هێزی کۆنسێپت

28/02/2020    21:10

هێزی کۆنسێپت 


Têkst


سولی ئۆن وێب
هۆشەنگ بەهجەت



هونەر کە بە پێکهاتەیەکی سەرەکی کلتوور دادەندرێت، خودی خۆشی چەند ڕەگەزێک دەبنە پێک هێنەری، هاوکێشەی (هونەرمەند ـ کاری هونەری ـ وەرگر) یەکێک لە هاوکێشە دیارەکانی شیکردنەوەی پێکهاتەی هونەرە. وەلێ ئەوەی بۆ ئەم نوسینە مەبەستە شی کردنەوەی بۆ بکەین یەکێکە لە ڕەگەزەکان کە ئەویش (کاری هونەریە)، کاری هونەری لە ڕوانگەی پێکهێنەرەکانیەوە دەکرێت وەها پێناسە بکەین : دەرئەنجامی پرۆسەی جێبەجێکردنی کۆنسێپتە، لە هەندێ جاردا بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکێکی دیاری کراوە. بە ڕوانینێکی سادە لەم پێناسەیە پەی بە بەها و ڕۆڵی هەریەک لە پێکهاتەکانی کاری هونەری دەبەین بەڵام ئەوەی کە وەک بناغەی ستراکچەری کاری هونەری خۆیمان بۆ مانیفێست دەکات کۆنسێپت(بیرۆکە) یە، بەواتایەکی دیکە تەنها کۆنسێپتە لە پێکهاتەی کاری هونەریدا ئەگەر نەبوو واتا هیچ شتێک بوونی نیە، مەگەر دەکرێ بە بێ بیرۆکە پرۆسەی جێبەجێ کردن دەستپێ بکات و دەرئەنجامێکی هەبێت هەروەها ناوڕۆکێکی دیاریکراویش بگەیەنێت !؟                                                                                                 
لێرەوە کەمێک ورتر لەسەر ڕۆڵی کۆنسێپت ڕادەوەستین لە کاری هونەریدا، بە دێژایی مێژووی هونەر چەند ڕووگە و بزوتنەوەی هونەری و شێوازی کارکردن دەبینین  کە ئایدیا لە کارەکانیاندا سەنتەرە واتە هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کارەکە لەخزمەت بیرۆکەکەدا کار دەکەن. وەلێ گەر نەمانەوێت ئەو نمونانە وەک هێمای بە بەهایی و هێزی کۆنسێپت لە هونەردا وەر بگرین، پێویستە کەمێک زیاتر بگەڕێینەوە بۆ دواوە و لە قوڵای مێژووی هونەر بگرە لە کاری هونەری بەر لە نوسینەوەی مێژووش بڕوانین کە بێگوومان مەرج نیە وەک هونەر یاخود تەنها بە مەبەستی جوانی و چێژ کرابن، دەبینین بیرۆکە تیایاندا ئەگەر سەنتەریش نەبێت (بناغەیە)، ڕوونتر بڵێم ئەوە بیرۆکەی زاڵبوونە بەسەر ترسەکانیدا کە مرۆڤێکی سەرەتایی هاندەدات کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی وێنەی ئەو شتانە بکێشێت کە لێان دەترسێت .تەنانەت ئەوەش کە بیر دەکاتەوە لەوەی بە چ ماددەیەک وێنەکە دروست بکات و لەسەر چ ڕووتەختێک بە ڕەنگ  یاخود هەڵکۆڵین، ئەمانە هەمووی وەک بیرۆکە سەرەتا لە مێشکیدا چێ دەبێت پاشان دەست کار دەکات و پرۆسەی جێبەجێکردن دەست پێ دەکات و ئەنجامێکیش دێتە گۆڕێ.   
                                          

ئەم گرنگێتیەی کۆنسێپت بە پێی قۆناغەکانی مێژووی هونەر جیاوازی لە نێوان سەردەمەکاندا هەیە بە جۆرێک لە هەندێ سەردەم لە مێژوودا گرنگی پێدانی دەگاتە ترۆپک و لە هەندێکی دیکەشدا بە پێچەوانەوەیە. کەم ساتی مێژووی هونەر وەک سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پەی بە گرنگێتی ئایدیا براوە، ئەمەش بە دیاریکراوی پاش هاتنە مەیدانی جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە و کارکردن ئەویش لە ژێر ناوی (کۆنسێپتچواڵ ئارت) کە بێگومان لە پێشتردا چەند کارێک بوونەتە ژێدەر بۆی. بە تایبەت ئەو کارانەی زیاتر گرنگی بە ئایدیا دەدات و کەمتر بە ئاڕاستەی چاوی بینەر کار دەکات و مەبەستێتی فیکر بێنێتە ناو کاری هونەریەوە، وەلێ بە ڕاستەوخۆی کە باس لە گرنگی کۆنسێپت لە کاری هونەریدا کرا لە لایەن هونەرمەندە کۆنسێپتچواڵەکانەوە بوو نەک تەنها گرنگی بگرە لە هەندێ کاتدا کار دەگاتە ئەوەی کە بیرۆکە وەک خودی کاری هونەری هەژمار دەکەن نمونەش بۆ ئەمە ئەو بۆچوونەی (سۆڵ لویت) یەکێک لە هونەرمەند و بیرکەرەوە گرنگەکانی ئەم بزافەیە کە دەڵێت:(دەکرێت ئایدیا بە تەنیا وەک کاری هونەری لێی بڕواندرێت، پاشان لە پرۆسێسی کارکردندا فۆڕم دەدۆزێتەوە).

بەرجەستە کردنی ئایدیا مەرج نیە، واتە ئەوە بە فۆڕم کردن نیە کاری هونەری بەرهەم دەهێنێت بەڵکو بیرۆکەکەیە، بە واتایەکی دیکە جۆرێک لە بیرکردنەوە دروستبوو کە پێی وابوو بە تەنها هەبوونی بیرۆکە یەکسانە بە هەبوونی کاری هونەری واتە پێویست ناکات بیرۆکەکەت بچێتە ناو پرۆسەی جێبەجێ کردنەوە و لە کۆتاییدا لە ڕێگەی فۆرمێکەوە بەرجەستە بکرێت، لویت پێی وایە ئەو کارەی هێشتا نەشکراوە هونەرە، بە مەرجێک ئایدیایەکی هونەری هەبێت. بێگومان لەم بۆچونەشدا (تیۆری دەربڕین)ی هەردوو فەیلەسوف (کرۆچێ و کالینگوود)پشتیوانی دەکات. لەو کاتەدا بە جۆرێک ئەم بۆچوونە پەرەی سەند کار گەیشتە ئەوەی هونەرمەندەکان تەنها بیرۆکەی کارەکانیان لە ڕێی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە بڵاو دەکردەوە لە بری نمایش کردن. وەک دەزانین هەمیشە لە پێشەنگا هونەریەکاندا ئەوەی دەبیندرێت فۆرمی کۆتایی کارەکانە کەمتر گرنگی بە پرۆسێسی کارکردن دەدرێت بەڵام گەر بە وردی بڕوانین هاوکات لەگەڵ گرنگی پێدان بە کۆنسێپت چەندین ڕەگەزی تر لە کارەکەدا بەها وەردەگرن، کۆنسێپتچوالیستەکان پێیان وایە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری لە خودی کارە تەواوکراوەکە گرنگ ترە. بەم پێیەش کاتێک بیرۆکە بە ها وەردەگرێت لەگەڵ خۆیدا بەها بە پرۆسێسی کارکردنیش دەبەخشێت بە جۆرێک سەنتەر بوون لە کارە (تەواو کراوەکە) یاخود (دەرئەنجام) ەکە دەسێنێتەوە و خۆی دەبێتە سەنتەر.                                       

بابەتێکی دیکە کە جێی ئاماژە پێکردنە ئەو ململانێ یاخود ئەو ڕکابەریە مێژووییەیە کە لە نێوان فۆرمالیست و ئایدیالیستەکاندا هەیە کە درێژبۆتەوە و تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەردوو ئاراستەکە هاوتەریب بوونیان لە نێو هونەردا هەیە، کەم نین ئەو دامەزراوە هونەریانەی بڕوای تەواویان بە فۆرمخوازی هەیە و ڕۆژانە لە هەناوی خۆیانەوە لێشاوێک لە فۆرم بەرهەم دەهێنن کە جەختێتی سەرەکی لەسەر ڕوانگەی جوانی و لایەنی ئیستاتیکیە.                                                                                         
لە بەرامبەردا هەمیشە ئاڕاستەی ئایدیا ویستی لە هەوڵی وروژاندنی  پرسیاردایە هێندەی کاری وەڵام دانەوە بێت، کەمتر گرنگی بە لایەنی ئێستاتیکی دەدات   ئەمەش   ئەمانباتەوە بۆ ئەو پێناسە وردەی        (catherine meyer)  (کاترین مایە) کە بۆ هونەری کۆنسێپتچواڵی دەکات دەڵێت : هونەری کۆنسێپتچواڵ ئەو جۆرە کارکردنەیە کە بیرۆکە خودی کارەکە پێک دەهێنێت، بوونی تایبەتمەندی ئیستاتیکی لەکارەکاندا مەرج نیە.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw