ئامادەکردنی: دالیا کمال دەقی واڵای "یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکوکی" شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس کە لەلایەن هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیرەوە تەواو کراوە هەر بەو "تەواوکراوییە" بڕیارە چاپ بکرێت لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان-ەوە. بەشێک لە نووسەر و شاعیران و خوێنەران ڕەخنەیان لەو کارە گرت و پێیان وایە دەکرا دەقەکە وەک خۆی بەتەواو نەکراوی چاپ بکرێت. لازۆ ئازاد: "تەواو کردن؟ ئەمە مانای چییە؟ بە بۆچوونی من نا، نابێت تەواو بکرێت." با کەس وەک شێرکۆ نەنوسێت، کەس پێمان نەڵێت من شێرکۆم. تێکستی شێرکۆ بە تەواونەکراویش ئەدەبێکی زیندووە و دەبوو هەر بەو جۆرە چاپ بکرێت کە هەیە. ئەگەر شێرکۆ خۆی لێرە نەبێت تەواوی بکات، با کەسێکیتر لە ژێر هیچ ناوێکدا ئەمە نەکات، چونکە کەس ئازاری ئەویتر ناژی، کەس خەیاڵی ئەویتر ناخوێنێتەوە، کەس خوێنی ئەویتری لەبەر ناڕوات. ئەو زمانە دەوڵەمەندەی و ئەو کوردیە جوان و خاوێنەی شێرکۆ هەیبوو هەر هی ئەوە. کاک هەڵۆ هەرچییەک بکات یان دەکەوێتە قاڵیبی لاسایی کردنەوە، یان دەبێت تەواوی ئەو بەشەی ئەو دەینوسێت زمانێکتر بێت. بیرمان نەچێت ئەدەب شتێکیترە، وەک وتنەوەی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و ماملێ نییە. ئەو تێکستانە کەم نین لە دنیادا کە نوسەرەکانیان دەمرن و بە تەواونەکراوی چاپ و بڵاودەبنەوە و هەرگیز بەهای خۆیان لەدەست نادەن بەوەی (تەواونەکراون) هەڵبەت ئەگەر تێکستی باشبن. کەس دوای کامۆ (یەکەم پیاو)ی تەواو نەکرد، کەس نەیوت من دەبمە کافکاو ڕۆمانی (کۆشک) و (ئەمەریکا) تەواو دەکەم. (باڵەخانەی تاریک) ی سی. ئێس لویس بە تەواو نەکراوی چاپکرا و هیچ کەسێکیتر نەبووە خاوەنی. با ووشەکان لە ناو دەست و پەنجەکانی شێرکۆ دەرنەهێنین، با بە ناوی ئەوەوە قەڵەم نەگرینە دەستمان. با هەموومان وەک خوێنەر بەر دوا تێکست و دوا رستەی تەواونەکراوی ئەو شاعیرە بکەوین و مردنی ووشە بە چاوی خۆمان ببینین. ئەوەی جارێکیتر شێرکۆیەکیتر دروست نابێتەوە ڕاستییەکە دەبێت بەدیاریەوە دەستەوئەژنۆ دابنیشین و باوەڕی پێبێنین. رەفیق سابیر: من پێشتر لەوەڵامی پرسیارێکی بەڕێز کاک ئاراس مەحموود، لە رۆژنامەی چاودێر، لەم بارەیەوە کورتە رایەکم دەربڕیوە، کە لێرەدا نامەوێ دووبارەی بکەمەوە، بۆیە هەر ئەوەندە دەڵیم کە ئەوەندەی من ئاگادار بم گاڵتەجارییەکی لەم جۆرە لەبواری شیعردا، سووکایەتیکردنێکی لەم شێوەیە بە شیعر و شاعیرێک، لە ئەدەبیاتی هیج نەتەوەیەکدا نەبووە. ئەمە بەرهەمی جەهالەت و بنەماڵەپەرسستی و داوەشانی بنەمای ئەدەب و جوانی و داهێنانە. ماردین ئیبراهیم: من بەلامەوە سەیرە کەسانێکى زۆر هێرش دەکانە سەر هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لەسەر ئەوەى شعرێکى شێرکۆى باوکى تەواو کردووە. من پێم وایە هەرکەسێک مافى ئەوەى هەیە ئەو شیعرە بهێنێت و تەواوى بکات. جا کوڕى ئەو بێت یان هەرکەسێکى تر بێت ئینجا ئەوەى شیعرەکە باش تەواو دەکات یان خراپ ئەوە دوواجار هەم شیعرەکە و تواناى شیعرەکە و هەم سەلیقەى ستاتیکى ئێمە بڕیار دەدات. مەگەر نوسینى پێنج خشتەکى لە شیعرى کلاسیکى کوردیدا هەر هەوڵێکى لەو جۆرە نى یە. کەواتە ئەگەر هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بە خراپ کارەکەى کرد ئێمە دەتوانین بڵێن شیعرێکى خراپى نوسیوە بەڵام ئێمە کێین تاکو بەکەسێکى تر بڵێین ناتوانێت شیعرى شاعیرێکى تر تەواو بکات؟ جا ئەو کەسە کوڕى شاعیر بێت یان کەسێکى تربێت .دیارە ئەدەب وئەتەکێت وا دەخوازێت کەسێک ئەگەر کارێکى بەباشى و ڕێک وپێکى بۆ ناکرێت نەیکات، .بەڵام دیسان ئێمە بۆمان نى یە بە شاعیرێک بڵێن شیعر خراپ دەنوسێت لەبەر ئەوە بۆت نى یە بینوسیت. هەروەک چۆن مافى ئەوەمان نى یە بە مۆسیقارێک بڵێن مادام خراپ مۆسیقا دەژەنیت بۆت نى یە بیژەنیت. ئێمە دەتوانین گوێ لە مۆسیقاى خراپ نەگرین، ئەو مافەمان هەیە، بەڵام مافمان نى یە ڕێگەیان لێبگرین. تەرزە جاف: کۆچی شێرکۆ قفڵی شیعرەکەیەتی تەواو، شیعرەکە تەواو بووە؛ کاتێک دڵنیا ڕەزازی ئەوەندە جوان گۆرانیە تەواونەکراوەکەی مەرزیەی چڕی، ئێمە گوێمان لە دڵنیا بوو ،هەستمان بە دڵنیا کرد و لەگەڵ ئەو بۆ دایکە مردووەکەی گریاین ...لەو گۆرانیەدا مەرزیە لە دایکێکی مردوو زیاتر هیچیتر نەبوو ... خۆ شیعر یاپراخ پێچانەوە نیە، دەی تەنانەت یاپراخیش بێت دوودان دەردەچێت. داستان بەرزان: ئەگەر شێرکۆ بێکەس بیزانیبایە کاک هەڵۆی کوڕی تواناى هەیە شیعر بنوسێت و شاعیر بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هەتاکو لە ژیاندا مابوو ئاماژەى بە بەهرەکەى دەدا، چونکە چی لەوە خۆشترە باوکێک هەست بە بەهرەمەندى کوڕەکەى بکات؟ بەتایبەت ئەگەر ئەو باوکە شاعیرێکى وەکو شێرکۆ بێکەس بێت، لێرەوە تێدەگەین تاکو ساتى مردنى شێرکۆ بێکەس کاک هەڵۆى کوڕی هیچ جۆرە بەهرەى ئەدەبیی نەبووە، باشە سەیرنییە لە ناکاو کاک هەڵۆ دەبێتە شاعیر و دەست دەداتە کارێکى نەکردەى وەکو تەواوکردنى دەقی واڵای (یادەوەریی پاسکیلێکى کەرکوکى)؟ کە مەرگ ڕێگەى نەدا شێرکۆ بێکەسی شاعیر تەواوى بکات، دڵنیاشم کاک هەڵۆ هەرگیز ناتوانێت تێیدا سەرکەوتووبێت. چونکە شێرکۆ بێکەس بە ئەزموونێکى گەورەى شیعرەوە دەستى داوەتە نوسینى تێکستەکە و کاک هەڵۆش پێش مردنى باوکى تەنانەت دێڕێک شیعریشی نییە. تەواوکردنى ئەو تێکستە لەلایەن کاک هەڵۆوە لێدانە لە ئەزموونێکى گەورەی شیعریی، کە بەبێ دوو دڵی دەکرێت بە (ئەزموونى شیعری شێرکۆیی) ناویبەرین. بۆیە کاک هەڵۆ ئەگەر بکرێت لە جیاتى ئەوەى ئەو کارە بکات، هەوڵ بدات تێکستە تەواونەکراوەکە وەک خۆی و بەو ڕەشنووسەى لە دواى باوکى بەجێماوە چاپ و بڵاوبکاتەوە، ئەوەیان جێگەى ڕێزە. گرنگیشە کاک هەڵۆ لەوە تێبگات شیعری شێرکۆ بێکەس لە (تریفەى هەڵبەست)ەوە تاکو دوایین تێکستى کە تەواوى نەکردووە، میراتى نەتەوەیەکە و دواتریش جیهان نەک تەنیا ئەو. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کاک هەڵۆ شیعر نەنوسێت، بەڵکو دەکرێت لە دواى باوکى ئەویش ببێتە خاوەن ئەزموونێکى گەورەی شیعریی، وەکو چۆن شێرکۆ بێکەس دواى فایەق بێکەسی باوکى ئەو کارەى کرد، بەڵام شیعری خۆی و بە هەوڵی خۆی، نەک بەو ڕێگە خراپەى گرتوویەتیەبەر. لاوک ئەبوبەکر، خوێنەرێکی شیعرەکانی شاعیری کۆچکردوو "شێرکۆ بێکەس" دەڵێت: لەزیهنی بەشێکی زۆر لەئێمەی نەوەی دوای راپەرین، شێرکۆ بێکەس ئامادەگییەکی جەوهەری هەیە. راستە بەبەراوردی تەمەنو بۆچوونەکان، دەشێ لەیەک دووری زۆر هەبێ. بەڵام ئەوە ئەو دونیا هاوچەرخانەیەی شێرکۆـیە، کە لەگەڵ گشت سەردەمەکان دەگونجێت. ئەم پێکەوە گونجانە بەردەوامەی شێرکۆ لەگەڵ رۆحی هەموو نەوەکان، شتێکی ئەستەمە هەموو نوسەرو شاعیرێک پێی بکرێت. هەتا گەر لەو شەپۆلە بێشوومارەی شاعیرانی دوای راپەرین بڕوانین، دەبینین هێشتا وەک شێرکۆ نەیانتوانیوە لەمسی خەیاڵدانی هاونەوەکانی خۆیان بکەن. بەداخەوە، کۆچی شێرکۆ، بابەتگەلێکی زۆری بەهەتیوکەوتەیی بۆ کورد جێهێشتو وەک دۆسیە جەوهەرییەکانی ترمان، نەکران بە دەق. لەناو دۆسییەکانی ئەمڕۆی دونیای کورددا، مەسەلەی کەرکوک هەیە، کە دوا دەقی کۆچکردوو بووەو بەداخەوە، بەتەواونەکراوی جێهێڵرا. لەئێستاشدا هەڵۆـی کوڕی شێرکۆ بێکەس، گوایە دەقەکەی تەواوکردووەو دەزگایەکی رۆشنبیریش دەیکاتە کتێب. گەر ئەم کارە سەر بگرێ، ناڕێکییەک دەدرێتە پاڵ ئەو دونیایە رێکو جوانەی شێرکۆ بۆی بەجێهێشتووین. خەتایەکی گەورەیە هەر یەک لەئێمە، بەبنەماڵەی کۆچکردووشەوە، جورئەت بکات خۆی لەقەرەی خەیاڵی تەواونەکراوی شێرکۆ بدات. ئاخر چونکە فەزای شیعریی شێرکۆ، یەکێک بوو لەو دونیایانەی تەنها خۆی دەیتوانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەو وێنە شیعریانەی ئەو هەیبوو، مەحاڵە هیچ یەکێک لەنوسەرە گەورەکانی ناوچەکە، بیکەنە دەق. ئیدی ئێستا ئێمەومانانێک چلۆن دەتوانین بەچەشنی بولبولو دیوارو کورسیـیەکەی ئێستا کچێک نیشتمانمە، لەسەر زاری پاسکیلێکی کەرکوکەوە بدوێین؟ هەرچۆنێک بیهێنین بیبەین، لەدونیادا کارێکی لەم جۆرە نادۆزینەوە. راستە دەشێ هەڵۆـش ئاسۆیەکی شیعریی ناوازەی هەبێ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، دەست بۆ دەقی تەواونەکراوی کۆچکردوویەکی وەک شێرکۆ ببات. هەر بۆیە هیوادارین، دۆستانو ئازیزانی شێرکۆ، بەر بەم کارە بگرنو دونیا تەواونەکراوەکەی شێرکۆ، هەر بەو شێوەیەی کە هەیە، بۆ ئێمەی جێبهێڵن. چونکە هەروا بەر رۆحمان دەکەوێو گەر پەنجەی بۆ ببرێت، خەیاڵدانمان دەشێوێو لەدەقەکانی شێرکۆـدا، دەقی رەسەنو ساختەمان بۆ لەیەک جودا ناکرێتەوە.