گفتوگۆ لەگەڵ ساتیاجیت ڕای
وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران
پ: زیاتر لە بیست ساڵ دەبێت فیلم دروست دەکەیت. بابەتی فیلمەکانت هەمەجۆرن: لە بنەماڵەیەکی هەژاری گوندێکەوە بگرە تا ژیانێکی دەوڵەمەندی پڕ باقوبریقی شاریی و بوونی بەریتانییەکان لە هیندستان. بەڵام هەموو ئەم فیلمانەت لە هیندستان دروستکردووە، هیچ بیرت لەوە کردۆتەوە لە دەرەوەی هیندستان فیلم دروست بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: ڕاستیەکەی حەزی فیلم دروستکردنم لە دەرەوەی هندستان نییە. پێشنیازی زۆرم لەو بارەیەوە بۆ کراوە و من ڕەتم کردۆتەوە، بۆم گرنگ نییە کە لەگەڵ ئەکتەرانی ئەمریکایی کار بکەم، ڕاستیەکەی نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا کاتێک چووم بۆ هۆڵیوود، بۆ پڕۆژەی فیلمێک بوو لە بەنگال، بەڵام پێویستی بە یەک ئەکتەری ئەمریکی هەبوو. بەڵام من لە دەرەوەی هیندستان نامەوێت کار بکەم، من ڕیشەیەکی قووڵم بە وڵاتەکەمەوە هەیە، پیاوانی وڵاتەکەی خۆم زیاتر لەهەر کەسێک دەناسم، زۆر زیاتر لە ئەوان تێدەگەم وەک لە مرۆڤێکی ئینگلیز یان ئەمریکی.
کاتێک پێشهاتێک ڕوو دەدات، من زۆر خێرا بە شێوەیەکی هیندییانە کاردانەوەم بۆی دەبێت. تەنانەت دەمەوێت ئەم بابەتە زیاتر بکەم و بڵێم من هەموو شتێک بە شێوەی بەنگالی دەڵێم. چونکە پێموایە هیندستان زیاتر لە هەر وڵاتێک، هەریەک لە هەرێمە جیاوازەکانی سەربەخۆ خاوەنی فەرهەنگ و مەزهەب و دابونەریت و تەنانەت خاوەنی زمانی خۆیانن. دەکرێت هەموو ئەوانە پێکەوە پەیوەندیگەلێکی جوانی نەگوتراویان هەبێت بەڵام لە ڕواڵەتدا هەموو هەرێمەکان کەمترین جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە دەتوانن بە ئاڕاستەی هیمالایادا بە بیاباندا بڕۆن. هێشتا شتی زۆر ماوە دەربارەی وڵاتەکەی خۆم بیانڵێم. دروستکردنی فیلم، ئەندێشە، زمان، وزە و پارەی زۆری دەوێت و من ساڵانێکە لەم هونەرەدام بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووم لەوەی کە هەموو ئەو شتانەی دەمەوێت بیانڵێم.
پ: زۆرێک لە سینەماکاران بە سینەمای هیندی نامۆن، بەڵام فیلمەکانی تۆ دەناسن و تۆ بە پێشڕەوی سینەمای هیندی دادەنێن، تۆ لەم بارەیەوە چ کاردانەوەیەکت هەیە؟
ڕای: مێژووی هونەری ئێمە لە سینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سینەمای بێدەنگ. پێموابێت یەکەمین فیلمی بڵندی هیندی لە ساڵی ١٩١٢ دروستکراوە، بەڵام یەکەمین فیلم کە بەتەواوی و بەمانای هونەر لەدایک بووبێت، کورتە فیلمێکە لە ساڵی ١٩٠٥ دروستکراوە. واتا تەنانەت لەو سەردەمەشدا، لە هیندستان هونەری سینەما هەبووە. ئێوە لە ڕۆژئاوا ساڵی ١٩٢٨ یەکەم فیلمی دەنگیتان دروست کردووە و ئێمە لە هیندستان ساڵی ١٩٣٠. تەنانەت پێش ئەو فیلمەی من [پاتر پانچالی] کە دروستم کرد و لە ڤیستیڤاڵی (کان) خەڵاتی وەرگرت، فیلمی دیکەی هیندی هەبوون کە لە فێستیڤاڵەکانی ئەوروپا خەڵاتیان وەرگرتووە. بەڵام پێموایە فیلمەکانی من یەکەمین فیلمی هیندی بوون کە لە ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی فراوان پەخشکراون.
پ: تۆ ژان ڕێنوار بە یەکێک لەو دەرهێنەرانە دادەنێیت کە کاریگەریی بەسەرتەوە هەبووە، ئەمە چۆن ڕوویدا؟
ڕای: لە دەیەی چلەکاندا ژمارەیەک لە فیلمە ئەمریکاییەکانی ڕێنوارم بینیبوو. یەکەمین فیلمی ئەو کە بینیم، فیلمی (باشووری ١٩٤٥) بوو. وردە وردە فیلمەکانی دیکەی گەیشتنە دەستم و تەماشام کردن. لەبارەی بەرهەمە فەڕەنسیەکانییەوە خوێندبوومەوە و بە تابلۆکانی باوکی، [ئاگۆست ڕێنوار]یش ئاشنا بووم. پاش ساڵی ١٩٤٩ بۆ پەیداکردنی لۆکەیشنێک بۆ فیلمی (ڕووبار ١٩٥١)، هات بۆ کالکەتە. کاتێک لە ڕۆژنامە بڵاو کردەوە پێویستی بە ئەکتەری جیاوازە بۆ تێست و چاوپێکەوتن داوای چەن کەسێکی کردبوو، ئەو کاتە من لە ڕاگەیاندن کارم دەکرد و ئەو ئاژانسی ڕاگەیاندنەی کارم تێیدا دەکرد، لەو هۆتێلەی ڕێنوار تێیدا دەمایەوە زۆر نزیک بوو. ڕۆژێک بێ پرس سۆراخیم کرد و خۆم بە خوێندکارێکی سینەما ناساند. دەمویست ئەو زۆر بەباشی بناسم. ئەو بەشەوان زۆر کاری نەدەکرد و منیش زۆربەی کات بە شەو سەرم لێدەدا. دواتر بۆ شوێنی لۆکەیشنەکان ڕێبەریم کرد، چونکە من زۆرباش شارەزای دەوروبەری شاربووم.
پ: پێکەوە لەبارەی فیلمەوە قسەتان دەکرد؟
ڕای: لەڕاستیدا هەمیشەش لەبارەی فیلمەوە قسەمان نەدەکرد. من خوێندکاری نیگارکێشی بووم و لەئەنجامدا لەبارەی کارە نایابەکانی باوکی قسەمان دەکرد و لەبارەی فیگەرەکانی ویلارد و سازان [دوو نیگارکیشی بەناوبانگن]. زۆر کاتیش لەبارەی ئەدەبیات و مۆسیقاوە قسەمان دەکرد، بەڵام قسەکردن لەبارەی فیلمە فەڕەنسییەکانی ڕێنوارەوە سەخت بوو چونکە ئەو کات هێشتا من ئەو فیلمانەم نەبینیبوو. لەبیرمە زۆر لە بارەی فیلمی (باشووری)یەوە قسەمان کرد.
یەکەمین فیلمی ئەو کە بینیم لەبارەی ئەو دژوارییانەوە بوو کە لە هۆڵیوود پەیدابوو، ئەو دەیویست مرۆڤ قایل بکات بەوەی فیلم دەبێت لە لۆکەیشنێکی واقعی دروست بکرێت نەک لەنێوان چواردیواری ستۆدیۆدا.
ئەو هەرچەند جارێک دەربارەی فیلمسازی قسەی دەکرد کە بۆمن زۆر ڕۆشن بوو، بۆ نموونە، بە منی دەگوت ناچار نیم لە فیلمدا شتی زیاد پیشان بدەم، بەڵام هەمان ئەو شتە کەمانەی کە دەیهێنمە ناو فیلمێکەوە دەبێت بەشەکانی دەقیق و تەواو بن. ئەو هەمیشە دەربارەی وردەکارییەکان و گرنگی و ئەهمیەتی ئەوانە لە فیلمەکاندا تەئکیدی دەکردەوە. کاتێک لە دەوروبەری شار بووین، جارێکیان گوتی: «تەماشایەکی ئێرە بکە.» دەستی بۆ دارمۆزێک یان درەختێکی چنار درێژ دەکرد و دەیگوت: «ئەمە بەنگالە، ئەو درەختە مۆزە بچووکە... ئەوانە جەوهەری ڕاستەقینەی بەنگالن بۆ من»..
هەمیشە هەوڵی دەدا وردەکارییەکانی دەوروبەر ببینێت و تێی بگات. هەستی بە شت دەکرد، ڕۆح و جەوهەر و نیشانەکان لە دەوروبەرین و ئەو کەم کەم پێیانەوە پەیوەست دەبوو، ئەوانەشی لە فیلمەکانیدا بەکار دەهێنا. ئەو قسانەی ڕێنوار زۆر کاریگەریان لێکردم و هێشتا لە ناو مندا ماونەتەوە، چونکە من خۆشم زۆر لایەنگری وردەکاریی بووم.
پ: ئایا لەسەر سێتی فیلمەکانی ئامادەیت هەبوو؟
ڕای: زۆر بەداخەوە من کاری خۆمم هەبوو و نەمدەتوانی بڕۆمە سەر سێتی وێنەگرتی. هەڵبەت یەکشەممان دەڕۆیشتم تا شێوەی کارەکەی ببینم، دواتر کۆمپانیای ئیشەکەم بۆ بەریتانیا گوێزرایەوە. لە بەریتانیا بوو کە لە کۆتایدا فیلمە فەڕەنسییەکانی ڕێنوارم تەماشا کرد. ئەو فیلمانەی بەرلەوەی بیانبینم، لەگەڵ دەرهێنەرەکەی گفتوگۆمان لەبارەیانەوە کردبوو.
ئەو گفتوگۆیانەی پێکەوە هەمان بوون، بۆ من زۆر زۆر گرنگ بوو. من بینەرێکی پیشەیی بووم و ئێمە لە کالکەتە یانەی سینەمایی خۆمانمان هەبوو. لە مێشکمدا بڕیارم دابوو کارەکەم بگۆڕم، لە کاری ڕاگەیاندن ماندوو بووبووم، بە ڕێنوارم گوت کە دەربارەی دەرهێنانی فیلم چی ئایدیایەکم هەیە و ئەویش گوتی: «ئێ باشە بۆچی فیلم دەرناهێنیت؟» بۆ من زۆر خۆش بوو. کاتێک لە بەریتانیا گەڕامەوە، یەکەم پلانی خۆم داڕشت و بەدوای ئامادەکارییەکان ڕۆیشتم و بەم جۆرە بوو کە بوومە دەرهێنەر.
پ: ئایا لەژێر کاریگەری دەرهێنەرە هیندییەکان کارت کردووە؟ بەتایبەت لە فیلمەکانی سەرەتاتدا؟
ڕای: کاریگەریی هیند لە کارەکانی من زۆر پەیوەندی بە فیلمە هیندییەکانەوە نییە، بەڵام لە کارەکانی سەرەتامدا، زۆر لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی هیندی بووم، چونکە هەرسێ فیلمەکەی سەرەتام لە دوو ڕۆمانەوە وەرگیرابوون و زۆرێک لە وردەکارییەکانی فیلمەکانم بۆ هەمان ئەو کتێبانە دەگەڕانەوە. بەر لەوەی دەست بە فیلم دروستکردن بکەم، ماوەیەک تیۆری دەرهێنانم خوێند. بە فیلمە ئەمریکییەکان ئاشنا بووم.
بەڵام کاتێک لەسەر سێتی وێنەگرتن ڕووبەڕووی کێشە دەبوومەوە، بەتایبەت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەکتەرە هیندییەکاندا، کاتێک لە پشت کامێراوە تەماشای هەموو شتەکانم دەکرد، دەمبینی هەموو ئەو تیۆریانەش زۆر بە کەڵک نایەن. لەبەرئەوە شێواز و تەکنیک و ستایلی من دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو ماتڕیالەی لەبەر دەستی مندا هەیە. یەکێک لەو شتانەی زۆر بەسەر فیلمەکانمەوە کاریگەری هەبوو، تابلۆ هیندییەکان بوون. ئەم کاریگەرییە ڕاستەخۆ نەبوو بەڵکو لە وردەکارییەکاندا هەستی پێ دەکەیت. لە شیعر و داستانە هیندییەکان نیگایەکی وێنەیی زۆر بەهێز بوونی هەیە.