سولی ئۆن وێب پرۆژەی زۆرێک لە ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ خوێنەرانی خۆی دەخاتە ڕوو ئا: ئاراس عەبدوڵڵا – دالیا کەمال ساڵی ٢٠١٤ بەگشتی لەڕووی ئەنجامدانی چالاکی کلتووری و هونەرییەوە ساڵێکی کەم چالاکی و سست بوو لە هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەو بارودۆخەوە بوو کە هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، ناوەندە کلتووری و هونەرییەکان هەریەکە و بەجۆرێک خۆیان ئامادەکردووە بۆ ساڵی نوێ، لەم ڕاپۆرتەدا سولی ئۆن وێب پرۆژەی زۆرێک لە ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ خوێنەرانی خۆی دەخاتە ڕوو. ناوەندی هونەری و ڕۆشنبیریی ئەندێشە لە شاری سلێمانی: هەژار مەجید، بەڕێوەبەری ئەندێشە لەبارەی پرۆژەکانیان بۆ ساڵی نوێ، بە سولی ئۆن دەڵێت: ئێمە لە ساڵی نوێدا گرنگترین شت کە دەیکەین ئەوەیە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ناکەینەوە، بەوەی کە ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا ویستمان زۆر لقی تر بکەینەوە و کردیشمانەوە بەڵام هەمووی بە زیان و داخستنی ئەو لقانە کۆتایی هات، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە نەمانتوانی پاڵپشتێک بۆ خۆمان پەیدا بکەین چونکە ئەو کارانە تەنیا بە ئێمە ناکرێت، بۆیە دەمانەوێت لە ساڵی نوێدا هەموو فوکسێکمان لەسەر شاری سلێمانی بێت. لە ساڵی نوێدا دەمانەوێت دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی دیکە دروست بکەین، ئێستا ئەندێشە خۆی و لۆگۆکەی بەتەواوەتی ناسراوە، بۆیە ئێمە لە ئێستادا دەمانەوەێت ئەندێشەی منداڵان دروستبکەین بەڵام زۆر جیاواز دەبێت و بەتەنیا ئیش لە بواری منداڵاندا دەکات، چ بە فیستیڤاڵ یان چالاکی چ بە چاپکردنی کتێب، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئیشەی لەبواری منداڵاندا دەیکەین لە کوردستان نەکرابێت. هەروەها ئێمە ئەدەبیاتێکمان نییە بەناوی نەوجوان، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەو بووارەیشدا کار بکەین. ئەندێشەی منداڵان لە تەمەنی ١ساڵ تا ١٠ ساڵی ئیش دەکات، بەڵام ئەندێشەی نەوجوان ئیش لەسەر تەمەنی ١٠-١٥ ساڵی دەکات. هەوڵێکی دیکەی ئەندێشە ئەوەیە کە لە ساڵی نوێدا ئەندێشە بە ڤیدیۆ بچێتە ماڵان، ئێمە تا ئێستا بە وێنە توانیومانە ئەوە بکەین، بۆ ئەمەیش لە ڕێگەی سایتەکەمانەوە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخشی ناو ئەندێشە و چالاکییەکانی دەکەین. ئەندێشە بۆ ساڵی نوێ بیری لەوە کردووەتەوە هەنگاو بنێت بۆ بواری هونەر و ئیشیشی بۆ کردووە. کتێبفرۆشی و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی غەزەلنووس لە سلێمانی: ڕەوەز حەمەساڵح بەڕێوەبەری غەزەلنووس ئامادەکارییەکانی خۆیان بۆ سولی ئۆن دەخاتە ڕوو و دەڵێت: یەکەمین ئیشمان ئەوەیە کە فەزای شوێنی غەزەلنووس گەورەتر و فراوانتر دەکەین بە شێوازێکی نوێ، کە تێیدا کافێ دەبێت و لە جاران باشتر و فراوانتر دەتوانین چالاکییەکانمان ئەنجام بدەین. پرۆژەی فیکری و فەلسەفیی غەزەلنووس ٢٠١٤ دەستمان پێکرد و لە ساڵی نوێدا بەشێوەیەکی فراوانتر و باشتر بەردەوام دەبێت، چەند قۆناغێکمان لەم پرۆژەیە بڕیوە و چەند کەسێکی زۆر باش و شارەزا بەشدارن لەگەڵماندا لەم پرۆژەیەدا، ئێستا لە دیالۆگەکانی ئەفلاتون داین و رەنگە بۆ سالێ ٢٠١٥ لەم پرۆژەیەدا تەنیا فریای دیالۆگەکانی ئەفلاتون بکەوین، کە ئەمە ڕەنگە لە مێژووی ئەم شارەدا شتێکی دەگمەن بووبێت. یەکێکی دیکە لەو پرۆژانەی کە بەرهەممان هێنا ساڵی ٢٠١٤ پرۆژەی کتێبی دەنگی بوو، ئێستا مانگانە ئەم پرۆژەیە زەرەر دەکات، بەڵام بەدڵنیایی ئێمە بەردەوام دەبین لەسەری و لە ساڵی نوێدا فراوانتری دەکەین. لەماوەی کارکردنماندا لە چاپکردنی کتێبدا، بەشاهیدی هەمووان کۆمەڵێک کتێبی باشمان چاپ کردووە و لە ساڵی نوێدا دوو لقی دیکە زیاد دەکەین، ئەوانیش چاپکردنی کتێبی زانستییە کە بەداخەوە زۆر زۆر کەم لە کوردستان کتێبی زانستی چاپ کراوە، هەروەها هەوڵی چاپکردنی کتێبی فیکری و فەلسەفی دەدەین کە تا ئێستا نەمان کردووە و لە ساڵی نوێدا دەست پێ دەکەن. بە گەورەکردنی شوێن کافێیەکی بچوکمان دەبێت لە غەزەلنووس، بوونی ئەمە هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی بیر لە دروستکردنی چالاکی نوێ بکەینەوە، لە ٢٠١٥دا کۆمەڵێک شەوە شیعرمان دەبێت هەروەها کۆمەڵێک ئێوارەی موزیکمان دەبێت. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە سلێمانی: ئازاد بەرزنجی بەڕێوەبەری دهزگای چاپ و پەخشی سەردەم سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو دەزگایە بۆ ساڵی نوێ بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند"وەرگێڕانی زنجیرە کتێبەکانی نۆبڵ و چەندین کتێبی فەلسەفی و زانستی، هەروەها چەندین ڕۆمانی ناوازەش وەکو نەمریی میلان کۆندێرا و کۆمیدیای یەزدانیی ئەریک فرۆید، جگە لەوەی خەڵاتی شێرکۆ بێکەس بەردەوام دەبێت و دەدرێت بە نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا کە لە ساڵیادی دامەزراندنی سەردەمدا ڕێکدەخرێت. لە گەلەری سەردەمیش بڕیارمان داوە ئەمساڵ چەندین چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری ئەنجام بدەین، هەروەها کۆمەڵێک فیلمی زۆر باشمان دەستنیشان کردووە بۆ نمایش کە هەوڵدەدرێت دوای تەواوبوونی هەریەک لەو فیلمانە دیالۆگی لەسەر بکرێت، یەکێکی تر لە کارەکانی سەردەم لە ساڵی نوێدا بریتییە لە بلاوکردنەوەی کتێبێکی وەرزی کە کۆمەڵێک گەنج دەری دەکەن و گەلەری سەردەم سپۆنسەری دەکات" یانەی قەڵەم: ئارام سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری یانەی قەڵەم لەبارەی چالاکییەکانی یانەی قەڵەمەوە دەڵێت: یانهی قهڵهم له ساڵی 2014 تهنها توانی پێنج كتێب چاپ و بڵاو بكاتهوه كه سیانیان فهلسهفی بوو و دوانهكهی تریشیان ئهدهبی. یانهی قهڵهم خهونی ئهوه بوو لهو ساڵهدا ٣٠ كتێب چاپ بكات و لهنێو ئهو ٣٠ كتێبهدا بهرنامهی ئهوهمان ههبوو كه ٢٠ كتێبیان فهلسهفی بن، كه بهداخهوه تهنها توانیمان سێ لهو بیست كتێبه به چاپ بگهیهنین و نزیكهی ده كتێبی تریشی حازر بوو، بهڵام بههۆی ئهو قهیرانه داراییهی زۆربهی ناوهنده رۆشنبیرییهكانی گرتهوه و یانهی قهڵهمیش لێی بهدهر نهبوو، بۆ ساڵی ٢٠١٥ ههمان بهرنامهكان ههیه و دهمانهوێت ئهو كاره تهواو نهكراوانهی ساڵی رابردوو تهواو بكهین، بێجگه لهوهی بهرنامهی چاپكردنی ده رۆمانی وهرگێڕدراومان هەیە، كه یان له زمانی یهكهمهوه وهرگێڕدراون، یان به زمانی یهكهم بهراورد دهكرێنهوه. بهڵام ئهوهی كه خۆمان دهمانهوێت كاری تێدا بكهین پرۆژهی كتێبه فهلسهفییهكانه و لهگهڵ پێدانهوهی مهنهحهكهماندا یهكهم كار چاپكردنی ئهو زنجیره کتێبە فهلسهفییه دهبێت. ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر: سۆران عەزیز سەرپەرشتیاری ماڵی وەفایی بەم جۆرە لەبارەی چالاکییەکانیانەوە بۆ سولی ئۆن دوا: له ئێستادا خهریكی ئامادهكاریین بۆ چاپكردنی كۆمهلێک كتێب لهبواری گهشهی مرۆیی. ئهم بواره زۆر بوارێكی گرنگه بهڕای ئێمه و لهكوردستانیشدا هیچ بایهخیكی پینهدراوه، ئێمە ئهمانهوێت ئهم فهراغە پڕبکەینەوە. چوون كتیبهكانیتر دهزگاو دامهزراوه ههن چاپیان دهكهن. ئێمە بیرمان لەوە كردهوه تایبهتمهندییهك ههبێت له چاپکردنی كتیبدا، ههردهزگایهك بۆخۆی بوارێك ههڵبژیرێ و بهشێوهیهكی ریك و جوان چاپ و بلاویان بكاتهوه. هاوكات ئێمه ههر بهردهوامیش دهبین له كۆرهكانی ماڵی وەفایی بهشێوهیهكی باشتر. دواتریش نیازمانه بۆ ئهم ساڵ بتوانین شهوانه كۆری موزیك و گۆرانی و شیعر ئاویتهبكهین و پێشكهشی دۆستانمانی بكهین، ئهمهش وهك كارێك بهبهردهوامی ههبیت. ماڵی هونەریی بەدیع باباجان لە شاری سلێمانی: چێنەر نزار سەرپەرشتیاری ماڵی هونەریی بەدیع باباجان بۆ پرۆژەکانی ساڵی نوێیان بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند: لە سهرهتای ساڵدا هەڵدەستی بە کردنهوهی پێشانگایهکی هاوبهش به پێوانهیی ستاندار که لەلایەن سەرپەرشتیاری پێشانگاکه پێوەرەکان دیاریکراوە، دواتر زنجیره ڕێزلێنان له چهند هونهرمهندێک و چهند گهنجێکی چالاک ڕێک دەخەین، هەروەها کردنهوهی خولی بهردهوامی شێوهکاری و نیگارکێشان، پهیکهرسازی، خولی موزیک و خۆشنووسی هەروەها سازدانی چهندین سیمینار، جگە لەمانەیش ههفتانه فیلمێک نماییش دەکەین. هەر لە ٢٠١٥دا ڕێزگرتن له دوو بۆ سێ کهسایهتی سازدەکەین ئەویش به دانانی پهیکهریان له شوێنهگشتیهکاندا، بیرمان لە سازدانی سیمپۆیزمێکیش کردووەتەوە ئەگەر تاوانای ئەنجامدانیمان هەبێت. ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە: عەلی حسێن بەڕێوەبەری ناوەندی ئاوێر لەبارەی چالاکییەکانی ساڵی نوێیان بۆ سولی ئۆن وتی: گەر دۆخی كلتووریی و ڕۆشنبیریی و خوێندنەوە هەڵسەنگێنین لە ساڵی 2014 دا دەبێت بەناچاری دابەشی بكەین بۆ دوو نیوە.بەشێكیان رێك 6 مانگی سەرەتای ساڵ تا ئەو دەمەی دێوەزمەی ریكخراوی تیرۆرستیی داعش باڵی بەسەر ئەم دەڤەرەدا نەكێشابوو، دووەمین بەشیش دوای هاتن و سەرهەلدانی قەیرانی ئەمنییەت و قەیرانی ناكۆكییە یەك لەدوای یەكەكانی دۆخی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا. هەلبەت نابێت ئەوەشمان لەبیر بچیت كە هەر لەسەرەتای ساڵی 2014 دا قەیرانێكی ئابووری گەورە هەڕەشەی لەهەریم كردو زۆر كایەی وەكو بازرگانیی و مامەڵەی بازرگانیی و بواری كلتووریی و ڕۆشنبیری لاواز كرد،وەلێ پەكی نەخستن. ئیمەش وەكو ناوەندەكەمان توانیمان ئەوەندەی لە سنووری دۆخی ئابووریی و كرداریی ئێمەوەبوو زالبین بەسەر قەیرانی دارایی، وەلی سەختبوو بێ هاوكاری و پالپشتی خوێنەران زاڵبین بەسەر دۆخی ئەمنییەت و قەیرانە سیاسییە یەك لەدوای یەكەكان هەرچەندە هەر دەزگاو ناوەندێكی بڵاوكار كۆمەڵێك ئامانجی دیاری كراوی هەن و لەپیناویاندا لەهەول و تەقەڵا دایە،وەلێ ئەوە ڕێگرنییە لەوەی لەپیناو كۆمەڵگەیەی وشیار و تاكێكی بیرفراوان و ڕۆشنبیر بكەوینە خۆمان و كاری بەكۆمەل رابگەیەنین،بەنموونە دەتوانین دەستپیشخەربین لەوەی كتێبخانەی گەڕۆك یان جێگیر سازكەین بۆ قوتابخانە بنەرەتییەكان،یان پڕۆژەی زانستیی و سیمیناری هاوبەش بەیەكەوە ئەنجامدەین. سەبارەت بە پلانی ناوەندەکەیان بۆ ساڵی نوێ، ناو براو وتی: پلانی ئایندەی ناوەندەكەمان بریتیی دەبێت لە چاپكردنی زیاتری بەرهەمی ڕۆشنبیریی كلتووری گەلان، هەلبەت ئاسانترین ڕیگە ئاشانكردنی ئەدەبیاتی گەلانە لەڕیگەی وەرگێرانی بەرهەمە ئەدەبیەكانیان لەپال ئەوەشدا بایەخدانە بە بەرهەمە تیۆریی و فەلسەفیی، هەروەها خستنە دەستی سەرچاوەی ئەكادیمیی و زانستیی لە كایە جیاجیاكانی قۆناغەكانی خوێندن. ئومێد دەكەم ساڵی ئایندە ساڵیكی پڕ بەرهەمبێت،بەیەكەوە بتوانین ئەركی وشیاركردنەوەو گەیاندنی رۆشنبیریی سەركەوتووانە ڕاپەڕێنین.