ئامادەکردنی: پشتیوان کەمال
وێنه‌كێشان له‌سه‌ر دیواری شه‌قامه‌كان یه‌كێكه له‌و جۆره كاركردنه هونه‌رییانه‌ی كه هەمیشە له گفتووگۆیه‌كی به‌رده‌وامدایه و ڕووبه‌ڕووی هەم ڕه‌خنه و هەم ده‌ستخۆشیی زۆر ده‌بێته‌وه چونكه ئه‌م جۆره له هونه‌ر كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر هه‌موو بینه‌رێك به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و ڕاستەوخۆ دروست دەکات. لێره‌دا دوو كه‌یس باس ده‌كه‌ین كه له جیهاندا به كاره‌كانیان گفتووگۆ و مشتومڕێكی زۆریان ناوه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه شیفارد فه‌یرییه، كه به هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره و مه‌زن ناو ده‌برێت و كاره‌كانی له زۆرینه‌ی گەله‌ری و مۆزه‌خانه به‌ناوبانگه‌كانی جیهان نمایشكراوه، هه‌روه‌ها نه‌خشێنه‌ری پۆسته‌ره به‌ناوبانگه‌كه‌ی باراك ئۆبامایه کە له كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا دروستیکردبوو.
یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی ڕووبه‌ڕووی فه‌یری ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه كه له كاتی كێشانی كاره هونه‌رییه‌كانیدا ڕوخسه‌ت وه‌رناگرێت بۆ دانانی ئه‌و كارە هونەرییانە له‌و شوێنه گشتییانەی کە فەیری تیایدا نمایشیان دەکات. به هه‌موو ئەو ناوبانگەی فه‌یری هەیەتی، كاركردنی ئه‌و و مێردمنداڵێك كه به سپڕایه‌كه‌وه ده‌ست به ڕه‌نگكردنی دیواره‌كان دەکات، لە بەرامبەر یاسادا وه‌ك یه‌كن. هه‌موو خاوه‌ن بینایه‌ك نایه‌وێت دیواری ماڵه‌كه‌ی ببێته به‌شێك له‌و وێنه پڕ له مانا سیاسییانه‌ی فه‌یری. شیفارد فه‌یری له ماوه‌ی ژیانی كاركردنیدا زیاتر له هه‌ژده جار گیراوه.
ئه‌و خاڵه گرنگانه‌ی له وێنه كێشانه‌كانی فه‌یرییه‌وه به‌ده‌ستمان ده‌گات ئه‌وه‌یه كه ئه‌و بۆشاییه‌كی وێران ده‌كاته كارێكی هونه‌ری و به خۆڕایی پێشانگایه‌كی به‌رده‌وام بۆ بینه‌ره‌كانی ده‌كاته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه بانكسی هه‌یه. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه، بانكسی بووه‌ته نهێنییه‌ك و هه‌مووان حه‌زده‌كه‌ن له‌باره‌یه‌وه بزانن. له پاڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌كانی گشت جیهان، به‌ڵام كه‌سیش نایناسێت. ده‌وترێت كه ئه‌و كوڕێكی گەنجێکی به‌ڕیتانییە، به‌ڵام ده‌شکرێت لە كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند پێکهاتبن، یاخود دەکرێت خه‌ڵكی هه‌ر جێگه‌یه‌ك بن له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه چونکە ناسنامەی بە تەواوەتی شاردراوەتەوە. ئه‌وه‌ی بانكسی توانیوویه‌تی ئه‌و نهێنییه بۆ ماوه‌ی ساڵانێكی دوور و درێژ بپارێزێت به‌ڕاستی جێی سه‌رنجه.
وه‌ك فه‌یری، بانكسیش وێنه‌كانی له‌سه‌ر دیوار ده‌كێشێت، به هه‌مان شێوه‌ی فه‌یری وێنه‌كانی په‌یامی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌ڵگرتووه، هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی كاره‌كانی داوای مۆڵه‌ت ناكات، به دڵنیاییه‌وه گه‌ر داوای مۆڵه‌ت بكات ئه‌وه ئێستا هه‌موومان ده‌مانزانی بانكسی كێیه، هیچ جارێكیش ڕووبه‌ڕووی گرتن نه‌بۆته‌وه.
كێ سوود له به‌رهه‌مه‌كانی بانكسی وه‌رده‌گرێت؟
له ئێستادا وایلێهاتووه هه‌موو كه‌س حه‌ز به‌وه ده‌كات بانكسی وێنه‌یه‌ك له‌سه‌ر دیواری ماڵه‌كه‌ی بكێشێت، له پاڵ ئه‌وه‌ی كه حه‌ز ده‌كه‌ن به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ببینن، به هه‌مان شێوه خاوه‌ن دوكانه‌كانی نزیك كاره هونه‌ریه‌كه سوودێكی زۆر له هه‌بوونی ئه‌و كارانه وه‌رده‌گرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه ده‌کەن و ده‌بێته شوێنێكی گه‌شتیاری گرنگ. هه‌روه‌ها به پێی یاسا، خاوه‌نی ئه‌و بینایه‌ی كه تابلۆكه‌ی له‌سه‌ر ده‌كێشرێت خاوه‌ندارێتی تابلۆكه ده‌كات و له كاتی فرۆشتنی تابلۆكه‌دا خاوه‌ن ماڵ ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌و بڕه پاره‌یه. كۆمه‌ڵێك له تابلۆكانیشی كاتێك فرۆشراون به بڕه پاره‌یه‌كی هێجگار زۆر فرۆشراون، تابلۆی ”له بیرم دێت كه هه‌موو ئه‌م جێگەیە دره‌خت بوو“ به بڕی ١٣٧ هه‌زار دۆلار فرۆشراوه، “كرێكاری كۆیله” به بڕی زیاتر له یه‌ك ملیۆن دۆلار فرۆشراوه.
بانكسی خۆی حه‌ز به فرۆشتنی كاره هونه‌رییه‌كانی ناكات. له كاتێكدا پرسیاری ئه‌وه له بانكسی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت، بۆ پاراستنی ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی كه بۆ سه‌ر شه‌قام دروستكراون، داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌م كه هیچ تابلۆیه‌ك له هیچ كه‌سێك نه‌كڕن ئه‌گه‌ر ئه‌و شته بۆ فرۆشتن دروست نه‌كرابێت له سه‌ره‌تادا، كه‌واته بۆ فرۆشتن نییه.