(گفتووگۆی یەکەم)
سازدانی: دۆناڵد هۆڵ
لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر
سکێچ: دی کامێڵ ١٩٥٩
سەرچاوە: پاریس ڕیڤیوو
ژمارە ٢١، بەهار و هاوینی ١٩٥٩
بەشی یەكەم
گفتووگۆکە لە نیویۆڕك و لە ئەپاڕتمانی خاتوو لویز هێنری كۆهن لە هاوس ئۆف بوکس ئەنجامدرا, كە هاوڕێی بەڕێز ئیڵیەت و خاتوو ئیڵیەتە. ئەو کتێبانەی لە ژووری میواندارییەکەدا دەبینران كۆكراوەی کۆمەڵێک كتێبی نووسەرە هاوچەرخەکان بوون. لە سەر دیواری نزیك دەرگای هاتنەژوورەوەكە وێنەیەكی ئیڵیەت هەڵواسرابوو كە لەلایەن خاتوو هێنری وێر ئیڵیەتیی ژن خوشکییەوە کێشرابوو. وێنەیەكی ئیمزاکراوی ئاهەنگی هاوسەرگیری ئیڵیەت لە چوارچێوەیەكی زیویدا لەسەر مێزێك دانراوە. خاتوو كۆهن و خاتوو ئیڵیەت لە سووچێكی ژوورەكەدا لەسەر قەنەفەیەك دانیشتوون لەكاتێكدا بەڕێز ئیڵیەت و سازدەری گفتووگۆکە لە ناوەڕاستی ژوورەكەدا ڕوویان لەیەكدییە، مایكرۆفۆنی دەنگ تۆماركەرەكەش لەسەر زەوییەکە دانراوە و لەنێوانیاندایە.
بەرێز ئیڵیەت زۆرباش دیاربوو. پاش گەڕانەوەی لە گەشتەکەی لە ناساو لە ڕێگای گەڕانەوەی بەرەو لەندەن، سەردانێكی كورتخایەنی بۆ ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمریکا کردبوو. تیشکی خۆر كەمێك ڕەنگی پێستی تاریکتر کردبوو، وا دەردەکەوت كەمێكیش كێشی زیادی كردبێت بەراورد بە گفتووگۆی سێ ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ دۆناڵد هۆڵ. بەتێكڕا، گەنجتر و دڵخۆشتر دەهاتە پێش چاو. جارجاریش لە ساتی ئەنجامدانی گفتووگۆکە ئاوڕێکی بۆ خاتوو ئیڵیەتی خێزانی ئەدایەوە، وەک ئەوەی بێ گوتن وەڵامێک لەگەڵ یەکتریدا بگۆڕنەوە.
گفتووگۆی پێشووی دۆناڵد لەگەڵ بەرێز ئیڵیەت لە لەندەن، لە ئۆفیسە بچووکەکەی دەزگای (فایبەر ئاند فایبەر) كە چەند مەترێك کەوتبووە سەروو مەیدانی ڕووسێڵ ئەنجامدرا. ئۆفیسەکەش کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافیی لەسەر دیوارەكانی هەڵواسرابوون: لە جێگەیەکدا وێنەیەكەی گەورەی ڤێرجینیا وۆڵف و پۆرترەیتێکی پیۆسی دوازدەهەم هەبوو, لە جێگەیەکی تر وێنەی ئای.ئەی. ڕیچاڕدس، پۆڵ ڤاڵێری، دەبلیو بی یتیس، گۆتە، ماریان مۆر، چارلس ویبڵی، جونا بارنس و كۆمەڵێكی تر هەڵواسرابوون. لەماوەی گفتووگۆکەدا زۆرێک لە شاعیرە گەنجەكان تەماشای ڕووخساری ناو وێنەکانیان دەكرد. یەكێك لەوان باسێکی هێنایە ناوەوە كە چاوەڕێ نەدەکرا بەشێک بێت لە گفتووگۆكەی بەڕێز ئیڵیەت. پاش كاتژمێرێک لە گفتووگۆیەكی ئەدەبی جدی، بەرێز ئیڵیەت كەمێك وەستا تا بیربكاتەوە لەوەی ئەگەر دێرێكی كۆتایی هەبێت بۆ ئامۆژگاری کردنیان. شاعیرە گەنجە ئەمریكییەکە، دەیویست لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەست بە خوێندن بکات وەک چۆن بەرێز ئیڵیەت چل ساڵ پێشتر هەمان هەنگاوی نابوو. ئیڵیەت ئەوەندە بە گرنگییەوە قسەیدەکرد وەک ئەوەی بیەوێت پێشنیاری خۆپارێزیت بۆ بکات، بەڕێز ئیڵیەت ئامۆژگاریی ئەوەی هەبوو کە پۆشاکی ژێرەوەی لە خوری دروستکراو بکڕێت چونکە دیوارەکانی ئۆکسفۆڕد هەمیشە شێدارن. بەڕێز ئیڵیەت لە توانایدایە وەك مامێك هاوڕێیانە و نەرم دەربكەوێت لە کاتێکدا باوەڕی وایە ڕەفتار و پەیام لێکجیاوازن.
بەهەمان شێوە، لە وەڵامدانەوەی سەرنجەکانی تردا ئاماژە گاڵتەئامێزەکانی لەسەر كاغەز دەرناكەون. هەندێکجار یش لە گفتووگۆیەکی گاڵتەئامێزی ناڕاستەوخۆوە بەرەو گفتووگۆیەکی تەواو پێكەنینهێنەر دەچوو. تۆماركەرەكە بەهۆی قاقای پێكەنینی بەڕێز ئیڵیەتەوە خشە خشی تێئەکەوت بەتایبەت لەساتی وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی کە ئیڵیەت لە ئێزرا پاوەندی گرتبوو یان لە وەڵامی پرسیارێکیش دەربارەی شیعرە بڵاونەکراوەکانی بە ناوی كینگ بۆڵۆ کە لەو ڕۆژانەی خوێندکاری هارڤارد بوو نوسیبوونی.
سازدەری گفتووگۆ:
ڕەنگە باشتربێت هەر لە سەرەتاوە دەستپێبكەم. ئایا ئەو هەلومەرجانەت بیردێتەوە كە تێیدا دەستتكرد بە نوسینی شیعر لە سانت لویس لە تەمەنی مناڵیتدا؟
ئیڵیەت:
پێموابێت لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستم بە نووسین کرد، لەژێر كاریگەری عومەر خەیامەکەی فیتزجیڕاڵد، دەستم بە نوسینی چەند شیعرێکی چوارینەیی غەمگین و بێ باوەڕانە و نائومێدانە کرد، لەسەر هەمان شێواز، كە خۆشبەختانە بە تەواوەتی دامركایەوە، بە ڕادەیەک كە تەنانەت بوونیشیان نەما. هیچ كات پیشانی هیچ كەسێكم نەدان. یەكەم شیعری بینراوم ئەو شیعرە بوو كە لە ئەكادیمیای سمیس ڕیكۆرد و پاشانیش لە هارڤارد ئەدڤۆكەیت بڵاوکرایەوە، كە تەنها وەك ڕاهێنانێك بۆ مامۆستای زمانی ئینگلیزیم نووسیبووم و لاسایی شێوازی نووسینی بێن جۆنسنم كردبۆوە. پێیوابوو بۆ کوڕێکی تەمەن پانزە بۆ شانزە ساڵان ئەمە نوسینێکی زۆر باشە. پاشان كۆمەڵێك شیعری ترم لە زانكۆی هارڤارد نوسی، چەند دانەیەک تا بتوانم شیاوبم بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرنووسەریی هاڕڤارد ئەدڤۆکەیت، کە زۆر چێژم لێوەرگرت. پاشان لە ساڵی دووەمی خوێندنی زانکۆم تا کۆتا ساڵی خوێندنم زۆر چالاک بووم، زیاتر پڕ بەرهەم بووم. سەرەتا لە ژێر کاریگەری بۆدلێر پاشانیش لەژێر کاریگەری جولێس لافۆرج، کە پێموابێت لە قۆناغی دووەمی زانکۆمدا ئاشنای بووم.
سازدەری گفتووگۆ:
ئایا كەسێکی دیاریکراو هەیە تۆی بە هۆزانڤانە فەڕەنسییەكان ناساندبێت؟ پێموایە ئیرڤینگ بابیتی ناگرێتەوە.
ئیڵیەت:
نا, بابیت دواهەمین کەس بوو. تاكە شیعر كە بابیت زۆر لای پەسەند بوو "لاواندنەوە"كەی تۆماس گرەی بوو. شیعرێکی باشە بەڵام پێموایە ئەم خاڵە هەندێك سنوورداری کردبوو، خوا لێیخۆشبێت. من سەرچاوەكەی خۆمم بڵاوكردۆتەوە. پێموایە ئەوە كتێبەكەی سیمۆنسە لەبارەی شیعری فەڕەنسییەوە، كە بەڕێكەوت لە هارڤارد یونیەن بەرچاومكەوت. لەو سەردەمەدا هارڤارد یونیەن شوێنی یەكتر بینینی ئەو خوێندكارانەی زانكۆ بوو كە دەیانوویست بەشێک بن لەو زانکۆیە. كتێبخانەیەكی بچووكی قەشەنگیشیان هەبوو، هەروەك ئەو كتێبخانانەی كە ئێستا لەهەر ماڵێكی هارڤارد بوونی هەیە. ئارەزووی وتەكانی سیمۆنس بووم و چووم بۆ كتێبفرۆشێكی بیانی لە جێگەیەک لە بۆستن (ناوەكەیم لە یاد نەماوە و ناشزانم ئەگەر ئێستا مابێتیش) كە تایبەت بوو بە كتێبی فەڕەنسی و ئەڵمانی و كتێبی بیانی تر و ئیدی لەوێ كتێببی لافۆڕج و هەندێ شاعیرانی ترم بەرچاوكەوت. نەمدەتوانی وێنای ئەوە بکەم بۆچی ئەو كتێب فرۆشە کتێبی چەند ژمارەیەکی كەمی شاعیرانی وەك لافڕۆجی هەبوو. خوا ئەیزانێ لە كەیەوە ئەو بەرهەمانەیان هەبووە یاخود ئاخۆ داواكارییان لەسەربووە.