ئا: دالیا کەمال – ئاراس عەبدوڵڵا
بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووبووەوە، چالاکییە کلتوورییەکان یەکەمین شت بوون کە ڕووبەڕووی سستی و وەستاندن بووەوە لەلایان دەزگا و ناوەندە کلتووری و تەنانەت شوێنە حکومییەکانیشەوە، وەک ئەوەی چالاکی کلتووری و هونەری گرنگی ئەوتۆی نەبێت و لەگەڵ دروستبوونی هەر قەیران و گرفتێکدا یەکەمین جار ئەو چالاکیانە دەبێت بوەستێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لەکاتی نەبوونی قەیرانیشدا وەک زۆربەی هونەرمەندان ئاماژەی بۆ دەکەن گرنگی ئەوتۆ بە کلتوور و چالاکییەکانی ئەو بوارە نەدراوە. بۆ ئەم پرسە سولی ئۆن وێب ڕای ژمارەیەک لە هونەرمەند و نووسەر و چالاکوانی بوارە کلتوورییە جیاجیاکان وەرگرتووە و هەریەکەیان لە ڕوانگە و بینینی خۆیانەوە وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە، کە پرسیارەکان بریتیبوون لە "هەڵسەنگادن بۆ دۆخی کلتووری ساڵی ٢٠١٤ هەروەها پێشنیاریان بۆ ئەو شوێنانەی کە چالاکی کلتووری ئەنجام دەدەن لە ساڵی نوێدا"
شوان کەریم (نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی):
ئەگەر ئێمە پێش ئەم ساڵە لە ئاستێکی باشەوە دابەزیوینەتە سەر ئاستێکی خراپ ئەوە هەموو گوناهەکان بە بزماری بونی شەڕ دا هەڵواسن و هەموو ڕۆڵی قوربانی وەرئەگرین. بەڵام وەڵامەکە زۆر سەیر و ناشرینە، نەخێر لە ڕوی فکر و داهێنان و بوونی بەرهەمی باشەوە٢٠١٤ جیاواز نەبوو بگرە وەک ئەوانی تر هەژار و وەک ساڵانی پێشتر خۆهەڵخەڵەتاندنێکی تر بوو. لەوە ئەچێت ئێمە هێندە لەخوارەوە بین کە خودی جەنگ و قەیرانی سیاسیش نەتوانن بەرو خراپترمان بەرن؛ من تۆزێک زیاتر خوێ ئەکەم بەم برینەدا و ئەڵێم سوپاس بۆ نەبوونی بودجە کە وای کرد چەند بەرهەمێکی زۆر خراپ نەبینین.
کە بەرامبەر ئەو ڕاستیە ئەوەستین کە ئێمە کۆمەڵگەیەکی دووبارەین و ئەمانەوێت لەسەر بواری ڕۆشنبیری و کلتور قسە بکەین ئەبێت بچینەوە سەرەتای کێشەکان کە وەزارەتێکی بێ مەنهەجی بێکەسە کە پێی ئەوترێت وەزارەتی ڕۆشنبیری؛ لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ وەزارەتێکی کارتۆنی بێ ئامانج. وەزارەتێکی حیزبیی پڕ لە گەندەڵیە، سەیر نییە کە تاکە وەزیر کە واز لە پۆستەکەی بهێنێت لەماوەی ٢٢ ساڵ تەمەنی حکومەتدا وەزیری ڕۆشنبیری خولی یەکەمی پەرلەمان بێت کە ئەویش (شێرکۆ بێکەس)ە کە لە وتاری کۆتاییدا چەند جارێک وتی (گەردنی خۆم لەم گوناهە ئازاد ئەکەم) بەدوای ئەودا زۆر کەس دێن و ئەڕۆن بێ ئەوەی بتوانن هیچ بەجێبهێڵن جگە لە وێرانە، لەدابەشکردن. داواکردنیی وەزارەتەکان لە نێوان براوەکانی هەلبژاردنی دوا جاردا گاڵتەجاڕییەکە ئەگاتە لوتکە، بەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دوایەمین وەزارەتە کە لایەنێک داوای بکات، ئیتر ئەبێت چاوەڕوانی ئێمە چی بێت؟ ئێوە داوای پێشنیار ئەکەن لەم تەوەرەیەدا بەڵام ئایا چی پێشنیارلە نووسینەوە ئەگات بەکردار(هەنگاوی عەمەلی)؟ لێرەدا بەکورتی باس لە پڕۆژەی بە چالاک بوونی وەزارەتێک ئەکەم.لەگەڵ ئەوەی دڵنیام هەر بەنووسین ئەمێنێتەوە.
١/ئامانجی ستراتیژی و تەکنیکی: هەموو دەزگایەک کە زانستی بەڕێوەبردن بیگرێتەوە ئەبێت ستراتیژیایەکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت، بۆ گەیشتن بەوە ئامانجی تەکنیکی(کورتە ماوە)ی هەبێت، ئەم دوو شتە بوونی نییە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێمەدا تا ئەمەش نەبێت بەپێی هەموو پێناسە زانستیەکانی بەڕێوەبردن ناتوانین بەم دەزگایە بڵێین دەزگایەکی چالاک (کردە)
٢/ نەخشە: بۆ ئەوەی بگەین بە ئامنجێکی کورت یان ستراتیژ پێویستمان بە نەخشەیە، ئەوەی لای ئێمە هەیە بڕیاری بێ نەخشەیە، وەزیرێک دێت و سەروەتێک دابەش ئەکات بە ناوی داهێنەرەوە، یەکێکی تر دێت سەدان فیستڤاڵی ئاست نزم لە ژێر ناوی گەورەیا سازئەکات، وەزیرێک بەناوی کلتور گۆڕینەوە وەفد ئەهێنێت و وەفد ئەبات، بێ ئەوەی بیر لەو هەموو خەرجییە بکرێتەوە کە موڵکی میلەتێکە،.ئەمانە و هەزار گەندەڵی تر کە کەس ناتونێت لێیان بپرسێتەوە چونکە کە نەخشە نەبوو لادان لەنەخشەش نابێت.
٣/دەزگایەکی بەرهەمهێن نەک تەمەڵ و مشەخۆر: بۆ ئەوەی ئەم وەزارەتە داهاتی هەبێت پێویستی بە بەرهەمی باشە کە بە فلتەری تەندروستدا تێپەڕن و قازانجی ماددی هەبێت، لەبری ئەوە بە درێژای چەندین ساڵ پارەیەکی زۆر سەرف ئەکرێت بۆ هەموو جۆرە بەرهەمێک بگرە لە بواری شانۆدا بڕیارێک هەیە ئەگەر بەرهەمێک پارەی وەزارەت وەربگرێت بۆی نیە بلیت بفرۆشێت نازانم چ دەبەنگێک ئەمەی کردووە بە یاسا، بەڵام ئەمە جگە لە سوککردنی خودی هونەرەکە و بە تەمەڵ کردنی هونەرمەند هیچ خوێندنەوەیەکی عەقڵانی تری نییە، لەبواری سینەما و فیلمدا کارەساتەکان گەورەتر و خەرجییەکان جەرگبڕترن.
کاتی ئەوە هاتووە ئەو وەزارەتە ببێت بە دەزگایەکی چالاکی خاوەن ستراتیژی بەرهەمهێن وەک پڕۆژەی داهاتووی خۆم هەوڵ ئەیەم لەبری وەرگرتنی پارە بۆ بەرهەمەکەم بەرهەمەکەم شتێک پارە بدات بە وەزارەت، ئەگەر بڕێکی کەمیش بێت بەس ئەکرێت نیشانە بێت بۆ ئەوەی هونەر پیشەیەکی بەرهەمهێنی چالاکە، دڵنیام گەر هاوپیشەکانم پشتگیری ئەم بیرۆکەیە بکەن ئیتر لە دەستەیەکی مشەخۆرەوە ئەبین بە وەسەتێکی بەرهەمهێنی خاوەن قورسایی.
لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕای هەردوو هونەرمەند "ئاڤان سدیق و ڕێبوار سەعید" لەسەر هەمان بابەت بڵاودەکەینەوە
