‌ر لێوی بینه‌ره‌كانی، له‌سه‌ر شه‌قام و له‌نێو باڕه‌كاندا نمایشی كۆمیدی ده‌كات و ده‌یه‌وێت وه‌ك كۆمیدیه‌نێك ناوبانگ په‌یدابكات، به‌ڵام جگه له خۆی هیچ كه‌سێك به نمایشه‌كانی پێناكه‌نێت. ته‌نانه‌ت ده‌كرێت وه‌ك تاكه كاره‌كته‌ری كۆمیدیی له‌نێو مێژووی سینه‌ما هه‌ژماریبكه‌ین كه كه‌س به‌نمایشه‌كانی كاریگه‌ر نییه. له‌م فیلمه‌دا تود فیلپس كاره‌كته‌رێكی ته‌واو "ستاندئه‌پ كۆمیدیه‌ن" نیشانده‌دات، به‌ڵام كۆمیدیه‌نێك كه كه‌س پێی پێناكه‌نێت، به‌درۆش.
جۆكه‌ر له‌گه‌ل دایكی‌دا (كه دواتر بۆی ده‌ركه‌وێت كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دایكه نیه و هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه) له‌شاری "گۆسام" ده‌ژین، شارێك كه بونێكی واقعی نییه و زاده‌ی خه‌یاڵه، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ شارێك كه سه‌رمایه‌داریی به‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قییه‌وه به‌ڕێوه‌یده‌بات، خه‌ڵكی شاره‌كه له سیستمی سیاسی و ئابووری ناڕازین، ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و بۆ بچوكترین ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێن توڕه‌ییه‌كه‌یان به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداراندا بته‌قێننه‌وه.
له‌دوو دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌دا بینه‌ر به‌رامبه‌ر كاره‌كته‌ری جۆكه‌رێكی لاواز و جێگه‌ی به‌زه‌یی ده‌وه‌ستێت، ئارسه‌ر فلیك وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا ده‌رده‌كه‌وێت كاره‌كته‌رێكی شه‌ڕانگێز و توڕه نییه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی له‌نێو كۆڵانه‌كانی نیویۆرك له‌خوێنی خۆیدا ده‌یگه‌وزێنن. جۆكه‌ره‌كه‌ی تود فیلپس نمونه‌ی كاره‌كته‌رێكه، كه زنجیره‌یه‌ك نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌وریداوه و گرفتاری كردووه، كاره‌كته‌رێكی سایكۆبات، شیزۆفیرینیا له تایپه سوكه‌كه‌ی و خه‌مۆكه و حه‌وت جۆری جیاوازی ده‌رمان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه خراپه ده‌رونییه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت.
به‌ڵام فیلمه‌كه له‌نیوه‌ی دووه‌میدا جۆكه‌ر ده‌گۆڕێته سه‌ر كاره‌كته‌رێك كه بینه‌ر توشی سه‌رسوڕمانده‌كات، جۆكه‌ر چیتر ئه‌و كه‌سه نامێنێت كه له میترۆ و شه‌قامه‌كانی نیویۆرك به‌ر شه‌ق ده‌درێت، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر مافی خۆی ڕاده‌بێت و له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌میشدا سێ كه‌س ده‌كوژێت.
نیوه‌ی دووه‌م بۆ كۆتایی فیلمه‌كه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه و له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌رده له‌سه‌ر چه‌ندین ناكۆكیی فیكریی و سیاسی ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات، دیسپلین و په‌راوێزخستن هه‌ڵده‌داته‌وه، كۆتایی جۆكه‌ر گه‌یشتنی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌یه به ترۆپكی په‌یامه فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كه‌ی.
له‌دیمه‌نی كۆتایی فیلمه‌كه‌دا ئارسه‌ر فیلیك بانگهێشتی یه‌كێك پڕۆگرامه ته‌له‌فیزیۆنییه پڕ بینه‌ره‌كانی شاره‌كه‌ی ده‌كرێت، پڕۆگرامێك كه ڕۆڵی هه‌بوو له‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر كاره‌كته‌ری فیلیك-دا هات، (مورای فرانكلین) پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه كه ڕۆبێرت دی نیرۆ ڕۆڵه‌كه‌ی ده‌بینێت، به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه به بیری جۆكه‌ری ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌و كۆمیدیه‌نێكی فاشیله، جۆكه‌ر به دیالۆگه گرنگه‌كه‌ی وه‌ڵامی دی نیرۆ ده‌داته‌وه كاتێك ده‌ڵێن "ئێوه ئه‌و دیاریده‌كه‌ن كام قسانه ده‌بێت بگوترێت و كامانه‌ش نابێت بگوترێت، هه‌روه‌ك چۆن ئێوه بڕیارده‌ده‌ن كام نوكته‌یه شایه‌نی پێكه‌نینه‌وه و كامه‌ی دیكه شایه‌نی پێكه‌نین نیه" دیمه‌نه‌كه به جۆرێك له جۆره‌كان شیكردنه‌وه‌ی تێزه گرنگه‌كه‌ی میشێل فوكۆ-یه له‌باره‌ی "ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه". له‌دیدی فوكۆ-وه ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نیا له‌شێوه‌ی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی وه‌ك پۆلیس و دادگا خۆی مانیفێست ناكات، به‌ڵكو ده‌چیته نێو دیالۆگه ڕۆژانه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه. دواین دیالۆگی جۆكه‌ر به‌قوڵی كاركردنه له‌سه‌ر دیدی فۆكۆ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چونكه فوكۆ پێیوایه له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا په‌یامه‌كان كه به‌رهه‌مده‌هێندرێن، له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕێكار و ئامانجدا كه بتوانێت كاریگه‌ریی دابنێت و هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر ڕووداو هه‌بێت، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ده‌زگای جیاوازه كۆنتڕۆڵ و دابه‌شده‌كرێت. بێگومان میدیاش یه‌كێكه له دیارترین مینبه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی په‌یامی ده‌سه‌ڵات و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ژموون به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه دا.
له فیلمه‌كه‌دا مورای فرانكلین نوێنه‌ری ئه‌و "ده‌سه‌ڵات"ه‌یه كه فوكۆ باسیده‌كات و جۆكه‌ریش نوێنه‌ری "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه"ی په‌یامی ده‌سه‌ڵاته، كاتێك له‌كۆتایی فیلمه‌كه‌دا جۆكه‌ر له په‌خشی ڕاسته‌وخۆدا فرانكلین ده‌كوژێت. مردنی فرانكلین له‌دیوه ڕه‌مزییه‌كه‌یدا هیچ نییه جگه له‌مردنی نوێنه‌ره كاریگه‌ره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات كه ڕۆژانه له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فیزیۆنه‌وه سوكایه‌تی به خه‌ڵكی شار ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژاردنی ستۆدیۆیه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی وه‌ك شانۆی ئه‌نجامدانی كوشتنێك، له‌دیوه سه‌مبولیكه‌كه‌یدا لێدانه له مانا جیاوازه‌كانی كوشتن كه ده‌سه‌ڵات به‌ویستی خۆی مانا ده‌به‌خشێته مردنی هاووڵاتییه‌كانی، ده‌ستووپێوه‌نده‌كه‌ی ده‌كاته "شه‌هید" و ئه‌وانی دیكه‌ش به "خۆكوژ". هه‌روه‌ك چۆن (چاك پاڵانیك) ڕۆماننوسی ئه‌مریكی پێیوایه جیاوازی كارێكی "خۆكوژی" و "شه‌هیدكردن" ته‌نیا له شێوازی ڕووماڵكردنه ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدایه.
فیلمه‌كه له‌سه‌ر هێڵی بیركردنه‌وه‌ی فوكۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و یه‌كه‌م دیالۆگی جۆكه‌ر له‌فیلمه‌كه‌دا پرسیاره ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ شێتی ته‌نیا له‌سه‌ری ئه‌ودایه، یان كۆمه‌ڵگه‌ش وه‌ك ئه‌و وه‌هان؟ له كتێبی مێژووی شێتی فوكۆ تێگه‌یشتن له "شێتی" ده‌به‌ستێته‌وه به كرداره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه، له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ بۆ شێتی كه به‌خێرایی زیندان و شێتخانه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شێته‌كان دروستبوون، كۆنسێپتی شێتی چووه قۆناغێكی نوێوه، به‌ڵام له فیلمی جۆكه‌ردا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی هێشتا شێتی نه‌خرابوه چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنه‌وه و ئه‌و فۆڕمه‌ی مۆدێرنه‌ی ئێستای وه‌رنه‌گرتبوو.
له‌دیدی فوكۆ، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شێتخانه‌دا پۆلێنبه‌ندییه‌كیش له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا كه به "شێت" له‌قه‌ڵه‌مدران و به‌شێكیان وا وێناكران كه "سودیان بۆ كۆمه‌ڵگه نییه" له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتم، جۆكه‌ر كه‌سێكه سودی بۆ كۆمه‌ڵگه نییه، ئه‌وه‌تا به ده‌مانچه‌وه ده‌چێته نێو نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانه‌وه. كۆمه‌ڵگه‌ی نێو فیلمه‌كه‌ی جۆكه‌ر له شه‌ڕێكی له‌سه‌رخۆدایه بۆئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ورده ورده په‌راوێزبخات و به‌ره‌و شێتخانه‌یان بگوازێته‌وه.
له جێگه‌یه‌كی فیلمه‌كه‌دا جۆكه‌ر ده‌چێته شێتخانه‌وه و له‌كارمه‌ندێكی ئاسایی ئه‌وێ ده‌پرسێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌هێندرێنه ئێره به‌تاوانی گه‌وره له كۆمه‌ڵگه دابڕێندراون، یاخود به‌ڕاستی شێتن؟ به‌ڵام وه‌ڵامی كارمه‌نده‌كه ناڕاسته‌وخۆ په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و كێشه گه‌وره‌یه هه‌ڵده‌داته‌وه، كه فوكۆ نزیكه‌ی 58 ساڵ پێش ئێستا باسیكردوه، ئه‌ویش پۆلێنكردنی شێته‌كانه، له‌دیدی ده‌رهێنه‌ری فیلمی جۆكه‌ر، مه‌رج نیه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه شێتخانه‌وه سه‌رجه‌میان شێت بن، به‌ڵكو به‌تاوانێك كه كۆمه‌ڵگه ئه‌نجامدانی ڕه‌تكردوه‌ته‌وه، ئه‌وان فڕێده‌درێنه شێتخانه‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و بینه‌ره‌ی ته‌ماشای فیلمی جۆكه‌ر ده‌كات ئاشنابێت به دیدی فوكۆ بۆ چه‌مكه‌كانی "ده‌سه‌ڵات و شێتی" هه‌رزوو هه‌ستده‌كات فیلمه‌كه به وێنه‌كردنی تێزه‌كانی فوكۆیه له‌به‌رگێكی هونه‌ریدا.
هیچ كه‌سێك هێنده‌ی فوكۆ ئه‌وه‌نده سه‌رنجڕاكێش په‌ی به‌وه نه‌بردووه كه كۆنسێپته‌كانی "ته‌ندروستی، نه‌خۆشی ده‌روونی، شێتی و عاقڵی" چه‌كێكی كاریگه‌ره به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه و ته‌واو له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه مۆنۆپۆڵكراوه، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته بڕیارده‌دات كێ شێته، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌ویش بلیتی ساغ و سه‌لامه‌تی ده‌داته هه‌ركه‌سێك كه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی ئه‌ودا بگونجێت، ئارسه‌ر فلیكس له‌چه‌ند شوێنێكی فیلمه‌كه‌دا زۆر به ڕوونی ئه‌وه نیشانده‌دات كه چۆن بوه‌ته بارمته‌یه‌كی "ده‌سه‌ڵات" كاتێك هه‌فتانه سه‌ردانی كلینكییه پزیشكییه‌كه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رحی حاڵی خۆی بكات و كارمه‌نده‌كه‌ی كلینیكه‌كه كه نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاته، بزانێت بیرۆكه‌كانی نێو مێشكی فلیكس بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه چین، دواجاریش ده‌سه‌ڵات بڕیاری داخستنی كلینیكه‌كه ده‌دات.
كێشه‌یه‌كی دیكه كه فیلمی جۆكه‌ر ده‌یوروژێنێت پرسی دیسپلینی كۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌میشه له‌دیدی ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگه و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی ده‌كات، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن، (تۆماس هۆبز) فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی پێیوایه مرۆڤ به‌سروشتی خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا شه‌ڕانگێزه، وایده‌بینێت جیهان به‌ر له‌دروستبوونی ده‌وڵه‌ت بریتیبووه له "شه‌ڕی هه‌مووان دژی هه‌مووان" ئه‌و دیمه‌نه‌ی تیایدا فیلیكس به بێژه‌ره‌كه ده‌ڵێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ستۆدیۆیه هه‌مووان به‌سه‌ر یه‌كدا هاوارده‌كه‌ن، سێبه‌رێكی ئه‌گه‌ر كاڵیش بێت، دیدی هۆبزی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام جیاوازه‌كه‌ی له‌وه‌دایه له‌ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆكه ئه‌وانه‌ی شه‌ڕده‌كه‌ن ده‌زانن به‌رامبه‌ر به كێ ده‌یكه‌ن.
ئه‌و پۆلیسه‌ی له كۆتایی فیلمه‌كه‌دا جۆكه‌ر ده‌ستگیر ده‌كات پێیده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه ڕووده‌دات هه‌مووی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه، پۆلیسه‌كه وای نیشانده‌دات دیسپلینی ڕه‌وشه‌كه هێشتا له‌ده‌ستی ئه‌واندایه، دیدێك كه هۆبز پێیوایه "ده‌وڵه‌ت" له‌گه‌ڵ دروستبوونیدا شێوه‌ی لیڤیتان-ی وه‌رگرتووه، ئه‌و ئاژه‌ڵه ئه‌فسانه‌ییه‌ی نێو ده‌ریا كه هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر هه‌موواندا هه‌بووه.
فیلمه‌كه له ساته‌وه‌خته‌كانی كۆتایدا ده‌گاته ترۆپكی په‌یامه فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كه‌ی، بۆ نمونه كاتێك فیلكس ده‌ڵێت "ئه‌و كاته‌ی سێ كوڕه‌كه‌م له وۆڵ‌ستریت كوشت" كه ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ وۆڵ‌ستریت-ی گه‌وره ناوه‌ندی بازرگانیی ئه‌مریكا و شاده‌ماری ئابووری ئه‌و وڵاته، فیلكس ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و سێ گه‌نجه ته‌نیا سێ كه‌سی ئاسایی نه‌بوون كه به‌هۆی به‌دحاڵیبوونێكه‌وه كوشتنی، به‌ڵكو ناوهێنانی وۆڵ‌ستریت له‌وكاته‌دا ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ شه‌ڕی كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر له‌گه‌ڵ سیستمی سه‌رمایه‌داریی، ئه‌وانه‌ی كوژران سیان له نوێنه‌رانی سیستمه‌كه بوون، كه جۆكه‌ر و خه‌ڵكی شاره‌كه‌یان تا لێواری ته‌قینه‌وه بردووه و به كوشتنی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی گۆسام ده‌ته‌قێته‌وه.
جۆكه‌ر پیاوێكی تێكشكاوه، كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی كردویانه‌ته كه‌سێكی بێ‌باك كه پێكه‌نین ده‌كاته ئامڕازێك بۆ گاڵته‌جاڕیی به‌رامبه‌ر به‌ژیان، ئه‌مجاره جۆكه‌ر كاره‌كته‌رێك نییه به‌رامبه‌ر به "باتمان"ێك له ململانێ و شه‌ڕدا بێت، به‌ڵكو ئارسه‌ر فلیك به‌رامبه‌ر به‌ده‌روونی خۆی له‌شه‌ڕدایه، له‌جه‌نگێكی سه‌ختدایه له‌گه‌ڵ ڕابردوویدا كه نازانێت چۆن بووه و دایك و باوكی كێن، جۆكه‌ر له‌یه‌ك ساتدا دوو حه‌قیقه‌تی مه‌ترسیداری بۆكه‌شفده‌بێت، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه ده‌زانێت ئه‌و كه‌سه‌ی ساڵانێكی زۆره له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی دایكی نییه به‌ڵكو كه‌سێكه ئه‌وی هه‌ڵگرتوه‌ته‌وه، حه‌قیقه‌تێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه جۆكه‌ر له‌لایه‌ن دایكییه‌وه ئه‌شكه‌نجه‌دراوه و ئه‌و دۆخه ده‌رونییه ترسناكه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژی، به‌شێكی گه‌وره‌ی هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
جۆكه‌ر نوێنه‌ری ئه‌و چینه‌ی په‌راوێزخراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه كه ڕۆژانه هه‌مووان به‌لایدا ڕه‌تده‌بن و كه‌س سه‌رنجی ناداتێ، شه‌ڕی جۆكه‌ر شه‌ڕێكه له‌پێناو ئه‌وه‌دا كه "ئه‌وانیتر" بیبینن، ئه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی سارته‌ر كه ده‌ڵێت "دۆزه‌خ ئه‌وانیترن" تا ئه‌و كاته‌ی له‌نیوه‌ی دووه‌می فیلمه‌كه‌دا تێده‌گات كۆمه‌ڵگه دڵڕه‌قه و كه‌س ئاماده نییه خۆی له‌شوێنی ئه‌وی دیكه دابنێت. جۆكه‌ر نوێنه‌ری گروپێكی كۆمه‌ڵگه‌یه كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت نه‌خۆشێكی په‌راوێزخراون و ده‌هێندرێنه به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، كه وازیان لێهێناون و وه‌ك زبڵ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چیتر هیچ شتێك ئازاری جۆكه‌ر نادات، چونكه ژیان به‌لای ئه‌وه‌وه له گۆڕه‌پانێكی كۆمیدیا زیاتر هیچی دیكه نییه.