نووسینی: پشتیوان کەمال
سێینەی ئاپوی ساتیاجیت ڕای بە فیلمی (ئاپور سانسار - جیهانی ئاپو) کۆتایی دێت کە دەرهێنەر خولی گەشتی ژیانی کارەکتەری سەرەکیمان لەم بەشەدا بۆ دەگەیەنێتە کۆتایی. لەم فیلمەدا ئاپو خۆی دەبێتە نووسەر و بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی خۆی بابەتی زیاتر بۆ ناو فیلمەکەی ڕای دروست دەکات. دەرهێنەر بە دروستکردنی کارەکتەرێکی تر، کە هاوشێوەی خۆی گێڕەڕەوەیە، دوو گێڕانەوەی جیا بۆ هەمان چیرۆک دروست دەکات. چیرۆکەکەی ئاپوی کارەکتەر ئەو شتانەشمان بۆ دەگێڕنەوە کە ڕای لە فیلمەکەیدا جێگەی نەکردۆتەوە.
ئاپو لە پیاسەی شەوانەی لەگەڵ پولوی هاوڕێیدا و بەدەم گەڕانەوە بەرەو ماڵ دەکەوێتە گێڕانەوەی ئەو ڕۆمانەی ئێستا سەرقاڵی نووسینیەتی و لە باسی کارەکتەری ڕۆمانەکەدا دەڵێت: "کوڕێکی لاوی گوندیی هەژارە، بەڵام کەسێکی بەهەستە. باوکی قەشەیە و دواتر دەمرێت. کوڕە لاوەکە بۆ خوێندن بەرەو شار سەفەر دەکات. کارەکتەرەکەی ئاپو خەونی هەیە و پرسیار لە هەموو شتێک دەکات، شتە بچووکەکان هەستی دەجوڵێنن و دڵخۆشی دەکەن. ئەم چیرۆکەی من تراژیدی نییە و کارەکتەرەکەی من هەر بە هەژاری دەمێنێتەوە، بەڵام هەرگیز لە ژیان دوور ناکەوێتەوە، لە دەست ژیان هەڵنایەت و دەڵێت ژیان خۆی خۆشی و شادی دەهێنێت." ئەم چیرۆکەی ئاپو دەیگێڕێتەوە پێشتر بەگێڕانەوەی ڕای لە هەردوو فیلمی پێشتری ئەم سێینەیەدا دەیبینین، ژیانی ئاپو دێتە ناو کارەکانیەوە و دەیەوێت بە کەمێک خەیاڵەوە و لە چوارچێوەی ڕۆمانێکدا دایبڕێژێتەوە، بە دروستکردنی پەیوەندییەکی عاشقانەوە لە کاتێکدا ئاپو خۆی هیچ ئەزموونێکی عەشقی کچێکی نەکردووە. پولوی هاوڕێی لێی دەپرسێت، "تۆ چی لە بارەی عەشقەوە دەزانیت؟"
لێرەوە پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا پێویستە نووسەر ئەزموونی شتێک بکات بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە؟ "ئەگەر وابێت خەیاڵ چ ڕۆڵێکی هەیە؟" بەشەکانی دواتری فیلمەکە ئیشکردنە لەسەر وەڵامدانەوەی زۆرێک لەم پرسیارانە. ڕای لەم فیلمەدا بەشوێن وەڵامی پرسیارێکی سەرەکییەوەیە: ئەو کوڕەی پڕهەستەی هەمیشە شتە بچووکەکان دەیجوڵێنێت، ئایا دەتوانێت لە بەرزی و نزمییەکانی ژیانییدا هەر بەو جۆرە بەردەوام بێت و لە دەست ژیان هەڵنەیەت؟
لە ئاهەنگی هاوسەرگیری ئاپارنای خوشکی پولودا کاتێک زاوا دەگات، دەبینن زاوا لە ڕووی دەروونییەوە ناجێگیرە و دایکی بووک ڕێگە نادات ئەو هاوسەرگیرییە ڕووبدات. بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیەش ئەگەر کچێک لە خوازبێنیدا بێت و بە هەر هۆکارێک کچەکە یان ماڵی کچەکە کوڕەکەیان بە دڵ نەبێت و لەو ڕۆژەدا هاوسەرگیری نەکات، ئەو کات هەرگیز ناتوانێت ژیانێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت. پولو داوا لە ئاپو دەکات خوشکەکەی بخوازێت، پاش گفتوگۆیەکی زۆر لە کۆتاییدا ئاپو قایل دەبێت. ئاپو ڕۆژانێک تەنها لە خەیاڵ و نووسینەکانیدا بیری لە خۆشەویستی کردۆتەوە، بەڵام کاتێک ئەمە دەبێتە واقیعی ژیانی، چیرۆکە بە جۆرێکی تری لێدێت و ژیانی ئاپوش بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕوات.
لە دیمەنی گەڕانەوەی ئاپارنا بۆ لای خێزانەکەی، ئاپو بە سواری ئەسپ و عەرەبانە تا لای شەمەندەفەرەکە ئاپارنا بەڕێ دەکات. ئاپو ئێستا عاشقی ئاپارنایە، ئاپارناش بە هەمان شێوە، ئەوان تەواو شەیدای یەکتری بوون، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە پێویستە ئاپارنا ماوەیەک شار جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بەرەو ماڵی دایکی. بڕیارە ئاپارنا دوو مانگ لە ماڵی دایکی بمێنێتەوە تا منداڵەکەی دەبێت و دواتر بگەڕێتەوە. هەرچەندە ئاپارنا حەز بەوە ناکات ئاپو جگەرە بکێشێت، بەڵام لەم دیدارەیاندا، کە دەبێتە دوا دیداریان، ئاپارنا شقارتەکە لە ئاپو وەردەگرێت و جگەرەکە بۆ ئاپو دادەگیرسێنێت. ئاپو بە دەم جگەرەکێشانەوە لە چاوەکانی ئاپارنا وورد دەبێتەوە و بە بینینی تروسکەیەکی ڕووناکی لە چاوەکانیدا دەپرسێت، "ئەوە چین لە چاوەکانتدا؟" ئاپارنا لە وەڵامدا دەڵێت، "کل." بەم ووردەکاریی و ساتە گەرمانەی ناو فیلمەکە، ڕای هەستی عاشقانەی نێوان ئەم دوو هاوسەرە پیشاندەدات.
کاتێک ئاپارنا دەچێتە شەمەندەفەرەکەوە، ئاپو داوای لێدەکات کە بەردەوام نامەی بۆ بنوسێت تا ئاگاداری تێپەڕینی ڕۆژەکانی یەک بن. ئاپارنا پاش ماوەیەک نامەیەکی بۆ دەنێرێت و تیایدا دەنوسێت، "بەڵێنتدا لە هەشتەم ڕۆژی ئاهەنگی [منداڵبوونەکەدا] بێیت بۆ لام. من چاوەڕوانیت دەکەم. ئەگەر نەیەیت هەرگیز جارێکی تر قسەت لەگەڵ ناکەم. تۆ زۆر درۆزنیت. مانگی ڕابردوو تەنها حەوت نامەت بۆ ناردم کە دەبوو هەشت نامە بوونایە، تۆ بەڕاستی بەڵێنەکانت نابەیتە سەر. من ڕۆژەکانم ژماردوون. حەسوودی بە کچەکەی دراوسێمان دەبەم. دەزانیت بۆ؟ چونکە ئەو بەیانیان و ئێواران دەتبینێت و من ناتبینم، بەڕاستی ئەوە دادپەروەرانە نییە. بۆیە ئەو پەنجەرەیەی ژوورەکەت دابخە. چی ماوە بینووسم؟ هەر ئەمەندە بوون. زۆر وشەم بە هەڵە نوسیووە. دەزانم پێیان پێدەکەنیت، فەرموو پێبکەنە. من ڕۆماننووس نیم، تەنها هێندە دەزانم کە نامەیەکی پێ بنووسم. باش ئاگات لە خۆت بێت. من باشم، بەڵام دڵم لاوازە. کاتێک تۆ دێیت، باش دەبێت. ئەگەر نەیەیت، هەرگیز جارێکی تر قسەت لەگەڵ ناکەم." ئاپو نامەکە لە سەر کار و لە ڕێگادا بەرەو ماڵەوە دەخوێنێتەوە. لە کاتی خوێندنەوەی نامەکە پێدەکەنێت و خەڵکانی چواردەوری تەماشای دەکەن و پێیان سەیرە ئینسانێک بە نامەیەک پێ بکەنێت. کاتێک دەگاتە ماڵەوە، هەواڵی مردنی ئاپارنای پێ دەگات کە بەسەر لەدایکبوونی کوڕەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاپارنا دەمرێت و چیتر ژیان بۆ ئاپو وەک ڕابردوو نامێنێت. کەسێکی نائومێد و پەرێشان. چیتر شتە بچووکەکان دڵخۆشی ناکەن. لە ژیانی خۆی هەڵدێت و لە جێگەیەکی دوورەدەست، بێ ئەوەی کەس بزانێت لەکوێیە کار دەکات و تەنانەت نایەوێت کوڕەکەی خۆشی ببینێت. قۆناغی دوای مردنی ئاپارنا، قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی ئەو داهاتووەیە کە بۆ ژیانی خۆی دەیبینی، خەمی عەشق ئەو خەمەیە کە ئاپو ناتوانێت بەرگەی بگرێت.
ئاپو پێش جێهێشتنی ماڵەکەی نامەیەک بۆ پولوی هاوڕێی دەنێرێت، "پولو دەبێت ئێستا هەواڵەکەت بیستبێت. بیستم وتیان بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕۆیت. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم. منیش دەڕۆم. نازانم بەرەو کوێ دەڕۆم، بەڵام دەزانم بۆ دەڕۆم. دەمەوێت ئازاد بم. من دەستنوسی چیرۆکەکەش لەگەڵ خۆم دەبەم. ئەگەر تەواوم کرد بۆت دەنێرم. ئەگەر زانیت شایەنی ئەوەیە بڵاوبێتەوە، بڵاویبکەرەوە." ئاپو دەستنووسی ڕۆمانەکەی لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام ڕۆمانەکەی تەواو ناکات و ڕۆژێک لە بەرزاییەکەوە دەستنووسەکە فڕێ دەداتە ناو دار و دەوەنی دارستانێک. ئەوەی ئاپو هەڵی دەداتە خوارەوە تەنها کۆمەڵێک کاغەز نییە، لە ڕاستیدا ڕۆمانێک نییە، بەڵکو خەونەکانی خۆیەتی، خەونێک کە لە ناو فیلمی یەکەمی سێینەکەوە لە باوکییەوە دەستپێدەکات، کاتێک باوکیشی بەهەمان شێوەی ئاپو دەیەوێت کتێبێک بنووسێت بەڵام چەرمەسەری ژیان و مردنی کچەکەی هەموو خەونەکانی بەتاڵ دەکەنەوە. هەر ئەو خەونەیە کە ئەم کوڕە لاوە بەرەو شار ڕاپێچ دەکات و بە تاسەوە بەرەو پێشچوونی ڕۆمانەکەی بۆ پولوی هاوڕێی دەگێڕێتەوە، بەڵام پاش مردنی ئاپارنا نووسینی ڕۆمان و تەواوکردنی چیتر خەونێک نییە بۆ ئاپو.
کاژاڵی کوڕی ئاپو تەمەنی دەبێتە پێنج ساڵان، بەڵام هێشتا یەکیان نەبینیووە. داپیرەی کاژاڵ مردووە و باپیرەشی کە لە کۆتاییەکانی تەمەنیایەتی و ماندووە. ڕۆژێک کاژاڵ دزی دەکات و کاتێک یەکێک لە پیاوەکانی ناوچەکە دەیگرێت، پێی دەڵێت، کە لای باپیرەی شکایەتی لێ دەکات. کاژاڵیش وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت، باوکم لێت دەدات ئەگەر وابکەیت. ئاپو جار جار پارە دەنێرێتەوە تاوەکو منداڵەکەی پێ بەخێوبکەن، بەمەش باپیرەی کاژاڵ دەزانێت کە ئاپو لە کانێکی خەڵووز کار دەکات. پولوی هاوڕێی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوکی و بەشوێن ئاپودا دەگەڕێت.
ڕۆژێک لە کاتی دەست و دەموچاو شۆردنی ئاپو لەسەر جۆگەلەیەک لەوبەری جۆگەلەکەوە پولو دەردەکەوێت. ئاپو بۆ ماوەی ساڵێکە لەم کانەدا کاردەکات و تەنانەت لەم جێگەیەشدا دڵخۆش نییە و دەیەوێت جێی بهێڵێت. لە ساتی مردنی ئاپارناوە هەموو قەدەری ژیانی داوەتە دەستی ڕۆژگار تا بەرەو ئەو جێگایانەی بەرێت کە خۆشی نازانێت کوێن، ئاپو تەنانەت نازانێت منداڵەکەی ناوی چییە، کوڕە، یان کچ؟ پولو پێی دەڵێت کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای کوڕەکەی و چاودێری بکات چونکە کەس نییە بتوانێت ئاگای لێبێت. ئاپو هیچ هەستێکی بۆ کوڕەکەی نییە. چۆن بتوانێت هەستی بۆی هەبێت لە کاتێکدا بۆ یەک خولەکیش نەیدیووە. بۆ ئاپو، کوڕەکەی وجودی نییە، ئەو کاژاڵ بە بەرهەمێکی خەیاڵ دەبینێت. لە سەرەتادا پولو پێیوایە ئەو عەشقەی ئاپو دەیەوێت لە ڕۆمانەکەیدا باسی بکات بەرهەمی خەیاڵە، شتێک نییە کە ئاپو ئەزموونی کردبێت، بەڵام ئاپو ئەزموونی دەکات و هەر ئەو عەشقەش پەرێشانی دەکات. کاتێک پولو دەیەوێت بڕوات، ئاپو بانگی دەکات و پێی دەڵێت، شتێک هەیە هەرگیز ناتوانم بیرم بچێت، ئەویش ئەوەیە کە کاژاڵ زیندووە و ئاپارناش مردووە.
نزیکی هاوڕێیەتیی ئاپو و پولو نابێتە هۆی تێگەیشتن لە هەستی یەکتری، چونکە ئەزموونی ژیانی جیاوازیان هەیە. بە گەڕانەوە بۆ ساتەکانی سەرەتای فیلمەکە، بۆ پرسیاری ئایا ئینسان دەتوانێت بێ ئەزموونکردن عەشقی کچێک لە دڵیدا بێت، یان بتوانێت باسی عەشق بکات؟ بە بڕوای من ئاپو زۆر پێش ئەوەی عاشقی کچێک بووبێت، کچێک کە لەمسی بکات، عاشق بووە. ئەوەی کە ئینسانێک ئەتوانێت بگەیەنێتە ئەو حاڵەتی شەیدابوونە بۆ خۆشەویستەکەی، خەیاڵە، خەیاڵکردنە لە عەشق، نووسینە لە بارەی عەشق. ئەم عەشقەی ئاپو ڕەگی لەناو هەستیدا داکوتاوە. ئەو ناتوانێت بە هەست بێت چونکە خۆشەویستییەکی لەدەستداوە کە لە خەیاڵی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئاپو دەگەڕێتەوە بۆ لای کوڕەکەی، کاژول لە ژوورێکدا نوستووە کە وێنەی هاوسەرگیری باوکی و دایکی بە دیوارەکەیەوە هەڵواسراوە. بە چاوی پڕ گریانەوە، دەستێک لە سەری کوڕەکەی دەدات، بەڵام کوڕەکەی نازانێت ئەو کێیە. ئەوە جێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی باوک و کوڕە، هەریەک بەرامبەر ئەوی دی پرسیاری خۆی هەیە و کەسییان ناتوانن وەڵامی یەک بدەنەوە. لە ڕاستیدا کاژول نایەوێت بڕوا بەوە بهێنێت کە ئەوە باوکیەتی. ئاپو ڕۆژێک پێی دەڵێت، "دەتەوێت ببیت بە هاوڕێم؟ من دەتوانمم چیرۆکی زۆر خۆشت دەربارەی جنۆکە و شەیتان و پاشا و شاژن ئەسپی باڵدار بۆ بگێڕمەوە." کاژول نایەوێت ببێت بە هاوڕێی، نایەوێت چیرۆکەکانی ئەم پیاوە نەناسراوە ببیستێت، بەڵکو دەیەوێت باوکی خۆی ببینێت، باوکێک کە لە هزری ئەودا چ شێوەیەکی هەیە، تەنها بۆ خۆی دەیزانێت.
کاتێک ئاپو دەیەوێت بڕوات، کاژول ڕووبەڕووی دەبێتەوە و پێی دەڵێت، "بۆ کوێ دەڕۆیت؟ ئەچیت بۆ کالکوتا؟ دەمبەیت بۆ لای باوکم؟" ئاپو لە وەڵامدا دەڵێت، "ئەگەر بتبەم بۆ لای باوکت دێیت لەگەڵم؟" کاژول دیسان دەپرسێت، "تۆ بڵێی باوکم لێم توڕە نەبێت؟ تۆ بڵێی لێم دوورنەکەوێتەوە؟"
ڕای فیلمەکە بەم دیمەنە کۆتایی پێدەهێنێت. باوکێک دەگەڕێتەوە و باوەش بە منداڵەکەیدا دەکات، بەڵام باوک و کوڕێکی نامۆ بە یەکتر. کاژاڵ لە ئاپو دەپرسێت "تۆ کێیت." ئاپوش دەڵێت، "من هاوڕێتم." کاژاڵ ڕادەکات و باوەش بە هاوڕێکەیدا دەکات. باپیرەش لە دوورەوە تەماشا دەکات و زەردەخەنەیەک دەیگرێت.