وێس ئاندرسن
لە فارسییەوە: ئارام ڕەشید
من و ئۆوین وێڵسن
وەختێ تەمەنم ١٨ ساڵان بوو، چاوم بە (ئۆوین وێڵسن) كەوت. من فەلسەفە و ئەدەبیاتی زمانی ئینگلیزیم دەخوێند، بەڵام هەردووكمان لە وانەی شانۆنامەنووسیندا یەكترمان دەبینی و سەرەتا بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەكانی جیهان دەستمان پێكرد. ئێمە پێكەوە دەستمان بە نووسین كرد، هەڵبەت دەربارەی فیلمیش قسەمان دەكرد و من دەمزانی كە بەنیازم لە بواری سینەمادا کاربکەم. هەمیشە بەنیازبووم ببم بە دەرهێنەر، بەڵام (ئۆوین) نەیدەزانی بەنیازە ببێت بە ئەكتەر، یاخود من نەمدەزانی كە نیازێكی وای هەیە. هێندەی من دەمناسی ئەو نووسەرێكی گەورە بوو. ئەوەی ڕاستی بێت ئەو خۆی بە ئەكتەر دەزانێت، بەڵام من بە نووسەرێكی زۆر باشی دەزانم.
من و نیویۆرك
من دەتوانم لە شارگەلێكی جیاوازدا بژیم، بۆ نموونە پاریس. بەڵام زۆربەی كات لە نیویۆركم. ئێجگار شەیدای ئەدەبیاتی نیویۆركم. (سالینجەر، ئیدیت وارتۆن، سكۆت فیتزجیراڵد)م زۆر خۆشدەوێن. چیرۆكەكانی فیتزجیراڵد بەردەوام وەسفی بێگانەیەك دەكەن كە سەرسامی شاری نیویۆرك دەبێت. هەروەها فیلمگەلێكم خۆشدەوێ وەكو (ناتوانیت لەگەڵ خۆت بیبەیت-ی فرانك كۆپرا) یاخود فیلمی (پەنجەرەی پشتەوە-ی هیچكۆك)، كە پتر وێنای فەزای شاری نیویۆرك دەكات و تا ئێستاش وەكو شوێن كاریگەرییەكی ئاشكرای لەسەر من هەیە. هەروەها فیلمی (پەیوەندی فەرەنسیی- ویلیام فردكین) بەجۆرێكی دیكە وێنای نیویۆرك دەكات، لە كۆتایشدا بەرهەمەكانی سكۆرسیزی كە بۆ خۆیان پیشاندەرەی هەموو تایبەتمەندییەكانی نیویۆركن.
من و سكۆرسیزی و بۆگدانۆڤیچ
ئەگەر بمەوێت ئەو دەرهێنەرانە هەڵبژێرم كە ڕێنماییان كردم بۆ بینینی فیلمە كلاسیكیەكان، ئەوا سكۆرسیزی و بۆگدانۆڤیچ هەڵدەبژێرم. فیلمگەلێكی زۆر هەن كە ئەم دوو دەرهێنەرە بە منیان ناساندووە، بۆ نموونە وەختێ سكۆرسیزی ئاماژە بە (مایكڵ پاوڵ و ئیمریك پریسبورگەر) دەدات، كە من تا ئەو ساتە هیچ شتێكم لە بارەیانەوە نەیستبوو، دەسبەجێ دەچمە سۆراخی بینینی سەرجەم كارەكانیان. بۆ یەكەمجار لە ڕێگای بۆگدانۆڤیچیشەوە بە (لیۆ مەككاری و هۆوارد هاوكس) ئاشنا بووم. بۆگدانۆڤیچ هەموو خاڵە نەبینراوەكانی فیلمەكانی دەبینی. چەكمەجەی كانتۆرەكەی بێشوومار یادنووسی دەربارەی فیلمەكان تێدا بوو. هەر كاتێك فیلمێكی دەبینی، لەسەر ستیكەرێك ناونیشانی فیلم، ناوی دەرهێنەر و سیناریۆ، تەنانەت ساڵی بەرهەمهێنانی فیلمەكەشی دەنووسی. لە كۆتاییشدا شتێكی لەسەر دەنووسی و خاڵی بۆ دائەنا. ئەگەر دووبارە تەماشای ئەو فیلمانەی بكردبایەتەوە، ستیكەرەكەی دەردەهێنا و تێبینییەكی بۆ زیاد دەكرد: (من دووبارە ئەم فیلمەم بینیەوە، پێشموایە ئەمجارە تۆزێك باشترە.))
من و یەكەمین دەرهێنەر
پێش ئەوەی هەر بزانم بە مانای وشە دەرهێنەر كێیە، یەكەمین دەرهێنەر كە ناسیم هیچكۆك بوو. ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت كە وێنەكەی پێش هەموو شتێك لەسەر بۆكسی كۆبەرهەمەكانی بوو. ئاهـ من چەند حەزم لەو فیلمانە بوو كە ئەو پیاوە تاقانەیە دروستی دەكردن. ئەگەر ئێوە لێمبپرسن بە درێژایی ژیانم بیر لە چ دەرهێنەرێك دەكەمەوە، دەسبەجێ دەڵێم ستانلی كوبریك، كە هەرگیز فیلمی لە پێناو پارەدا دروست نەكرد و تا كۆتایی بەدوای دڵی خۆی كەوت.
من و ناوەرۆك
هەر كاتێك لەسەر فیلمێك یاخود چیرۆكێك كار دەكەین، ئەوا ئێمە لە حاڵی بوژاندنەوەی ئەو بەرهەمەداین. وەك دەڵێن: (چیمان لەبەردەستە و چۆن دەتوانین ئەمە باشتر بكەین؟) ئەمە بەو مانایەیە كە: (چۆن دەتوانین ئەم چیرۆكە ترسناكتر بكەین؟) یاخود: (چۆن دەتوانین پێكەنیناویتری بكەین؟) یان: (چۆن دەتوانین ئەو هەستە بەهێزتر پیشان بدەین، كە لە دیمەنێكدا دەردەكەوێت؟) هەمیشە ئەم بابەتە بەشێكە لە كاركردن لەسەر ناوەرۆك.