سازدەری گفتووگۆ: لویزا زیلینسکی
لە ژمارە ٢١١ی گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو، زستانی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
میشێل هانکە لە ساڵی ١٩٤٢ لە دایکێکی نەمسایی و باوکێکی ئەڵمانیی لەدایکبووە. تەمەنی هەرزەکاری لە وینەر نیوشتاد لە ژێر چاودێری پوری و داپیرەیدا بەسەربردووە پێش ئەوەی بەرەو ڤییەنا بڕوات بۆ خوێندنی سایکۆلۆژی و فەلسەفە و دراما. چەند ساڵێکی پێدەچێت تاوەکو یەکەم فیلمی درێژی خۆی دروست بکات. کیشوەری حەوتەم (١٩٨٩) باس لە ژیانی گەنجێک دەکات لە خێزانێکی دەوڵەمەنددا کە خەونییان ئەوەیە بەرەو نەمسا کۆچ بکەن. ئەو بینەرانەی ئاشنان بە کارەکانی هانکە دەزانن کە ئەم خەونە نایەتە دی. هەر بۆیە پارەکانیان دەخەنە ناو گونجی تەوالێتەکەیانەوە، لە پێشدا ماسییە ئاڵتوونییەکەیان دەکوژن و پاشانیش خۆیان.
فیلمەکانی سەرەتای هانکە، ڤیدیۆی بێنی (١٩٩٢) و (٧١ بەشی زنجیرەی دەرفەت) (١٩٩٤)، نەیانتوانی سەرنجی بینەری جیهان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. پاشان، لە ساڵی ٢٠٠١، فیلمی (مامۆستای پیانۆ) کە لە ڕۆمانێکی ئەلفرێد ژێلینێکەوە وەرگیرابوو، خەڵاتی گەورەی لە فێستیڤاڵی کان بەدەستهێنا و بەمەش فیلمەکە بەر بینەری جیهان کەوت. پاشان، لە ساڵی (٢٠٠٥) کاشێ_ی بڵاوکردەوە، دواتریش، فیلمی یارییە پێکەنیناوییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەمریکا دووبارە بەرهەمیهێنایەوە، کە هانکە لەم فیلمەدا باس لە خۆپەرستی و بێمتمانەیی لە ڕاستگۆیی ئینسان دەکات، هەمان فیلم بە گێڕانەوەیەکی نەمسایی لە ساڵی ١٩٩٧دا بڵاوببۆوە. بۆ هەردوو فیلمی قردێلەی سپی (٢٠٠٩) و عەشق (٢٠١٢)، خەڵاتی پاڵمێ دۆری لە کان بەدەستهێنا، فیلمی عەشق خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی لە ئەکادیمیای ئۆسکار بەدەستهێنا. لە پاڵ ئەو کارانەی لە سینەمادا کردوونی، هانکە کاری دەرهێنانی بۆ ئۆپێرا کردووە و لە وین فیلم ئەکادیمی وانە دەڵێتەوە.
بەشی زۆری ئەم گفتووگۆیە لەو ئەپاڕتمانە سازکراوە کە هانکە و هاوسەرەکەی تێیدا دەژیان. هاوسەرەکەی ناوی سوسییە و کاری کۆکردنەوەی کەلوپەلی ئەنتیک دەکات. لە ماوەی دە مانگدا، هانکە زۆر بە ئارامییەوە وەڵامی پرسیارە بەردەوامەکانمی دەدایەوە: لە ڕێگەی ئیمەیڵ، یان بە شێوەیەکی بەرفراوانتریش لە ڕێگەی تەلەفوونەوە. لە کاتی یەکتربینیندا، هانکە بە بێ هیچ کەم و کورتییەک میوانداریی دەکرد، هەرچەندە هەندێک کات کەمێک توند دەبوو. لە شەوی یەکەمدا بەڵێنی پەرداخێک شەرابی پێمدا و دواتر هەر خۆی ڕەتیکردەوە: "دەبێت کار بکەین!" هەرچەندە لە شەوی دووەمدا خۆم گەیاندە بتڵێکی مایەر لە جۆری ئەم پفارپلاز وینەر گێمیشتەر ساتز، پێکەوە بتڵەکەمان تەواو کرد.
بە شەرابەوە یان بە بێ شەراب، هانکە گفتووگۆکەرێکی حەماسییە، بە وریاییەوە نوکتەی دەکرد و قاقا پێدەکەنی. بە زمانێکی خاوی ڤیەننایی بۆرژوازیانە قسەیدەکرد، کە بۆ گوێیەکی پروشیی دەوڵەمەندانە و گران دەهاتە بەر گوێ، گفتوگۆکە پێویستی بە دووجار وەرگێڕان دەکرد—لە نەمساییەوە بۆ ئەڵمانی و پاشان بۆ ئینگلیزیی— کە هانکە بۆ خۆیشی ئەمەی کردبوو بە نوکتە.
سازدەری گفتووگۆ:
کاتێک گەنج بوویت، تۆ بڵێ کە هەرزەکار بوویت، هەرگیز وێنای ئەوەت ئەکرد ببیتە فیلمساز، یاخود سەرنجت لەسەر هونەرەکانی تر بوو؟
هانکە:
وەکو هەموو کەسێک لە کاتی ئازارە دەروونییەکانی ساتی باڵغبووندا، دەستمکرد بە نووسینی شیعر. لەڕاستیدا دەمویست واز لە خوێندن بهێنم و بۆ بوون بە ئەکتەر ڕاهێنان بکەم. من لە خێزانێکدا گەورەبووم هەموویان ئەکتەر بوون، دایکم خانمە ئەکتەر بوو و باوکیشم ئەکتەر و دەرهێنەر بوو. ڕۆژێک بڕیارمدا نەڕۆمەوە بۆ قوتابخانە و بەرەو وینەر نیوشتادتی ڤییەنا بڕۆم تا لە سیمینارێکی ماکس ڕێینهارد ئامادەبم. هەموو ئەوانەی لەوێ بوون دایکمیان دەناسی، منیش وا خۆم دەبینی کە بەهرەیەکی زۆرم هەیە و هەرگیز نەدەکرا کە وەرم نەگرن. بەڵام وەریاننەگرتم. زۆر تووڕەبووم و درکم بەوە کرد کە لە کۆتاییدا هەر دەبوو دیبلۆمی خوێندنەکەم بەدەستبهێنم. پاشان وەک خوێندکارێک، لە نووسیندا جدیتر بووم. بۆ ڕادیۆ و گۆڤارە جیاوازەکان وەک ڕەخنەگرێک کارم کرد، لەبارەی ئەدەب و فیلمەوە دەمنووسی هەرچەندە لەڕاستیدا شتێکی واشم نەدەزانی.
لە هەمان کاتدا، دەستمکرد بە نووسینی کورتە چیرۆک. کاتێک کوڕەکەم لەدایکبوو، دایک و باوکم بڕیاریاندا ئەو پارەیەی بۆیان دەناردم بیبڕن و ناچاربووم خۆم پارە پەیدا بکەم. هەوڵمدا لە دەزگای بڵاوکراوەکاندا بە دوای کاردا بگەڕێم و هەندێک لە چیرۆکەکانم نارد بۆ دەزگا بەناوبانگەکان. هەر زوو داوایان لێکردم زیاتر بنێرم. بەڵام ئەوەی من دەمویست ئەوەبوو کە وەک ئێدیتەرێک کاریان بۆ بکەم. بەڵام هیچ کارێکی وا بەردەست نەبوو. لەو کاتەدا بێتاقەت بووم، بەڵام هەروا دەستمکردەوە بە نوسینی خۆم.
سازدەری گفتووگۆ:
پاڵەوانە ئەدەبییەکانی تۆ کێ بوون؟
هانکە:
ناوی کوڕەکەم دەیڤدە. بۆچی؟ چونکە خودای ئەدەبیی من لەو ڕۆژگارەدا نوسەرێک بوو بە ناوی دەیڤد هێربێرت لۆورێنس—ئەم نوسەرەش لە وڵاتانی ئەڵمان زماندا تەواو نەناسراو بوو. پێموابوو بلیمەتێکی ڕاستەقینەیە، هەرشتێکیشی بنوسیایە هەڵمدەلوشی. دەوروبەری ئەو کاتەی کوڕەکەم لەدایکبوو، دەستمکرد بە نوسینی ڕۆمانێک. لەم ماوەیەی پێشوودا دەستنووسی ڕۆمانەکە کەوتە بەردەستم کە لە جانتایەکی کۆنی هەورەبانی خانووەکەی دەرەوەی شارمان هەڵگیرابوو. چەند هەفتەیەک پێش ئێستا دیسانەوە ڕۆمانەکەم خوێندەوە چونکە ڕووداوەکانیم بیرنەمابوو. بەدڵنیاییەوە بیرمبوو کە ڕۆمانێکم نوسیووە چونکە کاتی خۆی هەلم بۆ ڕەخسا بەشێک لە ڕۆمانەکە لە هۆڵێکی بچکۆلەی ڤییەنادا بخوێنمەوە. ئەو چالاکییە گرنگییەکی گەورەی هەبوو بۆ ژیانی من، تەنانەت دایک و باوکیشم ئامادەبوون. بەهەرحاڵ، کاتێک جارێکی تر بەسەر خوێندنەوەی دەستنووسەکەمدا چوومەوە سەرسام بووم پێی چونکە لەڕاستیدا نوسینێکی یەکجار ئەوەندە خراپ نەبوو! ڕۆمانێک بوو لە ژێر کاریگەری خوێندنەوەی لۆورێنسەوە سەرچاوەی گرتبوو. تەواو هەستیارە، تەنانەت شەهوانییشە، وام هەستکرد کە تەنانەت منیش نەمنووسیبێت.
سازدەری گفتووگۆ:
ماوەیەکی زۆری ویست تاوەکو یەکەم فیلمی درێژی خۆت دروست بکەیت، تەمەنت چل و شەش ساڵ بوو. چۆن فێری ئەو پیشەیە بوویت؟
هانکە:
کاتێک لاو بووم، سێ جار لە هەفتەیەکدا دەچووم بۆ سینەما. ئەو کاتانە تەواو بینەرێکی باشی فیلم بووم، تەواو پێچەوانەی ئەمڕۆژانە. هەموو ئەوانەی لەبارەی سینەماوە دەیزانم لەو ساڵانەدا فێریان بووم، لە تەماشاکردنی وردی فیلمەوە. زۆرجار بە خوێندکارەکانم دەڵێم کە ئەوان نازانن چەندێک بەختییان هەیە. لەمڕۆژانەدا، دەتوانیت دیڤیدییەک بکڕیت و دیمەن بە دیمەن تەماشای فیلمەکە بکەیت. کاتی لاویی من ئەم هەلانە بەردەست نەبوون. ئەگەر شتێک هەبووایە لێی تێنەگەیت یاخود هەندێک لە دیمەنەکان ڕوون نەبوونایە، دەبوو دە جار بچوویتایەتەوە بۆ سینەما. لەمڕۆژانەدا، دەتوانیت سەرنجی هەموو بەشێکی فیلمەکە بدەیت کاتێک لە ماڵەکەی خۆتدا پشوو دەدەیت. بە هەر حاڵ، کاتێک گەنج بووم، من ئالوودەی سینەما بووم.
لە وێستگەی تەلەفزیۆنی بەیدن بەیدن دەستمکرد بە کارکردن پاش ئەوەی دەزگای بڵاوکەرەوەکە وەریان نەگرتم. ئەم وێستگەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە دوای یەکێکدا دەگەڕان کاری دراماتۆرگییان بۆ بکات و دواتر منییان دامەزراند، چونکە تا ئەو کاتە کەسی گونجاویان بۆ ئەو جێگەیە دانەمەزراندبوو. چووم تاوەکو ببمە گەنجترین ئەڵمان زمان کە لە تەلەفزیۆنێکدا کاری دراماتۆرگی بکات. ئەمەش سەرەتای حەزکردنم بوو بە کاری پیشەییانە لە فیلمدا. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، هەموو شتێک کە پێویست بوو دەربارەی نوسینی سیناریۆ بیزانم، فێریبووم. ئەوەی لە سەروو هەموو شتێکەوە فێری نوسینی سیناریۆی کردم، خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ بوو. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو سێ ساڵەی لەوێ کارم کرد، هەموو ڕۆژێک ڕیزێک دەستنووسی نەخوازراو چاوەڕێی من بوون. خراپەکان ئەوانەبوون کە هەموو زانیارییەکیان تیابوو. لە خوێندنەوەی سیناریۆی خراپدا، سەرەتا درک بەوە دەکەیت کە شتێک لە جێی خۆی نییە، پاشان لە خۆت دەپرسیت دەکرێت ئەو شتە چی بێت کە وا لەم سیناریۆیە دەکات خراپ بێت؟ خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ فێڵە گەورەکانت لێ ئاشکرا دەکەن. بەڵام سیناریۆ باشەکان هێندە سەرسامت دەکەن کە بیرت بچێتەوە کەشفی ئەوە بکەیت بۆچی ئەم نوسینانە باشن. ئەگەر ئەمڕۆ پێم بڵێن کە سیناریۆکانم پیشەییانەن، بە گشتی لەبەر کارکردنی ئەو ڕۆژانەمە کە زۆر شتیان فێرکردم، هەرچەندە هیچ خۆشحاڵییەکیان نەدامێ. لەڕاستیدا زۆر تاقەتپڕوکێنە کە تەواوی ڕۆژەکەت هەڵدانەوەی شتی بێنرخ بێت.
کاری دەرهێنانیش یەکێکی ترە لەو توانایانەی لە ڕۆژانی کارکردنم لە بەیدن بەیدن فێری بووم. یەکەمین جار کە پێم خستە ناو کارەکە لە هۆڵێکی شارۆچکەکەدا بوو، ئەو کات پەیوەندیم لەگەڵ خانمە ئەکتەرێکدا هەبوو کە لەوێ کاری دەکرد. ئەگەر بیرتبێت بەیدن بەیدن شارێکی ئارام و دوورەدەست بوو. ئەکتەرەکان کەسانی ئاسایی بوون، زۆری دەویست تا بتوانم وایان لێبکەم بە تۆنێکی ڕاست دەربڕین بکەن. دەرهێنان و کارکردن لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندی بە ئەزموونەوە هەیە و من لەو شارۆچکە دوورەدەستەدا بە ڕێگە قورسەکەیدا تێپەڕیم. پێموایە لە ئەمریکاش خوێندنگە هەیە کە وانەی نوسین و دەرهێنان دەڵێنەوە، بە هەزاران کتێب لەسەر ئەم بابەتە بەردەستن. بەڵام خوێندنەوە بەس نییە، نوسین فێری نوسینت دەکات، دەرهێنان فێری دەرهێنانت دەکات. کتێبی باش فێرت ناکەن چۆن بنوسیت و کاری دەرهێنان بکەیت. هەڵە لێم تێ مەگەن، کتێبی چاک بەسوودن، بەڵام هەموو هونەرێک ئەزموونکردنی دەوێت.