رەوتی فیلمسازیی كوردی ، کتێبێکی کوردی لەبارەی سینەماوە

01/01/2015    17:43

رەوتی فیلمسازیی كوردی ، کتێبێکی کوردی لەبارەی سینەماوە 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

كتێبی ڕەوتی فیلمسازیی كوردی لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان چاپ و بڵاوكرایەوە كە ڕۆژنامەنووس شۆڕش محەمەد کاری ئامادەکردن و وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداوە.

دڵشاد مستەفا نووسەر و هونەرمەند، لەو پێشەكییەی كە بەناونیشانی هزری رۆشن و هەنگاوی بوێر بۆ كتێبەكەی نووسیوە دەڵێ‌"هەژاریی كتێبخانەی كوردی لە بوارە كەلتورییە جیاوازەكاندا جێی مشت و مڕ نییەو كەسێك نادۆزینەوە داكۆكی لە پێچەوانەكەی بكات، چ جای وردبوونەوە بەرەوە پسپۆرییە دەگمەنەكان كە لە وێڕا ئیدی هەستی نەبوونی توشی جۆرێك لە بێهیوایمان دەكات .

 تەواوی كتێبخانەی كوردی ژمارەی كتێبەكانی دەربارەی سینەما ناگاتە ئەوەی ئاماژەیان پێ‌ بكرێت،  ڕەنگە سینەما ئەو دیاردە ژیارییە بێت كە لەنێوەندە هونەری و روناكبیرییەكانی ئێمەدا كەمترین قسەی لەسەر كراوەو كەمترین پانتایی گفتوگۆشی بۆ تەرخان كراوە . بێ‌ خەبەری بەشی زۆری بەرپرسە رۆشنبیریی و سیاسییەكانی ئێمە لەگرنگی ئەو هونەرە وای كردووە لە پەراوێزدا بژی. بۆیە هەر هەوڵێك لەو بوارەدا هەنگاوێكی گرنگەو دەتوانێت بەشێك لەو كەموكورتییەی لەو نێوەندەدا هەیە پڕی بكاتەوە". هەروەها دەڵێ‌:"ئەم بەرهەمەی ئێستا دەشێت جێگایەكی شایستە لە نێو كتێبخانە هەژارەكەی كورددا بگرێت و سەرەتایەكی تر بێت بۆ كەمێك پێداچوونەوە بە روانینماندا دەربارەی بایەخەكانی". سەبارەت بە نووسەری كتێبەكەش، دڵشاد مستەفا دەنووسێت:"شۆڕش محەمەد لە نێوەراستی نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە ناوێكی دیاری نێوەندی رۆژنامەگەری كوردییە بەتایبەتی لە نێوەندی هونەری و روناكبیریدا گەنجێكی چالاك و هۆشیارە و دەزانێت لەكوێوە پرسیار و  بابەتەكانی هەڵدەبژێرێت بۆیە ئەو گفتوگۆیانەی لەمیانەی ئەم كتێبەدا دەردەكەون زانیاری گرنگ و سەرنجبەریان لەنێودایە چونكە بزوێنەری گفتوگۆكە دەزانێت لەكوێوە دەست پێ دەكات و بەرەو كام ئاكام دەڕوات. دواتر لە هەڵبژاردنی كەسەكاندا تەواو وردەكارە و كەسانی جیاوازی خاوەن ئەزموونی جیاوازی بە پرسیاری جیاوازترەوە هەڵبژاردووە و دەیەوێت لەرێی ئەو هەڤپەیڤینەوە دنیای ئەفسوناوی سینەما و هەندێك وردەكاری نێوی بە خوێنەر ئاشنا بكات".

هەروەها لە كۆتا بەشی نووسینەكەیدا، دڵشاد مستەفا دەڵێ‌:"بابەتەكانی دی گەشتە بە نێو ئەوەی دەربارەی فلمسازی كوردی و هەندێك لەبەرهەمەكانی نوسراون گەواهی ئەوانی ترە لەسەر جۆرێكی نا ئاشنا لە سینەما و تەوژمێكی تری نێو سینەمای سێیەم كە درەنگتر وەرگری هونەری حەوتەم پێی ئاشنا بووە , ئەو سینەمایەی كەمترین شتی لەسەر وتراوە و پێویستی بەوەیە دەروازەیەكی بەڕودا بكرێتەوە . ئەوەی لەم كتێبەدا خراوەتە ڕوو جگە لەناساندن هەوڵی ناسینی ئەو بیركردنەوەیەشە كە لە پشت ئەو بزاوتەوەیە و ئاراستەی دەكات سەرنجی خوێنەر بەرەو ئەو جومگە سەرەكیانە دەبات كە هزری بەشێك لە فلمسازی كورد پێك دەهێنن".

كتێبەكە لە شەش بەشی سەرەكی پێكهاتووە بەناوەكانی (فیلمۆگرافیای فیلمی كوردی، روخاندنی سینەماكان و تێڕوانینی سینەماكاران، ڕوخساری فیلمسازیی كوردی، سینەمای كوردی بەرەو كوێ‌، ئەم كاتەت باش سینەمای كوردی، لە كوردستان سینەما بەرەو كوێ‌)

لەم كتێبەدا باس لە ئەزموون و بەرهەمە هونەرییەكانی هەریەك لەم هونەرمەندە سینەماكارانەی كورد كراوە:" هونەر سەلیم، جەمیل رۆستەمی، جانۆ ڕۆژبەیانی، مەهدی ئومێد، فریبورز كامكاری، لاوەند عومەر و جۆی جۆنرۆی". 

هەروەها لە گفتوگۆكانیشدا ئەم هونەرمەندانە بەشدارییان كردووە:"حسێن سێودین، ئازاد سەوزە، كەریمۆك، ڕەحیمی زەبیحی، سەربەست ڕەسوڵ، سالم سەڵواتی، هیوا ئەمین نژاد، كەی بەهار، میدیا ڕەووف بێگەرد، دڵشاد مستەفا، بابەك ئەمینی، ئەشكان ئەحمەدی، ئالان ئەمین، ماشەڵلای محەمەدی، كامیران بیتاسی، شوان عەتوف، نەرمین كاوانی، سارا محەمەد و تانیا رەووف". 

شۆڕش محەمەد پێشتر 10 كتێبی دیكەی لە بوارەكانی شانۆ و ئەدەب و بیبلیۆگرافیا چاپ و بڵاوكردۆتەوە و ئەمە 11 كتێبی ئەوە.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw