ساتیاجیت ڕای: گرنگی بە مرۆڤ دەدەم، بەلای منەوە سیاسەت گرنگ نییە

04/05/2020    09:10

ساتیاجیت ڕای: گرنگی بە مرۆڤ دەدەم، بەلای منەوە سیاسەت گرنگ نییە 


Cînema

بەشی یەکەم

دیمانەساز : بێرت کاردێللۆ
بۆ عەرەبی : عەبدولقادر عەقیل 
بۆ کوردی : زرار حەمید 


 هاوینی ساڵی ١٩٨٩ چاوم بە ساتیاجیت ڕای کەوت. دەربارەی ئەو دوو هەواڵم بیستبوو، یەکێکیان دڵخۆشکەر و ئەوی تر دڵتەنگی کردبووم. هەواڵە خۆشەکە ئەوە بوو کە ساتیاجیت ڕای سەرقاڵی کارکردنبوو لە بیست و شەشەمین فیلمیدا بەناوی "دوژمنی گەل – ganashatru " کە فیلمەکە لە دەقێکی گەورە شانۆنامەنووسی نەرویجی "هێنریك ئیپسن"ەوە وەرگیرابوو .

دەربارەی هەواڵە ناخۆشەکەش: دڵی ساتیاجیت ڕای دووچاری کێشەی تەندروستی هاتبوو، کە دواتر ساڵی ١٩٩٢ بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. بەڵام پێش مردنی  پاڵەوانانە دوو فیلمی  تری تەواوکرد، (لقی دارەکە – Sakha Prosakha  - ١٩٩٠) وە فیلمی (بێگانە – Aguntul – ١٩٩١).

بەیانییەكی گەرم، لەماڵەکەی خۆی لە لە شاری (کەلکەتا)، لە نهۆمی دووەمی بینایەکی کۆن لە شەقامی (بیشوب لیفروی)، ساتیاجیت ڕاییم بینی. گفتوگۆی نێوانمان چەند کاتژمێرێکی خایاند. وەك کاریگەرترین فیلمسازی سینەمای هیند باسی سەرجەم لایەنەکانی ژیانی پیشەیی خۆی بۆ کردم.

"نوسینە ڕەخنەییەکان لەسەر فیلمەکانم جێی سەرنج و تێبینین! باشترین فیلم کە دروستمکردووە (شەوان و ڕۆژانێک لە دارستان – Aranyer Dintarti – ١٩٦٩) لە هیند ڕەتکرایەوە و لەلایەن بینەرانەوە پێشوازی لێنەکرا، تەنانەت ڕەخنەگرانیش باش فیلمەکەیان هەڵیاننەسەنگاند، بەڵام ئەم فیلمە لە دەرەوەی هیند بە باشترین کاری من دادەندرێت. فیلمەکە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك لە بەریتانیا نمایشکرا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەئاستێکی فراواندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بارودۆخەکە بەوجۆرەیە کە ئێمە لەخەڵکییەوە فێردەبین ئەوان چ شتێكیان لا پەسەندە و چ شتێکیان لا پەسەند نییە، کاردانەوەشیان بەرامبەر کارێک هیندی بێت یاخود کارێک ڕۆژئاوایی بێت دەیبینین. من زۆر سوودم لەم وانەیەی ڕەخنەگرە بێگانەکان وەرگرت."

"پێموایە لەساڵانی ڕابردوودا توانیوومە بینەرێکی زۆر لە کەلکەتا دروستبکەم. ئەو فیلمانەی دەرهێنانم بۆ کردوون بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت هەفتە لە سێ هۆڵی نمایشی جیاواز لە شارەکەدا پیشاندراون. ئەم بینەرانە بەردەوام چاوەڕێی فیلمی داهاتووی من بوون، لەکاتێکدا بینەرەکان سەرجەمیان لە چینی ڕۆشنبیران نین، بەڵکو کەسانی ئاسایین، خەڵکی کۆڵانە بچکۆلەکانی ئەم شارەن و وردە وردەش ژمارەیان زیادی دەکرد." 




دەقی گفتوگۆ :
- هیچ کارێك هەیە نەتکردبێت و ئاواتت ئەوەبێت ئەنجامی بدەیت؟
- زۆرن ئەو کارانەی ئارەزوو دەکەم ئەنجامیان بدەم، بەڵام هەندێکیان زۆر قورسن، هەندێکی تریشان ڕەنگە زۆر ئاڵۆزبن. بۆ نمونە ئارەزوو دەکەم فیلمێک لەسەر داستانە هیندییەکان (داستانە کۆنەکانی هیند، وەك رامایانا و مەهاباراتا) دروستبکەم، دەمەوێت بە پشتبەستن بە چیرۆکە نەتەوەییەکانمان فیلمێك بەرهەم بهێنم، بەڵام بەشێوازێکی جیاواز، کەمێک سادە بێت و لەگەڵ شێوازی ئیشکردنی پێشووم جیاوازی هەبێت.

نازانم تا چەند بینەر پێشوازی لەم جۆرە فیلمانە دەکات، بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانێت پێویستە ئەزموون بکات. لەوانەیە بتوانم دەرهێنان بۆ چەند بەشێکی داستانە نیشتیمانییەکانی وەك مەهاباراتا و ڕامایانا بکەم، بەتایبەت ماهاباراتا، کە خۆم سەرسامم پێی. خودی داستانەکە و ڕووداوەکانی و کەسایەتییەکان  لەهەموو ڕوویەکەوە مرۆیی و سەرمەدیین. هەروەها دەمەوێت دەرهێنان بۆ چەند فیلمێکی تری مێژوویی  سەردەمی مەنگۆلییەکان بکەم چونکە لەڕاستیدا خۆم بەچەند کارەکتەرێکی سەردەمی مەنگۆلییەکان سەرسامم.
دەمەوێت دەرهێنان بۆ چەند فیلمێک لەسەر بەریتانییە گەڕۆکەکان دروست بکەم، ئەوانەی  لەسەدەی هەژدە و نۆزدە هاتنە هیند و تابلۆ هونەرییەکانیان بووە تۆمارێکی مێژووی بۆ هیندستان، بەتایبەت کارەکانی (ولیام دانیاڵ ١٧٦٩-١٨٣٧) و (ستانهوب فورست ١٨٥٧-١٩٤٧) و (ولیام هودجس ١٧٤٤-١٧٩٧). ئەم هونەرمەندانە کارێکی گەورەیان پێشکەشی هیندەکان کردووە، بەبێ ئەوان هیندستان هیچ مێژوویەکی تۆمارکراوی لەسەدەی هەژدە و نۆزدەدا نەدەبوو. لەڕاستیدا ئەوان بۆ گەڕان بەدوای ساماندا هاتنە هیندستان، شتێکی ناوازەیان دەستکەوت. دەمەوێت کار لەسەر ئەو هونەرمەندانە بکەم. 


- ئایا کاریگەری بەریتانیا تا ئێستاش بەسەر هیندستانەوە ماوە؟
هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە ئێمە زۆر قەرزاری بەریتانییەکانین، من وەك خۆم بەرهەمی تێکەڵاوی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەبینم. فیلمەکانم ڕەنگدانەوەی ئەو تێکەڵبوونەن.  ئاشنایی ئێمە لەگەڵ ئەدەبیاتی رۆژئاوا و سینەما لە ڕێگەی دەستەی ڕادیۆی بەڕیتانی (BBC)یەوە بوو. کەس ناتوانێت نکوڵی لەمە بکات، من بەشێکم لەم جیهانە، بەشێکم لەکۆی ئەو جیهانەی وا بەبەرچاومانەوە بچووكدەبێتەوە. 
وەك دەرهێنەرێك، ناتوانم نکوڵی بکەم لە کاریگەری ڕۆژئاوا لەسەر فیلمەکانم، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕەگ و ڕیشەی من بەناو نیشتیمانەکەم و کولتوورەکەمدا ڕۆیشتووە، ئەمەش بەرەو ئەو پرسیارەمان دەبات: ئایا کاردانەوەت چی دەبێت لەو شتەی لە کەلتوورەکانی تردا بەباش و بەسودی دەزانیت؟ بۆ نمونە، ساڵانێکی زۆر هەوڵمدا لەڕێگەی فیلمەکانمەوە مێژووی هەرێمی بەنگال نیشانبدەم: لە سەردەمی بەریتانیا، سەدەی نۆزدە، قۆناغی سەربەخۆیی هیند و کۆتایی دەرەبەگایەتی. 
بە شارستانیبوونی چینێکی دیاریکراو لە هەر وڵاتێك بەلای منەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە چونکە زۆرجار ئەو چینە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبنەوە، بەڵام مرۆڤ دەبێت هەڵوێستێکی نەرمی بەرامبەر شتێك هەبێت کە دوای ساڵانێکی زۆر لەمانەوە دەگۆڕدرێت.
لە فیلمی (Jalsagher - ١٩٥٨)دا هاوسۆزییەک هەیە بەرامبەر چینی خانەدانی هیندستان، کە ئەم کەسانە لەڕاستیدا هیچ سودێکیان بۆ هیندستان نەبووە، بەڵام مرۆڤ کاتێك ژیانی یەکێك لە کەسایەتییەکان دەگێڕێتەوە پێویستە نەرمی بنوێنێت. هەرچەندە خانەدانەکان لە واقیعدا بە کەسانی تەمبەڵ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناسراوون، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر گرنگییان بە مۆسیقا و هونەر داوە و پشگیریان کردووە. 
هەمیشە دژیەکییە کۆمەڵایەتییەکان کاریانتێکردووم، ئەم دژیەکییە تا ئەم سەردەمەی ئێستاشمان بوونی هەیە، بۆ سالانێکی زۆر ململانێ لە نێوان چینی تازە و کۆندا هەبووە. ئەم ململانێیە سیمایەکی سەرەکییە لە فیلمەکانمدا. 
- هەندێك لە ڕەخنەگرانی هیندستان هێرشێکی بەرفراوانیان بەرامبەرت دەستپێکردووە، بەو پێیەی لەئێستادا چیتر کار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناکەیت، تۆ چی دەڵێیت؟ 
- بەهیچ شێوەیەك ئەمە ڕاست نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، من پێموایە لە فیلمەکانمدا کارم لەسەر زۆرێك لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، بەڵام لەوانەیە بەوشێوەیە نەبێت کە ئەو ڕەخنەگرانە دەیانەوێت! ئەوان دەخوازن لە کۆتایی فیلمەکاندا چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزمەوە، بەڵام من لەهەندێك حاڵەتدا نازانم چارەسەر چییە. هەموو ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە کە بتوانم کێشەکان بەڕوونی بخەمە بەردەمی بینەر، دواتر لێدەگەڕێم خۆیان بیر لەچارەسەرەکان بکەنەوە. 

-لەکاتی قسەکانتا فیلمی (Ashani Sanket- ١٩٧٣)م بیرکەوتەوە، کە تێیدا تێڕوانینی خۆت دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی بابەتێکی وەك برسێتی لە بەنگال دەخەیتەڕوو. 
- ئەمە ڕاستە، ئێستا چەند بەڵگەیەكی زیاتر دەخەمەڕوو . لە سەردەمی گرانییەکەدا لە ساڵی ١٩٤٣، من تازە کاری خۆمم دەستکەوتبوو، ئەویش وەک دیزاینەری بڵاوکراوەکان. ئەوکات لە کەلکەتا دەژیام، هەزاران کەس لە گوندەکانەوە ڕوویاندەکردە کەلکەتا. وێستگەی شەمەندەفەرەکەم بیرە کە پڕبوو لە کەسانی ئاوارە. خەڵکی لە لێواری مردندا بوون، ئەوەشی لەوێ نەمردایە دوای چەند ڕۆژێك لە جێگەیەکی تر دەمردن. کاتێك لەماڵ دەردەچووین و بەرەو کار دەڕۆیشتین بەسەر لاشەی ئەو مردووانەدا هەنگاومان دەنا کە لەسەر شەقامەکە کەوتبوون. 
دوای پانزە ساڵ، ڕۆمانێکی ئەدینی گەورەی هیند "بوشان بانیرجی"م خوێندەوە، کە نوسەرێک بوو هەمووان پێی سەرسامی بوون. ڕۆمانەکە دەربارەی سەردەمی گرانییەکە بوو لە گوندەکەی خۆیدا. لەوکاتەدا بریارمدا کە چیرۆکی کتێبەکە بکەم بە فیلم. ئەمە ساڵی ١٩٥٨ یان ١٩٥٩ بوو، بەڵام ئەوکات دووچاری ئاستەنگ بوومەوە چونکە ئەکتەری گونجاوم دەستنەدەکەوت تا ڕۆڵەکە بگێڕن. ساڵ هات و ساڵ چوو، من سەرقاڵی فیلمی تر بووم. لە ساڵی ١٩٧٢دا بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە بڕیارمدا فیلمێك لەسەر کارەساتی برسێتییەکەی هەرێمی بەنگال بەناوی ( Ashani Sanket) دروستبکەم. 
لەو فیلمەدا کارەساتی گرانییەکەم لە دیدگایەکی تەواو جیاوازەوە خستەڕوو: ئەوەی من دروستمکرد دەربارەی ڕێزگرتنی خەڵکی گوند بوو لە میوانەکانیان، بەتایبەت ئەوانەی لەشارەوە ڕوویان کردبووە گوند. بچیتە هەر گوندێك، ماڵی هەر کەسێك، دەستبەجێ داوات لێدەکەن نانیان لەگەڵ بخۆیت. تێبینی ئەوە بکە ئەوان خواردنەکە لەماوەی کاتژمێرێکدا ئامادە دەکەن، لەکاتێکدا ئەوان شتێکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام وەك کەسێکی پیرۆز تەماشای میوان دەکەن. با هەر بزانیت؛ ئەم عادەتە لە کتێبی پیرۆزی  هیندییەکانیشدا تیشکی خراوەتە سەر. 
لە فیلمی (Ashani Sanket)، لە قوڵایی کارەساتی گرانییەکەدا، گفتوگۆیەك لە نێوان پیاوێکی پیر و هاوژینەکەیدا دروست دەبێت. ژنەکە دەڵێت، " دەبێت ژەمێک خواردنی بۆ ئامادە بکەین." پیاوەکەش لە وەڵامدا دەڵێت، "خواردنی نادەینێ چونکە ئەو کەسێکی فێڵبازە دەشبێت لە مامەڵەکردنیدا وریابین. دەبێت سەرەتا گرنگی بەو خواردنە بدەین کەخۆمان لەبەردەستماندایە." بەڵام ژنەکە بەردەوام دەبێت، "خۆم بەرگەی برسێتی دەگرم، بەڵام پێویستە ژەمێک خواردنی پێشکەش بکەین." 
مێردەکەی پیاوێکی دیندارە، سەرپەرشتیاری قوتابخانەیە و پزیشکیشە. لە هیچ کام لەم پیشانەدا لێزان نییە، بەڵام لە لادێکەدا رێزێکی زۆری هەیە، چونکە تاقانەی چینی براهمایە. 
 لەسەرەتای فیلمەکەدا پیاوەکە دەبینین کە جوتیار و هەژارەکان بەکاردەهێنێت بەڵام لەکۆتاییدا. کاتێك مردن بەهۆی گرانییەوە بڵاودەبێتەوە، دەبینین هەڵوێستی مرۆیی دەبێت. لە دیمەنێکی فیلمەکەدا کاتێک لاشەی ژنێک لە چینی بێراوەکاندا کەوتووە و کەسیش ناوێرێت دەست لە لاشەکەی بدات، لەم کاتەدا پیاوەکە(براهماکە) بڕیار دەدات خۆی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ ساز بکات.

ئایا سانسۆر، یان چاودێری بەسەر کارە هونەرییەکانەوە لە هیندستان بابەتێکی جدییە؟
- لەڕووی سیاسییەوە بەڵێ، هەموو فیلمێك بەر مقەستی چاودێرەکان دەکەوێت. 

هیچ کێشەیەکی سانسۆر ڕووبەڕووی تۆ بۆتەوە؟ 
- ڕووینەداوە، هۆکاری ئەمەش لەوانەیە بارودۆخی تایبەتی خۆم بێت. بۆ نمونە، لە فیلمی (دەڵاڵ – jana aranya- 1975) دیمەنێکی ڕەخنەی سیاسی ڕاستەوخۆی تێدایە. ئەگەر هەر دەرهێنەرێکی تر ئەم کارەی بکردایە لەوانەیە ڕووبەڕووی مقەستی سانسۆر ببوایەتەوە، بەڵام من ماوەیەکی زۆرە توانیوومە خۆم لە چاوی سانسۆر دووربخەمەوە. 

- بەشداری هیچ چالاکییەکی سیاسیت کردووە؟ یان تێکەڵی کاری حیزبی بوویت؟ 
- نەخێر، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی هاوڕێکانم کەسانی چەپن. من بەتەواوەتی ئازادم لە وەهمی کارکردن لەگەڵ سیاسییەکاندا. من چیتر باوەڕم بەم جۆرە کارانە نییە. بەتەواوەتی وازم  لە باسکردنی بابەتە سیاسییەکان هێناوە و تەنانەت ئێستا ڕۆژنامەکانیش ناخوێنمەوە. 
ئێستا هەموو گرنگیدانی من بە خودی مرۆڤ خۆیەتی، سیاسەت بەلای منەوە گرنگ نییە. ئەگەر تۆ ئاگاییەکی سیاسیت هەبێت، لەبەرامبەردا پێویستە ئاگاییت بە شکستی بەردەوامی سیاسییەکانیش هەبێت، بەو جۆرەی لە هیندستان ڕوودەدات. 

- ئایا کاری سیاسی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم داهێناندا؟ 
- تەماشاکە دەرهێنەرانی یەکێتی سۆڤیەت چییان بەسەرهات. هەرکات بیانوویستایە دەربارەی ژیانی هاوچەرخ لە وڵاتەکەیاندا فیلم دروستبکەن و ئەزموونی ئەو تازەگەرییە بکەن، ئەوا فیلمەکانیان بێ کەڵك و شکستخواردوو دەردەچوو، لەکاتێکدا ئەو فیلمانەی لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ڕوسییەوە وەرگیراون فیلمی باشن! 
ئەم بێزارییە بە خودی دەرهێنەرەکانیشەوە دیارە. جارێکیان لە فێستیڤاڵی سینەمایی مۆسکۆ، گریگۆری چوخاریی دەرهێنەر پێیگوتم کە بۆ ماوەی حەوت ساڵە، لە پاش فیلمی ( گۆرانی سەربازەکە – Ballad of a soldier) هیچ فیلمێکی نوێی دروست نەکردووە لەبەر ئەوەی سانسۆر و چاودێرەکان بە هۆکاری سیاسی زیاتر لە هەشتا سیناریۆیان ڕەتکردۆتەوە. ئیتر لەجیاتی کاری دەرهێنان بڕیاری داوە لە ستۆدیۆکاندا دانیشێت و تەماشای کاری ئەوانی تر بکات. 
جارێکی تر مارك دۆنسکۆی دەرهێنەر لێیپرسیم، "ڕات چۆنە لەسەر فیلمەکانمان؟" پێش ئەوەی من وەڵام بدەمەوە هەر خۆی وتی، "بۆچی زۆر بە ئاشکرا پێمان ناڵێیت فیلمەکانمان زۆر بێکەڵکن!" 

- هونەرمەند تا چەند دەتوانێت بۆچوونی سیاسی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا بخاتەڕوو؟ 
- وەك هونەرمەندێك تاکە شت کە دەمەوێت ئەوەیە ژینگەیەکی لەبار بدۆزمەوە تا بە ئازادی و بەو جۆرە کاری تێدا بکەم کە خۆم دەمەوێت. من هیچ بۆچونێکی تری سیاسیم نییە.

- دەوترێت تۆ زیاتر مەیلت بەلای چەپەکاندا هەیە، ئەمەش لەوانەیە لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە یەکەم فیلمت (گۆرانی ڕێگا باریکەکە – Pather Panchali -١٩٥٥) دەربارەی ژیانی جوتیارە هەژارەکانی هیندستان بوو. 
- لەهەمان کاتدا ڕەخنەگران دەیانووت کە من بەرگری لە سیستەمی دەرەبەگایەتی دەکەم. پێیان وابوو من لە فیلمی (ژووری موزیک - Jalsaghar) تانەم لە دەرەبەگەکان نەداوە.

- پاڵنەری سەرەکی لە دروستکردنی فیلمی (گۆرانی ڕێگا باریکەکە – Pather Panchali - ١٩٥٥) چی بوو؟
- هەستمکرد ئەگەر ئەم فیلمە دروستبکەم گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر سینەمای بەنگالیدا دێت، گومانیشم لەوە نەبوو. سەرەتا هەستمکرد بابەتێکی نمونەییم بۆ یەکەم فیلمم دەستکەوتووە. لەو سەردەمەدا بە ڕیاڵیزمی نوێی سینەمای ئیتاڵی کاریگەربووم.
پێش ئەوەی دەست بە فیلمەکە بکەم، لەگەڵ زۆر لە کەسانی پیشەگەر دەربارەی پڕۆژەی فیلمەکە قسەم کرد، بەڵام سەرجەمیان دەیانووت کە دەرهێنانی فیلمێک لەدەرەوەی ستۆدیۆ و بە ڕووخساری نوێوە کارێکی ئەستەمە. باسیان لە گرانی دروستکردنی فیلم دەکرد بەبێ پشت بەستن بە ماکیاژ و  جوڵەی کامێرا لەدەرەوەی ستۆدیۆ. ئامۆژگارییان کردم لە دەرهێنانی فیلمی (گۆرانی ڕێگا باریکەکە – Pather Panchali - ١٩٥٥ ) پەشیمان ببمەوە، بەڵام من فیلمەکەم دروست کرد، دوور لە باڵادەستی فیلمە بازرگانییەکان. 

- تۆ لەئێستادا یەکێکیت لە سیمبولەکانی داهێنان لە جیهانی سینەمای هاوچەرخدا، هەر بۆیە گومان لەوەدا نییە لەکاتی ئامادەکردنی فیلمێکی نوێدا چەند فیکرەیەکی دیاریکراو لەناختدا کارلێک دەکەن. ئەو شتە چیە کە سەرنجی تۆ ڕادەکێشێت، یان کاتێک بیر لە فیلمێکی نوێ دەکەیتەوە سەرقاڵت دەکات: ئایا دیمەنێکی دیاریکراوە، یان لۆکەیشنێکی دیاریکراو، یان کەسایەتییەکی دیاریکراو؟
- ئەم شتانە هەموویان کارم لێدەکەن، بەڵام دەتوانم بڵێم فاکتەری باڵا و بەرچاو کەسایەتی و پەیوەندییە مرۆییەکانن، دوای ئەوانیش لۆکەیشنی وێنەگرتن، هەروەها توانستی گێڕانەوەی چیرۆکێکی سینەمایی. بیر لەچەند شتێکی تریش دەکەمەوە، بۆ نمونە، ستراکچەری فیلمەکە، دژیەکییەکانی، ڕیتمی درامی، هەموو ئەم فاکتەرانە پێکەوە کاردەکەن و لە فیلمدا تەواوکەری یەکترن. 
لێرەدا هەست بە گرنگی فاکتەرەکانی (ڕاسا – Rasa) دەکەم بەو جۆرەی لە ئێستاتیکای هیندیدا دیاریکراون. باشترین وەسف بۆ (ڕاسا) ئەوەیە بڵێین، کاردانەوەی حاڵەتە دەروونییەکان بە سیمای کارەکتەرەکانی هەر ئیشێکی هونەرییەوە دیاربن. هەروەها فاکتەری ژمارەکان، من هەمیشە پێویستم بە ژمارەی تاکە، واتە ژمارەی کارەکتەرەکان، ئەگەر بە وردی شیکردنەوە بۆ فیلمەکانم بکەیت دەبینیت لە زۆربەیاندا ژمارەی ئەو کارەکتەرانەی ڕۆڵ دەگێڕن یان پێنج کەسن یان حەوت کەسن، بۆ نمونە، فیلمی (ئافرەتێکی تەنیا – Charulata – ١٩٦٤)  پێنج کارەکتەری تێدایە، ئەگەر پەنام بۆ چوار کارەکتەر ببردایە لەوانەبوو توشی ئاستەنگ ببم. پێموایە بەکارهێنانی پێنج کارەکتەر یاریدەدەرێکی باش بوون بۆ بەهێزکردنی توانستی درامی فیلمەکە. 

- کاریگەری (هێنری کارتەر  بریسۆن) لەسەر کارە سینەماییەکانت چییە؟
- لەسەرەتادا کاریگەری کارتەر بریسۆن لەکارەکانمدا زۆر ئاشکرا دیاربوو، چونکە بەڕاستی شێوازی جوان و سەرەنجڕاکێش لە کارە فۆتۆگرافییەکانیدا هەن، بەجۆرێك لەکۆتاییدا هەموو ڕەگەزەکانی کارە فۆتۆگرافییەکە پێکەوە کاردەکەن. بریسۆن دەیتوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان لە فۆتۆکانیدا پێکەوە ببەستێتەوە. لەهەمان کاتدا، دەیتوانی مانایەکی دیاریکراو بەو ڕەگەزانە بدات.
من زۆرم چێژ لە توانا و زیرەکییەکەی وەرگرتووە، هەروەها لە مرۆڤدۆستی و گرنگیدانی بەردەوامی بە مرۆڤ و هاریکاری و کارکردن لەسەر دۆزە مرۆییەکان شتانێکن لە کارتەر بریسۆندا بوونیان هەیە و من پێی سەرسام بووم.

-هیچ هۆکارێکی دیاریکراو هەیە وابکات خۆت سیناریۆی فیلمەکانی خۆت بنوسیت، جا سیناریۆکە هی خۆت بێت یان لە دەقی ئەدەبییەوە وەرتگرتبێت. بۆچی سیناریۆ بۆ هیچ دەرهێنەرێکی تر نانووسیت؟
_ جارێکیان سیناریۆیەکم بۆ یاریدەدەرەکەم نووسی، کە دەرفەتێکی بۆ ڕەخسا وەك دەرهێنەری یەکەم کار بکات، ئەمەش بە داواکاری تایبەتی خۆی بوو. هەر ئەو جارە وەک سیناریۆنووس لەگەڵ دەرهێنەری تر کارم کردووە. 
من پێموایە نووسەر خۆی باشتر دەتوانێت دەق بگۆڕێت بۆ فیلمی سینەمایی چونکە لەوانەیە کەسێکی تر وەك پێویست لە دەقەکە تێنەگات، یان نەتوانێت هەموو فیکرەکانی لێوەربگرێت. لەم بابەتەدا بەتەواوەتی باوەڕم وایە و بە پێویستی دەزانم دەرهێنەرەکان خۆیان سیناریۆی فیلمەکانیان بنووسن. 
کۆمەڵێك دەرهێنەر هەن، لە ناوەوە و دەرەوەی هیندستان کە بۆچوونیان وایە خۆیان سیناریۆ بنووسن، بەڵام  خۆیان دیالۆگەکان دانەڕێژن. من بۆچوونم جیاوازە لەگەڵیاندا، ئەوان وادەزانن دیالۆگ ژانرێکی ئەدەبی پەتییە و پڕە لەدەربڕینی ڕەوانبێژی و یاریکردن بە وشە و کۆمەڵێك شتی تر، بەڵام من وایدەبینم بۆ نوسینی دیالۆگ تەنیا پێویستمان بەوەیە گوێگرێکی باش بین و هەست بە ڕیتمی گفتوگۆی ئاسایی ژیانی رۆژانە بکەین. ئەگەر تۆ دەزانیت دەتەوێت چی بڵێیت لە سیناریۆکە یان لە فیلمەکەدا، ئەی بۆچی لێناگەڕێیت کەسایەتییەکان ئەم قسانە بکەن!
 
- گرفتی سینەمای هیندی لەکوێدایە، وە بۆچی فیلمە بەنگالییەکان لەڕووی هونەرییەوە باڵاترن لە فیلمەکانی بومبای؟
- لەڕاستیدا هەموو فیلمە بەبنگالییەکان باش نین، لە بەنگال ساڵانە نزیکەی بیست فیلم بەرهەم دێنین، لەکاتێکدا ساڵانە لە بومبای نزیکەی سەدوپەنجا یان زیاتر بەرهەم دێت، هەربۆیە هاوسەننگی لە خراپی یان کوالێتی فیلم لێرە بەرزترە. لەنیوان ئەو بیست فیلمەی بەنگال تەنیا پێج یان شەش فیلم شایەنی ئەوەن تەماشابکرێن. 

لە بەنگال فاکتەرێکی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە؛ دەرهێنەرەکان لێرە زیاتر لە ڕەچەڵەكی خۆیان نزیکن. بەگالییەکان ئەوانەن لە بەنگال فیلم بەرهەمدێنن، لەکاتێکدا ئەوانەی لە بۆمبای فیلم بەرهەمدێن ئەو کەسانەن کە لەشوێنی جیاوازەوە هاتوون، هەربۆیە ڕەچەڵەکیان یان ڕیشەیان ئەوێ نیە. لانی کەم بەو واتایە نین کە ئێمەی بەنگالی هەستی پیدەکەین. 

دەرهێنەرانی بۆمبای وەك  کەیفخۆشی و کاتبەسەربردن(تەرفیهی) دەڕواننە سینەما، ئەو چیرۆکانەشی باسی دەکەن بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە واقیعەوە نییە.

با لەشتێك دڵنیات بکەمەوە؛ زۆر پێویستە کە چیرۆك پەیوەندی بە واقعەوە هەبێت، بۆ نمونە بە ننیسبەت دەرهێنەرێك لە هەرێمی بەنجاب، واقیع ئەوەیە کە لە بەنجاب ڕوودەدات، بەڵام ناچارە لەشوێنێکی تر لەدەرەوەی بەنجاب کار بکات، لە بۆمبای ژمارەیەکی زۆر لە دەرهێنەرانی بەنجاب هەن، ئەگەر دەرهێنەران چیرۆکی تایبەت بە نیشتیمانەکانیان بێتە بەردەستیان، دەتوانن گرنگترین فیلمەکان دروست بکەن، بەڵام چونکە بۆمبای شارێکی تێکەڵاو وکۆسمۆپۆلیتییە ، بۆیە دەرهێنەرانیش جگە لەم دونیا تێکەڵاو و دووڕەگە، کە هیچ پەیوەندی بە دونیای واقیعەوە نییە، ناتوانن دونیایەکی تر پیشان بدەن.

- سینەمای هیندی لە دەرەوەی هیند چۆن تەماشادەکرێت (واتە لە چ وێنەیەکی هەیە)، ئایا سینەمای هیندی ، بەشیوەیەکی گشتی، توانیوێتی خزمەت بە مرۆڤی ئاسایی بکات؟ 
- نازانم وێنەی سینەمای هیندی لەدەرەوە چۆنە. لەڕاستیدا تەنیا فیلمەکانی من لە رۆژئاوا نمایشدەکرێن، بەڵام دەزانم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر کەس بەداخن لەوەی ئەو فیلمانەی باشن زۆر کەمن. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وادیارە بینەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چێژ لەو فیلمە هیندیانە وەردەگرن کە نمایش دەکرێن، وە وەك فیلمی کەیفخۆشی و تەرفیهی تەماشیدەکەن، ئەوەشمان بیرنەچێت هیند ئەکتەری زۆر جوان و گۆرانیبێژی زۆر باشی تێدادەرکەوتووە. 

شتێکی ئەستەمە وێەیەکی تەواوی هیندت لەڕێگەی ئەم فیلمانەوە وەچنگ کەوێت، هەرچەندە  دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەم فیلمانەوە وێنەیەکی هیند لای خۆیان دروست بکەن، بەڵام من دەڵێم بەم جۆرە هەرگیز ناگەن بە حەقیقەت. 

بۆ پرسیاری دووەمیشت، گومانم لەوە هەیە سینەمای هیند لە خزمەت کێشەی مرۆڤی ئاساییدا بێت، لەبەر ئەوەی فیلمەکان، بەتایبەت ئەوانەی بۆمبای، هەمیشە وا پیشان دەدەن کە هیند شوێنێکی دڵڕفێنە، تەنیا کۆشکە بەرزەکان و ماڵە ناوازەکان و جلە گرابەهاکان نیشان دەدەن. ئەمەش وێنەیەکی نادروستی هیندی پیشانداوە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام هەست ناکەم رۆشنبیران لەدەرەوەی هیند هیچ وەهمێکیان هەبێت لەسەر بارودۆخی ڕاستەقینەی هیند. ئەوان دەزانن هیند ولاتێکە دەستی سواڵی بۆ کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی درێژکردووە. ڕۆشنبیران فیلمەکانی بۆمبای وەك دیاردەیەکی سینەمایی دەبینن، وەك خویەکی هیندییەکان بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، تەنیا وەك کاتبەسەربردن تەماشای ئەم فلمانە دەکەن، نەك بۆ ئەوەی لەسەر هیند شتێك فێرببن یان بزانن. 

- تۆ پەیوەندییەکی روحی قوڵت لەگەڵ گوندەکانی هیند هەیە، لەکاتێکدا خۆت خەڵکی شاریت، ئەمە چۆن؟ 
- بەڵی من خەڵکی شارم، بەڵام گوندم زۆر خۆشدەوێت، کاتێك وەك دیزاینەری بڵاوکراوەکان کارمدەکرد بە شەمەندەفەر گەشتم بۆ گوندەکان دەکرد تاکو وێنەی فۆتۆگرافی بگرم، یان گەر بمویستایە ڕەشنوسی کارێکی هونەری دابنێم. ئەمەش پەیوەندی منی قوڵترکردەوە بە بەنگال و دابونەریتەکانی.

- سەرسامبووم کاتێك کاریگەری فیلمی ئەمریکییم بینی لەسەر ئەو کارانەی بۆ منداڵانت ئەنجامداون، بۆ نمونە (قەڵای ئاڵتونی – سۆنێ کێلا- The Golden Fortress).
- پەیوەندی من بە سینەمای ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێش کاریگەریی (رێنووار و رۆسۆلینی) لەسەر کارەکانم. حەز بە بینینی ئەو فیلمە ئەمریکیانە دەکەم کە ساڵانی چلەکان بەرهەم هاتوون.. فیلمەکانی دەرهێنەرانی وەك: رائول واڵش، هوارد هوکس، جون هیستون – بەتایبەت فیلمە نایابەکەی (لە شەیتان بدە – Beat the Devil).

- بۆچوونی تۆ چۆنە دەربارەی سینەمای یابانی؟
- زۆر سەرسامم بە سینەمای یابانی، ئەوان بە ڕاستی مامۆستای مەزنن، فیلمە سەرەتاییەکانی " یاسۆجیرۆ ئۆزو"م نەبینی، بەڵام لە کۆتایی ژیانی پیشەییدا ئەو تەواو کەسێکی یابانی بوو، وە بەهیچ شێوەیەك نەکەوتە ژێر کاریگەری هۆڵیهودەوە. ئەو هەموو نەریتە سینەمایی و جوگرافیەکانی لەناوبرد.

زیاد لەجارێك هەندیك لە فیلمەکانیم تەماشاکردووە، بەردەوام بەخۆمم دەوت ؛ "ئەی خودایە ! ئەو بەهیچ جۆرێك پەیڕەوی لە نمونە و فەرهەنگی هۆڵیهودی ناکات". 
ئۆزو دەستکەوتێکی مەزنی بەدەستهێنا، ئەو شتەی پێیدەڵێین ؛ دلسۆزی بۆ جوگرافیای کارەکتەرەکان لە شوێنەکانیاندا، ئەم دەستکەوتە گرنگە وا پێویست دەکات ناوی بنێین (بنەما سەرەتاییەکانی دەرهێنانی سینەمایی).



سەرچاوە :
١-  گۆڤاری بەحرەینی کولتووری لە ١/١/٢٠٠٧ دا بڵاوکراوەتەوە.
٢-ماڵپەری رۆژنامەی مەدا؛                                     






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw