سازدەری گفتووگۆ: جان شتاین
لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش
ویلیام فۆکنەر لە ساڵی ۱٨۹۷ لە نیو ئەلبانی، لە میسیسیپی لەدایک بووە. باوکی فۆکنەر بەڕێوبەری هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەربووە، کۆلۆنێل ویلیام فاکنەری باپیرە گەورەشی دروستکەری هێڵی ئاسنینەکەبوو، نوسەری ڕۆمانی (گوڵی سپی مێمفیس)یشە. دواتر ئەم خێزانە سەفەردەکەن بەرەو ئۆکسفۆرد و لەوێ دەژین، کە سی و پێنج میل لە زێدی خۆیانەوە دوورە، لەو جێگەیەی کە فۆکنەری لاو، هەرچەندە خوێنەرێکی بەجۆش بوو، لە تەواوکردنی هەندێک وانەی ئامادەیی شکیستیهێنا. ویلیام فۆکنەر لە ساڵی ۱۹۱٨ لە هێزی ئاسمانی ڕۆیاڵی کەنەدیی وەک خوێندکاری بەشی فڕۆکەوانی دادەمەزرێت. زیاتر لە ساڵێک وەک خوێندکاری تایبەت لە زانکۆی ئۆلی میس خۆی ناونووس دەکات، دواتریش وەک بەڕێوبەری پۆستە لە زانکۆی ستەیشن دەست بە کاردەکات تا ئەو کاتەی کە بەهۆی خوێندنەوەی کتێب لە کاتی کارکردندا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
بە هاندانی شێروود ئەندرسن دەست بە نوسینی ڕۆمانی (ماڵئاوایی سەرباز) دەکات لە ساڵی ۱۹۲٦. ڕۆمانی (پەناگە) کە لە ساڵی ١٩٣١ نوسیویەتی دەبێتە پڕفرۆشترین ڕۆمانی فۆکنەر. ئەم ڕۆمانە چیرۆکێکی هەستبزوێنی هەیە و وەک خۆی دەڵێت بۆ پەیداکردنی پارە نوسیویەتی چونکە لە دوای زنجیرەیەک لە نوسینی ڕۆمانەکانی وەک مێشوولە (۱۹۲۷)، سارتۆریس (١٩٢٩)، هەرا و تووڕەیی (۱۹۲۹)، وەک مردووییەک پاڵکەووتوم (۱۹۳۰)، لە ڕابردوودا نەیتوانیبوو پارەیەکی وا کۆبکاتەوە کە پشتگیری خێزانەکەی پێبکات.
لە پاش ئەو کتێبە، فۆکنەر لە فرۆشتنی کتێبەکانی تریدا بەردەوام بوو. زۆربەی زۆری کارەکانی بۆ یۆکناپاتافا ساگای کارەکتەرێکی فیکشن لە هەرێمێکی فیکشندا نووسرابوو، وەک: ڕووناکی لە ئابدا (۱۹۳۲)، دەروازەی کۆشک (۱۹۳٥)، ئەبسالۆم ئەبسالۆم (۱۹۳٦)، نەبەزیوو (۱۹۳۸)، هاملێت (۱۹٤۰)، کۆمەڵە چیرۆکی دابەزە موسا (۱۹٤۱). بەرهەمە گرنگەکانی کە پاش جەنگی جیهانی دووەم نوسیویەتی بریتیە لە: نامۆیەک لە غوباردا (۱۹٤۸)٫ ئەفسانە (۱۹٥٤)٫ شارۆچکە (۱۹٥٤). کۆبەرهەمی چیرۆکەکانی فۆکنەر لە ساڵی ۱۹٥۱ خەڵاتی کتێبی نیشتیمانیی بەدەستهێنا، ڕۆمانی ئەفسانەش لە ساڵی ۱۹٥۷ هەمان خەڵاتی بەدەستهێنا. فۆکنەر لە ساڵی ۱۹٤۹ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت.
لەم دوواییەدا، کە مەبەست کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەیە، هەرچەندە فۆکنەر دەستی لە کار کێشاوەتەوە، سەرقاڵی گەشتکردنە بە جیهاندا و لە خزمەتگوزاری زانیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان وانە دەڵێتەوە. ئەم گفتووگۆیە لە سەرەتای ساڵی ۱۹٥٦ لە نیویۆرک ئەنجامدراوە.
سازدەری گفتووگۆ:
بەڕێز فۆکنەر ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەتان بەوەدا کە حەز لە ئەنجامدانی گفتووگۆ ناکەن.
ویلیام فۆکنەر:
هۆکاری ئەوەی حەز بە ئەنجامدانی گفتووگۆ ناکەم ئەوەیە کە توندوتیژانە وەڵامی پرسیارە کەسییەکان دەدەمەوە. ئەگەر پرسیارەکان دەربارەی کارەکەم بن ئەوا هەوڵئەدەم وەڵام بدەمەوە. ئەگەر دەربارەی خۆم بوون ڕەنگە وەڵامم هەبێت و ڕەنگە نەشمبێت. بەڵام ئەگەر وەڵامیش بدەمەوە و ڕۆژی دواتر هەمان پرسیارم لێبکرێتەوە، ڕەنگە وەڵامەکەم جیاوازبێت.
سازدەری گفتووگۆ:
ئەی دەربارەی خۆت وەک نووسەرێک؟
ویلیام فۆکنەر:
ئەگەر من بوونم نەبوایە، ئەوا کەسێکی تر من یان هێمنگوای یان دۆستۆڤسکی یان هەموومانی دەنوسییەوە. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە سێ پاڵێوراوی تر هەن بۆ بوون بە نوسەری شانۆکانی شەیکسپیر. گرنگ نییە کێ هاملێت و خەونی شەوی چلەی هاوینی نوسیووە بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە کەسێک نوسیوونی. هونەرمەند هیچ گرنگییەکی نییە بەڵکو تەنها ئەوەی کە ئەیخولقێنێت گرنگە لە کاتێکدا هیچی نوێ نەماوەتەوە بۆ گوتن. شکسپیر و بەلزاک و هۆمەر دەربارەی هەمان بابەت نوسیویانە، ئەگەر یەک یان دوو هەزار ساڵێک زیاتر لە ژیاندا بوونایە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە پێویستییان بە کەسی تر نەدەبوو.
سازدەری گفتووگۆ:
بەڵام تەنانەت ئەگەر هیچی نوێ نەبێت بۆ گوتن، ئایا کەسایەتی نوسەر بۆ ئێمە گرنگ نییە؟
ویلیام فۆکنەر:
کەسایەتی نوسەر بۆ خودی نوسەر خۆی گرنگە. خەڵکانی تر لەوە سەرقاڵترن سەریان بپرژێتە سەر گرنگیدان بە کەسایەتی و کارەکتەری نوسەر.