هەر بەڕاست ئاغای بەدیعی دەیوست خۆی بکوژێت؟

18/04/2020    19:58

هەر بەڕاست ئاغای بەدیعی دەیوست خۆی بکوژێت؟ 


Cînema

سەرکەوت جەبار

هەر بەڕاست ئاغای بەدیعی دەیوست خۆی بکوژێت؟ دەیویست واز لە هەموو شتێک بهێنێت؟ بڕیاری دابوو دەستبەرداری دونیا و ئازارەکانی ببێت؟ ئەگەر دەیویست خۆی بکوژێت بۆچی بەبێ دەنگی خۆی نەکوشت؟ بۆچی ئەو هەموو هاوارەی کرد بۆ ئەوەی بە خەڵکی بڵێت من کێشەم هەیە، من ئازارم هەیە و دەمەوێت لێرەدا کۆتایی پێبهێنم؟ بەڕاست بەدیعی بۆچی دەیویست خۆی بکوژێت؟ من ئیستەش تێنەگەیشتم، لەوانەشە هەرگیز تێنەگەین، ئەوە ئەو شوێنەیە کیاڕۆستەمی بینەر و فیلمەکانی لەیەک جیادەکاتەوە، دەرهێنەرگەلێکی زۆر ئەو کارە ناکەن، بەڵام کیاڕۆستەمی شێتی ئەوە بوو، سینەماکەی لەسەر ئەوە دامەزراند. سینەمای کیاڕۆستەمی ڕێک دژی سینەمای هیچکۆکە، وەک ئەوەیە هەجووی ئەو بکات، جارێکیش دەڵێت: فیلمەکانی ئەو هیچی بۆ من تێدانەبوو.

تامی گێلاس هێندەی دەیەوێت ئێمە پرسیار بکەین، هێندە نایەوێت وەڵامێکمان دەستبکەوێت، فیلمێکە بێشوومار پرسیارمان بۆ دروستدەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی وەڵامێکمان دەستبکەوێت، ئەو کاتەشی کە پێمان وایە وەڵامێکمان دەستکەوتووە، کیاڕۆستەمی هەموو شتێکمان لێتێکدەداتەوە، ئێمە کە فزوڵی ئەوە دەمان گرێت ئاخۆ دەبێت بەدیعی خۆی کوشتبێت، کاتێک دەچێتە ناو گۆڕەکە؟ جارێک کیاڕۆستەمی دەڵێت:مەرگ یانی تاریکی و بێدەنگی، کاتێک ئەمە دەبیستین، دڵخۆش دەبین چونکە پێمان وایە بەدیعی خۆی کوشت، لەبەرئەوەی کاتێک دەچێتە ناو گۆڕەکە هەست بە تاریکی و بێدەنگی دەکەین، دڵخۆش دەبین و لەو یارییەی کیاڕۆستەمی ڕزگارمان دەبێت، بەخۆمان دەڵێین تەواو بەدیعی خۆی کوشت، بەڵام ئایا خۆی کوشت؟ ڕاستییەکەی ئەو خۆی ناکوژێت، بەڵام هێشتاش دڵنیا نین، بەشێوەیەک وەک ئەوە وایە کیاڕۆستەمی ئەو فیلمەی بۆ ئەوە دروستکردووە تائێمە دڵنیا نەبین، بەڵکو ئەوە بینەر و ڕەخنەگرە دەیانەوێت بیکوژن، بەجۆرێک وەک ئەوە وایە کە دەمانەوێت بیکوژین و ڕزگارمان ببێت لەو مەعمەعەیەی بەدیعی و کیاڕۆستەمی بۆیان دروستکردووین. ئەوە ئێمەین کە دەمانەوێت بیکوژین، وەک ئەوە وایە هەر یەکەمان لەسەر گۆڕەکەی چاوەروانی بین و ئەوەی کە یارمەتی بەدیعی دەدات بۆ ئەوەی خۆڵ بکات بەسەریدا ئێمەین. خۆکوشتن کە کردەیەکی سامناکە بەڵام بۆچی چێژ لەوە وەردەگرین کە بەدیعی خۆی بکوژێت؟ ئەمە پرسیارێکە و دەبێت لە خۆمانی بکەین. وەڵامەکەیمان دەستبکەوێت یان نا بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو ئەوەی بایەخی هەیە خودی پرسیارەکەیە.

چەند جارێک تامی گێلاسم لە بارودۆخی جیاوازدا سەیرکردووە، بەڵام فیلمەکە دیسانەوە هەمان ئەو فیلمەیە  کە یەکەمجار دیومە. فیلمگەلی زۆر هەن بەپێی بارودۆخ تێڕوانینت بۆی دەگۆڕێت، یان کەشفی تازەی تێدادەکەیت. من کاتێک بۆ دووەمجار فیلمی"کلایماکس" م سەیرکردەوە ئەوەم بۆ ئاشکرا بوو کە نزیکایەتییەکی زۆری هەیە لەگەڵ فیلمەکەی لویس بۆنوێڵ" نابوتبوونی فریشتە" ئەمە لەکاتێکدا کە بۆ یەکەمجار سەیرمکرد هەستم بە هیچ نزیکایەتییەک نەکرد لەنێوان ئەو دوو فیلمەدا. بەڵام شتەکە بۆ تامی گێلاس پێچەوانەیە. پێموابێت ئەوە تاکە فیلم بێت یەکجار بیبینیت یان چەند جارێک شتێکی نوێت دەستناکەوێت. هەڵبەت ئەمە خەوشی فیلمەکە نییە، بەڵکو سروشتی فیلمەکە بۆ من وەهایە.

کەواتە با بێنەوە سەر پرسیارەکە، بەدیعی بۆچی دەیەوێت ئەوانی دیکە شاهیدی خۆکوشتنەکەی بن؟ لەکاتێکدا مەرگ خۆی ئەزموونێکە، ڕووداوێکە زۆر شەخسییە و خۆکوشتنیش بێگومان شەخسیترین پڕۆسەیە. کاتێک ئیتر توانات نامێنێت، بڕیارەکە دەدەیت و کۆتایی بە هەموو شتێک دەهێنیت، بەڵام بۆ بەدیعی ترسناکە. هۆکاری ئەوەی ئەو دەیەوێت کەسێک، ئاگاداری خۆکوشتنەکەی بێت ئەوەیە تا لەبیر نەچێتەوە، ئەیەوێت کەسێک بزانێت کە ئەم خۆی دەکوژێت، بۆ ئەوەی وەک بیرەوەری لای ئەو کەسە بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەوە وابێت ئێمە هێشتا دڵنیا نین کە بەدیعی خۆی کوشتووە، لەبەرئەوەی دواتر کیاڕۆستەمی هەموو شتەکە پێچەوانە دەکاتەوە، بەدیعی نایەوێت لە بێدەنگیدا بمرێت، دەیەوێت کەسێک شاهیدی مردنی بێت، بۆ ئەو مەرگ بە تەنهایی و بەبێ دەنگی سامناکترە لە ژیان خۆی، لەبەرئەوە یارییەک لەگەڵ کۆمەڵێک کارەکتەری دیکەدا دەستپێدەکات. یارییەکەش ئەوەیە کە بەدیعی دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام دەبێت کەسێک خۆڵ بکات بەسەریدا، ئەوکاتەی مردووە لەناو گۆڕەکەی خۆیدا، بەدیعی نایەوێت لەبیری دونیا بچێتەوە، ئەو دەیەوێت کەسێک، یان چەند کەسێک شاهیدی ئەوە بن کە بەدیعی دەمرێت.

ئێمە هەرگیز نەمانزانی بەدیعی بۆچی دەیەوێت خۆی بکوژێت، ئەمە لەبەر هیچ شتێک نییە، بەڵکو ئەم نەزانینەمان پەیوەستە بەوەی کە ئێمە هیچ شتێک دەربارەی بەدیعی نازانین، کیاڕۆستەمی ژیانی بەدیعی ناهێنێتە ناو فیلمەکەوە، بەڵکو تەنیا بەدیعی خۆی دەهێنێت و تەنها شتێکیش دەیزانین ئەوەیە دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام بۆچی و لەبەرچی؟ ئێمە نایزانین.

بەڵام ئەوە کاری ئێمەیە بیزانین، لەبەرئەوەی ئێمە بینەرین و دەبێت کەشفی ئەوە بکەین کە بۆچی دەیەوێت خۆی بکوژێت، ئەگەر وا نەکەین، کەواتە ئێمە بینەربوونمان دەدۆڕێنین.

فیلمەکە دەربارەی خۆکوشتن و مەرگە، بەڵام نە مەرگێک هەیە و نە خۆکوشتنێکیش، بەشێوەیەک فیلمەکە دیالۆگی کیاڕۆستەمییە لەگەڵ مەرگ، بەڵام کیاڕۆستەمی وەک کارەکتەرەکەی بێرگمان شەترەنج لەگەڵ مەرگ ناکات، بەڵکو دیالۆگی لەگەڵ دەکات، چونکە کیاڕۆستەمی دەزانێت دەدۆڕێت ئەگەر شتێکی هاوشێوەی کارەکتەرەکەی بێرگمان بکات، کەواتە دیالۆگ باشترین هەڵبژارنە بۆ ئەوەی لە مەرگ تێبگات. ئەگەرچی کیاڕۆستەمی دەزانێت لە مەرگ قوتاری نابێت، بەڵام دیالۆگێک لەگەڵ مەرگ دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت، لانی کەم دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە بگەڕێتەوە بۆ ژیان، کیاڕۆستەمی لە تامی گێلاسدا ژیان بەدەست دەهێنێتەوە، ئەوە خاڵێکی گەورەیە بۆ کیاڕۆستەمی، ئەگەرچی ئەو ئێستا مردووە و لەو شتەی بەردەوام لێی دەترسا قوتاری نەبوو، بەڵام ئەو توانی ژیان بەدەستبهێنێت، تێیدا بژی و لێی ڕابمێنێت وەک چۆن لە درەختە تەنهاکان ڕادەما. جارێک کیاڕۆستەمی دەیوت.:پێمخۆشە خۆم بمێنم و بەرهەمەکانم هیچی نەمێنێت، ئەگەر قەراربێت لەنێوان ژیانم و بەرهەمەکانم یەکێکیان هەڵبژێرم کەواتە ژیان هەڵدەبژێرم، لەبەرئەوەی کیاڕۆستەمی پێی وابوو ئەوەی هەیە ژیانە و هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەست نییە، ناچارین بژین، چونکە تەنیا ئەوەمان بەدەستەوەیە. کەواتە فیلمەکە لە بنەڕەتەوە دەربارەی خۆکوشتنی بەدیعی نییە، دەربارەی ئەوەیە کیاڕۆستەمی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ژیان، بێگومان ئەو لەڕێگەی دژەکەیەوە کە مەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان. زانین دەربارەی مەرگ، ئاشنابوون پێی وا دەکات کیاڕۆستەمی بگەڕێتەوە بۆ ژیان، لەبەرئەوەی ئێمە ناتوانین ئەزموونی مەرگ بکەین، چونکە ئەوکاتەی دەمرین.، هەستمان بۆ شتەکان لەدەستدەدەین، کەواتە ئێمە ناتوانین ئەزموونی مەرگ بکەین، چونکە ئەوکاتەی مردووین ئیدی ئاگایمان لەدەستداوە و ناتوانین پەی بە هیچ شتێک ببەین، ئەوەی دەمێنێتەوە تێگەیشتنە لە مەرگ، ئێمە دەتوانین لێی تێبگەین، بەبێ ئەوەی مردبین، ئەوکاتەی مردووین ئیدی نازانین ژیان چییە و مەرگیش چییە، چونکە ئێمە تەنیا دەزانین لە ژیاندا بزانین مەرگ چییە، کاتێک کە مردین ئیدی هەموو شتێک تەواوبووە.

ئەو کاتەی بەدیعی دەچێتە گۆڕەکەوە و پاش ئەوەش کیاڕۆستەمی دیمەنی مەشقی سەربازەکان و ستافی فیلمەکەی پیشان دەدات، ئەوە چرکەساتی بوون بە دەرهێنەریی کیاڕۆستەمییە، ئەوە ئەو چرکەساتەیە کە کیاڕۆستەمی وەک دەرهێنەر، وەک دەرهێنەرێکی گەورە خۆی دەسەلمێنێت، ئەو ستایلە پێش ئەو کاری لەسەر کراوە، باستەر کیتن، هیچکۆک، گۆدار،..... کاریان لەسەر ئەو تەکنیکی نامۆکردنە کردووەتەوە، پێشتریش سێرڤانتس و تۆلستۆی و دیستۆڤسکی و دواتریش برێخت کارییان لەسەر ئەو نامۆکردنە کردووە، بەڵام ئەوەی کیاڕۆستەمی بلیمەتانەیە، ئەوە ئەو چرکەساتەیە کیاڕۆستەمی پێمان دەڵێت: دەبێت جیاوازی بکەن لەنێوان ژیان و فیلمەکان،ئەوەی ئێوە بینیتان فیلمێکە و سەرچاوەکەی ژیانە.
ئەوە ئەو چرکەساتەیە ئێمە دەیزانین بەدیعی خۆی نەکوشتووە و فیلمەکەش دەربارەی ئەوە نییە، بەڵکو ئەوە دیالۆگی منە لەگەڵ مەرگدا.

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw