بەشی یەکەم
چی ماماندا نگۆزی ئادیچێ
لە فارسییەوە: ئارام ڕه‌شید
"ئۆکۆلوما" یه‌کێک بوو له‌هاوڕێیانی سه‌رده‌می مناڵیم. له‌گه‌ڕه‌کی ئێمه ده‌ژیا‌و وه‌ک برایه‌کی گه‌وره‌تر له‌خۆم ئاگادارم بوو. ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌کوڕێک بووایه، بۆچوونی "ئۆکۆلوما" به‌لامه‌وه گرنگ بوو. مامەڵەی خۆش بوو، وریاش بوو. پووتی کابۆیی نوک درێژی له‌پێ ده‌کرد. "ئۆکۆلوما" له‌دیسه‌مبه‌ری 2004، له‌کاره‌ساتێکی هه‌واییدا له‌باکووری نه‌یجیریا کوژرا. هه‌نووکه به‌لامه‌وه قوورسه بڵێم چ هه‌ستێکم بۆی هه‌یه. که‌سێک بوو ده‌متوانی وتووێژی له‌گه‌ڵ بکه‌م، پێبکه‌نم‌و به‌ڕاستی قسه بکه‌م. یه‌که‌مین که‌سیش بوو که پێی گوتم تۆ فێمینیستیت.
تەمەنم چوارده ساڵان بوو. له‌ماڵی ئه‌وان دانیشتبووین و به‌هه‌مان ئه‌و زانسته که‌مه‌ی له‌کتێبه‌کانه‌وه فێرببووین، گفتووگۆمان ده‌کرد. ته‌نانه‌ت به‌باشی نایه‌ته‌وه یادم گفتووگۆکە ده‌رباره‌ی چی بوو. به‌س ئه‌وه‌م له‌یاده هه‌روا که ده‌مگوت‌و قسه‌م ده‌کرد، "ئۆکۆلوما" نیگایه‌کی لێهه‌ڵخستم‌و گوتی: ((ئه‌زانی، تۆ فێمینیستیت!))
پیایدا هەڵنەدەدام. نه‌غمه‌ی ده‌نگی پتر به‌وه ده‌چوو که بڵێت: ((تۆ لایه‌نگری تیرۆریزمی!))
ئه‌وکاته به‌دروستی نه‌مده‌زانی فێمینیزم واتای چییە، به‌ڵام نه‌مده‌ویست "ئۆکۆلوما" بزانێت که نازانم. سه‌ره‌نجام وا خۆم ده‌رنه‌خست که نازانم و له قسه‌کردن به‌رده‌وام بووم. به‌رنامه‌م وابوو هه‌ر کە گه‌یشتمه ماڵه‌وه، له‌یه‌که‌مین بواردا لە فەرهەنگێکدا به‌دوای مانای ئه‌و وشه‌یه بگه‌ڕێم.
***
ئێستا چه‌ند ساڵێک ده‌چمه پێشه‌وه.
ساڵی 2002 ڕۆمانێکم به‌ناوی (گوڵه هێرۆی وه‌نه‌وشه‌یی) نووسی کە باسی لە پیاوێک دەکرد سه‌رباری گشت کێشه‌کانی له‌ژنه‌که‌شی ئه‌دا‌ت و کۆتاییەکەشی بە خێر ناگەڕێت. کاتێک له نه‌یجیریا کتێبه‌که‌م بڵاوده‌کرده‌وه، پیاوێکی ڕۆژنامه‌نووسی گه‌لێک به ئه‌ده‌ب‌و میهرەبان گوتی ده‌یه‌وێت ئامۆژگارییه‌کم بکات. (هه‌روه‌ک ده‌زانن نه‌یجیرییه‌کان مامۆستای ئامۆژگاری نه‌خوازراون).
گوتی خه‌ڵک له‌پاشەمله پێمده‌ڵێن کە ئەم ڕۆمانه فێمینیستییه. له‌کاتێکدا به‌خه‌م و که‌سه‌ره‌وه سه‌ری راده‌وه‌شاند، ئامۆژگارییەکەی ئه‌وه‌بوو که نابێت هیچکات خۆم به فێمینیست بزانم چونکه فێمینیسته‌کان ئه‌و ژنانه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێردیان ده‌ستنه‌که‌وتووه، هه‌ست به‌خۆشبه‌ختی ناکه‌ن. ئه‌وه‌بوو بڕیارمدا خۆم ناوبنێم (فێمینیستێکی خۆشبه‌خت).
پاش ئه‌وه، جارێکیان ژنێک که زانکۆی ته‌واو کردبوو دای به‌گوێمدا فێمینیزم کولتووری ئێمه نییه و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقاوە هاتووە، پێشی وابوو منیش له‌به‌رئه‌وه خۆم به فێمینیست ده‌زانم چونکە که‌توومه‌ته ژێر کاریگه‌ری کتێبه خۆرهه‌ڵاتییه‌کانه‌وه. ئه‌مه زۆر به‌لامه‌وه سه‌یر بوو چونکه زۆربه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی له‌سه‌رده‌می مێردمنداڵیمدا ده‌مخوێندنه‌وه بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە فێمینیستەوە نەبوو. ڕه‌نگبێ سه‌رجه‌م رۆمانه ئه‌ڤیندارییه‌کانی بڵاوکراوه‌ی (میلز و بۆن)م خوێندبێته‌وه، که پاش ئه‌وه چاپ بوون که من ته‌مه‌نم شانزه ساڵان بوو. هه‌رجارێکیش بڕیارمدابێ کتێبه فێمینیستییه‌کان بخوێنمه‌وه، تاقه‌تم نه‌بووه و نه‌متوانیووه ته‌واویان بکه‌م.
به‌هه‌رحاڵ له‌به‌رئه‌وه‌ی فێمینیزم ئه‌فریقایی نه‌بوو، بڕیارمدا خۆم ناوبنێم (فێمینیستێکی ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت). هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی دیکه پێی گوتم ئێستا که خۆم به فێمینیست ده‌زانم کەواتە به‌دڵنیاییه‌وه ڕقم له‌پیاوانه هه‌ربۆیه خۆم ناونا (فێمینیستێکی ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت، که ڕقی له‌پیاوان نییه). پاش ماوه‌یەک بووم به (فێمینیستێکی ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت، که ڕقی له‌پیاوان نییه و له‌به‌ر دڵی خۆی حه‌ز بە سووراو کردن و پێڵاوی پاژنه‌به‌رز ده‌کات، نه‌ک بۆ خۆشکردنی دڵی پیاوان).
به‌دڵنیاییه‌وه زۆرێک له‌مانه به‌تانه و ته‌شه‌ره‌وه ده‌گوتران، به‌ڵام بەردەوام پیشانیان ئه‌دا که وشه‌ی فێمینیست چ بارێکی نه‌رێنی هه‌یه: ڕقت له‌پیاوه، ڕقت له کولتووری ئه‌فریقییه، پێتوایه ده‌بێت ژنه‌کان سه‌رۆک بن، ئارایشت ناکه‌یت، مووی زیاده‌ی جه‌سته‌ت لێناکه‌یته‌وه، به‌رده‌وام تووڕه‌یت، گاڵته‌و فشقیات نازانیت، بۆن به‌کارناهێنیت.
***
با به‌سه‌رهاتێکی مناڵ‌یش بگێڕمه‌وه.
کاتێک له "نسوکا" که شاری زانکۆکانی نه‌یجیریایه، ده‌ڕۆیشتم بۆ قووتابخانه، مامۆستاکه‌مان به‌ر له ده‌ستپێکردنی وانه گوتی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کمان پێده‌کات‌و هه‌رکه‌س به‌رزترین نمره به‌ده‌ستبهێنێت ده‌یکات به سه‌رپۆل. سه‌رپۆلبوون گرنگییه‌کی زۆری هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ببوویتایه به سه‌رپۆل ده‌بوو هه‌موو ڕۆژێک ناوی ئه‌و قووتابیانه بنووسیت که هارییان ده‌کرد، ئه‌مه‌ش بۆخۆی سامێکی هه‌بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ش مامۆستاکه‌مان دارێکی ئه‌دا به سه‌رپۆله‌که، کاتێک به‌ناو ژووره‌که‌دا ده‌ڕۆیشت ده‌یتوانی به‌رزی و نزمی بکاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ڕێگه‌مان پێنه‌ئه‌درا به‌دار له‌که‌س بده‌ین، به‌ڵام بۆ منی نۆ ساڵان دیمه‌نێکی سه‌رسامکه‌ر بوو. من زۆر حه‌زم ده‌کرد ببمه سه‌رپۆل‌و به‌رزترین نمره‌م هێنا.
به‌ڵام له‌وپه‌ڕی سه‌رسامیدا مامۆستاکه‌مان گوتی سه‌رپۆل ده‌بێت کوڕ بێت، له‌یادی کردبوو کە دەبوو زووتر ئه‌مەی بووتایە، وای خەیاڵکردبوو کە ئه‌مه شتێکی ڕوونه. ئه‌و کوڕه‌ی نمره‌ی دووەهه‌می هێنابوو، بووه سه‌رپۆل.
له‌وه خۆشتر ئه‌وه‌بوو که ئه‌م کوڕه میهره‌بانه هیچ حه‌زێکی بۆ سه‌رپۆلی و ڕاوه‌شاندنی داره‌که نه‌بوو، له‌کاتێکدا من زۆر تامه‌زرۆ بووم. به‌ڵام من کچ بووم و ده‌بوو کوڕێک ببێته سه‌رپۆل!
ئه‌مه‌م هه‌رگیز له‌یاد نه‌چوو.
ئه‌گه‌ر کارێک چه‌ندین‌و چه‌ندان جار ئه‌نجام بده‌ین، ده‌بێته دابونه‌ریت. ئه‌گه‌ر ته‌نیا کوڕان ببنه سه‌رپۆل، پاش ماوه‌یه‌ک هه‌موومان نائاگا وا ده‌زانین که ده‌بێت سه‌رپۆل ته‌نیا کوڕ بێت. ئه‌گه‌ر پیاوه‌کان هه‌میشه وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیا گه‌وره‌کان ببینین، ئاسایی دێته پێشچاومان که ته‌نیا پیاوان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمپانیا گه‌وره‌کان بن.
***
من زۆرینە‌ی جار ئه‌و هه‌ڵه‌یه ده‌که‌م. وای داده‌نێم ئه‌گه‌ر بابه‌تێک به‌لای منه‌وه ڕوون بێت، به‌لای ئه‌وانی تریشه‌وه به‌هه‌مان ئه‌ندازه ڕوون ده‌بێت. هاوڕێی خۆشه‌ویستم "لۆی" له‌به‌رچاو بگرن، که پیاوێکی هاوچەرخ و وریایه. کاتێک پێکه‌وه قسه ده‌که‌ین هه‌میشه پێمده‌ڵێت: ((من تێناگه‌م بۆچی به‌رده‌وام ده‌ڵێیت هه‌مووشتێک بۆ ژنان جیاوازتر و قوورستره. ڕه‌نگه پێشتر وابووبێت، به‌ڵام ئێستا شته‌کان گۆڕاون. کار بۆ ژنان ئاسان بووه.)) من تێنه‌ده‌گه‌یشتم، که "لۆی" چۆن ناتوانێت مه‌سه‌له‌یه‌ک به‌و ڕوونییه ببینێت.
من به گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌یجیریا چێژ وه‌رده‌گرم‌و زۆربه‌ی کاته‌کانم له "لاگۆس" به‌سه‌رده‌به‌م، که گه‌وره‌ترین شار‌و قوتبی بازرگانی وڵاته. له یه‌کێک له‌شه‌وه‌کاندا که شار فێنکتر و ئارامتر بوو، له‌گه‌ڵ "لۆی"و چه‌ند هاوڕێیه‌کی دیکه‌مان ڕۆیشتینه ده‌رێ. یه‌کێک له‌دڵنشینترین ئه‌و شتانه‌ی ده‌توانیت له "لاگۆس" بیبینیت، کۆمه‌ڵێک پیاوی پڕ جۆش‌وخرۆشن که له‌چوارده‌وری هه‌ندێک یه‌که‌ی نیشته‌جێبوونه‌کان کۆده‌بنه‌وه و نمایش وەستانی پاڕککردنی ئوتومبیلەکان دەکەن و یارمه‌تیت ئه‌ده‌ن. "لاگۆس" که‌ڵه شارێکه 20 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه، پڕ وزه‌تر له له‌نده‌ن و فه‌زایه‌کی بازرگانی تری له نیویۆرک هه‌یه، که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌سێک، له‌هه‌ر بوارێک‌دا بیەوێت بژێوی ژیانی خۆی په‌یدا بکات. وه‌ک زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌کان، دۆزینه‌وه‌ی شوێنی ڕاگرتنی ئوتومبیل له‌شه‌ودا ده‌کرێت گرفت بێت. هه‌ربۆیه ئه‌م پیاوه گه‌نجانه به‌دۆزینه‌وه‌ی شوێنی ڕاگرتنی ئوتومبیل یاخۆ ته‌نانه‌ت کاتێک که شوێنی به‌تاڵیش هه‌یه، به‌ڕێنمایکردن و ئاماژه‌پێدان بۆ راگرتنی ئوتومبیله‌که‌ت یارمەتیت دەدەن و تا کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ت چاویان له ئوتومبیله‌که‌ت ده‌بێت، ئیشێکیان بۆخۆیان دۆزیووەتەوە. ئه‌و شه‌وه من هه‌ڵسوکه‌وتی پیاوێکی گه‌نجم زۆر به‌دڵ بوو، که کۆمه‌کی کردین، بۆیه ویستم به‌خششێکی پێبده‌م. جزدانه‌که‌م کرده‌وه، ده‌ستمکرد به‌نێو جزدانه‌که‌مدا و پاره‌که‌م ده‌رهێنا‌و پێم‌دا. پیاوه گه‌نجه‌که‌ش به خۆشحاڵی و پێزانینه‌وه پاره‌که‌ی لێوه‌رگرتم و ئاوڕی دایه‌وه به‌لای "لۆی"دا‌و گوتی: ((سوپاس به‌ڕێز.))
"لۆی" سه‌رسامانه ته‌ماشای کردم و پرسی: ((بۆچی سوپاسی منی کرد؟ خۆ من پاره‌م پێنه‌دابوو!)) له‌وساته‌دا له‌سیمایدا ده‌بینرا، که له بابه‌ته‌که تێگه‌یشتووه. پیاوه گه‌نجه‌که بڕوای وابوو هه‌ر پاره‌یه‌ک من هه‌مبوو کەواتە به‌دڵنیاییه‌وه "لۆی" داویەتی به من، چونکە "لۆی" پیاوه.