پشتیوان کەمال
تابلۆیەکی ڤانکوخ بە ناوی "باخچەی بەهار" لە مۆزەخانەی شارۆچکەی لارینی هۆڵەندا لە کاتژمێر ٣:١٥ خولەک بە کاتی هۆڵەندا لە ڕۆژی ٣٠ی مارتی ٢٠٢٠ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دزرا. پۆلیسەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەرگایەکی شووشەی مۆزەخانەی سینگەر لارین شکێنراوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە تابلۆیەکی ڤانکوخ کە لەو مۆزەخانەیەدا بووە دزراوە. هەرچەندە لە کاتی بڕینی مۆزەخانەکەدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێی داوە بەڵام تا گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی ڕووداوەکە هیچ کەسێک لە نزیک مۆزەخانەکە نەماوە.
دواتر مۆزەخانەکە ئاشکرایکرد تابلۆی باخچەی بەهاری ڤانکوخ کە بۆ ماوەیەکی کاتی لە مۆزەخانەی گرۆنینگەر خواستراوە، لە ناو مۆزەخانەکەدا دیار نەماوە و جگە لەو تابلۆیە هەموو تابلۆکانی تر لە شوێنی خۆیاندان.
مۆزەخانەی سینگەر لارێن بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراوە. بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، جان ڕودۆڵف دێ لۆرم بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە "ڕووداوی دزییەکە تەواو تووڕە و بێتاقەتی کردوون. من تووڕەم و تووشی شۆک بووم بەهۆی ڕوودانی ئەم دزییەوە. زۆر قورسە بەرگەی ئەم ڕووداوە بگریت بەتایبەتی لەم هەلومەرجەی ئێستادا.
"تابلۆیەکی سەرنجڕاکێش و جوان کە لەلایەن یەکێک لە گەورەترین وێنەکێشەکانی ئێمەوە کێشراوە، لە ئێمە دزراوە.. پێویستە ئەم تابلۆیە بە زووترین کات بگەڕێنرێتەوە تاوەکو ئێمە بتوانین چێژ وەربگرین و ئاسوودەبین بە تەماشاکردنی ئەم هونەرە جوانە. هونەر پێویستە لەلایەن هەموو کەسێکەوە ببینرێت."
تابلۆکە یەکێک بووە لەو تابلۆیانەی لە پێشانگەی "ئاوێنەی ڕۆحدا" لەگەڵ ٧٠ تابلۆی تری شێوەکارانی سەدەی نۆزدەهەمی هۆڵەندا نمایشکراوە.
بەهای تابلۆکە لە ئێستادا نەزانراوە و مۆزەخانەکەش هیچ زانیارییەکی لەسەر بەهای تابلۆکە بڵاونەکردۆتەوە بەڵام کارێکی تری ڤانکوخ کە لە هەمان ئەو قۆناغەدا کێشاویەتی لە ماوەی ڕابردوودا بە ١٣.٥ ملیۆن دۆلار فرۆشرا.
مۆزەخانەکە لە ساڵی ١٩٥٠ دروستکراوە تاوەکو کۆبەرهەمی هونەرمەندی ئەمریکی ویلیام هێنری و ئانای هاوسەری نمایش بکات.
لە ساڵی ٢٠٠٧، چەند دزێک حەوت پەیکەری ناو باخچەکەی هەمان مۆزەخانەیان دزی کە بەهاکەی ١.٣ ملیۆن یۆرۆ بوو. دواتر پەیکەرەکان لە هەلومەرجێکی خراپدا دۆزرانەوە. لە ساڵی ٢٠١٠، دوو دز بە تۆمەتی دزینی ئەو پەیکەرانە دەستگیرکران و هەریەکەیان بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ زیندانی کران.
تابلۆی "باخچەی بەهار" لەو ساڵانەدا کێشراوە کاتێک ڤانکوخ لە ماوەی ساڵانی ١٨٨٣ بۆ ١٨٨٥ لە نوێنێن دەژیا. ناوی تەواوی تابلۆکە بریتییە لە "باخچەی ماڵی قەشە لە بەهاری نوێنێندا". ئەم تابلۆیە ئەو ساڵانە کێشراوە کە ڤانکوخ لە نوێنین دەژیا، لە خانووەکەی باوکیدا، ئەو ساڵانە ڤانکوخ نەخۆشی دەروونی هەبوو کە تا کۆتایی ژیانی لەگەڵیدا درێژەی کێشا. ڤانکوخ چەندین تابلۆی باخچەی خێزانەکەی و شەقام و باخچەکانی ئەو ناوچەیەی کێشاوە. ڤانکوخ کاتێک ئەم تابلۆیەی کێشاوە تەمەنی تەنها ٣١ ساڵ بووە.
ئەو جارێک لە نامەیەکدا بۆ براکەی دەنووسێت، "تا زیاتر نەخۆش و غەمگین و دڵتەنگتربم، زیاتر دەبمە هونەرمەندێکی داهێنەر."
ڤانکوخ لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا دەست بە وێنەکێشان دەکات، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیشدا خۆی دەکوژێت (کە ئەمەیان هێشتا گومانی لەسەرە)، ژمارەی ئەو تابلۆیانەی کێشاویەتی خۆی لە هەزار دەدات، بەڵام تەنها شەش لەو ژمارەیە بە هەمان شێوەی "باخچەی بەهار" دزراوە یاخود لە ڕابردوودا لەناوبراوە. تابلۆی "وێنەکێش لەسەر ڕێگای کارکردنی" یەکێکە لەو تابلۆیانە و لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن نازییەکانەوە دزراوە و هێشتاش وەک تابلۆیەکی لەدەستچوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هیچ شتێکی ئەو تابلۆیە نەدۆزراوەتەوە و هیچ بەهایەکیشی لەسەر دانەنراوە. پێش لەناوچوونی، ئەم تابلۆیە قەبارەکەی ٤٨ بە ٤٤ سانتیمەتر بووە و لە مۆزەخانەی قەیسەر فرێدریک لە ماجدیبۆرگ پارێزراوە کە لە ئێستادا بە مۆزەخانەی کولتورهیستۆریسکیس ناسراوە. گومانی ئەوە دەکرێت کە لە کاتی بۆمبارانکردنی ماجدیبۆرگدا لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەو تابلۆیە سوتابێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تابلۆیە بە یەکێک لە داواکراوترین کارە هونەرییەکان هەژمار دەکرێت.
یەکێکی تر لە تابلۆکانی ڤانکوخ "گوڵە خەشخاش"ە کە لە ئابی ٢٠١٠ لە مۆزەخانەی موحەمەد مەحمود خەلیل لە قاهیرەی میسڕ دزراوە. بەهای ئەم تابلۆیە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلارە. ڤانکوخ لەژێر کاریگەری "ئەدۆلف مۆنتیچێلی" ئەم تابلۆیەی کێشاوە، کە لە پاریس لە ساڵی ١٨٨٦ دەیبینێت. ئەم تابلۆیە نەک جارێک بەڵکو دووجار دزراوە و بەڵام لە ئێستادا نەدۆزراوەتەوە و شوێنی نادیارە.
لە ساڵی ١٩٧٧ تابلۆکە لە کاتی گواستنەوەی کەلوپەلەکانی مۆزەخانەکە لە باڵەخانەیەکەوە بۆ باڵەخانەیەکی تر دیارنەما و دواتر لە کوەیت دۆزرایەوە. جاری دووەم تابلۆکە لە ڕۆژی ڕووناکدا دزرا و بە شێوەیەکی ناڕوون و بێ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی دروست لەسەر دیارنەمانی تابلۆکە کەیسەکە داخرا و باسییان نەکردەوە کە هەندێ کەس بە پلانێکی ناوخۆیی ناو مۆزەخانەکەی دەبینن چونکە لە کاتی دزین و دیارنەمانی تابلۆکەدا هەموو کامێرا چاودێرییەکانی ناو مۆزەخانەکە کوژێنراونەتەوە، بەڵام بەرپرسان دواتر دوو ئیتاڵییان بە دزینی تابلۆکە تۆمەتبارکرد. هەرچۆنێک بێت لە ئێستادا تابلۆکە نادیارە و بەرپرسان و ئیدارەی مۆزەخانەکە نەیانتوانیووە بیدۆزنەوە.