گفتوگۆ لەگەڵ ویلیام فۆکنەردا_ بەشی سێیەم

07/05/2020    07:37

گفتوگۆ لەگەڵ ویلیام فۆکنەردا_ بەشی سێیەم 


Têkst

بەشی سێیەم 


دیمانەساز:
ئارەزوو دەکەیت فیلمێکی تر دروست بکەیت؟
ویلیام فۆکنەر: 
بەڵێ، پێم خۆشە ڕۆمانی (١٩٨٤) ی جۆرج ئۆروێڵ بەرهەم بهێنم. بیرۆکەیەکم هەیە بۆ کۆتایی فیلمەکە کە دەبێتە هۆی سەلماندنی ئەو تێزەی کە بەردەوام دووبارەی دەکەمەوە: ناکرێت شکست بەو پیاوە بهێنرێت، ئەویش بەهۆی ویستە سادەکەیەوە بۆ ئازادی.

دیمانەساز: 
چۆن باشترین دەرئەنجام لە کارکردن لە فیلمەکاندا بەدەست دەهێنیت؟
ویلیام فۆکنەر: 
کارکردنی خۆم لە بواری فیلمسازییدا کەوا دەردەکەوێت باشترین جۆری کارکردنی من بێت، بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت کە ئەکتەرەکان و نوسەرەکە سیناریۆکە فڕێ دەدەنە لاوە و لە ڕاهێنانێکی ڕاستەقینەدا و ڕێک پێش ئەوەی کامێرا بخرێتە کار دیمەنەکە دەخولقێنن. گەر نەمتوانیبا، یان هەستم بکردایە توانام نییە، کاری فیلمسازی بە جدی وەربگرم، ئەوا لە سۆنگەی ڕاستگۆییمەوە بۆ کاری فیلمسازی و بۆ خۆیشم، هەر لەسەرەتاوە دەستم نەدەدایە. بەڵام ئێستا دەزانم کە هەرگیز نابمە سیناریۆنووسێکی باش، بۆیە بۆ من کارکردن لەم بوارەدا هەرگیز وەک بوارە تایبەتەکەی خۆم وابەستەییم بۆ دروست ناکات.

دیمانەساز:
سەبارەت بەو ئەزموونە ئەفسانەییەی هۆڵیوود کە تێیدا بەشدار بوویت هیچ سەرنجێکت هەیە؟
ویلیام فۆکنەر:
گرێبەبەستەکەم لەگەڵ کۆمپانیای بواری سینەما (MGM)دا تازە تەواو بووبوو و خەریک بوو دەگەڕامەوە ماڵەوە. ئەو دەرهێنەرەی کارم لەگەڵ دەکردم وتی، "گەر حەزت بە کارێکی ترە لێرە، ئەوا ئاگادارم بکەرەوە تا لەگەڵ ستۆدیۆکەدا دەربارەی گرێبەستێکی نوێ قسە بکەم." سوپاسم کرد و گەڕامەوە ماڵەوە، شەش مانگ دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەکەی هاوڕێمەوە کردەوە و  پێم ڕاگەیاند حەزم بە کارێکی نوێیە. ماوەیەکی کەم دوای ئەو پەیوەندییە نامەیەکم لە بریکارەکەم لە هۆڵیودەوە پێگەیشت، کە مووچەی یەکەم هەفتەمی تێدا بوو. زۆرم پێ سەیر بوو، لەبەرئەوەی چاوەڕێی ئەوە بووم سەرەتا لە ستۆدیۆکەوە ئاگادارینامەیەکی فەرمی یان گرێبەستێکم پێ بگات. بە خۆمم گووت کە گرێبەستەکە دوا خراوە و لەگەڵ پۆستی داهاتوودا پێم دەگات. بەڵام لەبری ئەوە، پاش هەفتەیەک نامەیەکی ترم لە بریکارەکەمەوە پێ گەشت کە مووچەی دووەم هەفتەمی تێدا بوو. ئەمە لە  تشرینی دووەمی ١٩٣٢ دا دەستی پێکرد و تا ئایاری ١٩٣٣ بەردەوام بوو. دواتر لەلایەن ستۆدیۆکەوە تێلێگرامێکم پێ گەیشت کە دەیگووت: "ویلیام فۆکنەر، گەڕەکی ئۆکسفۆرد. تۆ لە کوێیت؟ ستۆدیۆی (MGM)."
 دواتر تێلیگرامێکم نووسی: "ستۆدیۆی (MGM)، شاری کولڤەر، کالیفۆرنیا. ویلیام فۆکنەر." بەڵام خانمە گەنجەکەی سەر هێڵی تێلیگرامەکە وتی"، بەڕێز فۆکنەر، کوا نامەکەتان؟" وەڵامم دایەوە، "ئەمە هەموویەتی." ئەویش وتی، "ڕێساکان دەڵێن کە من ناتوانم بەبێ بوونی نامەیەک پەیامەکەتان بنێرم، بۆیە هەر دەبێت شتێک بڵێن." ئیتر بەناو نموونەکانی ئەودا گەڕاین و دانەیەکم هەڵبژارد کە بیرم نەماوە_یەکێک لەو نامە ئامادەکراوانەی تایبەتن بە ساڵیادەکان. ئەوەم نارد. دواتر پەیوەندییەکم لەلایەن ستۆدیۆکەوە بۆ هات کە دوایان لێ کردم بە یەکەمین فڕۆکە بەرەو شاری نیو ئۆرلیانس بڕۆم و لای دەرهێنەر براونین ئامادەیی خۆم بسەلمێنم. دەمتوانی لە شاری ئۆکسفۆرد سواری شەمەندەفەر ببم و هەشت کاتژمێر دواتر بگەمە شاری نیو ئۆرلیانس. بەڵام شوێن ڕێنماییەکانی ستۆدیۆکە کەوتم و چووم بۆ فڕۆکەخانی مێمفیس کە جارجار فڕۆکەیەک لەوێوە دەچووە نیو ئۆرلیانس، پاش سێ ڕۆژ، فڕۆکەیەک هەبوو.
دەوروبەری کاتژمێر شەشی ئێوارە گەیشتمە هۆتێلەکەی بەڕێز براونین و لە هاتنەکەم ئاگادارم کردەوە. لەو کاتەدا ئاهەنگێگ بەڕێوە دەچوو. پێی وتم کە ئەمشەو باش بنووم و ئامادەبم بۆ دەستپێکێکی زوو لە بەیانیی سبەینێدا. لە بەیانیدا پرسیارم سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە لێ کرد و وتی، "بڕۆ ئەو ژوورە، ئەوێ ژووری نووسەری کۆمەڵەکەیە و پێت دەڵێت چیرۆکەکە چییە."
ڕۆیشتمە ئەو ژوورەی کە ئاماژەی پێدا و نووسەرەکە بەتەنیا لە ژوورەکەدا دانیشتبوو. خۆم ناساند و سەبارەت بە چیرۆکەکە پرسیارم لێ کرد. وتی: "کاتێک دیالۆگەکانت نووسی، ئەوکات پێت دەڵێم چیرۆکەکە چییە. گەڕامەوە ژوورەکەی براونین و ئەوەم بۆ باسکرد کە ڕووی دا. ئەویش وتی "بگەڕێرەوە لای و دووبارە قسەی لەگەڵدا بکەرەوە و گوێی مەدەرێ، پێویستە شەو باش بخەویت بۆ ئەوەی سبەی زوو دەست پێبکەین."
بەیانی ڕۆژی دواتر هەموومان جگە لە نووسەری کۆمەڵەکە بە بەلەمێکی کەشخەی بەکرێگیراو ڕووەو دورگەی گراند ئایسڵ بەڕێکەوتین، ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێ وێنە دەگیرا و سەد میلێک دوور بوو. لە کاتی نانی نیوەڕۆدا گەیشتینە ئەوێ و تەنها کاتی ئەوە مابوو کە دووبارە سەد میل بەرە نیو ئۆرلیانس ببڕینەوە تا پێش تاریکی بگەینەوە.
دوو بۆ سێ هەفتە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. جاروبار کەمێک نیگەرانی چیرۆکەکە دەبووم، بەڵام هەمیشە براونین دەیگوت، " خەمت نەبێت، شەو باش بنوو بۆ ئەوەی سبەی لە بەیانییەکی زوودا دەست پێبکەین."
 ئێوارەیەک دوای گەڕانەوەم بۆ ژوورەکەم هەر ڕێک ئەو کاتەی خۆم کرد بە ژووردا زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا و براونین لەسەر هێڵ بوو. وتی کە هەر ئێستا سەردانی ژوورەکەی بکەم. منیش وام کرد. براونین تێلێگرامێکی پێگەیشتبوو کە دەیگوت: "فۆکنەر دەرکراوە. ستۆدیۆی (MGM)." براونین وتی، "نیگەران مەبە من پەیوەندیان پێوە دەکەم و نەک هەر وایان لێ دەکەم مووچەکەت بۆ بگەڕێننەوە بەڵکو بە نوسراو داوای لیبوردنیشت لێ بکەن." لەو کاتەدا لە دەرگا درا، تێلێگرامێکی تریان هێنابوو کە دەیگوت، "براونین دەرکراوە." بۆیە منیش گەڕامەوە ماڵەوە. وابزانم براونین-یش چوو بۆ شوێنێکی تر. پێم وایە هێشتا ئەو نووسەرەی لە ژوورەکەدا دانیشتووە و چەکی هەفتانەمووچەکەی توند لەناو دەستیدایە. ئەوان هەرگیز فیلمەکەیان تەواو نەکرد. تەنها گوندێکی ڕۆبیانیان دروست کرد_سەکۆیەکی درێژ لەسەر چەند پایەیەک و، چەند کوخێک_ شتێکی وەک ڕاڕەوی لەنگەرگە. ستۆدیۆکە دەیتوانی دەرزەنێک لەوانە بە چل بۆ پەنجا دۆلار بۆ هەر پارچەیەک بکڕێت، بەڵام لە بری ئەوە خۆیان دانەیەکیان دروست کرد، دانەیەکی خراپ. واتە، سەکۆیەک بە یەک دیوارەوە، بۆیە کە دەرگاکەت دەکردەوە و لێوەی دەڕۆیشتیت، ڕاستەوخۆ دەچوویتە نێو دەریاکەوە. لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنیاندا، ماسیگرێکی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەنێو بەلەمە دارینەکەیدا دادەنیشت و لەبەر هەتاوە سوتێنەرەکەدا تەماشای ئەو سپیپێستە نامۆیانەی دەکرد کە سەکۆیەکی دووبارەیان دروست دەکرد. ڕۆژی دواتر ماسیگرەکە بە خۆی و بەلەمە بچووکەکەی و تەواوی خێزانەکەیەوە دەگەڕێتەوە؛ هاوژینەکەی کە خەریکی ساواکە بوو، منداڵەکانی تر و خەسووی پیاوەکە هەموویان لەبەر ئەو خۆرە گەرمەدا دانیشتبوون و لەو کارە گەمژانە و بێمانایەیان دەڕوانی. دوای دوو یان سێ ساڵ کاتێک کە لە نیو ئۆرلیانس بووم بیستم کە خەڵکی ئەو ناوچەیە تا ئێستاش لە دووری چەندان میلەوە دێن بۆ سەیرکردنی ئەو سەکۆی ڕۆبیانەی کە کەسانێکی سپیپێست بەپەلە هاتن درووستیان کرد و پاشان بەجێیان هێشت.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw