دەربارەی فیلمی ئەوروپا ئەوروپا

04/04/2020    21:30

دەربارەی فیلمی ئەوروپا ئەوروپا 


Cînema


ئانێت ئیسدۆرف
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
 
فیلمی ئەوروپا ئەوروپا بە دیمەنێکی ناڕوون دەستپێدەکات، کوڕێکی گەنج کە نیشانەیەکی نازیی لەسەر قۆڵی کراسەکەیەتی، لەژێر ئاودایە و ناتوانێت خۆی دەرباز بکات و بێدەنگییش دیمەنەکە نامۆتر دەکات. پیاوێکی تر لەم گەنجە نزیک دەبێتەوە و ڕزگاری دەکات، دواتر بۆمان دەردەکەوێت ئەو گەنجە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە. ئەمە یەکەمین دیمەنی ئاوە لە فیلمەکەدا و ئێمە لە سەرەتا و لە چرکەساتێکی گرنگدا بەری دەکەوین. بۆ نموونە لە دیمەنەکانی دواتریشدا، ئەو کاتەی نازییەکان هێرش دەکەنە سەر خانووەکەیان، کوڕێکی لاوی سیانزدە ساڵان لە حەمامی ماڵەکەی خۆیاندا پاڵکەوتووە، بە ڕووتییەوە حەمامەکە جێدەهێڵێت و لە نزیک ئەو جێگەیەوە لە بەرمیلێکدا خۆی دەشارێتەوە. دواتر، ئەو کاتەی لە ئیسحاقی برای جیادەبێتەوە و دەیانەوێت بەرەو ئەوبەری ڕووبارێک بپەڕنەوە، سەلەمون گوێی لە هاوارێک دەبێت “سۆڤییەت هێرشی کردووەتە سەر لاکەی تری ڕووبارەکە”، ئەو جێگەیەی کە بەلەمەکەی سەلەمون بڕیارە بۆی بچێت. لە ناکاو سەلەمون دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە و داوای هاوکاری دەکات تاوەکو یەکێک ڕزگاری بکات، سەربازێکی ڕووسی فریای دەکەوێت و لە ناو ئاوەکە دەریدەهێنێت. سەلەمون وردە وردە لەگەڵ ئاودا ڕادێت، کاتێک دەبێتە خوێندکار لە خوێندنگە فێرکارییەکەی نازییەکان، لەوێ لە پێشبڕکێیەکی خوێندکارەکاندا و لە مەلەوانگەیەکی گەورە و جواندا کە ژێرەکەی بە هێمایەکی گەورەی نازییەکان ڕازێنراوەتەوە، هەرچەندە ئەو بە چەکێک و جلوبەرگێکی سەربازییەوە تەواو قورسبووە، بەڵام پێشبڕکێکە دەباتەوە. لە کۆتایی فیلمەکەدا، لەگەڵ ئیسحاقی برای یەکدەگرنەوە. لە شەوی یەکتربینینەوەیاندا، لە بینایەکی ڕووخاوی تاریکدا بەرەو ڕووی کەشی باراناوی دەرەوە ئیسحاق و سەلەمون میز دەکەن، ئەمەش یەکەمین دیمەنی دەرکەوتنی سەلەمونە بێ ترس و بێ شاردنەوەی ئەندامی جەستەی خۆی و ناسینەوەی وەک جولەکەیەک میز بکات. لەوێوە دەچین بۆ کۆتا دیمەنی فیلمەکە، پیاوێک گۆرانی دەچڕێت، ئەویش سەلەمون پاڕێڵی ڕاستەقینەیە، کامێرا بۆ پیشاندانی ئاوی دەریاچەیەک پان دەکات. ئەوروپا ئەوروپا بە دیمەنێک لە ئاو دەستپێدەکات و بە دیمەنێک لە ئاو کۆتایی دێت. 

ئەگەر بپرسین بۆ دیمەنی لەم جۆرە، یاخود بۆ دیمەنی ئاو؟ ڕەنگە ئەمە دەربڕی گۆڕانی بەردەوامی کارەکتەر بێت کە هەم دەکرێت واقعییانە بیبینین هەم میتافۆڕیش بێت. ئەوروپا ئەوروپا لە ڕاستیدا دەربارەی گۆڕینی ناسنامەیە. سەلەمون کە بە سۆڵ، ساڵی، ساڵیک ناودەبرێت، وەک جولەکەیەک ناسنامەی خۆی دەشارێتەوە. لە بۆڵشەفیگێکەوە بۆ نازییەک دەگۆڕێت. تاوەکو لە مردن دەربازی ببێت دەتوانێت چ ناسنامەیەک بیەوێت هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی زیندوو بمێنێتەوە. ناوی جۆزێف پیتەر لە خۆی دەنێت، کە دواتر بە جوپ بانگی دەکەن. کاتێک سەلەمون پرسیار لە ڕۆبێرت دەکات، کە نازییەکە و پێشتر کاری نواندنی کردووە 
"- ئایا گرانە ڕۆڵی کەسێکی تر بگێڕیت؟
ڕۆبێرت دەڵێت – ئاسانترە لەوەی خۆت بیت. "

دواتر سالیک لەبەردەم پەیکەری هیتلەردا سوێند دەخوات، وەک چۆن پێشتریش بۆ ستالین و لای بەڵشەفیکەکان هەمان کاری کردووە. ئەو کاتەی لەبەردەم ئاوێنەیەک ڕاهێنان لەسەر سڵاوی نازییەکان دەکات، وێنەی ناو ئاوێنەکە بیرمان دەخاتەوە کە فیلمەکە پڕیەتی لە دووبارەیی. هەر لە دووبارەیی ناونیشانی فیلمەکەوە، ئەوروپا ئەوروپا، تاوەکو چەندین بەش و وێنە و واتای جیاوازی تر. 

ئەوروپا ئەوروپا یەکێکە لەو فیلمە زۆرانەی دەربارەی هۆڵۆکۆست دروستکراوە و باس لە زیندوو مانەوە دەکات بەهۆی گۆڕینی ناسنامەوە. بەهۆی گۆڕینی جلوبەرگەوە سالیک ڕۆڵی کارەکتەرە جیاوازەکانی خۆی دەگۆڕێت. ئەو کاتەی سەلەمون بە ڕووتی لە حەمامەکە ڕادەکات، کاسی جلوبەرگێکی ڕەشی پێ دەدات کە نیشانەیەکی نازییەکانی لەسەرە و ئەمەش تایبەتە بە لایەن و بیرکردنەوەیەکی جیاواز تا سالیک بتوانێت ناسنامەی خۆی تیادا بشارێتەوە. دواتر جلوبەرگی بۆڵشەفیگەکان لەبەردەکات و وەفای خۆی بۆ ستالین پیشان دەدات دواتر لەلایەن سەربازانی ئەڵمانەوە دەگیرێت و سالیک پێیان دەڵێت کە لە ڕەچەڵەکی ئاریانە و لە هەتیوخانەی گرۆدنۆ بەخێوکراوە، دواتریش دەنێردرێت بۆ قوتابخانەی ڕاهێنانی سەربازی و پۆشاکی تایبەت بە نازیەکان لەو فێرگەیەدا لەبەردەکات. 

ئەوروپا ئەوروپا باس لەوە دەکات کە چۆن خۆشاردنەوە بەردەوامەکانی کارەکتەری سەرەکی پێویستی بە کەسێکی نمایشکارە، پێویستە پیشانی بدات کە دەتوانێت ڕۆڵی جیاواز بگێڕێت. جگە لە دیمەنی یەکەم، دوو دیمەنە خەونی تر لە فیلمەکەدا دەبینین. دیمەنی ئەو خەونەی کە ستالین لەگەڵ هیتلەر سەما دەکات و لە سەقفەکەوە شیرینی دەبارێت، کۆمەڵێک منداڵیش سەمای بالێ دەکەن. لە خەونێکی تردا، سالیک سەردانی خانووەکەی ماڵی باوکی دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سالیک لەگەڵ لێنی بە تەنیشت کۆمەڵێکی زۆر لە کێلی گۆڕی جولەکەدا دەڕۆن و دەبینێت کێلەکان لە گۆڕەکانیان کراونەتەوە، لێرەدا دیمەنێکی پان کامێرا هەوڵ دەدات ئەو ڕێژە زۆرەی کێلەکان پیشان بدات. لەو جێگەیەدا لێنی زۆر بە توندی دژی جولەکە قسە دەکات و سالیکیش زلەیەکی لێدەدات. لە خەونەکەدا خێزانەکەی سالیک دەبینین کە لەسەر مێزی نانخواردنەکە دانیشتوون و هێلکەی کوڵاو بە ئاوی سوێرەوە دەخۆن، سۆڵ ئەو چاکەتەی لەبەردایە کە کاسی پێیدا، کوڕێک لەسەر مێزەکە دانیشتووە و سەری بە باندج داپۆشراوە وا دەردەکەوێت ئیسحاقی برای بێت. کاتێک سۆڵ خۆی لە کانتۆرەکەدا دەشارێتەوە، هیتلەر دەبینێت، خوشکەکەی پێی دەڵێت مەترسە ئەویش جولەکەیە. دوای ئەمە سۆڵ دەبینین کە بەرەو گیتۆ ڕاستەقینەکە دەڕوات. لەوێ سۆڵ لە درزێکی بچکۆلەی ناو پاسەکەوە کۆمەڵێک لە دیمەنەکانی ناو گیتۆ دەبینێت، کە هێندەی خەونەکانی خۆی سوریاڵە. لە چاوەکانییەوە ئێمە جولەکەی برسیی، لاشەی مردوو لەسەر شەقامەکە دەبینین. سۆڵیش جلوبەرگێکی نازی لەبەرکردووە و خۆی شاردۆتەوە.

هێزی وێنەکان و ڕاستگۆیی شوێنەکان بۆ بلیمەتی ئالان ستاڕسکیی پڕۆدەکشن دیزاینەر دەگەڕێتەوە. ئەوروپا ئەوروپا یەکەمین فیلم نییە ئەو دیمەنی چیرۆکەکانی بۆ سەر شاشە گواستبێتەوە، لە هەمان ئەو ساڵەدا کاری لەسەر فیلمی کۆرچێکی ئەندرێ وایدا کردووە، سپیلبێرگ بۆ فیلمی لیستی شیندلەر ئەمی بەکارهێناوە دواتریش پۆڵانسکی لە فیلمی پیانۆژەندا هەر ستاڕسکی هەڵدەبژێرێت تاوەکو کاری بۆ بکات. ئەگنیێشکا هۆڵاند زۆرینەی فیلمەکەی کە لە بەرهەمی ئەڵمانیا فەڕەنسایە لە پۆڵەندا وێنەگرتووە، کە خۆی دەڵێت، جێگەیەکی باش بوو بۆ دۆزینەوەی شوێن بۆ وێنەگرتن، جێگەیەکە لە نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیادا. بۆ نموونە خوێندنگەکەی هیتلەر، ئەو شوێنە پاڵاسی کلتووری وارشۆیە، بیناکە لەلایەن ستالینەوە بەخشراوە بە پۆڵەندییەکان. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ چاوپێکەوتنم لەگەڵ دەرهێنەر کرد، بە پێکەنینەوە وتی "بیناکە هەمان ئەندازیاریی نازییەکانی هەیە." یاتسیک پیتریتسکی کە سینەماتۆگرافی فیلمەکەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیمەنە بینراوەکانی فیلمەکەدا. لەو دیمەنەی کاتێک کامێرا لە گۆشەیەکی بەرزەوە بەرزدەبێتەوە پاش کوژرانی ڕۆبێرت و سۆڵ پیشان دەدات کە کۆمەڵێک لاشەی لە چواردەورە ئەمەش دیمەنێکە کە سینەماتۆگرافەر دەیەوێت پێمان بڵێت چ شتێک دەشاردرێتەوە و چ شتێکیش دەکرێت ئاشکرا بکرێت. 

یەکەمین دیمەنی فیلمەکە پاش دیمەنی خەونەکە، پەردەیەکی سووک دەبینین کە لە پشتییەوە تاریکییەک هەیە، منداڵێک هەڵی دەداتەوە بۆ ئەوەی بزانێت چی لە پشتی پەنجەرەکەوە ڕوودەدات. دەبینین قەشەیەک و کۆمەڵێک پیاوی جولەکە لە چواردەوری و دوعا دەکەن و ترادیسیۆنێکی خۆیان جێبەجێدەکەن. کاتێک دەنگی سۆڵ دێتە ناوەوە و دەڵێت "خەتەنەکردنەکەی خۆمم لەیادە"، بۆمان دەردەکەوێت کە سۆڵ ئەو منداڵەیە، ئەمەش دەستپێکی ئەوە بۆ ئەوەی ناسنامەی خۆی وەک جولەکە پیشان بدات. 

مۆنتاژ ڕۆڵێکی گرنگی بینووە لە فیلمەکەدا ئەگەر دیقەت بدەینە ئەو دیمەنەی کە سۆڵ لە تەنیشت درەختێکەوە لێنی ماچ دەکات، دواتر دەچینە سەر دیمەنێک کە سۆڵ خەریکی بەستنەوەی کێریەتی تاوەکو وا دەربکەوێت خەتەنە نەکراوە، پاشان بۆ دیمەنی دروستکردنی نیشانەی جولەکە لەسەر تەمی پەنجەرەکە بۆ بیرهێنانەوەی ئەوەی کە خۆی کێیە. 

ئەوروپا ئەوروپا ڕووداوێکی ڕاستەقینەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە فیکشنیشدا نامۆیە. سەلەمون پارێڵ لە جەنگی جیهانی دووەم بە شاردنەوەی ناسنامەی ڕزگاری دەبێت. پاش کۆچکردنی بۆ ئیسرائیل، دەربارەی ئەزموونی خۆی وەک جولەکەیەک لە هۆڵۆکۆستدا هەرگیز قسەی نەکرد. وەک هۆڵاند لە ١٩٩٠دا پێی وتم، ئەو هەستی بە تاوان دەکرد، دەترسا لەوەی لە لایەن ئەوانەی ئەزموونێکی جیاوازی هۆڵۆکۆستییان کردبوو هەڵە لێی تێبگەن. پارێڵ لەگەڵ کچێکی جولەکەی پۆڵەندیی زەواج دەکات و تەنانەت ڕابردووی خۆی لەویش دەشارێتەوە. لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا سۆڵ جەڵتەی دڵ لێی دەدات و کاتێک چاک دەبێتەوە بۆی دەردەکەوێت ڕەنگە شاردنەوەی ئەو نهێنییە نەخۆشی خستبێت. لێرەوە دەست بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی دەکات هەم لە ئیسرائیل و هەم لە ئەڵمانیا. بە پێی قسەکانی هۆڵاند هەر لەو کاتەوەی دەست بە باسکردنی ڕابردووی دەکات تەندروستی جێگیر دەبێت. بۆ وێنەگرتنی فیلمەکە پارێڵ دوای پەنجا ساڵ بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە پۆڵەندا. 

زۆرینەی ئەو فیلمانەی لە یادەوەرییەوە وەرگیراون دەنگێکی پیر چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوروپا ئەوروپا سۆڵی لاو دەیگێڕێتەوە. سۆڵ لە سەرەتای فیلمەکەدا دەڵێت من لە ٢٠ی شوباتی ١٩٢٥ لەدایکبووم. کاتێک هەمان دێڕ دووبارە دەکاتەوە، وەک ئەوەیە سۆڵ بیەوێت ئەو دێڕە فێرببێت. دەنگ تەنها دیمەنەکانی ئەو چرکەساتەمان پیشان نادات بەڵکو دەمانخاتە جێگەی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەش. ئاگادارمان دەکاتەوە کە یەکێک دەیەوێت چیرۆکەکەیمان بۆ بگێڕێتەوە. ئەمە گرنگە چونکە ئەو کاتەی ئیسحاق و سەلەمون یەکتری دەبیننەوە، ئیسحاق پێی دەڵێت چیرۆکەکەت بۆ کەس مەگێڕەوە چونکە کەس بڕوات پێ ناکات. یاداشتەکەی سالی پێریڵ بە ناوی من سەلەمونی هیتلەری لاو بووم، کە هەر ئەمەش بووە تایتڵی فیلمەکە بە زمانی ئەڵمانی. بەڵام بۆ تایتڵی زمانی ئینگلیزی، هۆڵاند لەژێر کاریگەری فیلمەکەی ئیلیا کازان، ئەمەریکا ئەمەریکا، ئەوروپا ئەوروپای هەڵبژارد. 

ئەوروپا ئەوروپا تەنها بە وێنەکردنی چیرۆکێک نییە کە کەسێک لە ڕووداوی هۆڵۆکۆست ڕزگاری بووە و تەواو، لە ڕێگەی چیرۆکی پێرێڵەوە، هۆڵاند پرسیار دەوروژێنێت، جولەکە بوون چی دەگەیەنێت؟ سەدەی بیستی ئەوروپا کە لە ئەبسۆرددا نقووم ببوو، ئینسان بوون چ مانایەکی هەیە؟ نازییەت و ستالین چ جیاوازییەکیان هەیە؟ من هەم حەزم بە پرسیارە ئاڵۆزەکان بوو هەم بە پیشاندانی ئەوەی کە بە ڕێگەیەکی ئاسان بتوانیت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەیتەوە. دەتوانین لە ڕێگەی کارەکتەری ڕۆبێرتەوە ئەمە ببینین. ئەو ئەکتەرەی دەبێتە نازی، سۆڵ دەپارێزێت، تەنانەت هاپتمانیش کارەکتەرێکی ئاڵۆزی هەیە، سەربازێکی ئەریستۆکراتی کە بە سۆڵ دەڵێت جەنگی ئەوان لەگەڵ جولەکەکاندایە بەڵام لەگەڵ سۆڵدا زۆرباشە و پێی دەڵێت کە لە پاش جەنگ لەگەڵ خێزانەکەیدا بەخێوی دەکەن. ڕەنگە ئەم فیلمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبێت بە ژیانی تایبەتی هۆڵاندی دەرهێنەرەوە. لە ساڵی ١٩٤٨ لە پۆڵەندا لەدایک دەبێت. باوکی فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووسێکی جولەکەیە و دواتر دەبێتە کۆمۆنیست، مردنەکەی باوکی لە ساڵی ١٩٦١ هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە کە ئایا خۆی لە پەنجەرەکەوە هەڵداوەتە خوار، یاخود یەکێک هەڵیداوەتە خوار. هۆڵاند دەڵێت خۆشەویستی بۆ جولەکە زیاتر لەلایەن دایکییەوە فێربووە هەرچەندە ئەو جولەکەش نەبووە. 
        

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw