چەند تێڕوانینێک لەبارەی کامێراوە

03/05/2020    08:12

چەند تێڕوانینێک لەبارەی کامێراوە 


Cînema


نووسینی: ساتیجایت ڕای
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

لە نێو هەموو هونەرەکاندا، سینەما ئەو هونەرەیە کە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕاستەوخۆ بەرەوپێشچوونەکانی تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەری دروستکردووە. دیارترین کاریگەرییەکانیش ئەو ئامێرانەن کە لە کاتی دروستکردنی فیلمدا بەکاردێن وەکو کامێرا و ئامێرەکانی پەیوەست بە کامێراوە. بیر لەو کامێرایە بکەرەوە لە قۆناغی سینەمای بێ دەنگ و لە سەرەتای ساڵەکانی قۆناغی سینەمای دەنگداردا بەکاردەهاتن، گەر بەراوردیان بکەیت بە کامێرای سەردەمی ئەمڕۆ، ئامێری گەورەی ئاڵۆز و قورس بوون بەراورد بە کامێرای ئێستا کە ئامێری ئاسان و بەردەستن و ئاسان هەڵدەگیرێن. هەروەها بیر لەو بەرەوپێشچوونانە بکەرەوە لە ئامێرەکانی پەیوەست بە کامێراوە، بۆ نموونە لێنز و فیلتەر. بە زیادکردنی بەرەوپێشچوونەکانی شریتی فیلمیش، دەبینین مەودایەکی بەرفراوانتر لە وێنەدا بۆ فیلمسازان لەم سەردەمەدا بەراورد بە ڕابردوو بەردەستن. 

ئەگەر لەمڕۆدا تەماشای فیلمەکانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ بکەینەوە و بە شێوەیەکی گشتی باسییان لێوە بکەین، هەست دەکەین تەنها دوو جۆر پسپۆڕی وێنەیی لە سینەمای ئەو کاتەدا هەبوون. شێوازی ڕۆمانتیکی، کە بە نەرمی و پڕ شەوقییەکەی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە لە دیمەن بە پەردەی تەنکی بەربڵاو بەدەستدەهات. هەروەها شێوازی کلاسیکی، کە پشتی بە پچڕانی وێنەی دیار و ئاشکرا بەستووە. بە ڕەچاوکردنی سنوورداریی تەکنەلۆژیای ئەو سەردەمە، تێدەگەین کامێرامانەکان لەو دوو شێوازەدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەریان بەدەستهێناوە.

چەندین داهێنانی تەکنیکی لە سەرەتای ساڵانی قۆناغی سینەمای دەنگداردا بەدی هاتن. یەکەمیان ئەوەبوو شریتی فیلمی ئۆرسۆکرۆماتیک گۆڕدرا بە پانکرۆماتیک، کە ئەمەی دواییان وەڵامدانەوەیەکی ڕاستتری هەبوو بۆ تۆنی ڕەنگی سروشتی. دووەم، ماتۆڕی کارەبایی جێگەی جوڵاندنی دەستیی گرتەوە. هەروەها کامێراش بچوککرایەوە، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاسان هەڵبگیرێت. لە هەمان کاتدا، کەرەستەکانی ستودیۆ و تاقیگەکان زۆرباش بەرەوپێشچوون. ئەم سەردەمە سەردەمی دروستکردنی ئەستێرەی سینەمایی بوو لە هۆڵیوود و ناوچەکانی تر. ئەمەش وایدەخواست کە وێنەگرتن لە ستودیۆکاندا سنووردار بکرێت و ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی قوتابخانەی ‘پڕشنگدار‌ لە فۆتۆگرافییدا خۆشکرد—کە ڕاستەوخۆ لە قوتابخانەی ڕۆمانتیکی ڕۆژانی سینەمای بێدەنگەوە سەریهەڵدابوو. 


ئەم حاڵەتە تا کۆتایی چلەکان بە هەندێک جیاوازییەوە بەردەوام بوو، بەڵام شەپۆلێک لە داهێنانی تەکنیکی کە بە گشتی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە سەریانهەڵدا، کاریگەرییان لەسەر سینەماش دروستکرد. سوپاس بۆ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆجیا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی ئەوەی نێوەندی فیلم لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دوور توانای دروستکردنی شێوازی جیاوازی هەبێت. فیلمسازان بە یاریدەی کامێرامانەکانیان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە تاوەکو زمانی سینەماییان فراوانتر بکەن، هەر ئەمەش بووەتە دەوڵەمەندکردنی نێوەندەکە. زۆرێک لە گەورە فیلمسازانی ئەمڕۆ وەک چۆن بە هەست و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیان دەناسرێنەوە ئاوهاش بە تایبەتمەندێتی فۆتۆگرافی دەناسرێنەوە. شێوازی کلاسیکی گەڕاوەتەوە و لەگەڵ خۆشیدا زنجیرەیەک لقی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ناو نێوەندەکە.  

هەرچەندە ڕەنگە ئەمە وەک پارادۆکسێک ببینرێت، لە ڕاستیدا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کامێرای فیلم گەنجتر دەبێتەوە. کامێرامانی ئەم سەردەمە کەسێکە کە بە شێوەیەکی بەردەوام دەبێت خۆی شەحن بکاتەوە و کەشفی نوێ بکات. هەروەها دەبێت ئامادەش بکرێت دەمارگیرییە کۆنەکانی فڕێ بدات، مێشکێکی نوێش بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە، کە بە دڵنیاییەوە دەرهێنەر خۆی شتی نوێی پێیە بۆ وتن بە ڕێگەی نوێ.  

*ئۆرسۆکرۆماتیک: شریتی فیلمی ڕەش و سپییە کە بۆ هەموو ڕەنگێک هەستیارە جگە لە سوور. 
پانکرۆماتیک: شریتی فیلمە کە بۆ هەموو ڕەنگێک هەستیارە.


سەرچاوە: لە برۆشەری کۆمەڵگەی سینەماتۆگرافەرە یاریدەدەرەکاندا، ١٩٧٦
کتێبی ساتیجیت ڕای لەبارەی سینەماوە

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw