بەشی دووەم
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
دیمانەساز: زۆر باسی نووسینت کرد. وای دەبینم کە تەنانەت لە ئێستاشدا، وەک فیلمسازێک، هێشتا وابەستەی وشەی نووسراویت.
هانیکە:
بەڵێ، من بە گشتی وەک نووسەرێک بیر لە خۆم دەکەمەوە. زمانی فەڕەنسی وشەیەکی جوانیان هەیە بۆ ئەوە، (auteur)، بۆ ئەو فیلمسازانە بەکار دێت کە خۆیان بەرپرسیارن لە ناوەڕۆکی فیلمەکانیان. هەرگیز ئارەزووی ئەوەم نەکردووە دەرهێنان بۆ نووسینی خەڵکی تر بکەم.
auteur: موئەلیف یاخود دانەر.
دیمانەساز:
ئەی دەربارەی ڕۆمانەکەی ژێلینێک، (مامۆستای پیانۆ)، کە ساڵی ٢٠٠١ کردت بە فیلمێکی سینەمایی؟
هانیکە:
بەڵام هێشتا سیناریۆکە هەر خۆم نووسیم. بۆ من ئەوە مەسەلەی مەبدەئە کە هەرگیز کاری دەرهێنان بۆ سیناریۆی کەسانی تر ئەنجام نەدەم، تەنانەت ئەو کاتەشی کە لە تەلەفزیۆن کارم دەکرد بە هەمان شێوە بیرم دەکردەوە. هەندێک حاڵەت هەبوون کە سیناریۆنووسەکان بابەتیان بۆ ئامادە دەکردم، بەڵام من هەمیشە سەرلەبەریم دەگۆڕی بە شتێکی تر. ئەو نووسەرانە ئەوەیان پێ خۆش نەبوو، ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە، بەڵام وەک دەرهێنەرێک پێگەی باڵاترم هەبوو لە بڕیارداندا. هەر لەو کاتەشدا بوو درکم بەوە کرد کە من بۆ کاری پێکەوەیی نەخولقاوم. خەڵک هەیە دەتوانن پێکەوە لە سیناریۆیەکدا کار بکەن، بۆ نموونە، برایانی کۆین. بۆ من ئەوە زۆر ئەستەمە و وەک مەتەڵ وایە.
دیمانەساز:
کەمێک زیاتر دەربارەی پڕۆسەی گۆڕینی تێکستێکی ئەدەبی بۆ سیناریۆ قسەم بۆ بکە. (مامۆستای پیانۆ) تاکە نموونە نییە لە ژیانی هونەرییتدا. کارێکیشت هەیە کە بۆ تەلەفزیۆنت دروست کردووە و لە (کۆشک)ی کافکاوە وەرتگرتووە. ئەوەی دەربارەی دوواهەمینیان سەرسامم دەکات ئەوەیە کە بەرامبەر ڕۆمانەکە زۆر ڕاستگۆیانەیە.
هانیکە:
کاتێک (مامۆستای پیانۆ)م ئامادە کرد، ئەوە یەکەمینجار بوو کە ڕۆمانێک بکەم بە فیلم، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ڕێکەوت بوو. من سیناریۆکەم بۆ خۆم نەنووسی، بەڵکو بۆ هاوڕێیەک کە مافی گۆڕینی بۆ سیناریۆی بەدەست خستبوو. هاوڕێکەم بۆ ماوەی دە ساڵ هەوڵی دا کە بودجەیەک کۆ بکاتەوە بۆ فیلمەکەی، بەڵام سەری نەگرت. لە کۆتاییدا، بەوە قایل بووم کە خۆم کاری دەرهێنانەکەی بۆ ئەنجام بدەم، هەرچەندە لە سەرەتادا ئەوە مەبەستی سەرەکی من نەبوو. بەو مەرجە قایل بووم بەوەی ئەو کارە بکەم کە ئیزابێل هوپەرت ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بگێڕێت. گێڕاشی.
بەهەرحاڵ، جیاوازی گەورە هەیە لە گۆڕینی کارێکی ئەدەبی بۆ کارێکی تەلەفزیۆنی یاخود سینەمایی. لە سەرەتادا پڕۆسەکە تەواو هاوشێوەیە؛ پێویستە کتێبەکە بخوێنیتەوە و شی بکەیتەوە و لە هێڵە جیاوازەکانی داڕشتنی چیرۆکەکە تێبگەیت، تاوەکو دواتر بە گوێرەی تێڕوانینی سینەمایی خۆت سەرلەنوێ ڕێکیان بخەیتەوە. سیناریۆی (مامۆستای پیانۆ) تا ئاستێکی زۆر لە ڕووی پێکهاتەوە لە ڕۆمانەکەوە دوورە، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاستییەوەیە کە ئەوە سیناریۆیە و بۆ سینەما ئامادەم کردوە. بەڵام هەر کاتێک کارێکی ئەدەبیم گۆڕیبێت بۆ کارێکی تەلەفزیۆنی، بەوەریاییەوە پابەندی کارە ڕەسەنەکە بووم. بەئاستەم لە (کۆشک)دا دێڕێک دەدۆزیتەوە کە دەقادەق لە ڕۆمانەکەوە وەرنەگیرابێت. سوپاسی زۆری ئەمەش بۆ "دەستەی پەروەردەیی" ی تەلەفزیۆنی پاڵپشتیکراو لەلاین دەڵەتەوە لە ئەڵمانیا. کاری دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنی ئەوەیە وا لە بینەر بکەات بخوازێت ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە. ئەمەش تەواو جیاوازە لە کارێکی سینەمایی. لە کاری سینەماییدا ، کتێبەکە دەبێتە یاریگەی هزری فیلمسازەکە لە کاتێکدا ڕۆمان و نووسەرەکەی دەکشێنەوە بۆ باکگراوندی ئیشەکە.
دیمانەساز:
کاتێک دادەنیشیت بۆ نووسینی سیناریۆیەکی نوێ و سەرەقەڵەمەکانی دیمەنی یەکەم دەنووسیتەوە، ئایا هەر ئەوکات دەزانیت دیمەنی کۆتایی چۆن دەبێت؟
هانیکە:
زۆر زۆر لەوە زیاتریش دەزانم! تەنها ئەو کاتە دادەنیشم سیناریۆیەک بنووسم کە تەواوی فیلمەکەم وێنا کردبێت. پێش ئەوە، من بە گوێرەی میتۆدە کلاسیکییەکە کاردەکەم. کات بۆ کۆکردنەوەی گشت بیرۆکەکانم تەرخان دەکەم، هەر جارێکیش هەستم بکەم بڕی پێویست بیرۆکەم هەیە، ئەوا دەست دەکەم بە دابەشکردنی هەموو ئەو بیرۆکە تاکانە لەسەر کاغەزی تێبینی بچوک، بۆ هەریەک لە کارەکتەرەکان کاغەزی ڕەنگ جیاوازم بەکاردەهێنا. پاشان دەست دەکەم بە ڕێکخستنەوەی ئەو کاغەزی تێبینیانە لەسەر بۆردێکی گەورە تاوەکو کرۆکی چیرۆکەکە بدۆزمەوە. لە کۆتاییشدا سێ لەسەر چواری کاغەزی تێبینییەکان فڕێ دەدەم، بەڵام تەنانەت ئەوەش ئاساییە کە بیرۆکە باشەکانیش فڕێ بدەیت، چونکە زۆر بە سادەیی ناتوانیت هەموو شتێک لەناو چیرۆکەکەتدا جێگا بکەیتەوە. تەنها ئەو کاتەی چیرۆکەکەم تەواو دەبێت، بەو مانایەی کە هەموو هێڵە سەرەکییەکانی داڕشتنی چیرۆکەکە سەبارەت بە کارەکتەرە سەرەکییەکان دەزانم، دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسین. ئەوەش زۆر خۆشە! لە ڕاستیدا ئەوە پڕۆسەیەکی زۆر دڵگیرە. کاتێک لەسەر هێڵە ڕاستەکەیت ئیتر دەتوانیت بۆخۆت پێی لێ ڕاکێشیت. پێش ئەوە لەبەر وردەکارییەکان ناتوانیت کۆی کارەکە ببینیت. کاتێک هەزاران هەڵبژاردەم لەبەر دەستدا بن، لەڕاستیدا هیچ هەڵبژاردەیەکم لەبەردەست نین. فیلم ئەوەت لێ دەخوازێت کە زۆر بە وردی ڕەچاوی وردەکاری پلانەکەت بکەیت، هەر بۆیە ئەمەش لە نووسینی ڕۆمانێک زۆر جیاوازە.
دیمانەساز:
دەتوانیت زیاتر لەسەر ئەو جیاوازییە بدوێیت، جیاوازیی نێوان دروستکردنی فیلم و نووسینی ڕۆماندا؟
هانیکە:
لەگەڵ فیلمدا، دەبێت زۆر بە وردی ڕەچاوی کاتبەندی بکەیت، چونکە کاتبەندی هەموو شتێکە. لە ئەدەبدا ئەمە جیاوازە. یەکێک لە کتێبە دڵخوازەکانم، کتێبی (پیاوێک بەبێ خەسڵەت)ی ڕۆبێرت موسیڵ، دەربارەی کاتبەندی شتێکی وای تیا ڕەچاو نەکراوە. مەگەر ئارەزووی وردەکارییە بچوک و لەبابەت-دەرچوونەکانی بیت، دەنا هیچ هۆکارێک بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە نییە. فیلم، لە ڕوویەکی ترەوە، ماوەی کاتژمێر و نیوێک یان دوو کاتژمێر دەخایەنێت، دەبێت توانای ئەوەت هەبێت لەو ماوە زەمەنییەدا چیرۆکەکەت بگەیەنیت. هەموو خولەکێک دەبێت کاری خۆی بکات. ئەمەش دەقاودەق هونەری فیلمسازییە، ئەو چاوەت هەبێت کە بزانیت ئایا شتێک کار ی خۆی دەکات یاخود نا. بۆ نووسەرانی تریش ئەم قسەیە هەر ڕاستە، لە لایەکەوە، تۆ بە تەواوی بە گومانیت لە دەرئەنجامی کارە هونەرییەکەت، لەکاتێکدا لە لایەکی ترەوە، بە هەریەک لە بیرۆکەکانت مەست دەبیت. "خۆشەویستانت بکوژە" یەکێکە لە وتە دڵخوازەکانم، ئەمەش ئەو شتەیە کە بەردەوام فێری خوێندکارەکانمی دەکەم، یەکجار ئەوەنە بە جدی هەر شتێک وەرمەگرە کە هات بە مێشکتدا. بیر لەوە بکەرەوە کە کاردانەوەت چۆن دەبێت ئەگەر دواتر تەماشای بکەیتەوە.
ئەگەر فیلمی واقیعی دروست بکەیت، کە خۆم وام، کاری تۆ ئەوەیە کە چیرۆکەکەت بگۆڕیتە سەر شتێک کە ڕاستگۆیانە و جێیباوەڕە. فیلمی واقیعی بە داڕشتنی چیرۆکەکە دەست پێدەکات، جا گەر چیرۆکەکەت باوەڕپێهێنەر بێت یاخود نا. پاشان دێتە سەر ئەکتەرەکان، ئایا ئەوان دەتوانن چیرۆکەکەت بە چەشنێک بۆ بگوازنەوە کە واقیعییانە دەربکەوێت؟ ئەگەر وا نەبێت، بینەر هەرگیز دیمەنەکە پەسەند ناکات، جا ئیتر گرنگ نییە چەندە باش نووسیووتە. ئەمە قورسیی کاری منە، لە کۆتاییدا تۆ لە چەنیدن ئاستی جیاوازدا لەگەڵ واقیعدا لە ڕکابەریدایت. تۆ هەمیشە لە جەنگدایت بەرامبەر ئەزموونی کەسیی بینەریت. هەموو بینەرێک دەزانێت شێوەی کەسێک چۆنە کاتێک دوشێک دەکات یاخود کە لە دەرگا دەچێت بەودیودا. ئەزموونی ئەوان توانای ئەوەیان پێ دەبەخشێت کە بزانن ئایا دیمەنێک سەرکەوتووە یان نا. لە بەرامبەردا، بینەران بڕوا بە چیرۆکەکەت ناکەن گەر خۆت بڕوات پێ نەکردبێت. دەبێت مەشقێکی باشی بۆ بکەیت، نەک تەنها لە سیناریۆکەدا، بەڵکو لە هەموو وردەکارییەکی بچووکدا.