لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش
دیمانەساز:
ئەی دەربارەی نووسەرە هاوسەردەمەکانت؟
ویلیام فۆکنەر:
هەموومان لە خەونی گەیشتن بە ئاستی بێخەوشیدا شکستمان هێنا. بۆیە خۆمان لەسەر بنەمای شکستە بەشانوشکۆکانمان لە کردنی کارێکی مەحاڵدا پلەبەند دەکەم. بە بڕوای من، ئەگەر بتوانم دیسانەوە هەموو کارەکانم بنووسمەوە، لەو بڕوایەدام کە بتوانم باشتر ئەو کارە بکەم، کە ئەمەش تەندروستترین بارودۆخی هونەرمەندێکە. لەبەر ئەمەیە کە هونەرمەند بەردەوام دەبێت لە کارکردن و دووبارە هەوڵدان. هەموو جارێک پێیوایە کە ئەم جارە باشتر کارەکە ئەنجام دەدات و سەرکەوتوو دەبێت. بێگومان ئەوەش ناکات، هەر لەبەر ئەوەیە ئەم بارودۆخە تەندروستە. کاتێک کارەکەی بەئەنجام دەگەیەنێت، کاتێک کارەکەی لەگەڵ وێنە و خەونەکە هاوتا دەکات، لەوکاتەدا هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە بڕینی گەرووی خۆی نەبێت، تا لە دیوەکەی تری ئەو لوتکەی بێخەوشییەدا بازێک ڕووەو خۆکوژی بدات. من شاعیرێکی شکست خواردووم. ڕەنگە هەموو ڕۆماننووسێک سەرەتا خواستی ئەوەی هەبێت شیعر بنووسێت، بۆی دەردەکەوێت ناتوانێت، پاشان هەوڵی نوسینی کورتەچیرۆک دەدەن کە باوترین فۆڕمی نوسینە پاش شیعر. شکستهێنان لەوەشدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵی نوسینی ڕۆمان بدەن.
دیمانەساز:
ئایا هیچ کڵێشەیەک هەیە کەسێک پەیڕەوی بکات تا ببێتە ڕۆماننووسێکی باش؟
ویلیام فۆکنەر:
لە سەدا نەوەد و نۆ پشت بە بەهرە دەبەستێت، لەسەدا نەوەد و نۆ بە دیسیپلین و لە سەدا نەوەد و نۆش بە کارکردن. نوسەر هەرگیز نابێت بەوە قایل بێت کە دەینووسێت. هەرگیز نووسینێک بەو باشییە نایەتە بەرهەم وەک ئەوەی نوسەرێک دەیخوازێت. هەمیشە خەون ببینە و بەرزتر لە توانای خۆت بڕوانە. گرنگی مەدە بەوەی لە نووسەرە هاوسەردەمەکانت یاخود پێشسەردەمەکانت باشتر بیت. هەوڵ بدە لە خودی خۆت باشتر بیت. هونەرمەند بوونەوەرێکە ڕۆحە خراپەکان ئاڕاستەی دەکەن. ئەو نازانێت بۆچی ڕۆحە خراپەکارەکان ئەو هەڵدەبژێرن و لەوە سەرقاڵتریشە بپرسێت بۆ. هونەرمەند بۆ تەواوکردنی کارەکەی ئامادەیە لە هەرکەس و هەمووکەسێک تاڵانی بکات، بخوازێت، سواڵ بکات، یان بدزێت و لەمەشدا لەدەرەوەی بەها ئاکارییەکاندایە.
دیمانەساز:
مەبەستت ئەوەیە کە نوسەر دەبێت بە تەواوەتی کەسێکی بێبەزەیی بێت؟
ویلیام فۆکنەر:
تاکە بەرپرسیارێتی نوسەر هونەرەکەیەتی. ئەگەرکەسێک هونەرمەندێکی باش بێت دەبێت بەتەواوەتی بێبەزەیی بێت. ئەو خەونێکی هەیە. ئەو خەونەش بەچەشنێک ئازاری دەدات کە پێویستە خۆی لێ دەرباز بکات. تا ئەو ساتە هیچ ئارامییەک نادۆزێتەوە. هەمووشتێک دەستی لێ هەڵدەگیردرێت: شکۆ، شانازی، ڕەوشتبەرزی، دڵنیایی و دڵخۆشی، هەمووی، تا کتێبەکە بنووسرێت. ئەگەر پێویست بکات نوسەرێک دزی لە دایکی بکات ئەوا دوودڵ نابێت لە کردنی. (چامەی نێو گۆزەیەکی یۆنانی) بەهای چەندین خانمی پیر دەهێنێت.
-(یەکێکە لە پێنج چامەکەی جۆن کیتسی شاعیر.)
دیمانەساز:
کەواتە ئایا دەکرێت نەبوونی دڵنیایی، دڵخۆشی، شکۆ، ببێتە هۆکارێکی گرنگ لە توانای داهێنەرانەی هونەرمەندێکدا؟
ویلیام فۆکنەر:
نەخێر. ئەمانە تەنها بۆ ئارامی و ئاسوودەیی خودی خۆی گرنگن، هونەریش هیچ پەیوەست نییە بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە.
دیمانەساز:
کە وابێت باشترین ژینگە بۆ نوسەرێک چییە؟
ویلیام فۆکنەر:
هونەر پەیوەست نییە بە ژینگە و بە شوێنیشەوە. ئەگەر مەبەستت منە، ئەوا باشترین کارێک تا ئێستا پێشکەشم کرابێت، ئەوەیە بووم بە بەکرێدەری سۆزانیخانەیەک. بە بۆچوونی من ئەوە باشترین ژینگەی کۆمەڵایەتییە بۆ هونەرمەندێک تا کاری تێدا بکات. ئازادیی ئابووریی تەواوی دەداتێ، بەدوور دەبێت لە ترس و برسێتی، سەقفێکیش لە ژوور سەری هەیە و هیچی لەسەر نییە بیکات جگە لەوەی ئاگادری چەند حساباتێکی ئاسان بێت و مانگانی جارێک بڕە پارەیەک بدات بە پۆلیسی ناوچەکە. شوێنەکە لە کاتژمێرەکانی بەیانیاندا زۆر بێدەنگە، ئەمەش باشترین کاتی ڕۆژەکەیە بۆ کارکردن. لە ئێوارانیشدا هێندە بۆنە و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەگەر خۆی بیەوێت بەشدارییان تێدا بکات، تا لە بێزاری دووری بخەنەوە؛ لە کۆمەڵگەکەیدا پێگەیەکی دیاریکراو دەبێت، هیچ نییە بیکات چونکە خانمەکە کاروباری دەفتەردارییەکە دەکات، هەموو ئەو کەسانەی نیشتەجێی شوێنەکەن مێینەن و ملکەچی ئەم دەبن و بە " گەورەم" بانگی دەکەن. قاچاغچییەکانی ئەو دەوروبەرەش هەر بە "گەورەم" بانگی دەکەن. هەروەها دەشتوانێت پۆلیسەکان بە ناوی یەکەمی خۆیانەوە بانگ بکات.
بۆیە تاکە ژینگە هونەرمەندێک پێویستی پێی بێت ئەو ئارامییەیە، ئەو تەنیاییەیە، ئەو چێژەیە کە ئەتوانێت بە نرخێکی کەم بەدەستی بهێنێت. هەموو ژینگەیەکی هەڵە بۆ هونەرمەند دەبێتە هۆی ئەوەی پەستانی خوێنی بەرزبێتەوە، کاتێکی زیاتر بە بێتاقەتی و تووڕەیی بەسەر دەبات. ئەزموونی خۆم وابووە کە ئەو شتانەی پێویستم بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکەم بریتی بوون لە پەڕە و تووتن و خواردن و کەمێک ویسکی.
دیمانەساز:
مەبەستت ویسکی بۆربۆنە؟
ویلیام فۆکنەر:
نەخێر، من بەوجۆرە بژاردەی تایبەتم نییە. لە نێوان ویسکیی سکۆچ و هیچدا، ویسکی سکۆچ هەڵدەبژێرم.
دیمانەساز:
پێشتر ئاماژەت بە ئابووریی سەربەخۆ کرد. ئایا نووسەر پێویستی پێیەتی؟
ویلیام فۆکنەر:
نەخێر، نوسەر پێویستی بە ئابووریی سەربەخۆ نییە. هەموو ئەوەی نوسەر پێویستیەتی قەڵەم و چەند پەڕەیەکە. هەرگیز پارچە نوسینێکی باشم نەخوێندۆتەوە کە سەرچاوەی نوسینەکەی پەسەندکردنی بڕێک پارە بووبێت وەک دیاری. نوسەری باش پەنا نابەتە بەر دامەزراوەیەک. ئەو تەواو بە نوسینەوە سەرقاڵە. کاتێک نوسەرێک بە شێوەیەکی گونجاو پێشوازی لێ نەکرێت خۆی بەوە هەڵدەخەڵەتێنێت کە بڵێت کاتی پێویست یاخود ئابوورییەکی سەربەخۆی نەبووە. دەکرێت دز، قاچاخچی، یاخود ئەسپسوار هونەرێکی باش بخولقێنن. خەڵکی دەترسن لەوەی بۆیان دەربکەوێت کە چەنێک دەتوانن بەرگەی قورسی و هەژاری بگرن. خەڵکی زۆر لەوە دەترسن کە بۆیان دەربکەوێت چەندێک دەتوانن بەرگەی سسەختی و هەژاری بگرن. دەترسن پەی بەوە بەرن چەنێک سەرسەختن. بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت نوسەرێکی باش بڕوخێنێت. تاکە شت کە دەتوانێت جێگە بە نوسەر لێژ بکات مردنە. نوسەرە باشەکان کاتیان نییە بۆ بیرکردنەوە لە سەرکەوتن و دەوڵەمەندبوون. سەرکەوتن مێینەیە و لە ژن دەچێت؛ ئەگەر لە بەردەمیدا بترسی و بچیتەوە قاوغەکەی خۆت، ئەوا ئەویش زاڵ دەبێت بەسەرتدا. بۆیە شێوازی دروست بۆ مامەڵەکردنی بریتییە لەوەی کە فەرامۆشی بکەیت. پاشان ڕەنگە خۆی بەرەوڕووت بگەڕێتەوە.
دیمانەساز:
ئایا دەکرێت کارکردن بۆ فیلم زیان بە نوسینەکانی خۆت بگەیەنێت؟
ویلیام فۆکنەر:
هیچ شتێک ناتوانێت زیان بە نووسینەکانی نووسەرێک بگەیەنێت ئەگەر ئەو کەسە نووسەرێکی پلە یەک بێت. ئەگەر کەسێک نووسەرێکی پلە یەک نەبێت ئەوا هیچ شتێک ناتوانێت هاریکاری بکات. کێشەکە بەسەر ئەو نوسەرانەدا پیادە ناکرێت کە نوسەرێکی پلە یەک نین چونکە ئەوان زۆر پێشتر ڕۆحی خۆیان بۆ ژیانێکی شاهانە فرۆشتووە.
دیمانەساز:
ئایا دەکرێت نوسەر لە کاتی نوسین بۆ فیلمدا سازش بکات ؟
ویلیام فۆکنەر:
بەڵێ هەمیشە دەتوانێت ئەوە بکات چونکە هاریکاریی و خۆگونجاندن لە سروشتی فیلمدایە، هەموو جۆرە هاریکارییەک سازش کردنە چونکە وشەکە ئەو مانەیەی هەیە، ببەخشە و وەربگرە.
دیمانەساز:
ئەو ئەکتەرانە کێن کە حەزدەکەیت زۆرترین کاریان لەگەڵدا بکەیت؟
ویلیام فۆکنەر: باشترین ئەکتەر کارم لەگەڵدا کردبێت هەمفێری بۆگارتە، پێکەوە لە هەردوو فیلمی (هەتبێت و نەتبێت) و (خەوە گەورەکە) کارمان کردووە.