سەرکەوت جەبار
دنیا ھەلێك بە مەخمەڵباف دەدات تا ببێتە دەرھێنەر، تاوەكو فیلم دروستبكات و خەڵك خۆشی بووێت، تاوەكو سەبزیان ئاوات بەوە بخوازێت كە مەخمەڵباف بوایە و سەبزییان نەبوایە، بەڵام دنیا ئەم ھەلە نادات بە سەبزییان، ناچاری دەكات شوناسی خۆی بگۆڕێت، ناچاری دەكات بەوەی كە شەرم بكات ناوی سەبزییان بەكاربھێنێت، لەبری ئەو خۆی دەكات بە مەخمەڵباف. سەبزییان بوون و كەسایەتی خۆی دەگۆڕێت، ئەو كەسێكە لە تراژیدیا و چارەنووسی خۆی ھەڵدێت، ئەو خودایەكە جارێكی دیكە ئەیەوێت لە دنیادا نا، بەڵكو لە سینەمادا خۆی بخوڵقێنێتەوە. بەڵام بۆ مەخمەڵباف دەبێتە ئایدیاڵی سەبزییان؟ ئەمە پرسیارێكە و دەشێت بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێین، لێكچوونی ڕووخساری سەبزییان و مەخمەڵباف تەنیا ھۆكار نییە بۆئەوەی خۆی بۆ مەخمەڵباف بگۆڕێت، لەوانەیە سەبزییان بیەوێت مەخمەڵباف بێت تا دەرھێنەرێكی دیكە. كەواتە تراژیدیاكەی سەبزییان تەنیا ئەوە نییە بێویستی خۆی لەدایكبووە، پاشان تووشی ئازارەكەی خۆی ببێت و پاشانیش بەبێ ویستی خۆی بمرێت. بەڵكو تراژیدیای سەبزییان ئەوەیە، بێویستی خۆی لەدایكبووە، بەڵام مەخمەڵباف نییە و بێویستی خۆشی ئەبێت وەك سەبزییان بمرێت، نەك وەك مەخمەڵباف.
ئەمە تراژیدیا گەورەكەی سەبزییانە، بەڵام تراژیدیاكەی سەبزییان سەبزییان ئەگەڕێنێتەوە بۆ ژیان و ئەبێتە دەرھێنەرێكی مەحبووبی ئەوانەی فیلمی« كلۆزئاپ» ئەبینن. بەڵام بێئەوەی یەك فرێمیش دروستبكات. وە پاشانیش ئەبێتە دەرھێنەری خۆشەویستی مەخمەڵباف. كاتێك دنیا ھەلی مەخمەڵباف بوون نادات بە سەبزییان، كیاڕۆستەمی دێت ئەو ھەلەی دەداتێ. جارێك سەبزییان دەبێتەوە مەخمەڵباف و جارێكی دیكە دەبێتەوە سەبزییان، بەڵام وەك ئەكتەر، دەبێتەوە ئەو سەبزییانەی كە دنیا فەرامۆشی كردووە و ئازارەكەی نابینێت. سەبزییان زیاد لە پێویست تۆڵستۆییانە بیر لە ھونەر دەكاتەوە، سەبزییان بۆیە سینەمای دەوێت تاوەكو نمایشی ئازارەكەی خۆی بكات. وە پاشان دەیەوێت درێژە بە سینەماكەی فیللینی و تاركۆڤسكیش بدات، ئەویش لەڕێگەی بە شەخسیكردنی سینەماوە. جارێك گفتوگۆیەكی سەبزییانم بینی لە ماڵەكەی خۆیدا لەگەڵی سازدرا. ئەو قسەیەكی كرد كە ھەموومان پێویستمان پێیەتی، ئەو وتی: سینەما ژیانی لێسەندم. ئەمە دێڕێكە ئێمە پێویستمان پێیەتی، تاوەكو جارێكی دیكە بیر لە سینەما بكەینەوە، بۆ ئەوەی سینەما بكەینە ھونەرێك تێیدا شەھیدبوونی خۆمان ببینین، شەھیدبوونێك ھاوشێوەی ئەوەی پازۆلینی. سەبزییان فێرمان دەكات خۆمان نەبین تاوەكو ڕۆژێك خۆمان بین.
لە كۆتایی فیلمەكەدا مەخمەڵباف ئەفسانەكەی مەخمەڵبافی سەبزییان تێكدەشكێنێت كاتێك بە سەبزییان دەلێت: بۆ ئەتەوێت مەخمەڵباف بیت لە كاتێكدا خۆم گیرم بەدەست مەخمەڵبافبوونەوە خواردووە. دواتر ئەوەی ئەمێنێتەوە سەبزییان بوونە نەك مەخمەڵبافبوون. مەخمەڵباف ئەو چانسە نادات بە سەبزییان بۆ ئەوەی مەخمەڵباف بێت بەڵکو ئەوە کیاڕۆستەمییە ئەو هەلەی دەداتێ، لەبەرئەوەی فیلمەکە لە دیکۆمێنتەرییەوە دەگۆڕێت بە دیکۆ_فیکشن، ئەوە بلیمەتی کیاڕۆستەمییە وا لەبینەر دەکات شتەکە وەک خەونی لێبێت. بینەر بڕوا نەکات بەوەی دەیبینێت، ڕاستییەکەی بۆ کیاڕۆستەمیش بڕوا پێنەکراوە کە چۆن کەسێک جورئەتی ئەوەی هەیە کە خۆی بکات بە دەرهێنەرێکی ناسراوی وەک مەخمەڵباف و خۆی لە خێزانێک نزیک بکاتەوە؟ سەبزییان هەموو خاسییەتێکی دەرهێنەرێکی گەورەی تێدایە:خوێندەوار، ژیانێکی ناخۆش، هەژاری، بلیمەتی،شێتی هەموو ئەوانە خاسییەتی زۆرێک لە دەرهێنەرەکانن، تارکۆڤسکی تاوەکو مردیش هەر قەرزار بوو، جۆدۆرۆڤسکی ئەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی پارەی مۆنتاژی فیلمەکانی دەستبکەوێت، هێرزۆگ کەشتییەکی بەسەر چیایەکدا سەرخست بۆ ئەوەی لەناو فیلمەکەیدا ئەوە هەبێت. بەڵام هەژاری وا لە سەبزییان دەکات واز لە خەونە گەورەکەی بهێنێت کە سینەمایە. ئەو نایەکسانییەی لە ئێراندا هەیە کیاڕۆستەمی ئەیگوێزێتەوە و دەیخاتەوە ناو ئەو فیلمەی کە سەبزییان دروستی دەکات، سەبزییان هەموو ئەو بەڵێنانە بەجێدەهێنێت کە بەو خانەوادەی دەدات کە دەیەوێت بە پارەکەیان فیلمەکەی دروستبکات، ئەویش کاتێک کە کیاڕۆستەمی فیلمەکەی دروستدەکات. لەوانەیە بینەر ئەو پرسیارە بکات بۆچی سەبزییان لەناو هەموو هونەرەکاندا تەنیا سینەمای بۆ گرنگە؟ لەبەرئەوەی سەبزییان دەیەوێت وێنەی خۆی بگرێت؟ دەیەوێت ئازارەکانی پیشانی بینەر بدات، هیچ هونەرێکیش هێندەی سینەما گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئازارەکانتی تێدا نمایش بکەیت. سەبزییان تاکە دەرهێنەری مێژووی سینەمایە کە هیچ فیلمێکی دروستنەکرد، بەڵام وەک دەرهێنەر لەلای بینەرەکانی ناسرا.