نوسینی: هەڵگورد ئەحمەد
لە زنجیرە-ڕاڤەی کارە هونەرییەکانی خۆم.
لێرە و لەوێ بابەتم نوسیوە لەسەر مانای کەللتوری و سیاسی فۆرمی تێکست. ئەمجارەیان، لەڕێی کایەی هونەرەوە ویستم لەسەر هەمان خاڵ بووەستم، چونکە هونەر کایەیەکە دونیابینی و لێکدانەوەی تایبەت بەخۆی دەوێت، هەربۆیە تاوتوێکردنی هەرشتێک لەناو کایەی هونەردا ئەنجامگیری جودای لێدەکەوێتەوە. بۆنموونە، کاتێک تێکست دەهێنیتە ناو کۆنتێکستی هونەرەوە، هاوشانی ئەرکی بەکۆڵدادانی مانا، ئەرکێکی دیکەش لەئەستۆ دەگرێت کە هیچ پەیوەندی بە بەجێهێنانی ئەم ئەرکە زمانەوانیەوە نیە. ئەو ئەرکەش بەبڕوای من فۆرمی نوسین پێیهەڵدەستێت. لێرەدا مەبەستم مانای ئیستاتیکی فۆرمی نوسین نیە، کە ئەمیش لەکات و جێی خۆیدا گرنگیەکی ئەوتۆی هەیە، بەڵکو مەبەستم لە گەیاندنی مانایەکە کە فۆرمە پەتیەکەی تێکست وەک یەکەیەکی وێنەیی پێی هەڵدەستێت نەک وەک یەکەیەکی زمانەوانی، کە بەمەبستمان ووشەیە. واتە، هەڵهێناجانی مانای تێکست لەکۆنتێکستی هونەردا دەکرێت لەڕێی بینینەوە بێت، نەک لەڕێی خوێندنەوەوە. هەر لەم دیدەشەوە تێکستی سەر ئەم ناسنامەم لەچوارچێوەی کارێکی هونەریدا خستوتە بەر دیدی وەرگر (بڕوانە وێنەی ١).
ئەم کارە هونەرییە دەقاودەق پرینتی پاسپۆرتەکەی خۆمە و ناونیشانەکەشی "پاسپۆرتەکەم" هەر لەم ڕاستیەوە سەرچاوەی گرتووە. کاتێک لەساڵی ٢٠١٠، ئەم ڤێرژنەی پاسپۆرتی عێراقی کەبە زنجیرەی-ئەی ناودەبرێت دەردەچێت، تێکستی کوردی بۆ پاڵ تێکستی ئینگلیز و عەرەبی زیاد دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدابوو، هەرگیز پێشتر ڕێگە نەدرابوو ئەم تێکستە لەسەر ئەم پانتاییە هەستیارە دەرکەوێت. هۆکارەکەی ڕەنگە، لەلایەک، لەبەرئەوەبێت کە زمانی کوردی زمانێکی لۆکاڵیە. لەلایەکی تر، ئەگەر بڕیارە ئەمە ناسنامەی هاوڵاتیەکی عێراقی عەرەبی-زمان بێت، زیادکردنی زمانی کوردی بۆچی؟ لەڕاستیدا وروژاندنی ئەم پرسیارە سەنتەری ئەم کارە هونەریەمە. هەرلەبەر زەقکردنەوەی ئەم پرسیارەش بوو پاسپۆرتەکەم کشاند بۆ ئەو پێوانە گەورە و بەرچاوە. پاسپۆرت لەڕواڵەتدا زۆر سادە و ساکار و کەسی دەردەکەوێت و هاوشان زۆر تایبەت بە هەڵگرەکەیەتی، بەڵام لەجەوهەردا ئاڵۆزە و وابەستەی کۆمەڵێک ڕەهەندی قوڵتر و هەستیارترە. لەناو ناسنامەکانیشدا تاقە ناسنامەیەکە کە لەڕووی سیاسیەوە کێشێکی زۆری هەیە. بەشێوەیەک لەشێوەکان، زمانحاڵی مرۆڤی مۆدێرنە، مرۆڤی مۆدێرنیش ڕازییە بەو وێنەیەی پاسپۆرت بۆی دەنەخشێنێت و ئامادەشە لەسەر هەمان وێنە بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەو وێنەی پاسپۆرت بۆ هەڵگرەکەی دەنەخشێنێت، تێماییە و تێکست هەڵدەستێت بەرجەستەکردنی ئەو وێنەیە. کورد لەمێژە درکی ئەوەی کردووە ئەو وێنەی پاسپۆت بۆی کێشاوە هاوتا نیە بە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی. سەرنجبدە، لە یەکەمین تا دواهەمین زنجیرەکانی پاسپۆرتی عێراقی هەرگیز نەهێڵراوە تەنانەت ئاماژەیەکی بچوکیشی تێدا دەرکەوێت کوردبوون بنوێنێت. ئەوەی جێی سەرنجە لەم دوایانەدا، ئێمە وەک کورد لەچرکەساتێکدا هەوڵماندا نوسینی کوردی بترنجێنینە ناو ئەم ناسنامەیە و عێراقیەکانیش بۆ جارێک ڕێگەیاندا ئەوە ڕووبدات. پرسیار ئەوەیە: ئایا هەبوونی ئەم نوسینە کوردییە، وەک پێویستی زمانەوانی زیادکرا، یاخود بابەتێکی سیاسی و کەللتورییە؟
لەو جوگرافیا سیاسی و کەللتورییەی ئێمەی تێدا دەژین ناتوانرێت زمان کورتبکرێتەوە بۆ ئامرازێکی لەیەکترتێگەییشتن و ئالوێری زانیاری، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەشدارە لە کێشمەکێشمە سیاسی و کەللتورییەکان، چونکە لەم جوگرافیایەدا چ سنورەکان چ کەللتوری نەتەوە جیاوازەکان بەتەواوی چوون بەناو یەکدا. کەواتە ئەگەر بڕیاربێت کار لەسەر ڕاستکردنەوە و ساغکردنەوەی شوناس بکرێت، زمان بەر لەهەر کەرەستەیەک لەباریدایە بەشێک لەشوناسە شێوێنراو و دزراوەکان بگێڕێتەوە، چۆنکە کەرسەتەیەکی بەردەست و هەستیارە. ئالێرەوەیە ناتوانرێت زمان بەبێلایەن دانرێت، بەڵکو ڕاستەخۆ بەشدارە لەناو کێشمەکێشمە سیاسیەکان. ئەتوانرێت بگوترێت تەنها شتێک لەئێستادا توانیبێت شوناسی کورد لەفەوتان ڕزگارکات، زمانە. هەربووەیە بەشێکی سەرەکی لە ئەجێندای سیاسی ئەو نەتەوانەی وویستی کورێرکردنەوەی شوناسی کوردیان هەیە تەرخانکراوە بۆ شێواندن و بنەبڕکردنی ئەو زمانە، وە ئێمەی کوردیش لەئێستادا ئەوەندەی زمانمان لەڕووی سیاسی و کەللتوریەوە پێگرنگە، ئەوندە لەڕووی زانستی زمانەوانیەوە نا. ئالێرەوەیە ئەو سەرەپارچە تێکستە کوردیانەی سەر پاسپۆرتی عێراقییە (ئەگەر چی هەڵەی ڕێنوسیان تێدا کراوە و لەکات و جێی خۆیدا قسەمان لەسەر کردووە و گومانمان هەیە بەمەبستەبێت) بۆ کورد گرنگی ئەوتۆ هەیە.
واتێدەگەم، کورد لەڕێی فۆرمی نوسینەکەیەوە دەیەوێت پێداگری لەسەر شوناسی خۆی بکات و ئەم تێکستە بکاتە ئامرازێک بۆئەوەی نوێنەری خۆی پێبکات وەک نەتەوەیەکی جیا. منیش لەم کارە هونەرییەدا ئەوەم دوپاتکردووەتەوە، بەشێوەیەک شوناسی خۆم لەو تێکستە کوردیانەدا زیاتر دەبینم وەک لە وێنەکەی خۆم. وێنەکە هێچ شتێک لەسەر شوناس و کوردبوونم ناڵێت، بەڵام تێکستەکە هەموو شتێک. ڕەنگە هەر بەومەبەستەش وێنەکەم پاشوپێش کردبێت. هەبوونی زمانێکی جیا، ئاماژەیە بۆ هەبوونی نەتەوەیەکی جیا لەپشتیەوە. من بڕوام وایە، عێراقیەکان دەزانن نابێت لەسەر ئەم ناسنامە نوسینی کوردی بوونی هەبێت، بەڵام هەوڵی سیاسەتمەدارە عێراقیەکانی دوای ڕژێمی پێشوو، بۆئەوەبوو وێنەیەک بدەن بە عێراق، کوردیش بتوانێت وەک نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن ماف خۆی تێدا ببینێت. بڕوام وایە لەسەر ئەم بنەمایە ڕێگە بەم تێکستە دراوە. هەرکات ئەم هەوڵە سیاسیە شکستی هێنا، تێکستە کوردیەکەش لادەبرێت!
.