پشتیوان کەمال
مانۆلیسی گۆرانیبێژی پۆپی ئەوروپی لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا و لە نێو شەوە ئاهەنگێکدا لە کاتی گۆرانی وتن بۆ ئامادەبووانی یانەیەکی شەوانە کە هەموو شەوێک تیایدا گۆرانی دەڵێت، هاوار دەکات و دەڵێت، “ئەی شارۆچکەی قەحبە، منت وێران کرد!”
مانۆلیس و هەموو ئەوانی دی منداڵی هۆڕە جوانەکانی ڕۆژئاوای یۆنانن، ناوچەیەکی هەژاری کێویانەیە کە دەوری شارۆچکەیەکی بچوکی خراپی گرتووە بە ناوی میسۆلۆنغی کە بە خۆکوژیی هاوڵاتیەکانی لە سەدەی ١٩دا بەرامبەر عوسمانییەکان ناسراوە، هەروەها پاشایەک بە ناوی بارۆن لەو شارۆچکەیەدا مردووە.
پەرچووی دەریای سارگاسۆ فیلمێکی درامییە و بەرهەمی ساڵی ٢٠١٩ی یۆنانە کە تیایدا سوریالیزم و ترس کەرەستەی دروستکردنی فیلمەکەن. سیلاس تزومارکاس کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە ئەنجامداوە.
لەم خاکەدا لەدایکبووبیت یاخود بۆ ماوەیەکی دیاریکراو فڕێیان دابیتیە ناوی، هەموو کارەکتەرەکانی ئەم ناوچەیە تاریکی و تەڵخی و وەستاوی و بێدەنگی و قوڕ تا کەمەرییان هاتووە. لە کەمەرییان بەرەو سەریش بەر هەتاوی دەریای ناوەڕاستی بێ ڕەحمی، دڵڕەق و توند دەکەون، هەم ڕاستەوخۆ یاخود ئەو کاتەی هۆڕەکە تیشکی خۆرەکە دەداتەوە. تا دوور، هەموو جێگەیەک و هەموو کاتێک، دەریایە، کە ئەویش بە زەریاوە بەستراوەتەوە، لە دیوەکەی تری زەریای ئەتڵەسیش دەریای سارگاسۆ هەیە، شەپۆلەکانی دێن و دەچن، وەک بوکۆوسکی دەڵێت، “ئەم نەفرەتییانە ماوەی چەندین سەدەیە هەمان کار دەکەن.”
لەو شارۆچکەیەدا هێشتا دەتوانیت یەکێک لە کۆنترین بونەوەرەکان ببینیت، مارماسی. مارماسییەکانی ئەو ناوچەیە هەموو جارێک بۆ زاوزێ دەبێت مەودایەکی دوور ببڕن تاوەکو بگەنە پشتی زەریای ئەتڵەسی و لەوێ لە ڕووباری سارگاسۆ دەست بە زۆربوون بکەن. ئەو جۆرە مارماسییەی کە لەو ناوچەیەدا دەژین تەنها دەتوانن لە ڕووباری سارگاسۆدا زۆر ببن و گەشە بکەن.
گفتوگۆیەک ڕوودەدات لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا لە نێوان قەشەیەک و ڕیتای نائومێد و شڵەژاو، ڕیتایەک کە بەردەوام خەونێک دەبینێت و ناتوانێت خۆی لەو خەونە ڕزگار بکات. ئەو بە خەوێکی ترسناک بەیانیان خەبەری دەبێتەوە، خەونێک کە ڕابردووی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە بە چیرۆکی جیاواز و پێدانی ترسێکی جیاواز.
“- ڕیتا؟ دوعا دەکەیت؟
- هەوڵ دەدەم. دەست پێ دەکەم و پاشان دەوەستم چونکە دەست دەکەم بە جوێندان. هەندێک کات پێموایە ئەوە خودا نییە کە حوکمی جیهان دەکات.
- ئەگەر خودا نەبێت، ئەی کێیە؟
- هەر شتێک.
خەونێک هەیە زۆر کات دەیبینم. دەتوانم پێتی بڵێم؟
-بەڵێ بە دڵنیاییەوە.
- من لە دەریایەکەوە بەرز دەبمەوە کە بە خوێن سوور بووە. ناشتوانم دەستەکانم بجوڵێنم. قاچەکانیشم قورسن. وەک ئەوەی ماوەیەکی زۆر مەلەم کردبێت. لە دەریاکەوە بەرز دەبمەوە و خەڵکی دەبینم. خەڵکی جوان و باش. وەک ڕۆژانی یەکشەممەی کەنیسە. هەموویان هاتوون بۆ کەنار دەریاکە بەڵام ناتوانم گوێم لە هیچ بێت، هیچ دەنگێکی مرۆڤ نابیستم. پاشان بۆم دەردەکەوێت کە هەموویان مردوون. بە نێویاندا پیاسە دەکەم. لە نێویاندا گوێم تەنها لە یەک وشە دەبێت.
- چ وشەیەک؟ جوێن؟
- نا. دەنگێک کە دەڵێت: زیاتر. زیاتر!
- خراپە هەیە. لە چواردەورمانە، لە نێوماندایە. ئازارمان دەدەن. بەڵام نەمرنین.
بۆیە لە خودا جیاوازە. کاتێک دیسانەوە هەڵدەستینەوە، خراپە لەگەڵماندا هەڵناستێتەوە.
-تۆ دەڵێیت خراپە لەگەڵماندا هەڵناستنەوە؟ تۆ دڵنیایت؟
- بەڵێ. دڵنیام. هەڵناستنەوە. تەنانەت ئەگەر ئێستا پێتوابێت کە حوکمی جیهان دەکەن.”
“لەگەڵ هەموو ئەکتەر و سینەماتۆگراف و دیزاینەر و مۆنتێری فیلمەکەدا هەوڵماندا هەموو شتێک لە دەوری دژیەکییەکانی ناو ئینساندا دروست بکەین. پاشان هەموو کردارێکی خۆشیی کە وامان لێدەکات وەک ئینسان ببینرێین و ئەم خۆشییەش کە ڕەنگە لە کارەکتەرەکانەوە ببینرێت یاخود وەریبگرن وەکو خەونە هاوبەشەکان، تێڕوانین، بەهەشتی بەدەستهاتوو و بەهەشتی لەدەستچوو، ئاژەڵی نەرمی وەک مارماسی، توندوتیژی دڕندانە، دەستەمۆنەکردنی توانای سێکسیی ئینسان، لە کارکەوتنی کۆمەڵگا، گومانی پیرۆز. توندوتیژییەکی زۆر ئاشکرا تاکە شتێکە دەتوانێت بەخشندەیمان بداتێ.”
چی وامان لێدەکات لەو شتەی بووەتە نائومێدییەکی گەورە بۆمان خۆمانی لێ دەرباز بکەین، تا چ مەودایەکیش پێویستە خۆمان بکشێنینە دواوە تاوەکو بتوانین ئەم هەنگاوە ڕێک بخەین و بڕیاری تیا بدەین؟ ئەمە ئەو شتەیە کە ئێلیزابێسی توندوتیژ و ڕیتای بێدەنگ و هەموو کارەکتەرەکانی ئەم شارۆچکە بچووکە بێ خواستی خۆیان هەوڵ دەدەن لەگەڵیا ڕێک بکەون.
دایک پاش لە دەستدانی مانۆلیس و بەجێهێشتنی شارۆچکەکە لەلایەن ڕیتاوە لەلای ئێلیزابێس خەونەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، “جوانترین خەونم بینی. منداڵەکانم لە باوەشما بوون. مانۆلیس و ڕیتای من. بەڵام پاشان لە باوەشماوە فڕین بەرەو ئاسمان. هیچ لە بەرزیی نەدەترسان. ئازادبوون. جوان بوو. بانگیان کردم تا بچم بۆ لایان. بەڵام تەنها لە خوارەوە سەرسام بووم پێیان. دڵخۆش بوون. بچکۆلەکانم. بیستم زەنگەکە لێیدا. تەماشای کاتژمێرم کرد، سێ و سی خولەک بوو. هەستام و دەنگی ڕیتام بیست. دەیویست لای من بنوێت. جێگەکەم بۆ ڕاخست و نوست.”
بە گشتی هەست دەکەیت فیلمەکە خەونە. ئینسان کاتێک دەیەوێت شتێک بگێڕێتەوە خەونەکانی دەگێڕێتەوە، کاتێک هەست بە ترس دەکات لە خەونەکانیدا هەست بە ترس دەکات، لە خەونەکانیدا هەست بە ڕابردووی دەکات. خەونەکان بڕیارت لا دروست دەکەن و پلانی ژیانت دادەنێن. ڕەنگە مارماسییەکانیش خەون بیانگەیەنێت بە دەریایەکی زۆر دوور تا بتوانن تیایدا زۆر ببن دەنا خۆ دەیانتوانی لە ناوچەکەی خۆیان زۆر ببن بەڵام ئایا خەونی مارماسییەکان چییە؟