نووسینی: ئەنتوان چیخۆف
ئامادەکردنی بۆ شانۆ: بەرهەم ئەنوەر
کارەکتەرەکان:
ئۆچومیلۆڤ: ئەفسەری پۆلیس.
پیلدێرین: پۆلیس. پاسەوانی ئۆچومیلۆڤ.
خروکین: زەڕەنگەر.
پروخور: خزمەتکاری ژەنەڕاڵ.
(سەرشەقامێک. بەردەم دوکان و بازاڕێکی قەرەباڵغ. خەڵک ئاسایی دێن و دەچن.)
(ئۆچومیلۆڤ و پیلدێرین لە بەشی پشتەوەی شانۆ، لەبەردەم دوکانەکاندا هاتوچۆ دەکەن. لای دەستە چەپی شانۆوە
دەنگی وەڕینی سەگ و هاواری کەسێک دێت، کە ڕاوی دەنێت. چەند کەسێک لە بەشی پێشەوەی شانۆ ئاوڕ
دەدەنەوە و تەماشای دەستە چەپ دەکەن تا بزانن چی ڕوو دەدات.)
(تاریکی. لەسەر شانۆ دەنگی وەڕینی سەگ و غەڵبەغەڵبی خەڵک دێت.)
(شانۆ ڕووناک دەبێتەوە. کەسێک سەگەکەی گرتووە و نەوازشی دەکات. بە ڕواڵەت سەگێکی ترساو و بەریء
دەردەکەوێت.)
خروکین: (تەواو شێواوە. بە دەم هاوارکردنەوە دێتە سەر شانۆ.) ئەوە گاز دەگری هەی سەگە چڵمن؟ ها! خەڵکینە
مەهێڵن بۆی دەربچێ. ئەو زەمانە تێپەڕی و ئیتر بڕیار دەرچووە، کە قەپاڵگرتن قەدەغەیە! هێی... بیگرن.
پیلدێرین: (بلەز ئەفسەرەکە ئاگادار دەکاتەوە.) قوربان، وەک ئەوەی شتێک قەوما بێ!
خروکین: نەهێڵن بۆی دەربچێ!
(خروکین بەدەم پێشاندانی پەنجە بریندارەکەی بە خەڵکەکە، هەڕەشە لە سەگەکە دەکات.)
ئۆچومیلۆڤ: (دڕ بە خەڵکەکە دەدا و هاوار دەکات.) خروکین، چی بووە؟ لێرە چی دەکەیت؟ بۆچی پەنجەت
هەڵبڕیوە؟ ئەوە کێ بوو دەینەڕاند؟
خروکین: (دەکۆکێت.) قوربان، من بێ دەنگ و بێ قڕە بە ڕێی خۆمدا دەهاتم، تا لە بارەی داروتەختەوە لەگەڵ
"میری میریچدا" قسان بکەم. کارم بە کاری کەسەوە نەبوو، کە لەناکاوڕا ئەو سەگە ناڕەسەنە قەپاڵی لە پەنجەم
گرت. داوای لێبوردن دەکەم، من کەسێکی کاسبم و خاوەنی ئیشێکی شایستەم. ناچاریان بکە قەرەبووم بکەنەوە.
ئاخ، ڕەنگە بۆ هەفتەیەک نەتوانم بەم دەستەم ئیش بکەم. قوربان، خۆتان دەزانن کە یاسا رێگە نادات ئاژەڵی هار،
بەڕەڵا بکرێتە ناو خەڵک. ئەگەر بەو جۆرە بێت و ئاژەڵەکان بکەونە قەپاڵگرتن، ئەوا ئیدی ژیان لە بنیادەم تاڵ
دەبێت.
ئۆچومیلۆڤ: (بە حیرس و توڕەییەوە.) ئەم سەگە هیی کێیە؟ من واز ناهێنم، ئەو خەڵکە بۆ بابیان تەمبێ دەکەم، کە
سەگەکانیان بەڕەڵای جادە و کۆڵانان دەکەن! ئیتر کاتی ئەوەیە ئەوانە سزا بدرێن، کە پەیڕەوی یاسا ناکەن.
غەرامەی ئەو سەگبابەش دەکەم. فێری دەکەم بەڕەڵاکردنی سەگ و هەر جۆرە ئاژەڵێکی تر بۆ ناو خەڵک، مانای
چییە! بۆ بابی ئاقڵی دەکەم. (ڕوو لە پیلدێرین.) پیلدێرین، خاوەنی ئەم سەگە بدۆزەوە و دۆسیەیەکی بۆ بکەوە. پاشان
دەبێ دەست بەجێ سەگەکە لەناو بەریت... ڕەنگە سەگێکی هار بێت. دەمەوێ بزانم خاوەنی ئەم سەگە کێیە؟
(دەنگێک لەناو خەڵکەکەوە: "وابزانم هیی ژەنەڕاڵ ژیکالۆڤە!")
ئۆچومیلۆڤ: ژەنەڕاڵ ژیکالۆڤ! ئهممم. پیلدێرین، وەرە یارمەتیم بدە پاڵتۆکەم دابکەنم. ئاخ، دونیا چەند گەرمە!
دیارە خەریکە باران دادەکا.
(ڕوو دەکاتە خروکین.) خروکین، شتێک کە دەمەوێ بیزانم ئەوەیە، ئەم سەگە چۆن قەپاڵی لێ گرتیت؟ چۆن
پەنجەتی گەست؟ بە ئەقڵی کێدا دەچێت، سەگێک بەم بچکۆلەیییە، گاز لە پەنجەی زەلامێکی زل بەم قەد و
قەڵافەتەوە بگرێ؟ دیارە پەنجەت بە بزمار یان شیشێک زامدار کردووە، ئێستایش هاتوویت بوختان بۆ خەڵک
دەکەیت! من ئێوەومانان دەناسم! دەزانم چەند ناڕەسەنن!
دەنگێک لەناو خەڵکەکەوە: قوربان، خروکین بۆ هێنانە پێکەنینی خەڵک، جگەرە داگیرساوەکەی بە لمۆزی
سەگەکە کوژاندەوە و سەگیش خۆ گەمژە نییە، لێی هەڵگەڕایەوە و پەنجەی گەست! ئەم خروکینە هەمیشە خەریکی
ئاژاوە نانەوەیە، قوربان!
خروکین: (هاوار دەکات.) هەی بێ ئەدەب، بۆچی درۆ دەکەیت؟ ئەم شتە هەڵیت و پەڵیتانە چییە لە خۆتەوە
دروستیان دەکەیت؟ جەنابی ملازم کەسێکی بەئاگان، خۆیان دەزانن کێ درۆ دەکا و کێ ڕاست دەکا. ئەگەر درۆم
کردبێ، ئەوا ئامادەم بچمە بەردەم قازی و سزام بدا! دواجار ئەوە قازییە کە بڕیار دەدا. ئەم ڕۆژانە دادگا بە یەک
چاو تەماشای هەمووان دەکا. هەر بۆ زانیارییت، براکەی منیش هەر ئەفسەری پۆلیسە.
ئۆچومیلۆڤ: مەیکەنە هەرا...
پیلدێرین: نەخێر ئەم سەگە هی جەنابی ژەنەڕاڵ نییە، ژەنەڕاڵ سەگی وای نییە. سەگەکانی ئەو هەموویان لە توخمی
تانجیین.
ئۆچومیلۆڤ: دڵنیایت؟
پیلدێرین: تەواو دڵنیام، قوربان.
ئۆچومیلۆڤ: ڕاست دەکەیت، سەگەکانی ژەنەڕاڵ گرانبەهان، ڕەسەنن. بەڵام ئەمە، تەماشای کە، سەگێکی دزێو و
خوێڕییە! کێ حەزی لە سەگێکی ئاوهایە؟ ئەگەر ئەم سەگە ڕێی بکەوێتە مۆسکۆ یان پیتەرسبۆرگ، دەزانن چیی لێ
دەکەن؟ خەڵک بە بێ گوێدانە یاسا، لە چاو تروکانێکدا لە ناوی دەبەن. خروکین، تۆ زەرەرت لێ دراوە، واز
مەهێنە. دەبێت بڕۆی خاوەنی سەگەکە هەر کەسێکە، تەمبێ بکەیت! حەقی خۆتە.
پیلدێرین: (بە دڕدۆنگی و ترسەوە.) ئاخر هەر بەڕاستی نەبا سەگی جەنابی ژەنەڕاڵ بێت! لەوە ناچێ، بەڵام وەک
بڵێی دوێنێ سەگێکی هاوشێوەی ئەمەم لە حەوشەی ماڵەکەیاندا بینی!
دەنگێک لەناو خەڵکەکەوە: من دڵنیام ئەو سەگە هیی ژەنەڕاڵە.
ئۆچومیلۆڤ: پیلدێرین، وەرە یارمەتیم بدە پاڵتۆکەم لەبەر بکەم، کتوپڕ هەوایەکی سارد ڕۆچووە گیانمەوە، لەرزم
لێ هاتووە. ئەم سەگەیش بگرە و بیبەرەوە بۆ ماڵی ژەنەڕاڵ و داوای لێبوردنیان لێ بکە. پێیان بڵێ من دۆزیومەتەوە
و بۆ ماڵەوەیانم ناردۆتەوە. پێیان بڵێ ئیتر ئەو بێزووبانە بەڕەڵا نەکەنە سەر جادە و کۆڵانان. ڕەنگە سەگێکی
گرانبەها بێ و کەللەپوتێک ئاگری جگەرەکەی بە لمۆزی بکوژێنێتەوە و توشی بەڵایەکی بکات. سەگ ئاژەڵێکی
نازدارە. هێی تۆیش، کەللەپووت، لەبیر خۆتی بەرەوە، ئەوەی ناوێت، خەتای تۆ بووە.
(پروخوری پیرەمێرد لای دەستەچەپی شانۆوە دەردەکەوێت و لەسەرخۆ ڕێدەکات.)
پیلدێرین: قوربان، ئەها، ئەوە چێشتلێنەرەکەی جەنابی ژەنەڕاڵ هات، لەو دەپرسین... هێی پروخور، وەرە ئێرە،
پیرەمێرد! ئا تەماشایەکی ئەم سەگە بکە، بزانە هیی ئێوەیە؟
پروخور: ئەوە دەڵێی چی، ئێمە قەت سەگی ئاوهامان نەبووە.
ئۆچومیلۆڤ: ئیتر پێویست ناکات هیچ بپرسیت، دیارە سەگێکی بەڕەڵایە، ئەم بێنەوبەردەیە سودی نییە. کاتێ پێت
دەڵێن بەڕەڵایە، ئیتر بەڕەڵایە و تەواو. لەناوی ببە، تا ئەم بەزمە کۆتایی بێت.
پروخور: بەڵێ، هیی ئێمە نییە، بەڵکو هیی براکەی ژەنەڕالە. ئەوەی کە تازەکی تەشریفیان هێناوە. جەنابی ژەنەڕاڵ
حەزی لە سەگی کوڵکن نییە، بەڵام کاکی نا، ئەو حەزی لێیەتی...
ئۆچومیلۆڤ: (بە دەم پێکەنین و ترسەوە.) چی؟ برای ژەنەڕاڵ تەشریفیان هێناوە؟ ڤیلادیمێر ئیڤانیچ تەشریفیان
هێناوە؟ دەی بزانن؟ ئەوان هاتوون و من نەمزانیوە؟ هاتوون بمێننەوە؟
پروخور: بەڵێ، هاتوون بمێننەوە.
ئۆچومیلۆڤ: دەی بزانن، تەشریفیان هێناوە تا براکەیان ببینن و من نەمزانیوە! کەواتە ئەمە سەگی ئەوانە؟ هەر
زۆر خۆشحاڵم! بیبەن... چ سەگێکی بچکۆلە و نازدارە! گازت لە پەنجەی ئەو کابرایە گرتووە؟ هاهاها... ئاژەڵە
وردیلەکە، وەرە، پێی ناوێ بلەرزی! هەڵبەزیویتەوە و گازێکی خنجیلانەت لە پەنجەی ئەو کەللەپووتە گرتووە! چ
سەگێکی خۆشیت!
(پروخور سەگەکە لە باوەش دەکات و لای دەستەڕاستی شانۆ دەچێتە دەرەوە. خەڵکەکە بە خروکین پێدەکەنن.)
ئۆچومیلۆڤ: (ئاماژە بە خەڵکەکە دەکات بڵاوەی لێ بکەن و بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ڕوو لە خروکین دەکات.)
خروکین، دوایی دار دەدەم بە ڕۆحتا!
سەرچاوە:
- . ئەتوار قەلەموون: ئەنتوان چیخۆف، کۆمەڵە چیرۆکی (تامیتامی)، وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی. ئەندێشە. لا ٥٩