لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر
سازدەری گفتوگۆ:
كاتێک خوێندكاری زانكۆ بوویت، ئەوەندەی ئاگادار بیت هیچ شاعیرێکی بەتەمەنتر هەبوو کە ئامادەییەکی باڵادەستی هەبێت؟ لەمڕۆدا شاعیرە گەنجەکان هاوسەردەمی شاعیرانی وەک ئیڵیەت و پاوند و ستیڤنس دەنووسن. دەتوانیت هەستی خۆتت دەربارەی سات و ڕووداوە ئەدەبیەکان وەبیر بێتەوە؟ دەمەوێت بزانم گەر هەلومەرجی ئەو كاتی تۆش زۆر جیاواز نەبووبێت.
ئیلیەت:
پێموایە ئەوە زیاتر ئەرێنی و سوودبەخش بوو كە هیچ شاعیرێکی زیندوو لە ئەمریكا و بەریتانیادا نەبوو کە خەڵکی بایەخێکی تایبەتیان پێبدات. نازانم گەر وابوایە دۆخەکە چۆن دەکەوتەوە، بەڵام پێموایە هەبوونی کۆمەڵێک شاعیری باڵادەست، وەک ئەوەی خۆت وا ناویان دەبەیت، زیاتر وەک بیربڵاوییەکی کێشەساز دەکەوتەوە. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە تووشی ئەو سەرئێشەی یەکتربێزارکردنە نەبووین.
سازدەری گفتوگۆ:
هیچ ئاگات لە کەسانی وەکو هاردی و ڕۆبنسن هەبوو؟
ئیلیەت:
کەمێک ئاگاداری ڕۆبنسن بووم، بەوپێیەی وتارێكم لە (گۆڤاری مانگانەی ئەتڵەنتیك) دەربارەی خوێندەوە كە تێیدا چەند پارچەیەک لە شیعرەکانی بڵاوكرابۆوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ زەوقی مندا نەدەهاتەوە. هاردی هیچ ناوبانگێكی وەك شاعیر لەو سەردەمەدا نەبوو. كەسانێك هەبوون ڕۆمانەكانی ئەویان دەخوێندەوە، بەڵام شیعرەکانی تەنها بۆ نەوەی دواتر بەناوبانگ بوون. پاشان ولیام یتس دەرکەوت، بەڵام یتس ئەو كات سەرەتای بوو. لەوە زیاتر بەرگەی کتێبە شیعری (زەردەپەڕی سکۆتلەندی) م نەدەگرت. لە ڕاستیدا هیچ شتێكی تێدا نەبوو جگە لەو خەڵکانەی ساڵانی ١٨٩٠ ەکان کە هەموویان بەهۆی خواردنەوەی مەی، خۆكوشتن، ئەم یان ئەو شتی ترەوە مردبوون.
سازدەری گفتوگۆ:
ئایا تۆ و كۆنارد ئایكن لە شیعرنووسیندا یارمەتی یەکتریتان دەدا كاتێك لە گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆكەیت) پێكەوە سەرنووسەر بوون؟
ئیلیەت:
ئێمە هاوڕێ بووین، بەڵام باوەڕم وا نییە كە کاریگەریمان لەسەر یەكدی هەبووبێت. كاتێك باس دەهاتە سەر نووسەرانی بیانی، ئەو زیاتر مەیلی بەلای نووسەرانی ئیتاڵی و ئیسپانیدا دەچوو، منیش تەنها مەیلم لای نووسەرە فەڕەنسییەکان بوو.
سازدەری گفتوگۆ:
ئایا هیچ هاوڕێیەکی تر هەبوو شیعرەكانت بخوێنێتەوە و یارمەتیت بدات؟
ئیلیەت:
لەڕاستیدا، بەڵێ. پیاوێك هەبوو كە هاوڕێی براكەم بوو، ناوی تۆماس ئێچ تۆماس بوو و لە کامبریج دەژیا و هەندێک لە شیعرەکانمی لە گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆکەیت) خوێندبۆوە. نامەیەکی پڕ جۆشوخرۆشی بۆ نووسیم و زۆر دڵخۆشی کردم. بریا هێشتا ئەو نامانەم مابان. زۆر سووپاسگوزاری هاندانەکانی ئەو بووم.
سازدەری گفتوگۆ:
پێموایە ئەوە كۆنراد ئایكن بوو کە تۆ و کارەکانتی بە ئێزرا پاوند ناساند؟
ئیلیەت:
بەڵێ وا بوو. ئایکن هاوڕێیەكی زۆر بەخشندە بوو. هاوینێکیان کە لە خوێندن تەواو بوو، هەوڵیدا هەندێ لە شیعرەکانم لەگەڵ ئەوانەی هارلۆد مۆنرۆ و هەندێکی دیدا لە لەندەن بڵاو بکاتەوە. هیچ كەس نەیدەویست شیعرەکانم بڵاوبکاتەوە. لەگەڵ دەستیدا شیعرەکانی بۆ هێنامەوە. پاشان پێموابێت هاوینی ساڵی ١٩١٤بوو کە هەردووكمان لە لەندەن بووین. كۆنراد پێی گوتم، "بچۆرە لای پاوند. شیعرەکانتی نیشان بدە." پێیوابوو ڕەنگە پاوند لای پەسەند بن. ئایكن لای پەسەند بوو، هەرچەندە زۆر لە شیعرەکانی ئەو جیاواز بوون.
سازدەری گفتوگۆ:
ئایا وردەکاری یەكەم دیدارت لەگەڵ پاوند دێتەوە یاد؟
ئیلیەت:
پێموابێت یەکەمجار من سەرم لێدا. لەو باوەڕەدام لەو ژووری دانیشتنە سێگۆشەییەی کینگستن، کاریگەرییەکی باشم جێهێشتبێت. گوتی، "شیعرەکانتم بۆ بنێرە." لە وەڵامدا نوسیبووی، "ئەمانە هێندەی ئەو شیعرە باشانەی تا ئێستا بینیومن باشن. سەردانێكم بكە و با گفتوگۆیان لەبارەوە بكەین." پاشان شیعرەکانمی بۆ هارێت مۆنرو نارد و زۆری لێکردن بڵاویان بكەنەوە، ئەوەش كەمێك كاتی ویست.
سازدەری گفتوگۆ:
لە وتارێكی ئایکندا دەربارەی بەسەربردنی ڕۆژەکانت لە گۆڤاری (ئەدڤۆكەیت)، وتارێکی تایبەت بۆ ئەو كتێبەی لە ڕێزلێنانی یادی شەستساڵەی لەدایکبوونت ئامادە کرابوو، ئایكن لە نامەیەکی تۆدا کە لە ئینگلتەراوە ناردووتە دێڕێک دەخاتە ڕوو کە تێیدا وەک "تا ئاستێکی جێی بەزەیی کرچوکاڵ" ئاماژە بە شیعرەکانی پاوەند دەدەیت. بۆ من جێی پرسیارە کە کەی بیروبۆچوونتان لەو بارەیەوە گۆڕی؟
ئیلیەت:
ئەها! كەمێك ڕوودارانە بوو، وانییە؟ یەکەمجار سەرنووسەرێکی گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆکەیت) بە ناوی دەبڵیو. جی تینکۆم-فێرناندێز شیعرەکانیی ئێزرا پاوندی پیشاندام، ئەو هاوڕێیەکی گیانیبەگیانی من و كۆنڕاد ئایكن و شاعیرانی تری ئەو قۆناغە بوو. دوو دەفتەرەشیعری بچووکی ئیزراپاوندی نیشاندام بە ناوەکانی (شادی) و (ڕووبەند) کە لەلایەن ئێلکین ماسیوسەوە بڵاوکرابوویەوە گوتی، "ئەمە بە دڵی تۆیە؛دەبێ بەدڵت بێت." لەڕاستیدا, هیچ بەدڵم نەبوو. وەک شتگەلێکی خەیاڵی و كۆن و ڕۆمانسی دەهاتنە پێش چاوم، شتێکی نهێنیئامێز بوو. من هیچ پێیان سەرسام نەبووم. کاتێک چووم پاوند ببینم، من هیچ سەرسام نەبووم بە کارەکانی، بەڵام ئێستا ئەو كارانەی ئەو كاتە بینیمن بە دەستکەوتێکی گەورە دەبینم، دڵنیاشم كارەكانی دواتری نوسینی زۆر باشتریان تێدایە.
سازدەری گفتوگۆ:
لە چاپكراوێکتدا ئەوەت خستۆتە ڕوو كە پاوند "وێرانە خاک"ی لە شیعرێكی دوورودرێژەوە کورت کردۆتەوە بۆ ئەو شیعرەی ئێستا بەردەستە. تۆ بە شێوەیەكی گشتی سوودت لە ڕەخنەكانی وەرگرتووە دەربارەی شیعرەکانت؟ هیچ شیعرێکی تری تۆی كورت كردۆتەوە؟
ئیلیەت:
بەڵێ. لەو قۆناغەدا، بەڵێ. ئەو ڕەخنەگرێکی بێهاوتا بوو، چونكە هەوڵی نەئەدا بتکاتە کەسێک لاسایی ئەو بکەیتەوە، بەڵكو دەیویست بزانێت تۆ دەتەوێت چی بکەیت.
سازدەری گفتوگۆ:
ئایا هاوکاربوویت لە نووسینەوەی شیعری هاوڕێ شاعیرەکانتدا؟ بۆنمونە شیعری یەكێكی وەك ئێزرا پاوند؟
ئیلیەت:
هیچ نموونەیەکی وام لە خەیاڵدا نییە. بەدڵنیاییەوە، لە بیستوپێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر پێشنیارم لەسەر دەستنووسی شاعیرە گەنجەكانی ئەوسەردەمە کردووە.