کیفی چەلۆکەی سیمچکۆڤ

13/04/2020    08:03

کیفی چەلۆکەی سیمچکۆڤ 


Şano

شانۆیی
کیفی چەلۆکەی سیمچکۆڤ

نووسینی: ئەنتوان چیخۆف
ئامادەکردنی بۆ شانۆ: بەرهەم ئەنوەر


کارەکتەرەکان:
سیمچکۆڤ: چەلۆژەن. 
بیبولۆڤا: شازادەخانم.
ژۆچکۆڤ: بلوێرژەن. (هاوڕێی سیمچکۆڤ.)
ڕازما خابکین: فلوتژەن. (هاوڕێی سیمچکۆڤ.)
دوو نەناسراو: دز، ڕەشپۆش و نامۆن.
لاکیش: شازادە. دەستگیرانی شازادەخانم.
شکالیکۆڤ: کۆنت. هاوڕێی نزیکی لاکیش.
حیکایەتخوان: بە بەردەوامی لەسەر شانۆ ئامادەیی هەیە.
تێبینییەکی گرنگ: لە کاتی نمایشدا دەبێت ئەکتەرەکان پەیڕەوی لە گێڕانەوەکانی حیکایەتخوان بکەن.

(دیمەنی سەر ڕووبارەکە)
(لە بەشی پێشەوەی شانۆدا ڕووبارێک هەیە، کە بە ژێر پردێکی لای دەستە چەپدا دەڕوات. ڕۆژێکی گەرم و دڵگیرە. قەراغ ڕووبارەکە گژوگیا و دەوەنی لێیە. لە ناوەڕاستدا، کچێکی لاو قولاپی ماسییەکەی هەڵداوەتە ڕووبارەکەوە و بە دیارییەوە خەوی لێ کەوتووە.)
(سیمچکۆڤ، چەلۆیەکی لە شاندایە و لە قوڵاییی دەستەڕاستەوە، دێتە سەر شانۆ.)
حیکایەتخوان: (لە نێو بینەراندا دانیشتووە. بە دەم گێڕانەوەوە هەڵدەستێت و دەچێتە سەر شانۆ.) بینەرانی هێژا، ئامادەبوانی خۆشەویست. ئەمڕۆ ڕۆژی نیشانەکردن و مارەبڕینی شازادەی ئازیزمان، خاتوو بیبولۆڤایە. بۆ ئەم بۆنە پیرۆزەیش، ئاهەنگێکی گەورەی مۆسیقا و سەما و خواردنەوە سازکراوە. چەندین موزیسیانی بەهرەدار بانگهێشتی ئاهەنگەکە کراون، لەوانەیش چەلۆژەنی بەتوانا، بەڕێز سیمچکۆڤە، کە ئێستا لە ڕێگادایە بۆ ماڵی شازادە بیبولۆڤا. 
سیمچکۆڤ: (دەگاتە سەر ڕووبارەکە.) کەشێکی خۆشە، چۆنە هەندێک مەلەی بۆ بکەم!
(سیمچکۆڤ چەلۆ و کڵاو و جلوبەرگەکەی دادەنێت و بۆ ماوەیەک لە ڕووبارەکەدا مەلە دەکات. لە کاتێکدا هێشتا لە ڕووبارەکەدایە، کچە لاوەکە دەبینێت و دەحەپەسێت.) 
حیکایەتخوان: دەبینن! سیمچکۆڤ عاشقی خانمەکە بوو! ئەمە هەروا ئاسان نییە، چونکە ئەو کوڕێکی، یاخود مێردێکی دڵشکاوە و خیانەتی لێکراوە! مەبەستم ئەوەیە، کە ئەو ژنێکی هەبوو، بەڵام لەگەڵ هاوڕێیەکی سیمچکۆڤ خۆیدا دەستیان تێکەڵکرد و ڕایانکرد. ئەمەیش چەلۆژەنەکەمانی توشی ڕەشبینی و نائومێدی کرد. بەجۆرێک، ژیانی وەک خەو و داستان دەبینی و لە خۆی دەپرسی؛ ژیان چییە؟ بۆچی دەبێت خۆشەویستی هەبێت؟ بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات وەک پەرجوو وایە، چونکە ئەو هەستی ژیاندۆستیی بۆ گەڕاوەتەوە!
سیمچکۆڤ: (لە ڕووبارەکە دێتە دەرەوە. لە خانمەکە نزیک دەبێتەوە و بە کامی دڵ تەماشای دەکات. لە ناکاو بەهۆشدا دێتەوە.) 
ئاهــ.. خوات لەگەڵ ئەی خەوی شیرین. کاتی ڕۆیشتن هاتووە بۆ ماڵی میر.
(دەڕوات، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە.)
بەڵام بەر لەوەی بڕۆم دەبێت شتێک لای ئەم خانمە جێ بهێڵم. یادگارییەک لە کەسێکی نەناسراوەوە. 
(لەم کاتەدا دوو نەناسراو بەو ناوەدا ڕەتدەبن و –بەنهێنی- جلوبەرگەکەی سیمچکۆڤ دەبەن، تەنها کڵاو و چەلۆکەی جێدەهێڵن. سیمچکۆڤ لە ڕووبارەکە دێتە دەرەوە. چەپکێک گوڵ دەچنێت. دەچێتەوە ناو ڕووبارەکە، گوڵەکە بە قولاپەکەوە دەبەستێت و لە ئاوەکەدا نوقمی دەکات، بە جۆرێک کە تەبەدۆری قولاپەکە دیارنەمێنێت. پاشان دەگەڕێتەوە قەراغ ڕووبارەکە، لای کەلوپەلەکانی.)
سەنگ بێتە خوار. نەوەی خوێنخۆر. جلەکان ئەوەندە نرخیان نییە تا ببرێن، (لەسەر چەلۆکەی دادەنیشێت.) بەڵام شورەیی لەوەدایە بە ڕووتی بچمە ناو خەڵکەکەوە. بەم ڕووت و قوتییە ناتوانم بچم بۆ ماڵی میر، چونکە ژنی لێن. جگە لەوەیش لەناو پانتۆڵەکەدا دامرەکەی تێدابوو، ئەویشیان بردووە. چۆن ئامێرەکەم بژەنم؟
حیکایەتخوان: ئێمە بەو دۆخەی سیمچکۆڤی تێکەوتووە خەمبارین. بە دڵنیاییەوە ناکرێت و ناگونجێت بە ڕووتی بچێتە ئاهەنگی شازادەخاتوون! دەبێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە.
سیمچکۆڤ: چارەم نییە. لەولایەی ڕووبارەکە پردێک هەیە. دەچمە ئەوێ تا شەو دادێت و دەچم لە نزیکترین ئاوەدانی جلوبەرگ پەیدا دەکەم. (کڵاوەکە لە سەر دەکات و چەلۆکە دەدات بە شانیدا و دەچێتە ژێر پردەکە.)
حیکایەتخوان: لێرەدا چەلۆژەنەکەمان لەگەڵ خەمی خۆیدا جێ دەهێڵین و چیرۆکی خانمی سەر ڕووبارەکە تەواو دەکەین. دوای ئەوەی لە خەونە کورت و شیرینەکەی بە ئاگا هات، تەماشای کرد تەپەدۆری قولاپەکەی دیار نەماوە، لە خۆشیدا شاگەشکە بوو و کەوتە ڕاکێشانی قولاپەکە.
 بیبولۆڤا: (هەرچەند قولاپەکە ڕادەکێشێت بەڵام نایەتە دەرەوە) تۆ بڵێیت ماسییەکی زۆر گەورەی گرتبێت وا ڕای ناکیشێت؟!
حیکایەتخوان: خانمی ڕاوچی بێ ئاگا لەوەی دیارییەک چاوەڕێی دەکات، بێ هوودە کەوتە ڕاکێشانی قولاپەکە. 
بیبولۆڤا: بە ڕاستی جێی داخە ئێوارەیەکی ڕاوە ماسی بە فیڕۆ بڕوات. ئەی چی بکەم باشە؟
حیکایەتخوان: لەم ساتە هەستیارەدا، کە خانمەکە بۆی دەرکەوت قولاپەکەی گیربووە، بڕیاری دا جلە تەنکەکانی دابنێت و بچێتە ئاوەکەوە و قولاپەکەی ڕزگار بکات. بەڵام لەو کاتەدا، هاوشێوەی چیرۆکەکەی سیمچکۆڤ، دوو نەناسراو هاتن و جل وبەرگەکەیان برد و ڕۆیشتن. خانمەکە بینی قولاپەکەی لە جیاتی ماسی چەپکێک گوڵی پێوەیە! بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە لە ڕووبارەکە هاتە دەرەوە، بەڵام کە بینی جلەکانی دیار نەماون، ئەویش توشی هەمان نائومێدی چەلۆژەنەکەمان بوو! ئەو دزە ناچیزانە تەنها قوتوویەکی پڕ لە کرمیان بۆ جێهێشتبوو!
بیبولۆڤا: چی بکەم ئێستا؟! (دەگری.) ئاوا بڕۆمەوە! هەرگیز نا. مردنم گەلێ پێ چاکترە. چاوەڕوان دەکەم تا دونیا تاریک دەبێت، ئەوسا بە تاریکی دەچم بۆ ماڵی ئەگاڤیا، لەوێوە دەنێرم جلم بۆ بێت. ئەم ماوەیەیش کە چاوەڕوان دەکەم، دەچم لە ژێر پردەکەدا خۆم دەشارمەوە. (بەرەو ژێر پردەکە ڕێ دەکەوێت.)
(دیمەنی ژێر پردەکە)
حیکایەتخوان: کاتێک خانم خۆی کرد بە ژێر پردەکەدا چاوی بە کابرایەکی ڕووتی سنگ تووکاوی کەوت، کە ئامێرێکی مۆسیقی زۆر گەورەی بەدەستەوە بوو. دایە زریکە و لە هۆش خۆی چوو. 
سیمچکۆڤ: (ترساو.) تۆ بڵێی ئەمە پەریی ناو ڕووبارەکە بێت؟!
حیکایەتخوان: سیمچکۆڤ کە زۆر بە جوانی و قۆزیی خۆی دەنازی، پتر لە خۆی بایی بوو، کە پەریی ناو ئاو شەیدای بووبێت و بۆی هاتبێتە دەرەوە!
سیمچکۆڤ: باشە خۆ ئەگەر ئادەمیزاد بێت و پەری نەبێت، ئەم کارە چۆن هاتۆتە کایە؟! بۆچی هاتۆتە ژێر ئەم پردەوە؟ ئاخۆ چی لێی ڕوودابێت؟
بیبولۆڤا: (دێتەوە هۆش خۆی. تاساو.) مەمکوژە! من شازادە بیبولۆڤام، تکات لێ دەکەم پارەیەکی زۆرت پێ دەدرێت. من لە ئاوەکەدا بووم. قولاپەکەم گیربووبوو، لێم کردەوە. چەند دزێک جلوبەرگ و پێڵاو و هەموو شتێکیان بردم.
حیکایەتخوان: هاوڕێیان، ئەمە ئەو خاتوو بیبولۆڤایەیە، کە ئەمڕۆ ڕۆژی مارەبڕینیەتی.
سیمچکۆڤ: خانم، من سیمچکۆڤی چەلۆژەنم. منیش وەک تۆم لێ بەسەر هاتووە، جلەکانیان دزیوم. لەوەیش زیاتر دامری چەلۆکەیان بردووم، کە لە گیرفانی پانتۆڵەکەمدا بوو!
(وچانێک.)
خانم دیمەنمت پێ سەیر نەبێت. تۆیش لەگەڵمدایت گەر بڵێم هەردووکمان لەبەر هەمان هۆ ناتوانین لە ژێر ئەم پردە بچینە دەرەوە، بەڵام من بیرێکم کردۆتەوە، بۆ لەناو کیفی ئەم چەلۆیەدا ڕاناکشێیت و لەسەر خۆتی داناخەیت. بەم شێوەیە چاوت لێم نابێت و شاراوە دەبیت؟
(سیمچکۆڤ چەلۆکە لە کیفەکە دەردەهێنێت و بیبولۆڤا دەچێتە ناوی و خۆی تێدا گرمۆڵە دەکات.)
حیکایەتخوان: لە کاتێکدا سیمچکۆڤ وای هەستدەکرد کە سوکایەتی بە پیرۆزیی هونەر کردووە، دەستیکرد بە داخستن و پێچانەوەی قایشەکانی کیفەکە. لە هەمان کاتیشدا دڵی لە خۆشیدا هەڵدەپەڕی کەوا پەروەردگار هێندە بەهرەی زیرەکیی پێ بەخشیوە و دەتوانێت لە تەنگانەدا بیر لە شتی وا بکاتەوە. 
سیمچکۆڤ: خانم، ئێستا چاوت لێم نییە. ئاسوودە لێی ڕاکشێ و بیر لە هیچ مەکەرەوە، کە تاریک داهات دەتبەمەوە بۆ ماڵی باوکت، دوایش دێمەوە بۆ چەلۆکەم.
(تاریکی. ڕووناکی.)

(دیمەنی سەر ڕێگاکە)
(سیمچکۆڤ کیفەکەی بە کۆڵەوەیە و بەرەو ڤێلاکە شازادە بیبولۆڤا، ڕووە و دەستەچەپی شانۆ دەڕوات.)
حیکایەتخوان: کات دەمەو ئێوارەوە. سیمچکۆڤ، وای دانابوو بگاتە نزیکترین کوخ هەندێک جلوبەرگ بخوازێت و بکەوێتە ڕێ. بە دەم ڕێوە لە ژێر باری قورسی سەر پشتیدا لێکی دەدایەوە، کە شازادە لاکیش دەبێت چۆن پێشوازییەکی گەرمی لێ بکات و چ پاداشتێکی بداتێ، کە بەم شێوە پیاوانەیە ڕەفتاری لەگەڵ خانمی شازادەدا کردووە. ناو بە ناوێکیش دەیگووت...
سیمچکۆڤ: خانم خۆت دڵگیر مەکە. بێ خەم لێی ڕاکشێ. دڵ لە دڵ نەدەیت بە سەلامەتی دەتبەمەوە ماڵێ.
(لە تاریکییەکەدا دوو کەس دەبینێت، یەکی پریاسکەیەکیان پێیە. وا هەست دەکات ئەوانە دزەکان بن. کیفەکە دادەنێت و بە شوێنیاندا ڕادەکات.) بیانگرن، دز، بیانگرن! بیانگرن! 
(دزەکان ڕادەکەن و سیمچکۆڤ بە دوایاندا. بیبولۆڤا لە نێو چەلۆکەدا، لەسەر ڕێگاکە جێ دەمێنێت.)
(بێ دەنگی.)
(ژۆچکۆڤی بلوێر ژەن و ڕازما خابکینی فلووتژەن، لە قوڵایی دەستە ڕاستەوە دێنە سەر شانۆ.)
حیکایەتخوان: ئەمانە ژوچکۆڤی بلوێرژەن و ڕازما خابکینی فلوتژەنن. هاوڕێکانی سیمچکۆڤن. ئەمانیش ئەو موزیسیانە بەهرەدارانەن کە بانگهێشتکراون بۆ ئاهەنگەکە، بەڵام لە ڕێدا چاویان بە چەلۆکەی سیمچکۆڤ دەکەوێت.
ژوچکۆڤ: ڕازما خابکین، چەلۆیەک! خۆ ئەوە چەلۆکەی سیمچکۆڤە. ڕازما خابکین، بەڵام چۆن گەیشتۆتە ئێرە؟
ڕازما خابکین: ژوچکۆف، لەوانەیە سیمچکۆڤ شتێکی لێ بەسەر هاتبێ؛ یان زۆر مەست بووە و بە جێی هێشتووە، یان ڕووتکراوەتەوە. ژوچکۆف، بەهەرجۆرێک بووبێت و هەرچییەک بووبێت با بەجێی نەهێڵین و لەگەڵ خۆمان بیبەین.)
ژوچکۆڤ: (کیفەکە دەدات بە کۆڵیدا. لە ژێر قورساییەکەیدا هەر بۆڵەبۆڵ دەکات.) ئای کە کۆڵێکی گرانە. ڕازما خابکین خۆ ئەگەر هەموو دنیام پێ بدەن ئامێری ئاوا لە خۆم ناگرم.
ڕازما خابکین: ژوچکۆف، دەبێت پەلە بکەین. کاتی ئاهەنگەکەیە.
(هەردووکیان لە قوڵایی دەستە چەپی شانۆوە دەچنە دەرەوە.)
(دیمەنی ڤێللاکەی شازادە)
(هۆڵێکی گەورە، لەبەشی دواوەی شانۆ ستەیجێکی شانۆ هەیە. چەندین ئامێری مۆسیقیی وەک؛ کەمانچە، پیانۆ و گیتار هەیە. هێشتا مۆسیقارەکان نەچوونەتە سەر ستەیج. هۆڵەکە بە هاتوچۆی میوانان تا دێت قەرەباڵغ دەبێت. لای دەستەچەپی شانۆ تایبەتە بە خواردن و خواردنەوە.)
(ژوچکۆڤ و ڕازما خابکین لای دەستەڕاستەوە دێنە سەر شانۆ. کیفەکە لەو جێیەدا، لەسەر ستەیجەکە، دادەنێن کە بۆ چەلۆژەنەکە تەرخانکراوە. پاشان دەچنە لای باڕەکە.)
حیکایەتخوان: بینەرانی هێژا، سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ گفتووگۆی نێوان لاکیشی دەستگیرانی شازادەخانم و کۆنت شکالیکۆڤی پیاوی جێی متمانەی شازادە.
لاکیش: تۆ دەزانی جەنابی کۆنت شکالیکۆڤ، جارێکیان لە ناپۆلی موزیسیانێکم بوو بە ئاشنا، کە موعجیزەی دروستدەکرد. لەوانەیە باوەڕ نەکەیت، شتی وا سەرسوڕهێنی بە چەلۆکەی دەردەهێنا، کە عەقڵ قبوڵی نەدەکرد. واڵتزی –شتراوس-ی پێ لێ دەدا.
شکالیکۆڤ: شازادە لاکیش، باوەڕناکەم. شتی وا هەرگیز ڕێی تێ ناچێت.
لاکیش: (بە پێکەنینەوە.) جەنابی شکالیکۆف، بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیات بکەم، هەردووکمان لە یەک هۆتێلدا بووین و لەبەر ئەوەی هیچ نەبوو خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم، فێری ژەنینی مۆسیقای لیسن و شیعری فۆلکلۆری بووم لەسەر چەلۆ. خۆ ئەگەر باوەڕیش ناکەیت، فەرموو ئەوە چەلۆ با بچینە سەر ستەیجەکە.
شکالیکۆف: باشە..
(لاکیش و شکالیکۆڤ پێکەوە بۆژەنینی چەلۆ دەچنە سەر شانۆ.)
حیکایەتخوان: دەبێت شازادە توشی چ سەرسوڕمانێک بێت کاتێک خانمی دەستگیرانی لە نێو کیفی چەلۆکەدا ببینێت؟! بەڵام ئێمە لێرەدا سەر ستەیجی ئۆرکێسترا جێ دەهێڵین و دەگەڕێینەوە لای سیمچکۆڤ. ئەو بێچارەیە پێ ڕا نەگەیشت دزەکان بگرێت و ناچار گەڕایەوە بۆ ئەو جێیەی کیفەکەی لێ بەجێهێشتبوو. بینی کۆڵە بەنرخەکەی نەماوە. هەزارەها بیر بە مێشکیدا هات. چەندەها جار ئەمسەر و ئەوسەری ڕیگاکەی کرد، بەڵام کیفەکەی بۆ نەدۆزرایەوە. دواجار وای هەستکرد ڕێگاکەی هەڵە کردووە، بۆیە کەوتە ڕنینەوەی قژی خۆی.)
(دیمەنی سەر ڕێگاکە)
سیمچکۆڤ: ئەو ئافرەتە بەستەزمانە لە نێو ئەو کیفەدا دەخنکێت؟!
حیکایەتخوان: سیمچکۆڤ هەرچی ڕێگەی ئەو ناوە هەیە هەمووی گەڕا، دوای ئەوەی وزەی لێ بڕا و شەو داهات. لە نیوە شەودا خۆی کردەوە بە ژێر پردەکەدا.
سیمچکۆڤ: لەگەڵ بەیانیدا جارێکی تریش دەگەڕێم.
حیکایەتخوان: گەڕانی بەیانیش هەمان ئەنجامی هەبوو، سیمچکۆڤ بڕیاریدا لە ژێر پردەکەدا چاوەڕوانی داهاتنی تاریکی بکات. کڵاوەکەی داگرت و چنگێک قژی لەسەری ڕنیەوە... لەبەر خۆیەوە دەیوت:
سیمچکۆڤ: دەیدۆزمەوە، ئەگەر ساڵێکیشی پێ چووبێت هەر دەیدۆزمەوە.
حیاکایەتخوان: هەتا ئێستایش لادێییەکانی ئەو ناوە دەڵێن بە شەو کابرایەکی تیسکنی ڕووت لە نزیک پردەکەوە دەبینرێت و ناوبەناوێکیش گڕەگڕێکی چەلۆ لەو ژێر پردەوە بەر گوێ دەکەوێت.

کۆتایی


سەرچاوە:
 کۆمەڵە چیرۆکی (تۆڵە)، ئافرەتی ناو کیفەکە، چیخۆف. وەرگێڕانی؛ شوکت نوری عبدللە. لا ٧٩، ١٩٨٦. بغداد.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw