پشتیوان کەمال
پەناهی لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٠ بە تۆمەتی دروستکردنی پڕوپاگەندە لە دژی سیستەمی سیاسی ئێران بە دەستبەسەرکردنی لە ماڵەکەی خۆیدا سزا درا. ئەو نەدەبوو بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سیناریۆ بنووسێت، فیلم دروست بکات، چاوپێکەوتن بکات، یاخود وڵاتەکە جێبهێڵێت.
لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٢ یەکەم فیلمی خۆی “ئەمە فیلم نییە” بە یارمەتی دەرهێنەری بەڵگەیی موجتەبا میرتەهماسب، بە دەستبەسەرکراوی دروستکرد. ئەگەر ڕێگە لە پەناهی بگیرێت بۆ ئەوەی فیلم دروست بکات، کەواتە ئەو دەتوانێت چیرۆکەکەی کە دەخوازێت بیکاتە فیلم بیگێڕێتەوە.
پەناهی لە کوێوە دێت؟ ئەو لەگەڵ کیاڕۆستەمی و مەخمەڵباف بە ڕووناکی شەپۆلی نوێی سینەمای ئێران دادەنرێن، پێکەوە سینەمایەکی ڕیاڵیستی- کۆمەڵایەتییان بنیاتنا کە لە وڵاتەکەی خۆیاندا سەرکوت دەکران و لە وڵاتانی دەرەوە ستایشێکی گەورە دەکران. پەناهی یەکەم کورتە فیلمی خۆی بە کارەسات ناودەبات و دەڵێت “فیلمێکی سارد و دروستکراو و بێ ڕۆح بوو، دەمزانی دەبوو ڕێگەیەکی تر بگرمە بەر.” پەناهی دەبێتە یاریدەدەری کیاڕۆستەمی لە فیلمی، بەنێو درەختە زەیتوونییەکاندا، دواتریش یەکەم فیلمی خۆی لە ساڵی ١٩٩٥ دروست دەکات بە ناوی، میزەڵانی سپی، لە نووسینی کیاڕۆستەمی. لەم فیلمە و فیلمەکەی دواتریشی، ئاوێنە، پەناهی هەوڵیداوە ئەگەر هەر گوتارێکی سیاسیی بوونی هەبێت، زۆر بە کاڵی پیشانی بدات، بە گشتی گوتارەکان لە نێو قەرەباڵغی و ژاوەژاوەکانی سەرشەقامدا ون دەبن. جۆف ئەندرو دەربارەی پەناهی دەڵێت “بە گشتی دەتوانین بڵێین مانای ڕاستەقینەی زۆرینەی فیلمەکانی شەپۆلی نوێی ئێران لەو ڕووداوانەدایە کە لە باکگراوندی فیلمەکاندا هەیە. ئەمەش جوانییەک دەدات بە گێڕانەوەی سینەمایی فیلمەکانی کە وا لە بینەر دەکات بیربکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەمە لە پێویستیدا لەدایک دەبێت، ئەمە ئەو شتەیە کە فیلمسازە ئێرانییەکان دەبێت بیکەن. ڕێگەیان پێنەدراوە بە ئاشکرا پەیامێک بگەیەنن، بۆیە لێرە و لەوێ بە درێژایی فیلمەکە تۆوی خۆیان فڕێ دەدەن و بینەر دەبێت زیرەکانە ئەو تۆوانە بچنێتەوە.”
پەناهی لە فیلمی بازنە، کە فیلمێکی ڕەخنەییە سەبارەت بە ڕەفتارکردن لەگەڵ ژندا لە ئێران، هەروەها فیلمی ئاڵتونی سوور، کە چیرۆکی قەیرانی پیاوەتی دەگێڕێتەوە لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا، فیلمی ئۆفساید، کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کچی دەرهێنەرەکەوە بنیات نراوە کە ڕێگەی پێنادرێت بەهۆی ڕەگەزیەوە بچێتە ناو یاریگایەکەوە. هەر سێ فیلمەکە لە وڵاتانی دەرەوە خەڵاتی گەورە و گرنگیان بەدەستهێنا و هەرسێکیشیان لە ناوەوە قەدەغەکران.
ئەندرو دەڵێت، “من بڕواناکەم پەناهی دەرهێنەرێکی سیاسی بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە باس لەوە دەکات گوڵ لەسەر ڕێگەی ژیانمان ڕانەخراوە، بەتایبەتی بۆ ژنان. بێ پەرچدانەوە ئەو فیلمێک دروست دەکات کە ڕژێم حەزی پێناکات.”
لە ٢٠٠٩ پەناهی وەک لایەنگرێکی بزووتنەوەی سەوزی ئێران بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەکات و دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ دەستبەسەردەکرێت. وەزیری ڕۆشنبیری ئێران دواتر ڕوونیکردەوە کە “گرتنی پەناهی بەهۆی ئەوە بووە کە فیلمی لە دژی ڕژێمی ئێران دروستکردووە و فیلمەکەش دەربارەی ئەو ڕووداوانە بوون کە دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ئێران دروستبوون.” خێزانەکەی پەناهیش ئەمەی ڕەتکردەوە.
دەستگیرکردنەکەی پەناهی لەو ساڵەدا مشتومڕێکی گەورەی نایەوە و لەلایەن زۆرێک لە گەورە دەرهێنەر و ئەکتەرە جیهانییەکانی وەکو سپیلبێرگ و ڕۆبێرت دێنیرۆ و برایانی کۆهینەوە ئیمزای ئازادکردنی بۆ کۆکرایەوە. دواتر لە فێستیڤاڵی کان، جولێت بینۆچی پاش بیستنی ئەوەی کە پەناهی مانی لە خواردن گرتووە بە گریانەوە داوای ئازادکردنی کرد. لە کۆتای مانگی پێنجی ئەو ساڵەدا پەناهی ئازادکرا.
کین لۆچی فیلمساز ی بەڕیتانی وتی، “پێموایە کاری هەموو سینەماکارێکە لە دژی سانسۆر بووەستێتەوە لە هەر شوێنێک ڕووبدات، من لە دژی ئەو بڕوایەم کە پێیان وایە لە ڕۆژئاوا دەتوانیت هەموو قسەیەک بکەیت و هەموو ڕایەکی خۆت پیشان بدەیت، بەڵام بە لایەنی کەمەوە هونەرمەندەکانی ئێرە بەهۆی بیرکردنەوەیەکیانەوە ناخرێنە زیندان. پیاوێکی وەکو پەناهی بە جۆرێک ئازار دەچێژێت کە ئێمە هەرگیز نایچێژین. نازانم ئەگەر من بم لە جێی ئەو چی دەکەم. بە دڵنیاییەوە باشترین ڕێگەچارە بۆ فیلمساز ئەوەیە کە فیلم لە وڵاتەکەی خۆی دروست بکات، کە دەتوانێت لە ڕەگی زمان و جیاوازییەکانی تێبگات، ئەو وردەکاریانەش ببینێت کە لە جێگەی تر ناتوانیت بیبینیت. ئەگەر فیلمێک لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆت دروست بکەیت، تۆ تەنها وەک چاوێکی گەشتیار دەتوانیت تەماشای ماتریاڵەکان بکەیت. من ڕێزێکی گەورەم هەیە بۆ بڕیاری پەناهی و دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هەیە.”
لەو سێ دەرهێنەرەی کە بە ڕووناکی شەپۆلی نوێی سینەمای ئێران دادەنران، مەخمەڵباف لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ئێرانی جێهێشتووە و لە ئێستادا لە پاریس دەژی. کیاڕۆستەمی بە هەمان شێوە، پاش جێهێشتنی ئێران چەند فیلمێکی لە ئیتاڵیا و ژاپۆن دروستکرد و دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ گیانی سپارد. پەناهیش هەرگیز ئێرانی جێنەهێشت و بەڵام بە بەردەوامی لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە لەژێر هەڕەشەدایە. ئەو پاش دروستکردنی فیلمی، ئەمە فیلم نییە، فیلمی پەردە داخراوەکان و تەکسی دروستکرد. دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨ فیلمی سێ ڕووخساری دروستکرد.