کاوە جەلال
هونەر لە فراوانترین واتادا چالاکییەکی مرۆڤ دەگەیەنێت کە بەرهەمێک دەهێنێتە بوون. ئەم چالاکییە هونەرییە بە کوردی بە "وەستایەتی" ناو دەنرێت. ئێمە دەتوانین لە نووسینەکانی ئەفڵاتون و ئەڕیستۆوە دیدی یۆنانییەکان بۆ هونەر بخوێنینەوە. ئەوان لە "تێشنێ"، واتا لە هونەری پاپۆڕسازی، پزیشکی، جەنگ، بیناسازی و ئیتر دەدوێن، کەواتە مەبەستی ئەوان وەستایەتییە بۆ دروستکردنی شتێک یان کردنی پیشەیەکی وەک پزیشکی بە شێوەیەکی هونەری. وشە ئەڵمانییەکەی هونەر (Kunst) لە توانستەوە (Können) وەرگیراوە و واتاکەی بریتییە لە: توانست بۆ سەروەربوون بەسەر کارێکدا.
گەر لە واتایەکی تەسکدا لە تێگەی هونەر بڕوانین، ئەوا دەبێت تێگەی وەستایەتیی یان توانست پتر روونبکەینەوە، چونکە کێشەکە لەم پەیوەندیەدا دروستکردنی بابەتە زەرووریەکانی ژیان نییە، وەک خانوو، پێڵاو، پۆشاک و هتد، بەڵکو دروستکردنی بابەتگەلی ئەوتۆیە کە کاریگەرییەکی خۆیی (واتا: ئێستێتیکی) دەنوێنن یان گەرەکە بینوێنن. هونەر لەم حاڵەتەدا ناچێتە خزمەتی مەبەستێکی دەرەکییەوە، بەڵکو مەبەستەکەی لەنێو خۆیدایە، بەواتایەکی دی، ئەو خۆی مەبەستە.
لێ ئەم دیاریکردنە درشتەی سەرەوە تەنیا تا رادەیەک لە تێگەی هونەر نزیکمان دەخاتەوە. بۆ تێگەیشتنی وردتر لە هونەر پێویستە پاڵهێزی ئەم چالاکییە خۆمەبەستە بەدیار بخەین. لە زۆرینەی ئێستێتیکەکاندا دەتوانین بخوێنینەوە کە هونەر چالاکییەکی ئافرێنەرانەی مرۆڤە و ڕەمەکیانە سەرهەڵدەدات. هونەر گرنگترین دەستوێژە بۆ خۆدەربڕین. بە هەر حاڵ، هونەر شتێکی ڕیالە، کەواتە بوونێکی سەربەخۆی لە هونەرمەند هەیە.
مۆرکی سەرەکیی کاری هونەریی، لە بەراورد بە بابەتە زەرووریەکانی ژیان، ئەوەیە کە دەبێت "جوان" بێت، جوانیش ئەوەیە کە مرۆڤ هۆشسام دەکات، کەواتە ئەو کارە رۆژانەیی نییە یان جیاوازە لە شتە ئاساییەکانی ژیان. جگە لەمە کاتێک لە پیشەی دەستییدا کەرەسەی دەرەکی (خشت و گەچ) وەردەگیرێت و بەڕێیەوە بابەتێک (خانوویەک) دروست دەکرێت، واتا بەدیدەهێنرێت، ئەوا لە حاڵەتی کاری هونەریدا بەدیهێنانمان نییە، بەڵکو "دانەوە"مان هەیە، لێ ئەوە کە هونەرمەند دەیداتەوە، بەرهەم نییە، بەڵکو "ناوەرۆک"ی داڕشتنە، کە وەک خانوو نییە و لە شتێکەوە دروستبکرێت، بەڵکو "لەنێو شتێکدا" دیاردەهێنرێت، کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە "لە چییەوە" ئیشێکی هونەری دروست بکرێت، بەڵکو ئەوەیە کە "لە چیدا"، واتا لە چ مێدیەمێکدا، ئەو ناوەرۆکە دەدرێتەوە.
بێگومان ئەوە فۆرمە کە لە هونەردا هۆشسامی دەخاتەوە نەک ناوەرۆک. بە تێڕوانینی فریدریش شیلەر نابێت لە کارێکی هونەریی جواندا ناوەرۆک هیچ رۆڵێک، لێ دەبێت فۆرم هەموو رۆڵێک بگێڕێت. ئاخر، وەک شیلەر دەبێژێت، تەنیا بەڕێی فۆڕمەوە کاردەکرێتە سەر سەرجەمێتیی مرۆڤ، بە پێچەوانەوە ناوەرۆک تەنیا کاریگەری لەسەر تاکە هێزی مرۆڤ دەنوێنێت. ناوەرۆک، جا چەند مەزن و هەمەلایەنی بێت، هەردەم بە شێوەیەکی سنووردار کاردەکاتە سەر هۆش، لێ مرۆڤ تەنیا لە فۆرم دەتوانێت چاوەڕوانی گەیشتن بە ئازادیی ڕاستەقینەی ئێستێتیکی بکات.
هونەر پێش هەموو شتێک لە خزمەتی هونەرمەنددایە، ئاخر ئەوە هونەرمەندە کە بە خۆدەربڕینی ئافرێنەرانە بە ئازادی دەگات: ئەو لە ئافراندندا شوێن ڕەمەکێکی ناخەکی دەکەوێت، ئەم ڕەمەکە بە موئانات کاری تێکراوە، پاشان ئەو بە کارە هونەرییەکەی ساتار دەبێت و بە باڵاترین فۆرمی ئازادی دەگات. بەدووی ئەمەدا، وەک ساتاربوونی لاوەکی، ناساندنی (ئیئترافی) کارەکەی لە لایەن کەسانی دییەوە واتا وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە ئەوان ڕەچاوی هونەرەکەی دەکەن، یان سەرسامیی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، یان دەیکڕن. بێگومان لەبەر ئەوەی هونەر توانای ڕوونکردنەوەی هەیە و پێی دەکرێت قووڵترین پرسە موئاناتاوییەکانی مرۆڤ دەرببڕێت، ئەوا هونەر لە خزمەتی کۆمەڵگەشدایە. هونەر دەتوانێت مرۆڤ پێبگەیەنێت، دەتوانێت لای وەرگر (رێسیپیەنت) هەڵوێستی ڕەخنەیی بێداربکاتەوە.
کارە هونەرییەکان بەگوێرەی هێز و بەردەوامیی کاریگەرییە ئێستێتیکییەکەیان دەنرخێنرێن، واتا چۆنێتیی نزم یان بەرزیان پێدەدرێت. ئەوە جوانیی و ڕەسەنێتیی و یەکجارەکێتییە کە دیاریکەری تەمەنی هونەرەکانە، بە پێچەوانەوە ناوەڕۆکگەلی کۆکراوە و بەپاڵ یەکەوە دانراو، کارێکە کە بێگومان ئاماژە بۆ خواستی خۆدەربڕین دەدات، لێ تێیدا هاوکات نەبوونی توانای فۆڕماندن، کەواتە ناهونەرمەندێتی، دەردەکەوێت. یان با ئەمە بە زمانی ئەریستۆییانە دەرببڕین: ئەو کارە نیشانەیە بۆ لاوازیی زەین، لێرەشدا کەسی بابەت خەرەوە جارێ "تێگەی گشتێتی"، واتا تێگەی فۆڕمی نییە. لەم ڕوانگەیەوە کەس هەوڵ دەدات هەستی هەژاو، بەبێ پێگەیشتنی زەینیی بکات بە هونەر، لێ ئەوە کە ئەو دەیخاتەوە هونەر نییە، چونکە فۆڕماندن هەمیشە لەنێو پێکەوە کارابوونی زەین و هەستدا ڕوودەدات.
ئێمە بەم شێوەیە لە حاڵەتی کاریگەریی هونەردا دەکەوینە بەردەم پرسیاری نرخاندنی هونەر، واتا لێرەدا لای وەرگری هونەرین. لێ زەحمەتە بتوانین لەم پەیوەندییەدا بە پێوەرێکی ئۆبژێکتیڤی بگەین. هونەر، جا شێوەسازی، موزیک، هۆنراوە یان شانۆ بێت، بۆ هەندێک کەس جوانە گەر ڕوو لە هەست بکات، بۆ هەندێکی دی جوانە گەر ڕوو لە زەین بکات. ئاشکرایە مرۆڤێکی سادە هیچ لە هونەری ئەبستراکت حاڵی نابێت. جگە لەمە کەسانی هۆشئاوەڵا و هەستمەند هەن و هونەرێک بە جوان دادەنێن کە هاوکات ڕوو لە زەین و هەست دەکات. گۆتە دەبێژێت: ئەوە کە جوانە، گەرەکە شارەزا بینرخێنێت، لێ ئەوە کە ڕازێنراوەتەوە، تەنیا بۆ ئاپورە دەئاخڤێت.
لێ پرسیاری زۆرتر لە بەردەمماندا زین دەبنەوە: ئایا لاساییکردنەوەی هونەری گەلانی دی هونەرە؟ ئاخر ئاشکرایە کە لاسایی لە ڕەمەکی سپۆنتانی مرۆڤەوە هەڵنەقوڵاوە، بەڵکو پێشنموونەیەکی هەیە و کەسی لاسایکەرەوە، بۆ نموونە گۆرانیبێژ، لە جیهانەکەی خۆیدا کۆپیی دەکات.
جگە لەمە لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوینە بەردەم پرسیاری چۆنێتیی هونەر. ئایا هونەر لەم جۆرە سەردەمانەدا پێی دەکرێت بەختیاری یان هەستی شادی دابڕێژێت؟ لە بنەڕەتدا هۆنینەوەی هەستی شادی لەم سەردەمانەدا نێشانەی ناڕاستگۆییە، هەر بۆیە بەهۆی ناڕاستگۆییەوە دەبێت بە کیچ، بەڵێ تەنانەت فۆلکلۆر (بۆ نموونە شایی) دەبێت بە دیاردەیەکی ناجوان، چونکە ئەو کەسە کە لەنێویدا دەست دەگرێت، لە ناخەوە نامۆیە بە ڕیتمە کرۆکییەکانی هەر شاییەک، بۆیە خوازیارانی فۆلکلۆر وەک کەسانی سادە و چێژشێواو هانا بۆ سادەترین جۆری شایی دەبەن کە "شایی چەپی"یە. پێدەچێت لە سەردەمە داڕزاوەکاندا تەنیا ڕشانەوە گوزراشت لە دۆخی مرۆڤ و بێڕیشەبوونی بەها کۆمەڵایەتییەکان بکات. بەم شێوەیە هونەر لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوێتە بەردەم ئەرکی ئاڵۆز، تەنانەت خۆیشی ئاڵۆز دەبێت. بە دیدی ئادۆرنۆ نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێ بدرێت کە هونەر کۆمەڵایەتییانە بەکاربهێنرێت و نامۆ بکرێت، بە پێچەوانەوە هونەر دەبێت دڕکێک بێت لە چاوی جیهانێکدا کە پەچە بە ڕووی خۆیدا هەڵدەواسێت. لە بنەڕەتدا ئەم پەچەیەی داکەوتی کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند بەری دەکەوێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ناتوانێت هیچ ئیجرایەک بەرانبەری بنوێنێت، ئیدی تووشی موئانات دەبێت. هونەر وەک شتێکی زیادە، وەک ئۆتۆنۆم پێویستە هەڵوێستی دژبەری خۆی بەرانبەر کۆمەڵگە بپارێزێت، چونکە تەنیا بەم شێوەیە بۆی دەلوێت پەیوەندییە ڕیاڵەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.
Adorno, Theodor W.: Gesammelte Schriften. Band 7: Ästhetische Theorie. 6. Auflage. Frankfurt am Main 1996.
Kuhr, Rudolf. Was ist Kunst. http://www.humanistische-aktion.homepage.t-online.de/kunst.htm
Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen