لە زاری عەباس كیارۆستەمی‌‌ خۆیەوە _ بەشی دووەم

27/04/2020    10:39

لە زاری عەباس كیارۆستەمی‌‌ خۆیەوە _ بەشی دووەم 


Cînema

لە فارسییەوە: ئارام ڕەشید

خوێندنی‌ زانكۆ
هۆگریی‌ من بۆ زانكۆ، هەر لە قۆناغی‌ دەستپێکی دواناوەندییەوە سەریهەڵدا. زۆر حەزمان دەكرد بچینە زانكۆ. بۆ نموونە، كاتێك بە پاس بە ڕێگای زانكۆدا دەڕۆیشتین، هەر کە لە وێستگەی‌ زانكۆی‌ نزیك دەبووەوە و شۆفێرەكە دەیگوت (وێستگەی‌ زانكۆ) من حەزمدەكرد یەكەمین كەس بم كە دەڵێت دابەزین هەیە چونكە حەزم دەکرد دوو سێ كەس تەماشام بكەن و بزانن چوومەتە زانكۆ! چوون بۆ زانكۆ تا ئەو ڕادەیە گرنگ بوو بەلامەوە. زەمینەی‌ ئەم ئارەزووە لە (خوێندنگەی بەهرام!) بۆ ئێمە فەراهەم بووبوو، لە نێوان خوێندکارەکانی خوێندنگەی بەهرام تەنیا من چوومە زانكۆ. بەڵام لە دواناوەندی‌ جەم چەند كەسێك چوونە زانكۆ.

بە هۆی‌ حەز و هۆگریی‌ دواناوەندییەوە، لە زانكۆ چوومە بەشی‌ شێوەكاری‌ و خوێندنەكەشم زۆر درێژەی‌ كێشا. چوار ساڵی‌ خوێندنی‌ بەشی‌ شێوەكاری‌ 13 ساڵی‌ خایاند تا سەرەنجام بە پاڕانەوە و لاڵانەوەوە بڕوانامەیان پێدام. دوای‌ ئەو سەردەمە بڕیار دەرچوو كە هەركەس ئەو چوار ساڵەی‌ خوێندن بە شەش ساڵ ببڕێت، دەریدەكەن. پێش من ئەم یاسایە بوونی‌ نەبوو هەربۆیە نەیاندەتوانی‌ دەرمبكەن. لە زانكۆ بەڵگەیەكی‌ هونەرەجوانەكانم وەرگرت، بەڵام گرنگترین وانە كە لە زانكۆ فێر یبووم ئەوە بوو کە بەدڵنیاییەوە من بۆ شێوەكاری نەخولقابووم.

من هیچكات بیرم لەوە نەكردبووەوە بمەوێت ببم بە فیلمساز، بەڵكو بیرم لەوە دەكردەوە ببم بە شێوەكار. بە شێوەكارییش دەستم پێكرد، بەڵام شێوەكارێكی‌ سەركەوتوو نەبووم، نە لە زانكۆ نە لە کارکردنمدا.

ناوەندی پەروەردەی‌ منداڵان و نەوجەوانان

لەسەر بانگهێشتی‌ (فەیروز شیروانلو) لێپرسراوی‌ كاروباری‌ (ناوەندی‌ پەروەردەی‌ فكری‌ منداڵان و نەوجەوانان) چوومە ئەو ناوەندە، كە تازە دامەزرابوو. ساڵی‌ 1970 (ناوەندنی‌ سینەمای‌ منداڵان و نەوجەوانان) دەمەزرا، كە تێیدا فیلمسازان و شێوەكارانی‌ لاو دەستیانكرد بە دروستكردنی‌ فیلم بۆ منداڵان. سەرەتا بڕیاربوو لەو ناوەندە جۆرێک لە فیلم دروست بكەین كە تایبەت بێت بە كێشە و گرفتەكانی‌ منداڵان. لە سەرەتادا ئەمە تەنیا وەكو كارێك وابوو، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ئەو قۆناغە بوو كە منی کردە هونەرمەند. گرنگترین شت ئەوە بوو كە من لە فیلمە ڕیكلامییەكاندا كارم نەكرد. ئەم قۆناغە بیست ساڵییە باشترین ساڵەكانی‌ ژیانی‌ پیشەیی‌ منن.

ئەو فیلمسازانەی‌ لەوێ كاریان دەكرد، هیچ ڕێگرییەكی‌ دارایی‌ لەبەردەمیاندا نەبوو، هەربۆیە دەیانتوانی‌ دەست بۆ ئەزموونی‌ بوێرانە و نوێگەر و قووڵ و ڕووناكبیرانە ببەن، بە تایبەت ساڵەكانی‌ كۆتایی‌ دەسەڵاتی‌ شا.

كاتێك لەو فیلمانە دەڕوانم كە لە ڕابردوودا شەیدایان بووم، ناتوانم لە دە خولەك زیاتر تەحەمولیان بكەم، ئیدی‌ یان من زۆر گۆڕاوم یاخود ئەو فیلمانە زۆر كۆن بوون. حەزم لە چیرۆك هۆنینەوە و سەرسامكردنی‌ بینەر و ئامۆژگاریكردن و دروستكردنی‌ هەست بەتاوانكردن لای‌ بینەر نییە. سینەمای‌ هۆڵیود دەربارەی‌ كەسە تایبەتەكان فیلم دروست دەكات، بەڵام من دەربارەی‌ كەسی ئاسایی لە دۆخێكی‌ تایبەتدا فیلم دروست دەكەم.
وۆڕکشۆپی زۆری‌ فیلمسازیم هەیە و بە فێركارەكانم دەڵێم، ئەگەر شێوەكاری‌ نەكەن و وێنە نەگرن، دەتانەوێت لەڕێی‌ ئەدەبیاتەوە بێنە ناو سینەماوە؟ ئەمە كارەساتە ئینسان بە چیرۆك بێتە ناو سینەماوە. ناكرێت بتەوێت فیلم دروست بكەیت و بە هیچ جۆرێك شێوەكاری‌ و وێنەگریت نەكردبێت. خۆم ئێستا خەریكم لەسەر كۆمەڵێك بەرهەمی‌ ئیمپرێشنیستەکان كار دەكەم.

وابەستیی‌ من بە ژینگەی‌ ژیانم لە ئێران

كاتێك درەختێك لە شوێنی‌ خۆی‌ هەڵدەكەنیت كە ڕەگی‌ لە زەوی‌ چەقاندووە و دەیبەت لە شوێنێكی‌ دیكە دەیڕوێنیت، ئەو درەختە بەری‌ نابێت، ئەگەر بەریشی‌ هەبێت وەكو بەری‌ پێشتری‌ باش نییە. ئەگەر من وڵاتەكەمم جێهێشتبا، وەكو ئەو درەختەم لێدەهات. هەر بەڕاستی‌ پێموایە باشترین كارەكانم لە ئێران دروست دەكەم. دەمەوێت لە وڵاتەكەم بمێنمەوە و دیسانەوە فیلم دروست بكەم، من هاوڵاتییەكی‌ ئێرانیم كە هەموو فیلمەكانمم لێرە دروست كردووە. ئەوەی‌ لەو ئێرانیانەم بەدی‌ كردووە كە وڵاتیان جێهێشتووە، ئەنجامێكی‌ ئەرێنی‌ و دڵخۆشكەر نەبووە. من هیچ ڕەخنەیەك لەو كەسانە ناگرم كە ئێران جێدەهێڵن. ئەگەر بەهمەن قوبادی‌ پێیوایە لە دەرەوەی‌ ئێران بارودۆخێكی‌ باشتری‌ بۆ دروستكردنی‌ فیلم لەبەردەستە، من پیرۆزبایی‌ لێدەكەم. بەڵام دەربارەی‌ خودی‌ خۆم، بڕوام بە جێهێشتنی‌ ئێران نییە. ئەو شوێنەی‌ كە دەتوانم شەوانە بە ئارامی‌ تێیدا بخەوم، ماڵەكەمە. ئێمە فیلم دروست دەكەین بۆئەوەی‌ زیندوو بمێنین. بە چاوپۆشی‌ لەوەی‌ كە چ بارودۆخێك لە ئارادایە، ماڵەكەی‌ من لە كۆتایی‌ كۆڵانێكی‌ بنبەستدایە، ئەمەش ئەو شوێنەیە كە تێیدا دەژیم و هیچ شتێك نەیتوانیوە بڕوام پێبهێنێت كە ئەوێ جێبهێڵم. لە سەرجەم فیلمەكانمدا خواستم ئەوەیە كە وێنەیەكی‌ میهرەبانانەتر و دۆستانەتر لە ئینسانیەت و وڵاتەكەم پیشان بدەم. هەموو بەیانییەك كە بێدار دەبمەوە، سڵاو لە هاوسێكانم دەكەم. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە كە حەزدەكەم لە فیلمەكانمدا پیشانی‌ بدەم، دۆستایەتی و خۆشەویستی‌ نێوان مرۆڤەكان.

پێموایە هەروەك چۆن یاریزانان لە یاریگای‌ خۆیاندا باشتر یاری‌ دەكەن، فیلمسازانیش بەهەمانشێوە لە وڵاتی‌ خۆیاندا داهێنەرترن، دەڵێی‌ ڕێسای‌ تۆپی‌ پێ لە هەموو شوێنێك یەكسانە.

فیلمسازی‌ لەگەڵ منداڵان

ئەگەر لەگەڵ منداڵان بابەتەكانمم ڕانەگەیاندبا، هەرگیز بە ستایلی‌ تایبەت بەخۆم نەدەگەیشتم. منداڵان كەسایەتییەكی‌ فرە بەهێز و سەربەخۆیان هەیە و دەتوانن نواندنێکی هێندە باش بكەن كە مارلۆن براندۆش ناتوانێت بیكات. كاتێك لە ژاپۆن ئاكیرا كورۆساوام بینی‌، لێیپرسیم: ((باشە چۆن دەتوانیت ئەو ڕۆڵانە بەو منداڵانە بگێڕیت؟ من لە فیلمەكانمدا منداڵانم بەكارهێناوە، بەڵام كە سەیرم كرد بینیم حزوریانم كەم و كەمتر كردووەتەوە بۆئەوەی‌ ڕزگارم بێت لەدەستیان، چونكە هیچ شێوازێكم نییە بۆ كاركردن لەگەڵ ئەوان.)) بۆچوونی‌ شەخسیی من ئەوەیە كە بۆئەوەی‌ بتوانیت لەگەڵ منداڵان كار بكەیت ناچاریت لە ئاستی‌ خۆیشیان زیاتر بێیتە خوارەوە بۆئەوەی‌ بتوانیت پەیوەندیان لەگەڵ ببەستیت، ئەكتەریش وەكو منداڵ وان.

سینەما و تەكنیك

من لە ئاتۆلیەكانی‌ هەموو دونیادا بەشداری‌ دەكەم. لەگەڵ خەڵك كار دەكەم. بەڵام سینەما ناكرێت نە فێرببیت نە كەسیش فێر بكەیت. دەكرێت بابەتە تەكنیكییەكان شتێک بن بۆ فێركردن بشێن بەڵام هونەر نا. قوتابخانە سینەماییەكان كاتێك بەكەڵك دێن كە بۆ فێركارەكانیانی‌ ڕوونبكەنەوە هەر ڕۆژێك دەستیان بەكاركردن كرد هەموو ئەو شتانە لە یاد بكەن كە فێری دەبن. كێشەكە لەوەدایە ئەوان دەیانەوێت هەموو زانیارییە بەدەستهاتووەكانیان لە فیلمی‌ یەكەمیاندا بەكاربهێنن، كە ئەمەش كارێكی‌ دڵتەزێنە. ئامارێكم بینی‌ كە تێیدا هاتبوو 80%ی‌ ئەو خوێندكارانەی‌ دەرچووی‌ مەدرەسە سینەماییەكانن، بەخێرایی‌ لە دروستكردنی‌ فیلم پاشگەز بووبوونەوە چونکە ترسێنرابوون. خۆشبەختانە من قوتابخانەی سینەماییم تەواو نەكردووە بەڵكو هونەرەجوانەكانم خوێندووە، بەڵام هیچكات تابلۆم نەكێشا چونكە لە تابلۆكێشان دەترسام. دەمویست ببم بە شێوەكار، بەڵام زانكۆ ژیانی‌ منی‌ گۆڕی‌. ئەمڕۆ، کاری فۆتۆگرافییم لە سینەما پێ باشترە چونكە نایابتر و سەربەخۆترە. سەرباری‌ ئەوەیش کە لەسەر ڕیتمی‌ خۆم بەردەوامم لە فیلم دروستكردن، دووساڵ جارێك فیلمێك دروست دەکەم.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw