هونەر  وەک ڕەخنە

18/04/2020    07:08

هونەر وەک ڕەخنە 


Şêwekar


هۆشەنگ بەهجەت

هونەر خودی خۆی فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی دەربڕین و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لە توانایدا هەیە ڕەخنە لەناو خۆیدا بەرهەم بهێنێت، واتە ئەگەر لە پۆڵێنکردنی وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی کولتوور بگەڕێین، دەبینین کە دەکرێت گەلێک کار و ئەرکی دیکەی هەبێت. وەک ئاشکرایە مێژووی هونەر هاوتەریبە لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی کە ئەمەش وامان لێ دەکات نەتوانین بە تەنیا وەک کایەیەکی پێکهێنەری کولتوور لێی بڕوانین، بەڵکو دەبینین بە پێی کۆنتێکستە مێژوویی و هەتا زۆرجار جوگرافییەکانیش گرنگیی جیاوازی دیکەی هونەرمان بۆ ئاشکرا دەبێت. ئاخر مەگەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا شتێک بە ناوی کولتوور هەبووە؟ ئەی کەواتە ئەو پاڵنەرانە چین کە هونەری کردۆتە پێویستیەکی ژیاری هەموو سەردەمەکان بە هەموو بەرزی و نزمی و جەنگ و ماڵوێرانییەکانیشەوە؟ 
                                                                                              
ئەم سەرەتایەم بۆ ئەوە باسکرد تا لێوەی بچمە نێو باسێکی تایبەت، کە خۆم بە ئەرکێکی سەرەکی هونەری دەبینم، ئەویش پەیوەندی نێوان هونەر و ڕەخنەیە، کە هەرگیز پەیوەندییەکی کەم و دوور نییە بەڵکو زۆرجار زیندوویەتی و کاریگەری هونەر پەیوەست دەبێتەوە بەوەی تاچەند ڕەخنەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، پاشان ئاڕاستەی ڕەخنەکە دەکرێت (سیستەم، دین، کولتوور، کۆمەڵگە، هەتا خودی هونەر خۆشی) بێت. 
                               
گەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژووی هونەر دەبینین کە ڕەخنە و دیاریکردنی کەموکورتی و هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی کەموکورتییەکان فاکتەرێکی سەرەکی بەرەو پێشچوون و تازەگەری هونەر بووە، هەر سەردەمێکی هونەر گەر جیاوازی لەگەڵ سەردەمی پێش خۆی نەبوایە، هەر قوتابخانەیەک لە قوتابخانەی پێش خۆی و هەر بزوتنەوەیەک لە بزوتنەوەی پێش خۆی جیاواز نەبووایە، ئەگەر هەموو شتەکانی پێشخۆیانی قبوڵ بکردایە ئەوکات هیچیان دروست نەدەبوون. ئەمەش سەیرکردن بە چاوێکی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەیهێنێتە گۆڕێ، سەرنج بدەن بە نزیکەیی سەرجەم ئەو کارە هونەرییانەی کە توانیان وەرچەرخان و گۆڕانکاری لە مێژووی هونەردا دروست بکەن یان ڕەخنەبوون لە کایەیەک یاخود بۆ ڕاستکردنەوە یان گۆڕینی بنەمایەک یان یاسایەکی پێشتر بووە. هەر گۆڕانکارییەک لە هونەردا پەیوەستە بە ڕەخنەکردنی ئەوەی لە پێشتردا گوزەراوە، بێگومان هەر بەم ڕێگایەش هونەر گەیشتووە بە ئێستا.           
                                                                     
بە سەرنجدانێکی ساکار لە پێکهاتەی هونەری ڕاستەقینە دەبینین بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی سروشتێکی دژە و هەمیشە دژ بە بارودۆخ و کات و شوێن دەجوڵێتەوە بە جۆرێک ڕۆحێکی سرک و ڕام نەکراوی هەیە ئەگەرچی هەندێکجار هەوڵ دەدرێت بەرگێکی گوێڕایەڵیی و خزمەتکاریی بە بەردا بکرێت بەڵام هەمیشە لە خاڵێکدا ڕادەچڵەکێت و خۆی لە هەموو ئەو بەرگ و سروشتە نامۆیانە دادەماڵێت کە بە باڵایدا دوراوە، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی بەرەو پێشچوونیی و هێنانە کایەی کار و بیرۆکە و فۆڕمی نوێ. لێرەوە دەکرێت بپرسین ئەوە کێیە کە لە بەرژەوەندیەتیی هونەر گوێڕایەڵ دەبێت؟  
                                                                                   
پێموایە گەر لە ڕێگای تیۆرییەکانی یەکێک لە عەقڵە ڕەخنەگرەکانی فەلسەفە و تیۆری ڕەخنەیی کە ئەویش (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)یە شیکاری بۆ ئەم پرسیارە بکەین ڕەنگە بە ئەنجامێکی ڕوون بگەین. ئەو وەها پێناسەی هونەری ڕاستەقینە دەکات، "کاری هونەری بۆ ئەوەی کارێکی ڕاستەقینە بێت پێویستە سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی سەر بەخۆ بێت پێویستە خۆی لە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیا ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی کە خۆی لە هەژموونی ئایدۆلۆژیا ڕزگار بکات پێویستە ڕەخنەیی بێت بەتایبەت (ڕەخنەکردنی کۆمەڵگا).

کەواتە هونەر کاتێک ترسی کەوتنە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای لەسەربێت، ناتوانێت ڕاستەقینەبێت، بۆ ئەمەش ئایدۆلۆژیا یاخود دەسەڵات یاخود دین کە دەکرێت لە یەک بازنەدا کۆیان بکەینەوە، هەمیشە ستایشی هونەرێک دەکەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان گوێڕایەڵ بێت، هەر نەبێت دژ نەبێت و دەستەمۆ بێت. واتە ئەوەی ترس دەخاتە سەر هونەری ڕاستەقینە سەربەخۆ نەبوونە بۆ ئەمەش تاکە چارەسەر بە لای ئادۆرنۆوە خۆ ڕزگارکردنیەتی لە ژێڕ هەژموونی ئایدۆلۆژیا، ئەویش تەنیا لە ڕێگای ڕەخنەیی بوونی هونەرەکەوە دەبێت، بە تایبەتیش ئەوەی کە ئەو زۆر جەختی لێ دەکاتەوە ڕەخنەی کۆمەڵگایە. ئەو هونەر بە کایەیەکی دوور لە کۆمەڵگا نابینێت، بەو پێیەی لە تیۆرییەکەیدا چەندین جار هونەر بە فاکتێکی کۆمەڵایەتی ناو دەبات. ئیدی لێرەوە دەگەین بەوەی کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی مانەوە و ڕاستەقینە بوونی هەر کارێکی هونەری ڕەخنەیی بوونیەتی.        

تێبینی: کاری ناو فۆتۆکە کارێکی گروپی (لوزینتراپتۆس)ی ئیسپانییە. نمایشکردنی کۆپییەک لە دەستووری ئیسپانیا دەردەخات لەناو سەری تەوالێتدا وەک ڕەخنەیەک بەرامبەر حکومەت و دەستوری ئیسپانیا کە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندەها قەیران. کارەکە ساڵی ۲٠٠۸ نمایش کراوە.                       


هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ

zortirîn xwênraw