نووسین: سورانجان گانگولی
وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان
لە دیمەنێکی گرنگی فیلمی (یاریکەرانی شەترەنج)ی ساتیاجیت ڕای-دا، جەنەڕاڵ ئوترام-ی سەر بە سوپای ئینگلیز داوا لە کاپتن وێستن-ی هاوکاری دەکات تا وشەی (ئاود) بکات بە ئینگلیزی. ساڵ ساڵی ١٨٥٦ و، ئاود-یش ناوچەیەکی باکووری هیندستانە کە جەنەڕاڵ ئوترام دەیەوێت بیخاتە سەر شانشینی بەریتانیا. بەوپێیەی ئوترام زمانی ناوچەکە نازانێت، نە دەتوانێت لە کلتووری ناوچەکە و نە لە پادشاکەیان، واجید عەلی شاه، تێبگات کە ژیانە دەستبڵاوەکەی ئەمی سەرسام کردووە. کەس لە کۆشکی پادشادا ئینگلیزی نازانێت، بۆیە لەم ئەرکی گەڕان-بۆ-ڕاستییەدا، کە دواتر دەردەکەوێت زۆر لەوە زیاترە، کاپتن وێستن کە هەردوو زمانەکە دەزانێت تاکە هاوپەیمانی جەنەڕاڵە. پڕۆژەکەی ئوترام تەنها هەستیی کونجکۆڵیی سپیپێستێک دەربارەی ڕۆژهەڵاتی نامۆ نییە، بەڵکو بریتییە لە سیاسەتی واقیع. ئەو دەزانێت کە ئەم خستنەسەری خاکە نایاساییە، چونکە پەیماننامەیەک هەیە کە بەریتانییەکان بە پاراستنی سەروەری پادشاوە پابەند دەکات. بەڵام فەرمانەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارێزگاری گشتییەوەیە و ئوترام جگە لە کردنی کارەکەی و بێدەنگکردن ویژدانی بژاردەی تری نیە. هەربۆیە، دەست دەکات بە دووبارەنووسینەوەی (ئاود) بە ئینگلیزی، وشە کلتوورییەکانی دەگۆڕێت بە ئینگلیزی و لەو میانەیەشەوە مانا زمانەوانییەکانی دەشێوێنێت.
کاتێک کاپتن وێستن هەندێک کردەی کۆمەڵایەتی و کلتووری بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت، ئوترام لەدەرەوەی ژینگەی خۆیاندا و بەگوێرەی پێوانە ئینگلیزییەکان داوەرییان دەربارە دەکات. کاتێک کاپتن وێستن بە جەنەڕاڵ ئوترام دەڵێت پادشا ٢٩ ژنی هەیە و لە کۆبوونەوەیەکی شاعیراندا شیعرێک دەربارەی خۆشەویستیی بولبول دەخوێنێتەوە (کردە سێکسی و ئەدەبییەکانی پادشا لەناو کلتووری خۆیدا پەسەندکراون)، ئوترام بڕیار دەدات کە ئەم پادشا نا-ئینگلیزە دەبێت پادشایەکی خراپ بێت و لەمەشەوە پاساوی خۆی بۆ ئەنجامدانی کارەکەی بەدەست دەهێنێت. ئەم پێکەوەلکاندنی خاکە سەرەتا لە زماندا و لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بە ئینگلیزی ئەنجام دەدرێت.
لەو فیلمانەی ڕای-دا کە پاش ساڵی ١٩٤٧ بەرهەم هاتوون، ئەو ساڵەی تێیدا هیندستان سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت، ئاوەژووبوونەوەیەکی سەرنجڕاکێش لە دۆخەکەدا هەیە؛ چیتر بەریتانییەکان لە دیمەنەکەدا نین، کەچی زمانەکەیان درێژە بەخۆی دەدات و لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتداری هیندستانەوە، بۆرژوازییە بەڕۆژئاواییبووەکان، قسەی پێدەکرێت. زمانی ئینگلیزی چیتر زمانی بێگانە نییە، بەڵکوو وەک بەرهەمە هاوردەکراوە بەریتانییەکانی وەک هێڵی شەمەندەفەر و تەلەگراف لەناو کلتووری هیندستاندا تواوەتەوە و، ئێستاش زمانی دەستوورە لە وڵاتەکەدا. بۆ ڕای، ڕەخنەکارێکی کۆمەڵایەتی بە خولیایەکی قووڵەوە بۆ ڕێوشوێنەکانی بەرهەمهێنانی کلتوور، ئەم ئاوەژووبوونەوەیە لە دیاریکردنی ڕۆحییەتی پۆستکۆلۆنیاڵ لە هیندستانی هاوچەرخدا زۆر گرنگە. لەو فیلمە کێشە-تەوەرانەی لە کۆتاییەکانی ١٩٦٠ ەکان و سەرەتاکانی ١٩٧٠ کاندا سەبارەت بە ژیانی شاری دروستی کردن، ئەوە فۆڕمی ئەم ئاوەژووبوونەیەیە کە دەبێتە بابەتی سەرەکی. لە نووسینگە کۆنکرێتی و شووشەییەکانیاندا، بەڕێوەبەرە ئیدارییەکان، وەک ئووترام، بەگوڕوتینەوە سەرقاڵی داڕشتنەوەی تەوای کلتوورێکن بە زمانی ئینگلیزی، خاڵەکەش ئەوەیە کە، هەروەک ڕای خێرایە لە دیاریکردنیدا، ئەوان کلتووری (خۆیان) و هیندستانی (خۆیان) بە ئینگلیزی دادەڕێژنەوە.
لەو فیلمانەدا کە بە سێیینەی کالکوتا ناسراون –نەیار (١٩٧٠)، کۆمپانیای سنووردار (١٩٧١)، هەروەها، دەڵاڵ (١٩٧٥)- ڕای لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی نیوکۆلۆنیالیزم بەبەردەوامی تیشک دەخاتە سەر جیهانی کۆمپانیاکان. نوخبە ئینگلیزی-ئاخێوەرەکەی فیلمەکانی ڕای، کە لە سەروبەندی سەربەخۆیی هیندستاندا لەدایک بوون، ڕەنگە هیچ پیاوێکی سپیپێستیان (مەبەستی ئینگلیزەکانە) لەسەر شەقامەکانی شاری کالکوتا نەبینیبێ، کەچی هێشتا ئەو سپیپێستانە دەکەنە بنەمای هەڵسوکەوت و بەها و بیرکردنەوەکانیان. ئەوان سوودمەندبووی پەروەردەیەکی ڕۆژئاوایی بوون کە بەزۆری لە قووتابخانە تایبەتەکانی شاردا بوونی هەبوو. هەروەها سەر بە چینێکیش بوون کە بەریتانییەکان لەڕێگەی پێوتنەوەی زمانی ئینگلیزی بە خەڵکی ناوچەکە دروستیان کردن تا وەک دەڵاڵێک، لەوکاتدا ئیمپراتۆرییەتەکە و پاشتریش لە نائامادەیی بەریتانیادا دەوڵەتە پۆستکۆڵۆنیاڵەکە بەڕێوە بەرن. ئەوە ڕوونە کە چینە شیکپۆشەکەی فیلمەکانی ڕەی هەر بەتەنها هێزی دەسەڵاتیان بۆ نەماوەتەوە، بەڵکوو هەموو خەسڵەتەکانی داگیرکارە پێشترەکەشیان. ئەوان پیشاندەری خراپترین شێوەی هۆشیاریی چینایەتی و لووتبەرزی و نەژادپەرستین بەرامبەر هەر کەسێک کە خۆیان بیخەنە بەر نەفرەتی پلەنزمی لە پلە و پێگەدا. هەر وەک پاولین کایل ئاماژەی پێ دەدات، ئەوان "نەریتی سەردارێتی چۆتە ناخیانەوە... ناسنامەی پێگەکەیان بەجۆرێک بەریتانییە، کە وەک ناکەس مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێکی بەئینگلیزنەبوودا دەکەن".
بەرلەوەی ڕای کار لەسەر سێینەی کالکوتا بکات، فیلمی شەوان و ڕۆژانێک لە دارستان (١٩٧٠)ی دروست کرد، کە کایل بە "ڕەنگە وردترین و خەمهێنترین لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی تراجیدیای کلتووریی ئیمپریالیزم کە تا ئێستا سینەما بە خۆوەی دیبێ" وەسفی دەکات. بە تیشکخستنەسەر ئەو زمانە ئینگلیزییەی پاڵەوانەکانی پێی دەدوێن و ئەو بارودۆخەی تێیدا دەوێن، ڕای ئەو ڕۆڵە دەپشکنێت کە زمان لە گواستنەوەی ئایدۆلۆجیای ئیمپریالیستی و بنیادنانەوەی خود و نەتەوەدا دەیگێڕێت. ڕای ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن ئەم نەوە پۆستکۆلۆنیاڵە لەڕێگای داڕشتنەوەی هیندستان بە ئینگلیزی، دووبارە هیندستان دادەهێننەوە؛ چۆن لەڕێگای بەکارهێنانی وشە ئینگلیزییەکان بۆ ئەو شتانەی لە بنەڕەتدا هیندین، بەشداربووی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ئەفسانەسازین بۆ دڵنیابوون لە دروستکردن و مانەوەی "هیندستان" ەکەیان. لە نێو چوارچێوەی پێکهاتەیەکی پلەبەندیدا کە تێیدا دەسەڵات بەخشراوەتە گرووپێک، ئەم تێکهەڵکێشانە زمانەوانییە لە خەیاڵدا دەبێتە ڕێگایەک بۆ بەهێزکردنی ئەو دەسەڵاتە. زمان ئامرازێکە لە ڕێیەوە خەیاڵ لە واقیع موتوربە دەکرێت؛ خەیاڵەکردەکە وەک ڕاستی ڕەوایەتی پێ دەدرێت و ئەم ڤێرژنەش دەبێتە تاکە ڤێرژن. پاشان "هندستان" دەبێتە نوسراوێکی "ئینگلیزی" بۆ نوخبەیەک کە مێژوو، خولیا و خەونەکانی خۆیانیان تێدا تۆمارکردووە؛ هەروەها دەبێتە ناوەندێکی هزری بۆ پێناسەکردنەوەی خود و ناسنامە. هیندستانەکەی "تر"، واتە ئەو هیندستانە مێژووییەی خاوەن فرەییەکی کلتووری و زمانی، خاوەن نایەکسانی و نادادپەروەری، خاوەن دابەشبوونی چینایەتی و بلەبەندییە، زۆر بە سانایی یان فەرامۆش دەکرێت یان بەشێوەیەک دادەڕێژرێتەوە کە لەگەڵ ڤێرژنە فەرمییەکەدا کۆک بێت.
زۆرینەی ڕەخنەکارە ڕۆژئاواییەکان بە ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن کە فیلمەکە لە ڕوانگەی ئەم چەمکانەوە نابینن، بەڵکوو وەک نموونەیەکی باوی گەشتەفیلمێک دەربارەی چوار پیاو کە بۆ ڕزگاربوون لە فشاری دەروونی و بێزاریی ژیانی شار، ڕوو دەکەنە دارستانەکانی پالامو. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەوان تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییەکانی ژیانی شاری، چۆن ئەو جۆرە ژیانە "ئەوانی لە یەکتر و لە ژینگەی ڕاستەقینەیان دابڕیوە و هەستی ئەخلاقیانی پساندووە." بەڵام ڕزگاری لە دارستانەکەدا دەست ناکەوێت. ئەوەی هەیە تەنها "دووبارە ئاماژەدانەوە بە خولیا و کێشە و بەدخووییەکانی هەر یەک لە کارەکتەرەکانە لە ژینگەیەکی جیاوزدا". بە مانایەک لە ماناکان، دارستانەکە دەبێتەوە بە شار. ڕەخنەکارانی تری وەک بێن نایس و ڕۆی ئارمش ئاڵۆزییە دەروونییەکانی فیلمەکەیان پەسن داوە؛ ڕای چەندە جوان توانیویەتی "جۆراوجۆرییەکانی کارلێک و پەیوەندییە مرۆییەکان" وێنە بگرێت و وامان لێ بکات بە سنوردارییەکانی نێو "ناسنامەکانی پیاوان" ئاشنا بین. تۆم مایڵ-یش هەمان خاڵ دووبارە دەکاتەوە کاتێک باسی لێکچوونەکانی نێوان ڕەی و ئەنتوان چیخۆف و جەیمس جۆیس دەکات. هەروەها فیلمەکە بۆ کوالیتییە فەرمییەکانیشی پەسن دراوە؛ پێنلۆپی هۆستن، "ناکرداری ... ناچیرۆکی" ی فیلمەکە وەک "شانۆنامەیەکی سێ پەردەیی خاوەن فۆڕمێکی پتەو" دەبینێت، لەکاتێکدا مارگرێت مینکسمان، کارەکە وەک "هاوسەنگییەکی نیانی کاردانەوەکان" وەسف دەکات. هەرچەندە ناکرێت ئەم خوێندنەوانە وەلابنرێن، بەڵام جۆرێک لە نائاشناییان بەرامبەر واتا نهێنییە سیاسییەکانی فیلمەکە تێدایە، کە تەنها کایل بەو وردییە دیاری دەکات. بەدڵنیاییەوە ڕەخنەکارە هیندییەکان لەم ڕووەوە وردبینترن. بۆ نموونە، چیداناندا داس گوپتا، ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن بابەتی سەرەکی لە فیلمی شەوان و ڕۆژانێک لە دارستاندا بریتییە لە "گەڕانی نوێی ڕەی بۆ ناسنامە، هاوشانی ئەو نەوەیەی پاش سەربەخۆیی هیندستان کە دەربارەی بەهای تەواوەتی ڕێنیسانسی هیندی وەک ئەو بیر ناکەنەوە." ئەم ئاماژە تایبەتە کلتوورییانە زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتنمان لە چوارچێوە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەی فیلمەکە.
لە فیلمەکەدا چوار پیاوی بەنگالی سەر بە چینی ناوەڕاست هەن؛ ئاشیم، بەڕێوەبەرێکی گەنجە کە لە کارەکەیدا سەرکەوتووە؛ سانجۆی، بەڕێوەبەرێکی کارە لە کارگەیەکی ڕستن و چنیندا؛ هاری، وەرزشوانێکە کە بەو دواییانە دوورخراوەتەوە؛ شێکار-یش بێکارە. هەر کە پێیان لە شارە ناسراوەکەیان خستە دەرەوە، ڕووبەڕووی هیندستانێک دەبنەوە کە بەئاستەم دەیناسن، هیندستانێک کە لەگەڵ ڤێرژنە نیمچەڕۆژئاواییەکەی ئەواندا نایەتەوە، لەمەشەوە، هیندستانێک کە دەبێت لە شێوەیەکی پەسەندکراودا دابڕێژرێتەوە. ڕەوتی بەرەوپێشچوونی فیلمەکە لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەوە دەبێت لەگەڵ خەڵکانێکی سەر بە پاشخانێکی کۆمەڵایەتی و نەژادیدا کە نموونەی پێکهاتەیەکی بچووککراوەی کۆمەڵگەی هیندین. لەم ڕووەشەوە، فیلمەکە لەوە نزیک دەبێتەوە کە ببێتە چیرۆکێکی هێمایی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەربارەی هیندستان و، ئەوەی کە هیندستان خۆی چییە و ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەیانەوێت چۆن بێت.
جگە لەوەی چوار هاوڕێکە ڕووبەڕووی کەسانێک دەبنەوە کە زیاتر لە خۆیان بەڕۆژئاواییبوو و ڕۆشنبیرن، کەسانێکیش دەبینن کە لە بنی بنەوەی کۆمەڵگەدان؛ چینی هەژاری شاری پالامو، گوندییە پلەنزمەکان و ئەو خێڵەکییانەی مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ چەوسانەوەدا هەیە. هەرچەندە چوار هاوڕێکە لەبەردەم زیرەکی کەسانی یەکەمدا خۆیان دەدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەوە زۆرینە لەمافبێبەشکراوەکەیە کە تەحەدا گەورەکە دەکەن، بەوپێیەی تەنها ئامادەییان گەورەترین مەترسییە بۆسەر ئەو ڤێرژنەی هیندستان کە خاوەنی تاکە نەتەوەیەکی یەکگرتوو و بەهێز و بۆرژوایە. هەربۆیە پیاوەکان هەڵدەستن بە سڕینەوەی بوونی ئەوان، ئەوەش لەڕێگای بەکاربردنی ئەو مۆدێل و پێوانە ڕۆژئاواییانەوە دەکەن کە هەڵسوکەوتە خێڵەکییەکان وەک گاڵتەجاڕی و لە دەرئەنجامیشدا وەک نامرۆڤانە دەبینن. هەر وەک جەنەڕاڵ ئوترام، شارنشینەکان ئەم گوندی و خێڵەکییانە لە دەرەوەی کلتووری خۆیاندا دادەنێن و کۆمەڵێک پێوانەیان بە سەردا دەسەپێنن کە نامۆیە بە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیان. هەربۆیە هەرکاتێک چ لە ئامادەیی و چ لە نائامادەیی ئەو گوندی و خێڵەکییانەدا زمانی ئینگلیزی قسەی پێ دەکرێت، بابەتی قسەکان نەژاد و چین و دەسەڵاتە- قسەکردنەکەش دەربارەی وەدەرنانە.
بەڵام مەبەستی ڕای لەم فیلمەدا تەنها پیشاندانی ئەو تێکستانە نییە کە بەم شێوەیە دەسڕدرێنەوە و دووبارە دەنوسرێنەوە، بەڵکو ڕەخنەگرتنە لەو "نوسەرانەی" لەو پڕۆسەیەدا ناسنامەی خۆیان دەنووسنەوە. تا زیاتر پیاوەکان بە ئینگلیزی لە بەردەم خەڵکی ناوچەکەدا بدوێن، زیاتر بە داگیرکارە پێشترەکەیان دەچن؛ هەمان تۆن و شێوازی ئەوان بەکار دەهێنن لەکاتی قسەکردن لەگەڵ "دانیشتوانە ڕەسەنەکدا". تیشکخستنەسەر ئەم چەشنە ڕەفتارە نیۆکۆلۆنیالیستە، جۆرێکە لە هەستکردن بە خودە پارچەبووەکان، بە بەها ساختەکان، بە یەکانگیرییە لەدەستچووەکە. ئەگەر جەنەڕاڵ ئوترام یەکەمجار لە ڕێگەی ئینگلیزییەوە ناوچەی ئاود بلکێنێت بە شانشینی بەریتانیاوە، ئەوا پڕۆسەی دووبارە داڕشتنەوەی هیندستان لەلایەن چوار پیاوەکەوە بە هەمان زمان ئاماژەیەکی ترە بۆ لکاندنێکی تر؛ فرۆشتنی هیندستان لەلایەن هیندییەکانەوە بە ڕۆژئاوای بەرخۆری سەرمایەدار. لەڕاستیدا، قووڵترین ئارەزووی پیاوەکان، کە ئارەزووی سێکسی و مادیین، لەڕێگەی ئەم گووتارە بەرخۆرییەوە خراوەتە ڕوو، هەر بەو چەشنەی نەژادپەرستی خۆیان لە ڕێگەی گوتارێکی ئیمپریالیستییەوە دەردەبڕن. لەم ساتانەدا، ڕای ئێمە ڕووبەڕووی ئەو میراتە لەناوبەرەی کۆڵۆنیالیزم دەکاتەوە کە نەک تەنها ئاکار و ڕۆحیەتی نێو کۆمەڵگایەک دەڕزنێت، بەڵکوو نەوەیەک فێردەکات تا بە زمانێکی بێگانە خەون بە خودێتی و نەتەوەوە ببینن.
فیلمی شەوان و ڕۆژانێک لە دارستان بەوە دەست پێدەکات کە چوار پیاوەکە لە ئوتومبێلەکەی ئاشیم-دا لەسەر ڕێگای گەشتێکن ڕووەو دارستان. بەو بەمەستەی نەوەک ئەوەی لە ڕواڵەتدا بە داستانی گەڕانەوە بۆ سرووشت دەچێت پاڵمان پێ باتەوە، ڕای هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی هۆشداریمان بۆ دادەنێت. هەر زوو سەوزەڵانییە چڕوپڕەکە جێی خۆی بۆ وشکەڵانی ڕووتەن و ڕێڕەوی وشکی چەمەکان چۆڵ دەکات. پێمان دەگووترێت کە ئاژەڵەکان هەموویان یان لەناو چوون یان لە سێرکەکاند نمایش دەکەن. ئەندامانی خێڵی سانتاڵس-یش لەوە باشتر نین؛ پارە و خواردنەوە ڕووەو خراپی کێشی کردوون. شاریش تا دێت نزیکتر دەبێتەوە. لەناکاو لە ناوەڕاستی ئەم دەشتە چۆڵەدا بەزینخانەیەک بە نیشانەیەکی گەورەی ئینگلیزیی کۆمپانیای (کالتێکس)ەوە هەڵدەتۆقێت. نیشانەکانی دەرەوەی هاوینەهەوارەکانیش هەر بە زمانی ئینگلیزین، کە لە سەریان نووسراوە کەسانێک مۆڵەتی مانەوەیان پێ نییە ناتوانن بمێننەوە. خودی هاوینەهەوارەکە پاشماوەیەکی ئینگلیزییە، بەرماوەیەکی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئینگلیزەکان، شوێنێک ئەفسەرە بەریتانییەکان لەکاتی نۆرەی کارەکەیاندا لێی دەژیان. کاتێک ئاشیم بە دەنگی بەرز نیشانەکە دەخوێنێتەوە، هۆشداریدانەکە شانبەشانی دەنگی خوێندنەوە ئینگلیزییەکەی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەم دارستانە "ئینگلیزییە" چیتر هی دانیشتوانە ڕەسەنە ڕاستەقینەکەی، واتە خێڵی سانتاڵس، نییە. هەر زوو، هاری بەراوردی خۆرئاوابوونەکە دەکات بەوەی لە فیلمێکی بێرت لانکاستەردا بینیویەتی. بەم شێوەیەش، دارستانە هیندییە دێرینەکە، ماڵی نەریتیی پارێزکارەکەن، بەهۆڵیوودی دەکرێت.
لە دیمەنی سەرەتای پێش خستنەڕووی ناوی بەشدارانی فیلمەکەدا، سانجۆی بە دەنگی بەرز گەشتنامەیەک دەخوێنێتەوە کە سەد ساڵ پێشتر لەلایەن سەنجیب چاتێرجی-یەوە، برای ڕۆمانووسی بەناوبانگی بەنگالی بانکیمچاندرا چاتێرجی، نووسراوە. ڕای دیمەنێکی جوانیی گوتاری پێچەوانە لە نێوان زمانە بەنگالییە سادە و کلاسیکییەکەی چاتێرجی و شێوازی قسەکردنی پیاوەکان کە پڕە لە زمانی بازاڕی و وشەی ئینگلیزی دروست دەکات. پەخشانە ڕازاوە فەرمییەکەی چاترێجی سەدایەکی جیاوازی هەیە، کە نەک تەنها ئاماژەیە بۆ جۆرێکی تر لە تێگەیشتن لە زمان، بەڵکو سیستەمێکی بەهایی تەواو جیاوازیش.
بەپێچەوانەی پیاوەکانەوە، چاترێجی سەردەمانێک لە پالامو ژیاوە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دانیشتوانە خێڵەکییەکەدا هەبووە. ئەو بەبێ خۆبەشتزانین دەربارەیان دەنووسێت، ڕێگە بە خۆی نادات داوەریان دەربارە بکات یان بە نامۆ پیشانیان بدات. بۆ ئەو، پالامو شارێکی ڕاستەقینەیە بە دانیشتووانێکی ڕاستەقینەوە. بەڵام چوار لاوە شارییەکە لەگەڵ ئەم بابەتیبوونەدا هەڵناکەن. تەنانەت ڕێزی نووسینەکەی چاترێجی-ش ناگرن، چوونکە هیچ وشەیەکی ئینگلیزی تێدا نییە. شێکار، کاتێک لە خوێندنەوەکەدا دەبیستێت ژنانی خێڵی سانتاڵس لەگەڵ پیاوەکانیاندا دەخۆنەوە، بە سەرسامییەوە دەڵێت "کۆمەڵگایەکی ڕۆژئاوایی!" کاتێکیش چاتێرجی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ژنەکان هەموویان گەنجن، شێکار بە "لاوییەکی سەرمەدی" خوێندنەوەکە دەبڕێت. شێکار ناتوانێت دارستانەکە و خەڵکە خێڵەکییەکە وەک ئەوەی هەن پەسەند بکات، بۆیە دەبێت ڕستێک ئاماژەی بیانیان پێ بدات و خەیاڵی گەمەیەکی لیبیدۆیانە (پەیوەست بە غەریزەی سێکسی) لە دارستانێکی ئیرۆتیکیدا بکات کە، وەک دارستانی هۆڵیوودەکەی هاری، تەواو نامۆیە بە بیرۆکەی دارستان-بۆ-چارەسەری-ڕۆحی لە هیندستان.
لەو چوارە، شێکار لە هەمووان زیاتر ئینگلیزی بەکار دەهێنێت و ئەو خووەی هەیە کە بە ئینگلیزی ناوی شتەکان و ڕووداوەکان و خەڵکەکان دێنێت. زەردەپەڕی دارستانەکە بە "خۆرئاوابوون-sunset" ناو دەبرێت، خانووەکان تر "داخراون-locked"، لە بازاڕەکەدا "چاخانە-tea stall" هەیە، دارستانەکە "ڕۆمانسییە-romantic." پاشتر لە فیلمەکەدا، کاتێک خەریکی ئاگر تێبەردانە لەو ڕۆژنامە ئینگلیزییانەی لە کالکوتاوە هێناویانە، شێکار بەشۆخییەوە دەڵێت کە تەواوی پەیوەندییەکانیان بە شارستانییەتەوە پچڕاندووە. کاتێک کامێراکە ڕۆژنامە سووتاوەکە نزیک دەکاتەوە، دەتوانین سەردێڕە ئینگلیزییەکان ببینین. بۆ ئەم پیاوانە شارستانییەت ئینگلیزییە، هەروەها، هەر وەک فیلمەکە دەیخاتە ڕوو، ئەوە شتێکە ناتوانین لە دەستی ڕزگارمان ببێت. بەردەوام وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا هەڵدەستێتەوە.
پێویستە لێدوانە نەژادپەرست و قینلەدڵەکانی شێکار دەربارەی خەڵکانی سەر بە خێڵی سانتاڵس لەم ڕووەوە بخوێنرێتەوە. بەوپێیەی، لە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای بەنگالیدا کە ئەو لێوەی هاتووە، ڕەگەزە جیاوازەکان ئازادانە تێکەڵ نابن و پێکەوە ناخۆنەوە و گەنجێتی و تایبەتمەندیی ڕەگەزیی خۆیان ناخەنە ڕوو. شێکار ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بە شلگیریی ڕۆژئاواییەوە دەبەستێتەوە. ئەم خێڵە "سەرەتاییانە" سەرکێشی دەرگیربوون لەگەڵ ئەم چەشنە بەڕۆژئاواییبوونەدا دەکەن، بەڵام وشکەباوەڕییەکەی شێکار ڕێگای پێ نادات ئەمە لەئامێز بگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی سوکایەتیپێکردنێکی دەستبەجێی خێڵەکە لەلایەن شێکارەوە و، بەمەبەستیش ئەم سووکایەتیپێکردنە بە ئینگلیزی دەردەبڕێت. گەر ئوترام لە گۆشەنیگایەکی ئینگلیزییەوە کردارە سێکسییەکانی واجید عەلی بە لەڕێدەرچوون دەبینێت، هێماگەرییە ڕۆژئاواییەکەی شێکار خێڵی سانتاڵس وەک دڕندەگەلێکی بەدئاکار دەخاتە ڕوو. هەر وەک ئوترام، ئەمیش ناتوانێت لەناو چوارچێوەی کلتووریی خێڵەکییەکاندا داوەری ئەو کەسانە بکات کە چێژ لە سێکس و خواردنەوە دەبینن. پاشتر لە فیلمەکەدا، ئێمە تێدەگەین کە شێکار چەندێک کپێنراوە. لە دوو دیمەنی خواردنەوەی فیلمەکەدا، شێکار ڕەتی دەکاتەوە ئەو خواردنەوەیەی گوندەکە بخواتەوە کە هاوڕێکانی پێشکەشی دەکەن؛ لەناو چوار هاوڕێکەدا، ئەو تاکە کەسە کە هیچ سەروکارێکی لەگەڵ ژناندا نییە. بەم شێوەیەش، خەونی ئازادبوونە ڕۆژئاواییەکەی تەنها وەک خەونێک دەمێنێتەوە، خەونێک بە ئینگلیزی. کاتێک بۆ یەکەمجار شێکار چاوی بە ژنێکی خێڵی سانتاڵس دەکەوێت، بە "خاتوو هیند" وەسفی دەکات. لەوەدا کە ژنێکی سانتاڵسی دەکرێت بە سیمبولی نەتەوەیی وڵاتێک کە خەڵکە خێڵەکییەکانی بەردەوام هەڵدەفریوێنرێن و تاڵان دەکرێن و دەچەوسێندرێنەوە، تەوسێکی سەرنجڕاکێش هەیە. لەهەمان کاتدا، وەک سیمبوولێکی زیندوو بۆ هیندستانی دێرین، هیچ ناونیشانێک لە "خاتو هیند" گونجاوتر نییە. بەڵام "خاتوو هیند"ەکەی شێکار نووکتەیەکی بەدنیازانەیە کە ڕیشەکانی لەو جیهانی ڕێوڕەسمە نیمچەڕۆژئاواییانەی هیندستاندایە کە تێیدا ژنان وەک کاڵا نمایش دەکرێن. هەروەها شێکار سێکسیشی لە خەیاڵدایە ("خاتوو" ئاماژەیە بۆ پاکیزەیی)، بەڵام لەوە شەرمنترە خۆی لە ژنەکە نزیک ببێتەوە و هەربۆیە هەوڵ دەدات ئاوقەی هاری-ی بکات. لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا، مەیلی ئافسانەسازی شێکار بە ئینگلیزی پیشان دەدرێت.
دوو ڕووبەڕووبوونەوەی دیکە لەگەڵ ئەندامانی خێڵی سانتاڵس-دا هەن کە بەڵگەی زیاتر دەربارەی ئەم جۆرە لە نەژادپەرستیی "ئینگلیزی" دەخەنە ڕوو. لە خاڵێکی فیلمەکەدا شێکار "خاتوو هیند" و دوو کارگوزاری تر بەکرێ دەگرێت تا هەندێ کاری سادەی ناوماڵ بۆ پیاوەکان ئەنجام بدەن لەو ماڵەی تێیدا ماونەتەوە. بەدەم بەسەربردنی پشوەکەیانەوە پیاوەکان بە زمانێکی تێکەڵی بەنگالی و ئینگلیزی دەربارەی تەلەفزیۆن و ئەو ڕادیۆیانەی لە شێوەی بوتڵی خواردەنەوەی ڤات ٦٩ دان قسان دەکەن. یەکێک لە ژنەکان لەڕێگەی باوەشێنێکی مۆدێل کۆنی بەپەت-ئیشکردووەوە باوەشێنی پیاوەکان دەکات. ڕای گفتوگۆی پیاوەکان و گرتەی سێ ژنەکە لەکاتی کاردا دەداتە پاڵ یەک، بەڵام بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر ئەو ژنەی باوەشێن دەکات، کە لەسەر زەویەکە و لە پەراوێزی ئەو شوێنانەی لەلایەن پیاوەکانەوە گیراوە دانیشتووە، ئەمەش هێمایەکە بۆ خزمەتکار-وەک-دەرکراوێکی گوێڕایەڵ. لەمەوە، ڕەی تەنها ڕەهەندە سیاسی و کلتووریەکەی ئەو بنەما دەسەڵاتدارییە سەرمایەدارە بەرخۆرە ناخاتە ڕوو، بەڵکو لەناو هەمان چوارچێوەشدا قوربانییەکانی ئەم بۆرژوازییە نوێیە پیشان دەدات.
شەوێک پیاوەکان پاش سەرخۆشبوون، لەسەر ڕێگەیەکی ناوچەکەدا دەست دەکەن بە کەمەربادان و ئاشیم ئەمە ناو دەنێت "خۆبادانی سانداڵس". دواتر لە فیلمەکەدا، پیاوەکان دەبینن ساندڵسەکان لە بۆنەیەکی خێڵەکەدا بە شێوەیەکی زۆر جوان و هاوئاهەنگ سەما دەکەن کە تەواو پێچەوانەی ئەو کەمەربادانەی خۆیانە. ئەوەی زۆر بریندارکەرە ئەو ناوەیە کە ئاشیم لە سەماکەی دەنێت؛ "خۆبادانی سانتاڵس"، کە ئەمەش بێزراندنی کلتووری و بەکەمسەیرکردنە. "خاتوو هیند" و "خۆبادانی سانتاڵ" جۆرێکن لە وەدەرنانی کلتووری و ئەوە ئاشکرا دەکەن کە خێڵی سەنتاڵس هیچ شوێنێکیان لە هیندستانی "ئینگلیزی"دا نییە.
لە یەکێک لە دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکەدا، کاتێک چوار هاوڕێکە لەسەر ڕێگای گەشتەکەیاندا بۆ شوێنێکی مانەوە دەگەڕێن، ڕێیان دەکەوێتە پیاوێک. سانجۆی بە ئینگلیزی بە ئاشیم دەڵێت "پێی بڵێ بزانە دەتوانێت لەگەڵماندا بێت." پاشان ئاشیم پرسیارەکە وەردەگێڕێت و بە بەنگالی لە پیاوەکەی دەکات. بێگومان سانجۆی دەیتوانی خۆی ڕاستەوخۆ ئەم پرسیارە لە پیاوەکە بکات، بەڵام لەڕێگای بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزییەوە جۆرێک لە پلەبەندی دروست دەکات. پیاوەکە دەزانێت پرسیار لەو کراوە، بەڵام تێناگات پرسیاری چی لێکراوە. ئەوەش هەستی جیاوازی لە نێوان پیاوەکە و چوار هاوڕێکەدا دروست دەکات.
بابەتی پارە یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە بەردەوام بە زمانی ئینگلیزی قسەی لەبارەوە دەکرێت، بەردەوامیش دەبەسترێتەوە بە دەسەڵات و گەندەڵییەوە. زیندووترین نموونە ئەو کاتەیە کە پیاوەکان مۆڵەتی مانەوەیان لە ماڵەکانی هاوینەهەوارەکەدا پێ نییە و پاسەوانی ماڵەکان دێتە لایان و داوای مۆڵەتەکەیان لێ دەکات. پیاوەکان بە پارە پاسەوانەکە قایل دەکەن و، پاش سەرکەوتنیان لەم کارەدا، سانجۆی دەڵێت، "خودایە سوپاس بۆ گەندەڵیی!" ئەم دیمەنە دەرخەری پەیوەندی نێوان پارە و دەسەڵاتە و پاسەوانەکەش کە خاوەنی ماڵومنداڵێکی برسییە باش لەمە تێدەگات. بەدەر لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکە، بابەتەکە زیاتر پەیوەستە بە سیاسەتی دەسەڵات و برسێتییەوە. ئەم وتەیەی سانجۆی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئیمپریالیزم نەک تەنها بەها ئەخلاقی و ڕۆحییەکانی هیندستانی شێواندووە، بەڵکو چینی دەسەڵاتدارانیشی بەو چەشنە گەندەڵ کردووە.
ڕەی زوو لەم پیاوانە بێزار دەبێت و لە نیوەی دووەمی فیلمەکەدا ڕووی ڕاستەقینەی دوڕوویی و خۆنواندنیان هەڵدەماڵێت. پیاوەکان دەتوانن لەگەڵ خەڵکە نەخوێندەوارەکەدا ڕووبەندێکی ساختە بپۆشن. ئەم ڕووبەندەیان تا ئەوکاتە بڕ دەکات کە کەسانێکی خەڵکی شار دەبینن کە نەک تەنها بە ئینگلیزی قسە دەکەن، بەڵکوو زۆر لەمان باشتریش قسەی پێ دەکەن. لێرەدا ڕەی ئەوەمان پیشان دەدات کە لەناو چینی بۆرژوازیشدا جۆرێک لە پلەبەندی هەیە؛ لەهەمبەر کەسانی ڕۆشنبیرتر و دونیادیدەتردا پیاوەکان تەواو هەست بە نائارامی دەکەن. هەر لەناکاو، ئەو ئینگلیزییەی شانازیان پێوە دەکرد، دەبێتە کۆمەڵێک ڕستە و گوزارەی دووبارە کە لەپشتییەوە دۆخی جێبەزەیی خۆیان دەشارنەوە. بۆ ڕەی ئەم خیانەتکردنەی خود، بە لەبەرچاوگرتنی چەوتییەکەی، خۆلێلانەدراوە. لەهەمان کاتیشدا ئەمە خیانەتکردنە لە چەوتیتی پڕۆژەکەیان: دووبارە داڕشتنەوەی هیندستان بە ئینگلیزی.
ڕۆژێک سەرپەرشتیاری گشتی دارستانەکە دەگات و داوایان لێ دەکات شوێنەکە چۆڵ بکەن، چوونکە بە نایاسایی گرتوویانە. بۆ یەکەمجار ئاوەژووبوونەوەیەکی دراماتیکی ڕوو دەدات؛ لەبەردەم کەسێکی دەسەڵاتداردا کە بە سانایی و ئارامییەوە بە ئینگلیزی دەدوێت، پیاوەکان بە بەنگالی قسە دەکەن و دەچنەوە قاوغی خۆیان. لەنێوان هەموو ئەو نیۆکۆلۆنیالیستانەی ڕای دەیانخاتە ڕوو، سەرپەرشتیارە گشتییەکە لە هەموویان بەماریفەتتر و شارستانیترە. کاتێک لەگەڵ پیاوەکاندا بە ئینگلیزییەکی بەریتانیی پاراو قسە دەکات، دەبێتە سیمبوولێکی زیندوو بۆ ئەو سەردەمەی بەریتانییەکان حوکمیان دەکرد. ئەم جارە نە ئاشیم دەست دەکات بە گیرفانیدا و نە سانجۆی هەوڵدەدات ڕقەکەی لە پشتی ئینگلیزییەکەیەوە بشارێتەوە. بە خۆبینینەوە لە پلەیەکی نزمدا لە هەموو ڕووەکانەوە (چین، پێگە، دەسەڵات، و زمان) و تاوانباربوونیان بە بەنایاسایی مانەوە، پیاوەکان دەبێت چاوشۆڕی خۆیان (بە ئینگلیزی) بنۆشن. ئەم ئاوەژووبوونەوەیەی دۆخی چوار هاوڕێکە دووبارە دەرخەری ئەو پلەبەندییەیە کە لەناو چینی بۆرژوازیدا هەیە، کە تێدا تەنها ئەوە گرنگ نییە بە ئینگلیزی قسە بکەیت، بەڵکو ئەوەش کە بە چۆن ئینگلیزییەک قسە دەکەیت.
بەر لە سەرپەرشتیارە گشتییەکە، پیاوەکان مەمەڵەیان لەگەڵ پاسەوانی مەڵەکاندایە کە لە پێگە و چیندا لە خوار ئەوانەوەیە و فەرمانەکانیان جێبەجێ دەکات. لە دیمەنێکدا پاسەوانەکە چەند وشەیەکی ئینگلیزی بەشێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنێت و هەوڵ دەدات لەڕێگای بەکارهێنانی زمانێکەوە کە باش نایزانێت پێگەی خۆی بسەپێنێت. ئەم زمانە تێکشاو و لاوازە پیشاندەری کەسایەتی لاواز و تێکشکاوی پاسەوانەکەشە و ئەوەش دەخاتە ڕوو کە زمانی ئینگلیزی کەسێک چۆنە کە خوێندنەکەی بە زمانی بەنگالی بووە، کەسێک سەر بە چینێک جیاواز لە هی پیاوەکان.
ئەم هەوڵە نائاکارییە بەردەوامانە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هیندستان بە "زمانی ئینگلیزی" و بەهەند وەرنەگرتینی کەمینە کۆمەڵایەتی و نەژادییەکان و سادەکردنەوەی واقیعێکی ناوازەی پڕ فرەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی شکاندنی بڕبڕەی پشتی وڵاتەکە. بەوتەی ستیوار بایرن، وڵاتەکە بۆتە زبڵدانێک بۆ کلتوورەکانی جیهان. هەر وەک خۆی دەڵێت، "سەپاندنی کلتوورێک بەسەر کلتوورێکی تردا، بە لێکهەڵوەشانێکی ساڕێژنەبوو کۆتایی دێت." هیندستان جارێکی تر نابێتەوە بە گشتێک.