لە زاری عەباس كیارۆستەمی‌‌ خۆیەوە

26/04/2020    20:39

لە زاری عەباس كیارۆستەمی‌‌ خۆیەوە 


Cînema


لە فارسییەوە: ئارام ڕەشید

لەدایكبوون و نەشونمای‌ سەرەتا

من لە ساڵی‌ ١٩٤٠ لە شاری‌ تاران لەدایكبووم. باوكم شێوەكار و دیزاینی ناو ماڵی دەکرد، كە لەژێر فشار و كۆت و بەندەكانی‌ خەزووری‌ هەڵهات و لە (ئیختیاریە) خانوویەكی‌ دروستكرد. كە ڕۆیشتین بۆ ئەوێ چل ڕۆژ تەمەنم بوو. دوو ساڵ لەناو خانوویەكدا ژیاین كە زستانان بەتانیمان ئەدا بە دەرگاكانیدا و لە دوورەوە تەنیا خانووەكەی‌ ئێمە دەبینرا و چواردەوریشی مەزرا بوو. خانوویەك بوو بە سەقفێكی‌ قرمیتداری‌ سوورەوە، كە جگە لە گەنم هیچ شتێك لە چواردەوری‌ نەبوو. ژیانێكی‌ سەختمان هەبوو. دایكم هەر خەریكی‌ پینەكردنی‌ گۆرەوەییەكانمان بوو. 

یەكەمین ژینگەی‌ كۆمەڵایەتی‌ ژیانی‌ من، قۆناغی‌ قوتابخانەی‌ بەهرام

من چوونە بەر خوێندنم لە جێگەیەکەوە دەستپێكرد بەناوی‌ (قووتابخانەی‌ بەهرام)، كە پێیاندەگوت (زانكۆی‌ بەهرام!). بەڕاستی‌ ئەم قوتابخانەیە سەیروسەمەرە بوو. ئەوكاتانە ئێمە لە ئیختیاریە دەژیاین، كە چۆڵەوانیی‌ بوو، قووتابخانەشی‌ تێدا نەبوو. خەڵك خانوویان دروستكردبوو و منداڵەكانیش گەورە بووبوون. لە بەختی من ساڵێك پێش ئەوەی‌ بڕۆمە قوتابخانە، لەوێ ئەو قوتابخانەیە دروستكرا و دواتر منیش چووم بۆ ئەوێ. هاوپۆلەكەم كاری‌ بنكەشیی‌ خشتی‌ دەكرد، ناوی‌ (ئەسەدوڵا عەباس بەصیری‌) بوو، ئەو تەمەنی‌ حەڤدە ساڵێک دەبوو، منیش شەش ساڵ! لەبەرئەوەی‌ لەو سەردەمەدا تۆماركردنی‌ قوتابی‌ لەسەر بنەمای‌ تەمەن نەبوو، ئەمە شتێكی‌ ئاسایی‌ بوو.

بەڕێز (خەیری‌) كە بەفرگری‌ سروشتی‌ هەبوو، بینایەكی‌ گەورەی‌ دابینكرد بۆ ئەو كەسانەی‌ كە ناوی‌ خۆیان بۆ خوێندن تۆمار دەكرد، خاوەنی‌ ئەو بینایە هەركات بیویستایە دەیتوانی‌ قوتابخانەكە دابخات چونکە بیناكە موڵكی‌ ئەو بوو. ئێمەیان وەكو كرێكار دەبرد بۆئەوێ بۆئەوەی‌ سەهۆڵ بشكێنین. پێموایە هەر فیلمێک دروست دەكەم پەیوەستە بە ژیانی ئەو سەردەمەمەوە، ژیانی 30 ساڵ پێش ئێستام. من ئیدی‌ شتێكم بۆ دروستكردن نییە. وەكو ئەوە وایە هاردەكەم پڕ بووبێت و نەمتوانیبێت لە ١٠%ی‌ بهێنمە دەرەوە، هەربۆیە ئیدی‌ ڕووداوی‌ نوێی‌ تێدا خەزن نابێت! فیلمی‌ (موسافیر) دەربارەی‌ قووتابییەكە كە ناڕوات بۆ قووتابخانە. شەش ساڵ لە (زانكۆی‌ بەهرام!) بووم و قەرار بوو پۆلی‌ حەوتیش بكەنەوە. بەم بارودۆخەوە هەرئەوەی‌ كە فێری‌ ئەلف و بێ بووم، شتێكی‌ لە موعجیزە گەڕاوەتەوە.

چوونە ناو بواری‌ هونەریی‌، خوێندنگەی‌ جەم قەلهەك

كاتێك پۆلی‌ حەوتم تەواو كرد بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە دواناوەندی‌ جەم قەلهەك، لەبەرئەوەی‌ قووتابخانەی‌ بەهرام تاوەكو پۆلی‌ حەوتی‌ تێدا بوو. لە خوێندنگەی‌ جەم بەر چینێكی‌ نیوە دەوڵەمەند كەوتم، كە هیچ لێكچوونێكیان لەگەڵ ئێمەدا نەبوو، هەمووان لە تەمەنێكدا بوون و هەندێكیان شۆفێر دەیهێنان بۆ خوێندنگە. ئێستا بیری‌ لێبكەنەوە كەسێك بەو تایبەتمەندی‌ و زانیاری‌ و هاوپۆلانەوە لەناكاو بچێتە خوێندنگەی‌ جەم قەلهەك... هەر بەڕاستی‌ سەرم لێشێوابوو. دوورەپەرێزیی‌ من لە ترسەوە سەرچاوەی‌ گرتبوو. لە سووچێكی‌ دیوارەكە ڕادەوەستام و دەمبینی‌ ئەم خوێندكارانە هیچ لێكچوونێكیان لەگەڵ هاوپۆلەكانی‌ پێشووم نییە.

(ئایدین ئاغداشلو) یەكێك بوو لە خوێندكارانی‌ ئەو خوێندنگەیە کە هەر لە ڕۆژەكانی‌ سەرەتادا سەرنجم چووە سەری‌. سەرمەشقی‌ ئەو كۆمەڵگە بچوكەی‌ ئێمە بوو. ئێمە سۆراغی‌ هەموو شتێكمان لەودا دەكرد و لەودا دەمانبینی‌. كۆمەڵگەیەكی‌ چەند جەمسەریی كە پێكهاتبوو لە چینی‌ زۆر جیاواز، لە گوندییەكانی‌ قەلهەكەوە بگرە تا دەگاتە ئەوانەی‌ قەلهەكیان وەكو هاوینەهەوار بەكاردەهێنا و بەشێك بوون لە چینی‌ ئەشرافەكان و منداڵە بەنازەكانیان بە ئۆتۆمبێلی‌ تایبەت دەهێنا بۆ خوێندنگە و بە زۆری‌ پارە دەردەچێندران.

بەڵام گۆڕانكاریی‌ گەورەی ژیانم كاتێك بوو كە لە پۆلی‌ هەشت بووم و ئایدین ئاغداشلو تووشی‌ ئەنفلۆنزا بوو و ساڵێكی‌ ڕەبەق بە تەواوەتی‌ ئیفلیج بوو، بۆیە ئەو ساڵە نەهاتەوە بۆ خوێندنگە. منیش ئەو ساڵە لە پۆلی‌ هەشتدا دەرنەچووم. ساڵی‌ دواتر كاتێك ئایدین ئاغداشلو گەڕایەوە، ئەو ئایدینە نەبوو كە من ساڵی‌ یەكەم بینیم. بە تەواوەتی‌ گۆڕابوو، كتوپڕ بووبوو بە كەسێكی‌ تر. ساڵێكی‌ تەواو ڕاكشابوو و كتێبی‌ خوێندبووەوە. لە بیرمە بەهۆی‌ كتێبەوە لەو نزیك بوومەوە و پرسیارم لێدەكرد چ كتێبێكی‌ خوێندووەتەوە. لیستی‌ پێدام كە وابزانم تا ئێستاش هەمە. لە یادمە یەكێك لە كتێبەكان (وەزارەتی‌ ترس) بوو، هەروەها كتێبەكانی‌ (یوژین ئۆنێل). ئایدین تەنیا كەس بوو كە لە تافی‌ لاویدا بەو كتێبانەی‌ پێیدام كاریگەریی‌ لەسەر دروستکردم.

كتێبەكانی‌ ئەو قۆناغە كاریگەرییەكی‌ زۆریان لەسەرم دانا، ئێستا هیچ كەسێك یان هیچ كتێب و فیلمێك ئەو كاریگەرییەی‌ نییە. بۆ نموونە، یەكێك لەو كتێبانەی‌ كە تا ئێستاش خۆشمدەوێ (بە خودای‌ نەناسراو)ی‌ (جۆن شتاینبێك)ە. ئەم كتێبە لە یادەوەرییمدا ماوەتەوە و لەناو تابلۆ و فیلمەكانمدا بوونی هەیە. چیرۆكەكە دەربارەی كەسێك بوو كە دەڕوات بۆ بیابانێكی‌ بەیار و هەوڵدەدات بە تەنیا ئاوەدانییەك دروست بكات، بەڵام وشكەساڵیی بەسەردا دێت. ئەم كەسە لەگەڵ ژنەكەی‌ و سەگەكەی‌ دەژی‌، بەڵام كاتێك ئیدی‌ باران نابارێت بە تفەنگ خۆی‌ دەكوژێ. لە كۆتایی‌ كتێبەكەدا دەنگی‌ فیشەك و هەورەگرمە ئاوێتە دەبن و بارانەكە خوێنەكەی‌ دەشواتەوە و جۆگەلە دەبەستێ. ئەم وێنەیە بۆ من فرە سەرسامكەر بوو. فەزاسازی‌ و تەنیایی‌ ئەم مرۆڤە بووە هۆی‌ ئەوەی‌ ئەم كتێبە بەو ڕادەیە كارم تێبكات. هەر لەم سەردەمەدا هەمووان لە خوێندنگە بە شێوەكارییەوە سەرقاڵ بووین، چونكە هەرزانترین ڕێگا بوو بۆ هەمووان.

یەكێك لەو شەیداییانە كە بووە هۆی‌ ئەوەی‌ ببم بە شێوەكار، ڤان كوخ بوو. كتێبێك دەربارەی‌ ڤان كوخ چاپكرابوو بە ناوی‌ (جۆشی‌ ژیان). كاتێك كتێبەكەم خوێندەوە بینیم دۆخی‌ من تۆزێك لە ڤان كوخ باشترە! بەو هەژارییە تۆقێنەرەوە كە ڤان كوخ هەیبوو، بەو دەرەنجامە گەیشتم مادام ئەو توانیویەتی‌ ببێت بە شێوەكار، منیش دەتوانم ببم بە شێوەكار، هیچ هۆكارێكیش نییە بۆئەوەی‌ چاوەڕوانی‌ پشتیوانیی‌ هیچ كەس و لایەنێك بم! هەڵبەت جگە لە ئایدین، ڤان كوخ لەناو گشت شێوەكاراندا كاریگەرییەكی‌ زۆری‌ لەسەر دانام چونكە هەستمكرد بارودۆخی‌ كۆمەڵایەتی‌ و ئابووری‌ من و ئەو لایەنی‌ هاوبەشیان زۆرە!


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw