بەشی دووەم
دیمانەساز : بێرت کاردێللۆ
بۆ عەرەبی : عەبدولقادر عەقیل
لە عەرەبییەوە : زرار حەمید
*بۆچوونی تۆ چییە لەسەر فیلمی (ڕووبار – The River)ی دەرهێنەر ژان ڕێنوار؟
_ ناتوانم بڵێم فیلمی (ڕووبار – The River) ڕاستگۆیانە لەبارەی هیندەوە دروستکراوە. ڕاستە باکگراوندێکی هیندی هەبوو، شێوازێکی ناوازەی تێدا بەکارهاتبوو، کەنار دەریا و بەلەم و ڕاوچی و دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشت، بەڵام خودی چیرۆکەکە زۆر سەرنجڕاکێش نەبوو. چیرۆکەکەی بەم جۆرەیە، پیاوێکی ئینگلیز لە هیند دەژی و لەگەڵ خێزانەکەی کارگەیەکی قوماش بەڕێوە دەبات. بەدڵنیاییەوە ئەم چیرۆکە هیندی نییە، لەهەمان کاتدا ڕۆژئاواییش نییە. چیرۆکەکە ناتوانێت بڕێکی زۆر لە حەقیقەت بگێڕێتەوە!
سەرەڕای هەموو ئەمانەش ڕێنوار توانیوویەتی جێ پەنجەی هونەری خۆی لەچەند دیمەنێکدا پیشان بدات. بەشێوەیەکی گشتی وەک کارێکی هونەری چێژێکی زۆرم لە بینینی فیلمەکە وەرگرت، بەڵام ناکرێت بە فیلمە فەڕەنسییەکانی بەراوردی بکەین.
- ئەو بەرەوپێشچوونەی سینەمای بەرەو پاشەوە برد چی بوون؟
- هەژموونی بازرگانی بەسەر سینەمای ڕەنگاوڕەنگ و لەناوبردنی سینەمای ڕەش و سپی. هەرچەندە بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە ئێستادا جیاواز لە جاران زۆر بەرەوپێش چووە، بەڵام نەتوانراوە بۆ پیشاندانی وردەکارییەکان بەشێوەیەکی ڕوون سوود لە ڕەنگ وەربگیرێت. دەبێت ڕەنگ بە ئاگاییەکی قوڵەوە بەکاربهێنرێت و نابێت ڕێگە بە ستۆدیۆ بدرێت هەر ڕەنگێکی نەویست بیگۆڕێت. کاتێک من جلوبەرگ و ڕەنگ دیاریدەکەم، ئەمە مانای ئەوەیە دەمەوێت ئەو ڕەنگە لە فیلمەکەمدا دەربکەوێت، بۆ نمونە، کاتێک ڕەنگی زەرد و شین دیاریدەکەم، هیچ بیرم لای ئەوە نییە ستۆدیۆ دەستکاری ڕەنگەکان دەکات!
- ئایا بەردەوام لەدەرەوەی ستۆدیۆ فیلمەکانت وێنە دەگریت؟
- هەدێكجار لەناو ستۆدیۆش وێنە دەگرم، بەڵام زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ڕوناکی ناو ستۆدیۆ دەکەم، ئەوە بۆ من زۆر گرنگە کە بینەر نەزانێت دیمەنەکان لە ناو ستۆدیۆ یان دەرەوەی ستۆدیۆ وێنەگیراون. گومانی تێدا نییە وێنەگرتن لە ناو ستۆدیۆدا ئاسانترە، ئەمە لەکاتێکدا وێنەگرتن لە ناو شاری کەلکەتا کارێکی زۆر زەحمەتە و بەردەوام قەرەباڵغی و ژاوەژاو لەدەروبەرمانە. کاتێک لەدەرەوەی ستۆدیۆ کارێك دەکەین، زۆر بە خێرایی کاردەکەین. دەگەینە شوێنی وێنەگرتن، وێنەدەگرین، دەڕۆین، وێنەگرتنی دیمەنە درێژەکان تووشی ماندویەتییەکی زۆرمان دەکات و ناشتوانین پشت بە پیاوانی پۆلیس ببەستین چونکە لە هیندستان پۆلیس ناوبانگێکی خراپی هەیە، لەهەرشوێنێك بن خەڵكی زیاتر کۆدەبنەوە تا بزانن چی ڕوویداوە! بۆیە ئێمە خۆمان ڕۆڵی پۆلیس دەگێڕین و هەموو کەسێكی ناو قەرەباڵغییەکە دەیەوێت لە دیمەنەکاندا دەربکەوێت لەکاتێکدا هەموویان تەنیا بۆ تەماشاکردن هاتوون!
- دەوترێت لە هیندستان زۆربەی دەرهێنەرەکان خۆیان سینەماتۆگرافەری فیلمەکانیانن؟
- لەڕاستیدا هەندێك لە دەرهێنەرەکان سینەماتۆگرافەرن. با شتێکت بۆ ڕوونبکەمەوە، ئەوەی من دەیکەم ئاڕاستەکردنی کامێرایە، یان زۆر بە سادەیی بیڵێم، من سەرپەرشتی کامێرا دەکەم و هەر دەرهێنەرێکیش توانی کامێرا بەڕێوە ببات و سەرپەرشتی بکات، ئەوە متمانەیەکی زیاتری هەیە.
هیچ زیانێك لەوەدا نییە من ئاڕاستەی کامێرا و کامێرامان بکەم، بەپێچەوانەوە وادەکات بۆچوونی من و شوێن دەستم بەکارەکەوە زیاتر دیاربێت. لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز بەخۆم ناڵێم سینەماتۆگرافەر.
هەر دەرهێنەرێکی مەزن شێوازێکی تایبەت لە وێنەگرتنی خۆی هەیە، کە دەستبەجێ دەتوانیت لە وردەکارییەکانی وێنەگرتنەوە کارەکانی بناسیتەوە، بۆی نموونە، لەڕێگەی بەکارهێنانی ڕەنگ و دابەشکردنی ڕوناکی و سێبەر لەوێنەدا، کە ئەمانەش بنچینەکانی وێنەگرتنی سینەمایین.
سینەماتۆگرافەرانی هیند ناگەنە ئاستی وێنەگرە سینەماییە ئەمریکی و ئەوروپییەکان، یان با بڵێین لە ئاستی کەسانی وەك "سڤین نایکفست و گریگ تولاند" نین.
- دەکرێت بڵێین سینەماتۆگرافەری باش مەرج نییە دەرهێنەرێکی باش بێت؟
- بەڵێ ڕاستە، لەبەرئەوەی ئەمانە دوو کاری جیاوازن، بەڵام دەرهێنەری باش دەبێت شارەزایی لە بەکارهێنانی ڕوناکی و لێکدانی دیمەنەکان و چۆنێتی ئاراستەکردنی وێنەگر هەبێت.
با زیاتر ڕوون بێت: پێموانیە دەرهێنەر سەرکەوتوو بێت ئەگەر هاتوو شارەزا نەبێت لە تەکنیکەکانی چۆنیەتی بەکارهێانی کامێرا و شوێنی جێگیرکردنی کامێرا و چۆنیەتی بەکارهێنانی دەنگ و ڕووناکی.
- هەست دەکەیت بیروبۆچوونەکانت لەچاو سەرەتای دەست بەکاربوونت وەك سینەماکارێك گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە؟
- هیچ دەربارەی بیروبۆچوونەکانم نازانم، بەڵام تەکنیك و زمانی فیلمەکانم گۆڕاون، ئەمەش بەهۆی کاریگەری شەپۆلی نوێی فەرەنسییەوە، بەتایبەت کاریگەری جان لوك گۆداردکە ئاسۆیەکی نوێی لە زمانی سینەماییدا کردەوە و زۆر بە زانایی بنچینە سەرەتاییەکانی هەژاد.
- تۆ خوێنەرێکی زۆر باشی کارە شانۆییەکانی و بەردەوام دەچیت بۆ سەیری شانۆگەرییەکان. هەرگیز بیرت کردۆتەوە کارێکی شانۆیی بنوسیت یا دەرهێنان بۆ کارێکی شانۆیی بکەیت؟
- کەسانی زۆر بەهرەمەندمان هەن کە لەبواری شانۆدا کاردەکەن، کەواتە چ سودێكی هەیە ئەگەر ئەم ژمارەیە زیاد بکەین؟ بەڵام بەداخەوە لە سینەمادا بەهرەی هونەری نوێ بەدیناکەین. لەسەرەتادا هەستمکرد زیاتر پەیوەستم بە سینەماوە وەك لە شانۆ، بۆیە بیرم لە نوسین یان دەرهێنانی شانۆیی نەکردۆتەوە. گرنگیدانی من تەنها بۆ نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی سینەماییە.
- ئەی بیرت لەوە نەکردۆتەوە کارێکی شانۆیی بکەیت بە فیلمێکی سینەمایی؟
- پێش فیلمی "Ganashatru 1989" هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە، بەڵام ئەو فیلمە زیاتر پشت بە گفتوگۆ دەبەستێت، ئەمەش سەرنجی من ڕاناکێشێت. چێژبەخشترین دیمەنی فیلم لای من ئەو دیمەنانەن کە بێ گفتوگۆن، بەڵام شانۆ بەتەواوەتی پشت بە گفتوگۆ دەبەستێت.
لەو بڕوایەدا نیم شانۆ یان ڕۆمان ببنە سەرچاوەی فیلمێکی سینەمایی، بەڵام چیرۆکی درێژ دەتوانێت ئەم کارە بکات، بۆ فیلمێك کە ماوەکەی دوو کاتژمێر یان زیاترە ئەوا چیرۆکی درێژ (یان ئەوەی پێی دەڵێن کورتە چیرۆکی درێژ!) گونجاوترینە لەناو ژانرە ئەدەبییەکانی تردا. دەرهێنەر ناتوانێت لەڕۆمانێکی ٤٠٠ یان ٥٠٠ لاپەڕەیی شتێك وەربگرێت و لە فیلمێکدا کە ماوەکەی لە چوار کاتژمێر کەمترە کورتی بکاتەوە تەنانەت ئەگەر زیاد لەبەشێکیش بێت.
- بۆچوونت چییە لەسەر گۆڕینی شانۆییەکانی شکسپیر بۆ کاری سینەمایی؟
- سەرەڕای دەستکەوتەکانی ( لۆرانس ئۆلیڤێیە) لەو فیلمانەی لە شانۆییەکانی شکسپیرەوە وەریگرتوون، بەڵام ئەمانە هەرگیز بۆ فیلمێکی سینەمایی ناشێن. بەبڕوای من (گریگۆری کۆزینتسیف) تاکە دەرهێنەرە کە بەرگی زیندوویەتی کردووە بەبەر ئەو کارە سینەماییانەی سەرچاوەکانیان شکسپیرە. جگە لەو هیچ دەرهێنەرێکی تر ناتوانێت ئەو کارە بکات چونکە بەڕاستی ئەوە کارێکی قورسە.
- شتێکی تر سەرنجی ڕاکێشام، تۆ هەمیشە پشت بە ئەکتەرە هاوییەکانی شانۆ دەبەستیت و لە فیلمەکانتدا ڕۆڵی سەرەکیان دەدەیتێ، ئایا هۆکارێکی تایبەت هەیە وابکات تۆ پشت بە ئەکتەری هاوی ببەستیت؟
- لەڕاستیدا نەخێر، چونکە ئەوانەی لە شانۆدا نواندن دەکەن، پیشەگەر بن یان هاوی، هەست بە گونجاندن ناکەن کاتێك لە فیلمێکدا نواندن دەکەن چونکە راستەوخۆ بەر کاریگەرییەکانی بینەر ناکەون. هەروەها ئەکتەرانی شانۆ کێشەیان هەیە لەگەڵ کاتی تەواوبوونی فیلم، چونکە لە ماوەیەکی درێژدا ڕۆڵێکی کەمیان هەیە، پاشان چاوەڕێی دیمەنەکانی دواتر دەکەن.. ئەمە تاکو مۆنتاژی کۆتایی.
- ڕوویداوە کەسێکی گونجاو بۆ ڕۆڵێك بدۆزیتەوە، بەڵام دواتر توانای نواندنی نەبووبێت و تۆش دەستبەرداری بووبیت؟
- نەخێر، لەم ڕوەوە بەخت یاوەرم بووە، پێش ئەوەی دەست بە وێنەگرتن بکەین تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی ئەنجام دەدەین، دواتر دەردەکەوێت ئەم کەسە بۆ نواندن گونجاوە یان نا. ئەمە لەگەڵ ئەو مێرمنداڵە ڕوویدا کە ڕۆڵی "ئاپو"ی لە فیلمی "گۆرانی ڕێگا باریکەکە- Pather Panchali" بەرجەستەکرد، ناوی "سوبیر بانیرجی" بوو سەرەتا وا دەرکەوت بۆ ڕۆڵەکە گونجاوە، بەڵام دواتر دەرکەوت هەرگیز ناتوانێت نواندن بکات و هیچ گوێی بەوە نەدەدا کە من پێم دەگوت، تاوەکو نواندێکی جوانی کرد زۆر لەگەڵی ماندوو بووم، هەرچەندە پەنام بۆ داهێنانی فێڵیش برد لە ڕێگەی کامێراوە. هەندێك منداڵ بە ئەکتەری لەدایك دەبن، بەڵام بەدڵنیاییەوە "سوبیر" یەکێك نییە لەوان.
- دوای چەند ساڵێك لەکارکردن دەتەوێت بڵێیت ئێستا زیاتر گرنگی بە بارودۆخی دەروونی مرۆڤەکان دەدەیت؟
- لە دوای فیلمی "Devi- خواوەند"ــەوە من زیاتر گرنگی بەخودی دەرونناسی دەدەم ، لەئێستادا دەرونناسی گرنگییەکی زۆری لای من هەیە.
- ئەگەر چیرۆکێكت بەرچاوکەوت باسی ڕووداوی نامۆ و پڕ وردەکاری بوو، گرنگی بەوە دەدەیت بیکەیت بە فیلمێکی سیەمایی؟
- بەڵێ، ئەگەر هاتوو وردەکارییە نامۆکان راستگۆیانە و گرنگ بن، بەڵام لەکۆتاییدا من لە فیلمدا گرنگی بە مرۆڤ دەدەم. ئەگەر هاتوو کارەکتەرەکان گرنگییان بەم وردەکارییانە نەدا و لەگەڵی بەرەوپێش نەچوون ئەوا لای منیش گرنگ نابێت.
- لە ساڵی ١٩٦١ و بەدیاریکراوی لە فیلمی " TEEN KANYA- دوو کچ" وە، خۆت موزیکی سەرجەم فیلمەکانت دادەنێیت، دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی باسی موزیک و بە شێوەیەکی تایبەت باسی موزیکی فیلم بکەیت؟
- ساڵانێکی دوورودرێژ موزیك تاکە عەشقی من بووە، لەو کاتەی تەمەنم سیانزە ساڵ بۆ چواردە ساڵان بوو. بەمنداڵی فۆنۆگرافێك و چەند قەوانێکم لە ماڵەوە هەبوو. ئەو کاتەی چوومە "کۆلێژی سەرۆکایەتی – Presidency college" لە شاری کەلکەتا و "زانکۆی شانتینکیتان" لە ڕۆژئاوای بەنگال، زیاتر گرنگیم بە موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی دا. لەو ڕۆژانەدا پارەی پێویستم بۆ کڕینی قەوان نەبوو، بەڵام کاتێك کارم پەیداکرد دەستمکرد بە کۆکردنەوەی قەوانە موزیکی و تۆمارە موزیکییەکان. لە بومبای دوکانێك هەبوو بەناوی " رۆز و هاوبەشەکانی" کە موزیکییە ئەڵمانیەکانیانی دەفرۆشت. دواتر خولیای سەرەکیم بوو بەوەی لە شەودا تۆمارەکان بخوێنمەوە و لە رۆژیشدا گوێ لە موزیك بگرم، پاشان شەو تۆمارەکان بخوێنمەوە و بەرۆژ لەناو خۆمدا گوێ بۆ موزیك ڕادێرم.. ئەمەش زۆر یارمەتیدەرم بوو لە "دانانی موزیکدا."
- بۆچی بەدیاریکراوی گرنگیت بە موزیکی کلاسیکی رۆژئاواییدا؟
- لە وڵاتی ئێمە کولتوری گوێگرتن لە سرودەکانی رابندراناس تاگور و موزیکی کلاسیکی هیندی باویەتی. مامم عاشقێکی سەرسەختی موزیك بوو، ئەو ڕۆژانە موزیسیانەکان بەردەوام دەهاتنە ماڵمان و موزیکیان دەژەند، لەمەوە هەستم بەوەکرد پێویست ناکات فێری موزیکی هیندی ببم. لەبەرامبەردا من چێژم لە دۆزینەوەی موزیکی کلاسیکی رۆژئاوا وەرگرت، ئەمە بە لای منەوە دۆزینەوەی شتێکی نەزانراو بوو. کاتێك گوێ لە "بیتهۆڤن" دەگریت، دەزانیت شتێك وەک ئەم موزیکە لە موزیکی ئێمەدا نییە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەك زۆر بەپەرۆش بووین بۆ گوێگرتن لە موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی، ئێستاش ڕووخساری خاوەن دوکانی (بیفان و هاوبەشەکانی) کەلکەتام بیرە کاتێك ئێمەیان دەبینی بەم جۆرە گرنگی بە موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی دەدەین.
- لەساڵی ١٩٦٦ وتت، "لە سەرجەم قۆناغەکانی دەرهێنانی سینەماییدا، ئەوەم بۆ ئاشکرابوو کە دابەشکردنی موزیك قۆناغێکە زۆرترین ماندوو بوونی دەوێت." تا ئێستاش لای تۆ دابەشکردنی موزیك کارێکی قورس و ماندووکەرە؟
- پێشتر لەساڵێکدا یەک پارچە موزیکم دادەنا. ئەگەر دانەرێکی موزیکی پیشەگەر بوومایە کارەکە ئاسانتر دەبوو. دەبێت ئاماژە بەوەش بدەم من بە هەوڵی تاکەکەسی خۆم فێری موزیك بووم، دانانی موزیکی فیلمەکانم وەك کاری چنین واین، هەر بۆیە لێرەدا دانانی موزیك دەبێت تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بێت، کە من بەش بەحاڵی خۆم بەهۆی ئەزموونەوە کارەکە ئاسانتر بووە بۆم. لەگەڵ ئەوەشدا، من ناتوانم وێنە موزیکییەکانی مێشکم ڕاستەوخۆ بخەمە سەر کاغەز وەك ئەوەی موزیك دانەرێکی پیشەگەر دەیکات. ئەمەش کاتێکی زۆرم دەبات و دووچاری دوو دڵیم دەکات. لەوەش زیاتر ئەوەی دوو دڵم دەکات ئەوەیە موزیسیانەکان بەو جۆرە موزیك ناژەنن کە من دەمەوێت، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە موزیسیانانی ئێرە فێربوون بە شێوازێکی زۆر جیاواز موزیك دەژەنن.
- ئەو دوو دڵییەی دەرەنجامی ئەوە لات دروست بووە کە موزیك دانەرێکی پیشەگەر نیت، پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی پشت بە موزیسیان "ڕاڤی شەنکار" ببەستیت لە دانانی موزیکی فیلمی (گۆرانی ڕێگا باریکەکە - Pather Panchali) ؟
- ڕاڤی شەنکار، هاوڕێی نزیکمە، لەبەر ئەمەش پشتم بەو بەستووە، کارکردن لەگەڵ ئەو هەستی ئاسوودەییم پێدەبەخشێت، هەروەها ئەو باوەڕەم هەبوو کە کارکردن لەگەڵ کەسێکی وەهادا لەبەرژەوەندی فیلمەکەیە، چونکە ئەو بەتواناترین کەسە لە دانانی موزیکدا بەجۆرێك هیچ موزیسیانێکی بەنگالی کلاسیکی ناتوانێت ئەو کارە بکات.
- سەرەڕای گرنگیدانی زۆرت بە موزیکی کلاسیکی رۆژئاوا، بەڵام بەهیچ جۆرێك لە فیلمەکانتدا بەکاری ناهێنیت!
- بەڵی، ئەمە ڕاستە. زۆرێك لە دەرهێنەرەکان لە فیلمەکانیاندا موزیکی کلاسیکی رۆژئاواییان بەکارهێناوە، بەڵام ئەم ئەزموونە لە سەرجەم فیلمەکاندا سەرکەوتوو نەبووە. فیلمێکی دەرهێنەری سویدی " بو وایدبێرغ"م بینی بە ناوی (Elvira Madigan) زیاد لە جارێك چەند بەشێکی پیانۆ کۆنشێرتۆی ژمارە ٤٥٣ ی مۆزارتی تێدا بەکارهاتبوو. دوای ماوەیەک قەوانێکم بەرچاو کەوت بە ناونیشانی " کۆنشێرتۆی ئەلڤێرا مادیگان" ئەمەش شتێکی سامناك بوو. چوکە لە خەیاڵی خۆتدا وایدادەنێیت کە فیلم بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستی موزیك، بەڵام ئەوەی بەزۆری دەیبینین ئەوەیە موزیک دێتە خوارەوە بۆ ئاستی فیلم، بەتایبەت لەم حاڵەتەدا، وەك ئاو و ڕۆن تێکەڵ بوون. ستانل کۆبریك سەمفۆیای نپیەمی بیتهۆڤنی بەکارهێناوە لە فیلمی (A Clockword orange) بەبڕوای من زۆر گونجاو بوو بۆ ئەو فیلمە، کۆبریك چەندین فیلمی تری کردووە و موزیکی کلاسیکی تێدا بەکارهێناوە. بۆ نمونە دانوبی شینی یۆهان شتراوسی تێدا بەکارهێناوە لە فیلمی (A Space Odyssey) ففف. هیچ ڕێگرییەك نابینم لەوەی موزیکی سەردەمی بارۆک بەکاربێت لە فیلمێکدا ئەگەر بابەتەکە گونجاو بوو.
شتێکی تریش؛ حەز بەو فیلمانە ناکەم کە موزیکی زۆمانسی زیادەڕەوی تێدا بەکاردێت، وەك فیلمەکانی هۆڵیهود لەسەرەتای چلەکان، زۆربەی دەرهێنەرە ئەمریکییەکان، جگە لە هەندێکی وەك؛ ویلیام وێڵەر، بیلی وایڵدەر، فراك کوبرا، جۆرج ستیڤینز، لەدوای تەواو بوونی وێنەگرتنی فیلمەکانیان دەسەڵاتیان بەسەر فیلمەکانیاندا نامێنێت. جارێکیان لە "جۆن هیوستۆن"م پرسی دەربارەی فیلمەکەی بەناوی "Treasure of the Sierra Madre (1948)) کە چۆن ڕێگەی داوە موزیکی فیلمەکە ئەو کاریگەرییە نێگەتیڤە بکاتە سەر فیلمەکە، پێی وتم؛ ئەو دەسەڵێتی موزیکی نییە، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە ئەو موزیك دانەر نییە.
- ئەمە واتای ئەوەیە لە دیدی تۆوە؛ باگراوند موزیك پێکهاتەیەکە لەدەرەوەی فیلمەوە دێتە ناو فیلم؟
- بۆچوونی من ئەوەیە فیلم دەبێت بتوانێت خۆی لە موزیك جیابکاتەوە، ئێمە موزیك بەکاردێنین لەبەر ئەوەی ئەو متمانەیەمان نییە کە گۆڕانکاریەکان لەکاتی لێکدانی دیمەنەکان لای بینەر شتێکی ڕوون بێت، بۆیە پەنا بۆ موزیك دەبەین تا دڵنیا ببینەوە لەم گۆڕانکاریانە. ئارەزوو دەکەم بەبێ موزیك کارێك بکەم، ئەگەر ئەمە بکرێت، بەڵام بڕوام وانییە بتوانم هەرگیز ئەم کارە بکەم، لەوانەیە بتوانم کەمتر موزیك بەکاربێنم لە فیلمە نوێیەکانمدا وە لەجیاتی ئەوە بەپێی توانا دەنگە سروشتییەکان بەکاربێنم.
لەسەرەتای کارکردنم پێم وابوو فیلم پێویستی بە موزیکە بەهۆی بێدەنگی درێژ لەهەندێك دیمەندا، کە لەوانەیە بینەر توشی بێزاری بکات. بەڵام بابەتەکە بە سادەیی ئەمەیە؛ دیمەنەکان لەخۆیانەوە کورت دەبنەوە لەگەڵ بوونی موزیکدا، لەهەندێك فیلمیشدا موزیك دەبێتە پێویستی ئەگەر هاتوو تۆ دەوڵەمەند نەبووی بە دەگە سروشتییەکان. وەك دەزاننیت فیلمە سەرەتاییەکانی (فیتۆریۆ دی سیکا) وەك؛ پاسکیل دز، پەرجویەك لە رۆما، بۆیاخچی، هەموو فیلمی جەماوەری بوون لەکاتێکدا وێنەگیراون بارودۆخی وێنەگرتن زۆر ناهەموار بووە، راستەوخۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم، هەندێک دیمەن لەم فیلمانەدا پێویستی بە بوونی موزیك بوو، فیتۆرۆ بەخت یاوەری بوو کە کاری لەگەڵ "ئەلیکساندرۆ سیکۆگنینی" دەکرد، ئەو موزیك دانەرە باشەی دەیتوانی ئەو موزیکە پێشکەش بکات کە لێی داوادەکرد.
بەشێوەیەکی گشتی؛ بەکارهێنانی موزیك و کاریگەرییە دەنگییەکان پشت دەبەستێت بە حاڵەتی دیمەنەکە، هەندێكجار دەکرێت کاریگەری دەنگی زۆر لە موزیك بەسودتر بێت، ئەگەر بتەوێت دەست بەسەر کاتدا بگریت وە پارێزگاری لە زەمەنی حەقیقی یان کرۆنۆلۆژی بکەیت ، ئەوا وا باشترە کەمتر موزیك بەکاربێنیت، هەرچەندە دەکرێت کاریگەرییە دەنگییەکان لەم حاڵەتەدا باشتر بن. بەپێچەوانەوە هەندێك حاڵەت هەن موزیك یارمەتیدەر دەبێت بۆ پارێزگاری لە بەردەوامبوونی زەمەنی.
- گەر دەرفەت هاتەپێش، دووبارە موزیکی فیلمەکانت دابنێیتەوە، کام فیلم هەڵدەبژێریت؟
- سەرجەم فیلمەکانم، کاتێك سەیری فیلمە کۆنەکانم دەکەم، بەخۆم دەڵێم: گەر دەرفەتم بۆ بێتە پێش دووبارە فیلمەکانم ڕێکدەخستنەوە و موزیکی نوێم بۆیان دادەنا. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کوالێتی ریکۆرد بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەپێچەوانەی رۆژگاری جاران، کە دوابەدوای کۆتایی هاتنی وێنەگرتن هەڵپەی ئەوەمان بوو فیلمەکە کەت بکەین، چونکە کاتێکی کەممان لەبەردەست بوو بۆ ڕادەستکردنی فیلمەکە. دەرەنجامی ئەمەش کارەکانمان زۆر بە خێرایی دەکرد، ئەمەش زیانێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، هەندێك جار چەند بەشێکی دیلمەکەمان دەدایە مۆنتێر لەکاتێکدا بەشەکانی تر بەتەواوەتی ئامادە بوون، بۆیە کاتی گونجاو لەبەردەستمدا نەبووە تا موزیك دابنێم بە شێوەیەکی ورد، یان بەو جۆرەی ئارەزووم بووە.
لە رۆژگاری ئەمرۆدا، شتەکان بەتەواوی ئاسان بوون، تەنانەت خۆت دەتوانیت شێواز و تەکنیکی نوێ زیاد بکەیت، بۆ نمونە؛ ئێستا من سەرجەم دیالۆگەکانی فیلمێك لەسەر کاسێت ریکۆرد دەکەم، لەگەڵ دیمەنە بێدەنگەکانیش، پاشان ڕەشنوسی هەر کارەکتەرێك ئامادە دەکەم، بۆ ئەوەی بە تەواوی بتوانم ئەو موزیکە دیاریبژەم کە پێویستە بۆ فیلمەکە. چونکە من وەك دەرهێنەرێك سەرجەم وردەکارییەکانی فیلمەکەم دەزانم، ئەمەش ئەمەش ئاسانکاری ئەوەم بۆ دەکات لەماڵەوە کارەکان بەباشتر و خێراییەکی زیاترەوە ئەنجام بدەم.
- دەکرێت نمونەی دیمەنی یەکێك لە فیلمەکانت بڵێیت کە پێویست بوو موزیکی بۆ دابندرێت؟
- دیمەنێك هەیە، ئەویش دیمەنی دوای مردنی " هاریهار" لە فیلمی ( Aprajito)، کاتێك "سارباجایا" و " ئەبو" دەگەنە گوندەکە، بەدیاریکراوی هیچ شتێك ڕوونادات، هیچ شتێکیش نابینین، گوێشمان لەهیچ نییە. ئێستا هەست بە ناڕەزایی دەکەم کاتێك ئەو دیمەنە درێژە دەبینم بەبێ موزیك، بەڵام لەبنەرەتدا ڕاڤی شەنکار هیچ موزیکێکی بۆ ئەم دیمەنە دانەنا، ئەوکاتەش من متمانەی ئەوەم بەخۆم نەبوو موزیکێك بۆ ئەم دیمەنە دابنێم.
- ئەو موزیکانەی بۆ فیلمەکانت داتناون، کامیان نزیکترینە لە دڵتەوە؟
- ئەگەر مەبەستت باگراوند موزیکە، ئەوا موزیکی فیلمی (Charulata - ژنێکی تەنیا) باشترینە، لەم فیلمەدا هەموو شتێکمان بە ڕاست و دروستی ئەنجامدا. موزیکی ئەم فیلمە تەواو پەیوەندی بە ناوەڕۆکی فیلکمەکەوە هەیە. تەنهایی ژنەکە لەسەرەتای فیلمەکەوە دەکرێت بەچاو هەستی پێبکرێت، بەڵام هەندێك شتی تر پێویستی بە ڕونکردنەوەیە، وەك گەنجێتی لەدەستچووی، بێزاریەکەی، تەنیاییەکەی، بۆیە پەنام بۆ موزیکێك برد کە هەموو ئەمانە ڕونبکاتەوە، دواتر باشترین کارە موزیکیەکانی خۆمم دانا.
- بە بۆچوونی تۆ ئاستەنگەکانی بەردەم دەرهێنەری هاوچەرخ چین؟
- دەربارەی دەرهێەرانی تر هیچ نازانم، تەنیا دەتوانم دەربارەی خۆم قسە بکەم، بە دڵنیاییەوە یەکێك لەو ئاستەنگانەی بۆ هەر دەرهێنەرێك دێتە پێش ئاستەنگ داراییە، هەندێك دەرهێنەر بۆی گرنگ نییە بەرهەمهێنەر قازانج دەکات یان زیان. بەڵام من خۆم لە چوارچێوەی ئەو دەرهێنەرانە دادەنێم کە باوەڕیان بەوە هەیە بەبێ یارمەتی بەرهەمهێن ناتوانیت داهێنەر بیت. هەر فیلمێك تێچوویەکی زۆری دەوێت و تۆش ناتوایت ئەو تێچووە لەئەستۆ بگریت، بۆیە دەبێت پشت بە کەسانی تر ببەستیت. لەگەڵ ئەوەشدا بڕوام وانیە هیند شوێنێك بێت دەست بدات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی (الگلیعیه - avant garde ) و (ئەبستراکت) و ( نهێنی ئامێز) . بۆ ئەوەی بتوانیت فیلمێك دەربکەیت بەدڵی خۆت ئەوا دەبێت کامێرای ٨ مم بەکاربێنیت و تێچووەکەش خۆت بیگریتە ئەستۆ. بەڵام کاتێك خۆت وادێتەپێش چاو کە بەشێکیت لە بازاڕە بازرگانییەکە ئەوا تەنها بیر لە بینەر دەکەیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ بەدوای بینەرێکی ئاست بەرزدا ناگەڕێیت بەڵکو بەدوای بینەرێکدا دەگەڕێیت کە فیلەکەتی بەدڵ بێت، ئەمەش دوای چەند ئەزمونێک دەزانیت کە بینەر دەتوانێت فیلمەکەتی بەدڵ بێت یان نا.
*** کۆتا قسەم ئەوەیە بەڕێز ڕای، ئەوەی سەیر بوو لام، گەیشتن بە تۆ زۆر ئاسانبوو، مرۆڤ تەنیا پێویستی بەسەرکەوتنی چەند پلیکانەیەکە بۆ ئەوەی تۆ ببینێت، من زۆر سوپاس گوزارم، دڵخۆش بووم کە ئەم گفتوگۆیەمان کرد.
سەرچاوە :
١- گۆڤاری بەحرەینی کولتووری لە ١/١/٢٠٠٧ دا بڵاوکراوەتەوە.
٢-ماڵپەری رۆژنامەی مەدا؛