بەدواداچوون و ئامادەکردنی: هەڵوێست علی
بەشی یەکەم:
تەمەنی گۆرانی کوردی وەک تەمەنی گۆرانی هەر گەلێکی تر لەگەڵ تەمەنی مرۆڤی کورد دایە. بۆیە دەستنیشان کردنی ساڵێکی دیاریکراو، یاخود سەردەمێکی دیاری کراو بۆ مێژووی سەرهەڵدان و لەدایک بوونی گۆرانی کوردی، کارێکی یەکجار ئەستەم و سەختە. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێی سەربەرزی و دڵخۆشییە، کە رەگ و ریشەی گۆرانی کوردی ئەوەندەی مرۆڤی کورد بە مێژووی کەلەپووری کوردیدا رۆچووە. لەبەرئەوەی دەبێ تەمەنی گۆرانی کوردی زۆر لەپێش واژەی(گۆرانی)یشەوەبێت،چوونکە وەک دکتۆر(محمد موکری)دەڵێت: "وشەی گۆرانی دراوەتە پاڵ گۆران، کە خێڵێکی گەورەی نێوان (سنە-کرماشان)ە ئەم خێڵە، پەیرەوی ئایینی(ئەهلی حەق)دەکەن و خاوەنی بیروباوەر و ئاداب و ئەدەبیاتی تایبەتی خۆیانن کە هەموو شیعری کتێبگەلی مەزهەبەکەیان (١٠ بڕگەیین).
ئەم رایە زانای کورد(تۆفیق وەهبی)ش دەیسەلمێنێ و دەڵی:گۆرانی لە عەشیرەتی گۆرانەوە هاتووە، ئەم هوونەرە دەدرێتە پاڵ ئەوان، چونکە عەشیرەتێکی کشتکاری نیشتەجێ بوون و پتر دەرفەت و توانایان بۆ دانان و داهێنانی شیعری و ئاواز بووە.
هەروەها(مێجەرسۆن)یش رای وەک ئەمانە کە دەڵێ: خێڵی گۆران خاوەنی شیعر و گۆرانین و کوردەکان گۆرانی لە گۆرانەوە فێر بوون. بەڵام لەو سێ بۆچونەی سەرەوەدا،هۆی سەرەکی و زانستیانە تر، باس لێ نەکراوە کە بۆچی واژەی گۆرانی، لە خێڵی گۆرانەوە داکەوت و بوو بە واژەیەک و توانی خۆی بسەپێنێ و تەشەنە بکات و بژی.!
لەبەر ئەوە حەز دەکەم نزیکایەتی وشەی گۆران و گۆرانی روونتربکەمەوە و بڵێم: کە دەڵێن گۆرانی،مەبەستمان لە سەرتاپای کۆلەگاکانی گۆرانییە. کە گرینگتریان موزیکە، ئەو موزیکەی لەگەڵ لەدایک بوونی ئاوازەکەدا، ئاوێتەی دەبێ و دەبێتە سۆز و هەوێن بۆی. لەبەر ئەوەش کە عەشیرەتی گۆران نزیکەی هەزار ساڵێکیش دەبێت لە پەیرەوانی(ئەهلی حەق)ن کە ئاینێکی بێگەردی کوردییە و لە کوردستاندا دەژی و کتێبی بەناوبانگیان(سەرنجام)ەو با زاراوەی گۆران نوسراوە، لەکاتی سروود خوێندنەکانیاندا کە سروودی(یارسا)یان پێدەڵێن و بە ئاوازەوە دەوترێنەوە و لەگەڵیدا ئامێری(تەموور)بەکاردێنن.
بۆیە ئەم هاوکار ی تێکەڵ بوونەی نێوان ئاواز و شیعرەکە، کە ئامێری تەمموورە هاورێی کارەکە دەکات و بە هاوبەشی هەردووکیان یاسا و بنچینەکانی گۆرانی تەواو ئەنجام دەدەن، وای سەپاندووە،کە کارەکەی خێڵی گۆران کاریگەری لای خەڵکی تری نزیک و دراوسێی گۆران دروست بکات، تا ئەگەر ئەوانیش شتێکی وەک ئەمەی خێڵی گۆران بکەن، واتە:شیعر و موزیک تێکەڵ بکەن،ئەوا هەر لەسەر پێوەدانی کارەکەی خێڵی گۆران بڵێن: ئێمەش وەک ئەوان گۆرانی مان وتووە، واتە وەک خێڵی گۆران مان کردووە، کە ئاکامی لاسای و چاولێککەرییەکە دەبێت بە گۆرانی.
ئاورێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق) (بەشی دووەم)
