مەڤلود عەقایا
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
یەڵماز گونەی ڕۆڵی سەرەکی فیلمەکە دەگێڕێت. "یاسای سنوور" لە ئورفەی تورکیا وێنەیگیراوە و ژیانی ئاسایی خەڵک، ناکۆکی و کۆششەکانیان دەگێڕێتەوە کاری خەڵکی ئەو ناوچەیەش لەسەر قاچاخچێتی بەندە. زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بەپیت نین و هیچ کارگەیەکیشیان نییە تا خەڵکەکەی کاری تیادا بکات. حکومەت هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا دروست بکات و کێشەکان کۆتایی پێ بهێنێت، باشترین کەسیش کە ئەوان پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکەن خدرە، "یەڵماز گونەی" ڕۆڵی ئەم کارەکتەرە دەگێڕێت، چونکە تەواوی گوندنشینەکان ڕێزی لێدەگرن. ئەمەش وا لە مولازمە نوێیەکە دەکات پەیوەندی لەگەڵ خدر دروست بکات و پێکەوە هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەو کێشانەی لەو ناوچەیەدا هەن.
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن یەڵماز گونەییەوە نوسراوە، سیناریۆکەش پێکەوە لەلایەن لوتفی عەقاد و یەڵماز گونەیەوە نوسراوە. لوتفی لەو دەرهێنەرانەبوو کە هەم کاری ئاڕت هاوسی بەرهەمدەهێنا، هەم فیلمی بازرگانی، هەروەها فیلمی بەڵگەی دروست دەکرد و بۆ تەلەفزیۆنەکانیش کاری دەکرد. لوتفی بەو دەرهێنەرە دادەنرێت کە ناسنامەی بە سینەمای تورکی بەخشیووە. گشت فیلمسازەکانی پێش عەقاد لە شانۆوە هاتنە نێو سینەما و کاریان دەکرد، عەقاد یەکەم فیلمسازە کە پێشتر هیچ ئەزموونێکی شانۆیی نەبووە و ڕاستەوخۆ دەست بە دروستکردنی فیلم دەکات.
لە فیلمی یاسای سنوور، عەقاد یەکەم دەرهێنەر دەبێت کە کامێرا دەباتە دەرەوەی ستۆدیۆکان و لەناو خەڵک فیلم دروست دەکات و دیمەنە سروشتییەکان بەکاردەهێنێت. عەقاد بە تەواوی بە پشت بەستن بە یاساکانی نیوڕیاڵیزمی ئیتاڵیا کاری دەکرد، ئەو فیلمسازێکی واقعی بوو، پێش عەقاد هەموو فیلمسازەکان لە جیهانی خەونەوە فیلمەکانیان بەرهەمدەهێنا، ڕووداوەکان واقعی نەبوون و باسی ژیانی واقعی خەڵکی نەدەکرد. ئەوەی وادەکات عەقاد گرنگ بێت ئەوەیە کە ئەو یەکەمین فیلمساز بوو دەستیکرد بە دروستکردنی فیلمی ڕیاڵیستی.
ئەو ناوچەیەی کە ئەم فیلمەی تیادا وێنەگیراوە لە شەستەکاندا بۆ قاچاخچێتی زۆر بەناوبانگ بوو. سنورێکی فراوان لەو ناوچەیەدا هەیە و بۆیە ژیانی خەڵکی لەسەر کاری قاچاخچێتییە. خەڵکەکە بە تەواوی بەو چەشنە ژیاون کە لە فیلمەکەدا دەیبینین. لەو کاتەدا تورکیا وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو نەبوو. هەندێک کات کامێرا بەو جۆرە دانراوە وەک ئەوەی دەرهێنەر بیەوێت دیمەنێکی بەڵگەییمان پیشان بدات. تەنانەت فیلمساز کە هەم شوێنی واقعی بەکارهێناوە، هەندێک لە ئەکتەرەکانیشی خەڵکی ناوچەکە بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەکتەرێکی گەورە و بە توانای وەک یەڵماز گونەیشی بەکارهێناوە.
بەڕاستی پێموایە ڕەنگە گونەی باشترین بلیمەت بوبێت کە لە بوارەکانی نوسین و دەرهێنان و نواندن لە سینەمای تورکیدا کاری کردبێت. دواتر کە یەڵماز گونەی بووە دەرهێنەر، لوتفی عەقاد وتی "یەڵماز گونەی فیلمسازە لە تەپڵی سەرییەوە تا نوکی پێی. ئەو هەم دەرهێنەرە، هەم ئەکتەر و هەم نوسەریش." هەروەها دەڵێت "بڕوا ناکەم وا بە زوویی فیلمسازێکی تری وەک یەڵماز گونەی لە سینەمای تورکیدا دروست ببێت." گونەی هەموو جۆرە ستایڵ و شێوازەکانی نواندنی تاقیکردۆتەوە. من نامەوێت زیادەڕۆیی بکەم بەڵام دەتوانم گونەی بەراورد بکەم بە مارلۆن براندۆ و جەیمس دین. ئەو بلیمەتییەکی پاکژی هەبوو.
لە فیلمەکەدا دوو قاچاخچی سەرەکیمان هەیە، یەکیان خدرە، ئەوی تریش عەلی چەلۆیە. دوو کارەکتەری جیاوازن. خدر کەسێکی بێتاوانە، خەڵکەکەی خۆی بە لاوە گرنگە. کارەکتەری عەلی چەلۆ کەسێکی هەلپەرستە، بازرگانە، بۆ کارەکەی ئەتوانێ چەندی بوێ بیکوژێ، بەلایەوە گرنگ نییە.
لە فیلمەکەدا پەیوەندی نێوان مولازم و خدر زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشە. خدر نمایندەی خەڵکەکەی خۆی دەکات لەو ناوچەیە، مولازمیش نمایندەی سیستەم دەکات. کاتێک یەکەمجار مولازم دێتە ئەو ناوچەیەوە ئێمە هیچ دەربارەی نازانین. ئەو کاتەی دەڕوات قسە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا بکات، دەمانچەکەی لای سەربازەکان بەجێدەهێڵێت لێرەدا نموونەی سینەمای سیبولیزم دەبینین. ئەم دیمەنە پێمان دەڵێت، یەکێک دەیەوێت کارەکان بە شێوەیەکی جیاوازتر ئەنجام بدات چونکە کەس پێشتر ئەمەی نەکردووە. لە فیلمەکەدا خدر و مولازم وەک یەکن تەنها هەلی ژیانیان جیاواز بووە، مولازم لە شارێکی گەورەدا لەدایکبووە و توانیوویەتی بخوێنێت، هەلی بۆ ڕەخساوە، خدریش لە لادێیەکی بچووک لەدایکبووە کە کەس نازانێت دەکەوێتە کوێی جیهانەوە.
خدر کوڕێکی هەیە و دەتوانین بڵێین کوڕەکەی نمایندەی ئایندەی گوندنشینەکان و ئێستای مولازمە. مولازم هەر خۆشی بە کوڕەکەی خدر دەڵێت، بخوێنە تا بتوانیت لە داهاتوودا وەک من ببیت بە مولازم.
بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تورکیا ڕێگە بە عەقاد و گونەی بدەن فیلمەکەیان دروست بکەن، بەشێکیان لە سیناریۆی فیلمەکە گۆڕیووە و هەوڵیان نەداوە سیستەم لە هەرە شێوەی خراپی خۆیدا پیشان بدەن، سیستەم لە فیلمەکەدا کە مولازم نمایندەی دەکات لایەنی چاکەیە و داهاتووی تورکیاش دەردەخات.
هەم لوتفی عەقاد لە یەڵماز گونەیەوە فێربووە، هەم گونەی لە لوتفی عەقادەوە فێربووە. گونەی بەهۆی ئەوەی کە دەستیکرد بە چالاکی سیاسی چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتەوە دەگیرێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەو کاتەی تورکیا کوردبوون بوو، یەڵماز گونەییش کورد بوو، خەباتی بۆ میلەتەکەی خۆشی دەکرد، بۆیە بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرزەنشت دەکرا. حکومەت بە تەواوی هەوڵیدا ئەم بەرهەمە سینەماییە یاسای سنوور لەناو ببات، بەڵام لە ڕێگەی پڕۆژەی سینەمای جیهانی و هاوکارییەکانی مارتن سکۆرسیزی توانرا تاکە کۆپی ماوەی ئەم بەرهەمە بپارێزرێت و جارێکی تر بە شێوازێکی باشتر پیشانمان بدرێت. هەرچەندە ئێستاش کۆمەڵێک هەڵە دەبینرێت و فیلمەکە لە ئاستێکی زۆرباشدا نییە بەڵام سوپاس بۆ خوا کە ئەم فیلمەیان پاراست و خەڵکی دەتوانن ئەم فیلمە ببینن.