بەڵێنی برایانی داردین

28/03/2020    20:26

بەڵێنی برایانی داردین 


Cînema

پشتیوان کەمال

کاتێک بۆ یەکەمجار لە فیلمەکەدا ئیگۆر دەبینین، هەرزەکارێکە وەک فیتەرێک لە گەراجێکی ئوتومبێلدا کاردەکات، گیرفانی ژنێکی پیر دەبڕێت ئەو کاتەی خەریکی چاککردنەوەی ئوتومبێلەکەیەتی. ئەم کردەیە کە لە سەرەتای فیلمەکەدا دەیبینین دەکرێت دەربڕی ئەخلاقی کارەکتەری سەرەکی فیلمی بەڵێن بێت. 

دواتر لەگەڵ باوکیدا دەیبینین لە ناو ئوتومبیلەکەیاندا، پڕ لەو بیانییە بێ ناسنامە کارکەرانەی کە بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەفریقاوە هاتوون بۆ بەلجیکا بەهۆی کێشەی دارایی وڵاتەکانیان. بەڵام ئەوەی لە حەشارگەکانی ڕۆجەری باوکی ئیگۆردا چاوەڕێیان دەکات، ڕەنگە کەمێک لەوە زیاتر بێت. کاتێک لەبەردەم باڵەخانەکەدا دەوەستن، ماڵە نوێیەکانیان، ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە ناوچەکە بۆگەنی لێدێت. لەوێدا ژوورێک بە کرێ دەگرن بە پارەیەکی کەمتر و دەست بە کارکردن دەکەن بۆ ڕۆجەر تاوەکو بیناکە نۆژەن بکەنەوە. بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە پەیڕەوی یاساکانیی دەکەن، ڕۆجەر پاسپۆڕتەکانیان لێوەردەگرێت. 

پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ لەم فیلمەدا وەک ئەو پەیوەندییەیە کە دیکنس لە ئۆلیڤەر تویستدا دەریدەبڕێت. ڕۆجەر، وەک کارەکتەری فەیگن، هەم سەرزەنشتی کوڕەکەی دەکات و هەم سۆزیشی بۆی هەیە. دەیەوێت لە ڕێگەی کێشانی تاتۆیەکەوە لەسەر قۆڵی کوڕەکەی پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکات، بە بەکارهێنانی جۆرێک لەو دەرزی و قەڵەمانەی کە لە زیندانەکاندا دەیبینین. هەرچەندە ئەوە پیشان نادات کە ئاخۆ ڕۆجەر پێشتر کردەیەکی توندوتیژی ئەنجامدابێت یاخود نا، بەڵام هەست دەکەین دەرهێنەر هەوڵ دەدات وەک تاوانبارێک لە فیلمەکەدا بیبینین. بە بەردەوامی بەرامبەر کرێکار و کرێ نشینەکانی کردەوەی توندوتیژی بەکاردەهێنێت و هەمیشە ئامادە دەیبینین بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی تاوەکو ئەو ئامانجەی هەیەتی بیپێکێت. بەو ڕووداوانەی دەیبینین، هەست دەکەین چارەنووسی ئیگۆر وەک باوکی دەبێت. 

ڕۆژێک پۆلیسی پەنابەران سەردانێکی لەناکاو دەکەن بۆ باڵەخانەکەیان و کرێکار و کرێ نشینەکانی باڵەخانەکە بە هەموو لایەکدا دەست بە ڕاکردن دەکەن. لەو کاتەدا، حەمیدۆ، کە خەڵکی بورکینا فاسۆیە، لە سێیەمین قاتی باڵەخانەکەوە دەکەوێتە خوارەوە. ئەو کاتەی بە برینداری لەسەر زەوییەکە کەوتووە، بە گوێی ئیگۆردا دەچرپێنێت و پێی دەڵێت کە دەبێت ئاگای لە ئاسیتای خێزانی و منداڵەکەیان بێت، کە ماوەیەکی کەم دەبێت بە دۆکومێنتی ساختەوە گەیشتوون بە یەک. بەڵێنی پێ دەدات. پێش ئەوەی ئیگۆر وەڵامی بداتەوە، باوکی دەگات و بڕیارێک دەدات کە پەیوەندی کوڕ و باوک لە ڕووی سایکۆلۆژی و ئەخلاقییەوە لەیەکتری دادەبڕێت. ئەگەر حەمیدۆ ببەن بۆ نەخۆشخانە، لە ڕێگەی پۆلیسەوە داوا دەکرێت کە لێکۆڵینەوە بکرێت. بۆیە چەند شتێک دەدات بەسەر جەستەی حەمیدۆی برینداردا تاوەکو کەس نەیبینێت و ڕێگە دەدەن بمرێت. پاش مردنی، دەیخەنە گۆڕێکەوە و کۆنکرێت دەکەن بەسەر جەستەیدا تاوەکو کەس تەرمەکەی نەدۆزێتەوە. 

داوا لە ئیگۆر دەکرێت کە درۆ بۆ خێزانەکەی حەمیدۆ بکات و پێی بڵێت کە بەهۆی قەرزی قومارکردنەوە هەڵهاتووە. ئاسیتا هاوسەرەکەی دەناسێت، بۆیە بەردەوام دەڵێت ئەو دەگەڕێتەوە. لە ئەنجامی گفتۆگۆکەیاندا ئیگۆر هەست بە ساردیی ژوورەکە دەکات و پێی دەڵێت کە گەرمکەرەوەیەک بۆ ژوورەکە دابیندەکات. ئیگۆر خۆشەویستی هەم بۆ ژن و هەم بۆ منداڵەکەش هەیە. خۆشەویستییەکە پێش مردنی حەمیدۆ دەستپێدەکات. ئەو کاتەی لە کونێکەوە تەماشای جەستەی نیوەڕووتی ئاسیتا دەکات. پێدانی بەڵێنیش بە حەمیدۆ وا لە ئیگۆر دەکات زیاتر پەیوەست بێت بە ژن و منداڵەکەوە، لە پاڵ ئەوەشدا ئیگۆر ئەزموونی لایەنێکی ئینسانیی دەکات کە باوکی هەرگیز نەیتوانیووە پیشانی بدات، بۆیە دەست بە دروستکردنی پەیوەندیی دەکات لەگەڵ ئاسیتا و منداڵەکەیدا. تا کۆتایی فیلمەکە هەموو کارێک دەکات تاوەکو ژن و منداڵەکەی بپارێزێت، تەنانەت ئەو کاتانەشی کە ئاسیتا ڕەفزی ئەوە دەکات بپارێزرێت. ئاسان نییە بۆ ئاسیتا کە جیاوازی بکات لە نێوان و ئیگۆر و باوکە دڵڕەقەکەیدا. 

ئاسیتا هەمیشە لە سپی پێستەکان ئەسڵەمێتەوە. لە دیمەنێکدا، لە ژێر پردێکدا چاوەڕێی ئیگۆر دەکات، منداڵەکەشی لە باوەشیدایە. لەپڕ هەست بە شلەیەک دەکات بەر سەری دەکەوێت. دوو ماتۆڕسوارن میزی پیا دەکەن. پاش ئەوەی هاواریان لێدەکات، سواری ماتۆڕەکانیان دەبن و بەسەر جانتاکانیدا لێدەخوڕن. لەو کاتەدا پەیکەری خواکەیان دەشکێت. ئیگۆر دەیانبات بۆ گەراجەکە، دەست دەکات بەوەی پەیکەرەکە چاک بکاتەوە، بەڵام ڕووبەڕووی باوکی دەبێتەوە و داوای ئەوەی لێدەکات کە هیچ بە ژنەکە نەڵێت سەبارەت بە مردنی حەمیدۆ. پلانی داناوە کە وەک سۆزانییەک بەکاری بهێنێت. 

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە ساڵانی دروستکردنی ئەم فیلمەدا بڵاوکراونەتەوە باس لەوە دەکەن کە هەرچەندە بەلجیکا وڵاتێکی ئارامە و بە شۆکۆلاتە و ئەڵماس ناسراوە بەڵام ترس لە ژیانکردن بەهۆی ڕەنگی پێستەوە یەکێکە لە نهێنیەکانی ئەم وڵاتە. بەلجیکا بە نیشتیمانی ڕەگەزپەرستترین دانیشتوانی ئەوروپا دەناسرێت. 

فیلمی بەڵێن فیلمێکی تا بڵێی سەرکەوتووە لەوەی توانیوویەتی چیرۆکێکی بەهێزی ئینسانی بە باسکردنی بابەتێکی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی ئەوروپا بگێڕێتەوە. فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی برایانی داردینە.    


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw