ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا لە درێژەی چالاکیەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ڕۆژی شەممە ٢٠/١٢/٢٠١٤ کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەرگێڕ و نووسەر زنجیرەیەک لە چاپکراوە نوێکانی خۆیان کە پێکهاتووە لە ٩ کتێب، بڵاودەکەنەوە. کتێبەکان پێکاهتوون لە" ٣ کتێبی ئەلبێر کامو کە موحسن ئەحمەد لە فەڕەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی، هەروەها ٢ کتێبی خالید حوسەینی کە ئازاد بەرزنجی کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە، نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننووس کاروان کاکە سوور، یاداشتەکانی ئیرنیست هەمنگوەی کە ژووان جەلال وەریگێراوە، ڕۆمانی زۆربای کازانتزاکیس کە ڕەئوف بێگەر لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و کتێبی ئەیوب بە گێڕانەوەی تەورات کە حەمە قادر بۆ کوردی وەریگێراوە" کتێبەکانی ئەلبیر کامو پێکهاتوون لە ٣ کتێبی گرنگی ئەو نووسەرە ئەوانیش "مەنفا و مەملەکەت، بێگانە لەگەڵ زەماوەند و هاوین" سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم ٣ بەرهەمەی کامو، "د. موحسین ئەحمەد" کە لە فەرەنسییەوە سەرجەمیانی کردووە بە کوردی، بە سولی ئۆن-ی ڕاگەیاند: "ڕۆمانی بێگانە، پێشتر چاپ بووە و ئێستا لەگەڵ دوو کتێبەکەی دیکەدا چاپ دەکرێتەوە، وێڕای پێداچوونەوە و بەراورد، کتێبی زەماوەند و هاوین، ئەمەیش وتارە و ناسراوترین کتێبی کامو-یە دوای بێگانە، کتێبی "مەنفا و مەملەکەت"یش پێکهاتووە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی نووسەر کە زۆر بەنرخن و هەتا ئێستایش هەر نوێن. د.موحسین سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی کامو، وتی: لەبارەی وەرگێڕانی کتێبەکانی ئەلبێر کامو تەنیا ئەوەندە دەڵێم یەکێک دەتوانێت کارەکانی کامو وەربگێڕێت کە زۆر شارەزابێت لە فەلسەفە و شێوازی نووسینی کامو، ئەمەیش تەنیا دەبێت بە فەڕەنسی بەرهەمەکانی بخوێندرێتەوە و وەربگێڕدرێت، جگە لەم شێوازە زۆر سەختە وەرگێرانی بەرهەمەکانی، چونکە فەلسەفەی کامو زۆر وردەکاری تێدایە.