ئامادەکردنی: دالیا کەمال
سارا عومه‌ر نوسەر و شاعیر، لەسەر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه هه‌ڵۆی كوڕی شێركۆ بێكه‌س دواین ده‌قی ته‌واو نه‌كراوی شاعیر ته‌واو ده‌كات، دێتە دەنگ. لە پرسیارێکدا بۆ وەرگرتنی بیروڕای نوسەر لەسەر بابەتەکە بەم شێوەیە روون کردنەوە دەدات.
من ئه‌توانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی ئێوه له چه‌ند ئاستێكدا بده‌مه‌وه. خاڵی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه، كه بپرسم شیعر چییه؟ دوای ئه‌وه دوور بڕۆم و پرسیاره‌كه‌م بگۆڕم به‌وه‌ی، كه ئه‌ده‌ب چییه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو پرسیاره‌دا ته‌كانێك بده‌م به خۆم و بپرسم ئه‌وه‌ی، كه ده‌نووسێت، چی ده‌نووسێت؟ ئیشكاله فیكرییه‌كانی چین؟ نامه‌ی ئه‌و بۆ دونیا هه‌ڵگری چ جۆرێك له دونیا بینییه؟
سه‌ره‌تا له پرسیاری یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێ ده‌كه‌م و ده‌ڵێم شیعر چییه؟
له ڕاستیدا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر به بنه‌مایه‌كی دێتراكتۆری قسه بكه‌ین، ده‌بێت پێش وەخت شیعر له هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه ده‌ربهێنین، كه ده‌بن به ئه‌نگێزه‌ی دروستبوونی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شیعر له‌وه ڕزگار بكه‌ین، به ته‌نها وه‌ك مه‌وجودێكی زمانی بیبینین. كاتێك شیعر له زمان دێنینه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌مێنێته‌وه ناوه‌وه‌ی پێكهاته‌ی شیعرییه و كۆی ئه‌و ئیشكاله فیكریانه‌شه، كه به‌ره‌و ئێمه هێناویانه. لێره‌دا شیعر ده‌بێته جه‌وهه‌رێكی ڕووتی دونیا بینی. ده‌بێته سه‌قفێك، كه ته‌واوی ئیشكاله فیكری و نه‌ته‌وه‌یی و دینیی و ئێمۆسیۆنێله‌كانی خۆی داده‌پۆشێ و ئه‌وتۆماتی ئێمه ده‌گه‌یه‌نێت به پێناسه‌یه‌كی پوختی دیاری كرا‌و. هه‌ڵبه‌ت هه‌تا شیعر له زمان نه‌هێنینه ده‌رێ و جیا له هه‌ر ڕووداوێكی نه‌ته‌وه‌یی، ئینسانی، سیاسی و كولتوری داینه‌نێین، ناتوانین ئه‌وه‌ی له‌ناو سكی تێكستێكی شیعریدا هه‌یه تێوه‌ریزه‌ی بكه‌ین.
كاتێك باسی ده‌رهاویشتنی شیعر له ڕووداو و پچڕاندن و جیاكردنه‌وه‌ی له زمان ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت باسی ئه‌و زمانه بكه‌م، كه پۆشاكی شیعره. كه فۆڕمێكی شیعری دروست ده‌كات، كه ده‌بێته هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و و به‌سه‌ر فه‌زایه‌كی دیاری كرا‌و و له جێگایه‌كی دیاریكراوی جیهاندا ده‌خوڵقێت. چونكه ئه‌وه‌ی، كه خوێنه‌ر موعتادی شیعر ده‌كات، خودی شیعر نییه، زۆر جار خودی ئه‌و ئیشكاله قورسانه نییه، كه له‌ناو سكی تێكستێكی شیعریدان و چاومان نایانبینێت. به‌ڵكو كۆنتاكتی خوێنه‌ر، كۆنتاكتی ئه‌وه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی زماندا. واته ئه‌وه‌ی به‌ر ئێمه ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی زۆر جار ده‌بێته پێستێكی شیعری و ڕیشاڵه‌كانی شیعر یان جوانتر بنووسم، ده‌مار و خوێنبه‌ره‌كانی تێكستێكی شیعری ده‌شارێته‌وه و ده‌بێته به‌ربه‌ستێكی سه‌رسه‌خت، كه ڕێگه‌ی ده‌ركه‌وتنیان نادات، زمانه. چونكه زمان له زۆر شێوازی شیعریدا جه‌للادێكی نا میهره‌بانه و قامچییه‌كه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی دیوی ده‌ره‌وه‌ی شیعریی خۆی ده‌كێشێت به ڕۆشنبیری خوێنه‌ردا و ناهێڵێت ته‌واوی ئه‌وه‌ی، كه به ناوی شیعره‌وه هاتووه، ته‌فسیر بكرێت. هه‌ر ئه‌وه‌شه، كه یه‌ك تێكستی شیعریی، له هه‌ر ئاستێكدا نووسرابێت، زیاد له خوێندنه‌وه‌یه‌ك و زیاد له تێگه‌یشتنێك، له جیهانبینی ڕه‌خنه‌گره‌كاندا دروست ده‌كات. كاتێك ئێمه شیعر له زمان ده‌رده‌هێنین، ده‌مانه‌وێت شیعر بخه‌ینه سه‌ر مه‌عده‌ن، بیخه‌ینه سه‌ر ئارد، واته بیخه‌ینه سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ی، كه هێشتا نه‌كراوه به ڕۆن. ئه‌نگێزه‌كانی گرتنی ڕۆن، له هه‌ر ده‌نكه گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ك، ئیشكالی نه‌كسه‌یه له باڕی ڕۆندا. لێره‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو واتایه گرێبده‌ین به یه‌كه‌وه، ده‌توانین بڵێین، ئه‌وه‌ی شیعرێكی ته‌واوی پێش قه‌ست دروست ده‌كات، به ته‌نها پڕۆبلێمی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ پڕۆبلێمه‌كاندا. واته كێشه‌ی هۆشیاری شاعیره له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا، كه خۆیان مه‌له‌ئی كێشه‌ن.
زۆر باشه، با لێره‌دا دوورتر بڕۆین و ئه‌وه بڵێین، كێ دێت و كێشه‌ی ئێمه ته‌واو ده‌كات، پێناسه‌ی تازه‌ی بۆ داده‌نێت، كۆنسێپتی خۆر نه‌دیوی بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، سه‌ر به ڕێگا و قه‌سدی مه‌وزوعیی ئێمه‌یه. واته له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و ئاڕاسته فیكرییانه‌ی ئێمه‌دا، ئیش ده‌كات و ئه‌وه‌یشی، كه شاعیرێك دێت و ئیشكاله‌كانی شاعیرێك له زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا ده‌باته پایان، به‌م دیفینیسیۆنه‌ی ئێمه واریده. واریده له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌فلاتۆن كۆی فه‌لسه‌فه‌كانی سوقرات ته‌واو ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موحه‌مه‌د كۆی هه‌موو ئه‌و بنه‌ما ئایینیانه ده‌گه‌یه‌نێت به كه‌ماڵ و ساڵی بلووغ، كه عیسا نه‌یتوانیوه بیكات. وه‌كو چۆن ئه‌نگلس به‌رنامه ئابوورییه‌كانی ماركس دوای خۆی ده‌كاته‌وه به كێشه‌ی خۆی و كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به هه‌مان جۆر مۆسیقارێك دوای مۆزارد، ده‌توانێت مۆزارد بگه‌یه‌نێت به ئه‌وج. ئاركیۆلۆجیستێك، كه په‌یكه‌رێك له شاخێكدا هه‌ڵده‌كه‌نێت و ده‌مرێت، ئاركیۆلۆجیستێكی تر ده‌یخوڵقێنێته‌وه. له ئاستێكی ئه‌ده‌بیشدا ئه‌گه‌ر قسه بكه‌ین، ئه‌وا ئێمه نمونه‌مان زۆره. نمونه‌ی سارته‌رمان هه‌یه، كه نامه غه‌رامییه‌كانی سارته‌ر سیمۆن دی بۆڤووا درێژی ده‌كاته‌وه و دیسانه‌وه دوای سارته‌ر ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات. نمونه‌ی كافكامان هه‌یه، كه هاوڕێكه‌ی ڕۆمانی كۆشكی بۆ ده‌گه‌یه‌نێت به دواهه‌مین و ئاخرین خاڵ. بۆیه به بڕوای من، كاك هه‌ڵۆ ئیشێكی نه‌ك تازه ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی، كه ئه‌و ده‌یكات، كردارێكی ڕۆتینی مێژووییه و من پێم وایه باشه. هه‌ڵبه‌ت قازانجی ئه‌م كاره‌ی، كه كاك هه‌ڵۆ ده‌یه‌وێت بیكات، من له‌وه‌دا نایبینم، كه خولیای زیندووكردنه‌وه‌ی كاك شێركۆ بێكه‌سی شاعیر یان خه‌ونی ئه‌وه‌ی كاك شێركۆ وه‌ك شاعیرێك له مه‌خیله‌ی ئێمه‌دا بمێنێته‌وه بوبێت به وزه‌ی شیعری له‌لای ئه‌و. به‌ڵكو من قازانجی ئه‌م كاره له‌وه‌دا ده‌بینم، كه چه‌نێك شیعر پرۆسه‌یه‌كی تاكه شه‌خسی تاقانه و ته‌نیای هه‌ر شاعیرێكه له جیهاندا، هێنده‌یش ئه‌و گوژمانه‌ی، ده‌بن به ئه‌نگێزه‌ی نووسین وه‌ك كێشه‌ی ڕووت له نێوان مرۆڤه‌كاندا هاوبه‌شه. واته هه‌ر یه‌كێك له ئێمه، شه‌ریكایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌زاره‌ها كه‌سدا بۆ هه‌مان كێشه‌ی دیاریكراو هه‌یه. فۆنداسیۆنی هونه‌ریش به مانا گشتییه‌كه‌ی و شیعر به تایبه‌تی له‌وه‌وه دێت، كه ئێمه به یه‌كتری بڵێین، هاوبه‌شی خه‌متانین.. شه‌ریكین له داخه‌كانتاندا.. به ئه‌ندازه‌ی غه‌مگینی تۆ سه‌باره‌ت به‌و ئیشكاله‌ی تۆی غه‌مگین كردووه، غه‌مگین بووم. ده‌ی كاك هه‌ڵۆش ده‌یه‌وێت بڵێت غه‌مگین بووم، ده‌یه‌وێت بڵێت تاعونێك له جیهاندا هه‌یه، منیش دژه ڤایرۆسی ئه‌و تاعونه‌م پێیه. ده‌یه‌وێت بڵێت باوكم كاری كرد و منیش دیوێكی تری ئه‌و كرێكاره‌م هێناوه و نیشانی مرۆڤی له ئاستی جیهاندا ده‌ده‌م. كه‌واته بۆ ده‌بێت به گرفت؟ بۆ سیاسییه‌ك ئیشی سیاسییه‌كی دوای خۆی ته‌واو ده‌كات؟ بۆ مۆسیقارێك به نۆته‌ی بیتهۆڤن ده‌بێته ئینڤۆنتۆری جیهانێكی تازه‌ی مۆسیقایی و شاعیرێك، كه ده‌مرێت ئه‌مرێكی ده‌سته جه‌معی له‌سه‌ر دانێین و پێی بڵێین، كه تۆ مردیت وه‌ك ده‌رگا داخستن له خۆت، ده‌رگا له‌و دیوانه‌ش داده‌خه‌ین، كه لای خۆت ته‌واو نه‌بووه.
به باوه‌ڕی من، ئه‌م ئیتر كوشتنێكی سمبۆلییه. كوشتنێكه، كه كۆی ئه‌و ته‌نانه‌ی، كه ده‌یانه‌وێت بجوڵێن و موڵكی شاعیرێكن له كار ده‌خات. من نامه‌وێت ئابروی شاعیرێك به‌رین و پێی بڵێین كاره‌كانی تۆ له‌گه‌ڵ خۆتدان، كه‌ی تۆ وه‌ستایت، ئه‌وانه‌ش وابه‌سته‌ی تۆن و ده‌وه‌ستن. به‌ڵكو به بڕوای من، ئاسایشێكی جاوید ده‌خه‌ینه سه‌ر زه‌وی، بێین و پێی بڵێین تۆ ته‌واو نه‌بوویت. تۆ دوای خۆیشت دێیته ناو ئێمه‌وه و به هه‌مان ویقاری خۆته‌وه ده‌تخوڵقێنینه‌وه. من پێم وایه كاك هه‌ڵۆ ده‌یه‌وێت ئه‌وه بكات. هه‌ڵبه‌ت ده‌یه‌وێت مۆدێلێك بهێنێته كایه‌وه، كه له ڕێگه‌یه‌وه وه‌ك قه‌قنه‌ز له ته‌پ و تۆزی خۆمان هه‌ڵسینه‌وه. ئه‌مه ئیتر سافه، سافه واته گرێی نییه. یانی ئه‌وه‌ی به‌رز و نزمی ئابروبه‌رانه‌ی تێدا دروست ده‌كات، ئه‌و ده‌نگه نێگه‌تیڤانه‌ن، كه هه‌ڵگری هۆشیارییه‌كی ده‌ڵه‌مه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌م قاوغه پێویستی به دڕاندن، به كه‌رت كردن، به شه‌قار شه‌قار بوون هه‌یه. ئێمه وه‌ك كورد تا هه‌نووكه، مۆدێلێكمان بۆ جیهان پێنییه، نه له ئاستی ئه‌ده‌بیدا، نه له ئاستی تاقانه‌یماندا له بوارێكی دیاریكراوی ژیاندا. وه‌كو منداڵێك واین له‌ناو شارێكی ته‌واو پیشه‌سازی و مۆدێرندا كه‌ی بۆقێكمان له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه بینی واقمان وڕ ده‌مێنێ و سه‌رسامیمان ده‌مانخاته ده‌غده‌غه‌ی ڕه‌نگكردنی ئه‌و بۆقه گوناحه‌وه به بۆیه‌ی به‌د. ته‌نانه‌ت شكڵێكی وای پێ ده‌به‌خشین، كه له‌ناو هه‌رچی بۆقه‌كانی سه‌ر زه‌ویدا هه‌یه ده‌یكه‌ینه گاڵته جاڕ. له ڕاستیدا، من ئیتر ناتوانم بڵێم ئه‌مه تاعون نییه؟!
