شاعیرێک لە نێو پەتاتەخۆرەکاندا

18/05/2020    22:07

شاعیرێک لە نێو پەتاتەخۆرەکاندا 


Têkst


سەرچاوە: پۆوتری فاوندەیشن

نووسینی:
دەیڤد شووک
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


لە خۆم بێکەسێ، لە خۆم غەریبێ:
زۆر دەترسم لەم ئاواییە نامۆیەدا گۆڕ غەریب بم!
__تەیراوە، خانووی ژمارە ٢٩٧


پیاوێک لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێش بە ئۆتومبیلەکان دەگرێت. شۆفێری دەبڵێکی سپی لەناکاو ئیستۆپ دەگرێت و پاشان هەوڵ دەدات پیاوەکە تێپەڕێنێت، پیاوەکەش دەست بە شەق وەشاندن دەکات بە ئاڕاستەی ئوتومبیلەکەدا و کاتێک دەستەکانی بە هەوادا دەسووڕێنێتەوە بە گووڕەوە هاواردەکات. سمێڵە ناسراوە درێژکۆڵەکەی فەرهاد پیرباڵ، کە وەک میراتگری گوستاف فلوبێرت سیمای گەڕیدەیەکی پێداوە، هۆڕن بەرەو ڕووی خۆی ڕادەکێشێت و هەندێکیش مۆبایلەکانیان بەرزکردووەتەوە تاوەکو ئەم دواهەمین ئەزموونە نەخوازراوەی پیرباڵ بۆ فەیسبووک و یوتوب دۆکومێنت بکەن، کە لەوێ بەدڵنیاییەوە دەبێتە جێی باس، دەبێتە جێی مشتوومڕی ئەو پاش نیوەڕۆیە. شاعیرە دژە باوەکەی کوردستان، یاری ماتادۆری تاکسی دەکات، جنێو بە هاونیشتیمانییە کوردەکانی دەدات کە هیچ کاردانەوەیەکیان لە دژی بۆمبارانکردنەکانی ئێران و تورکیا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سنووری کوردستانی عێراق نییە. لە دەیەی ڕابردوودا زیاتر بە ڕەفتارە نامۆیە بەربڵاوەکانی بەناوبانگە وەک لە بەرهەمە ئەدەبییە باشەکانی، پیرباڵ کە دکتۆرای لە زانکۆی سۆربۆرن لە بواری ئەدەبدا بەدەستهێناوە، بە وتەی خۆی، لە دۆخێکی باشدا نییە. بەڵام لە ناوچەیەک کە سەرچاوەی تەندروستی دەروونیی سنووردارە ، تراژیدیای دڵتەنگییە دەروونییە درێژخایەنەکەی بە تەواوەتی گەشەیکردووە، کە ئیتر بووەتە نەخۆشییەکی چارەسەرنەکراو. پیرباڵ خۆی لە ساڵی ٢٠١٣ لە وتەیەکیدا کوردە هاونیشتیمانیەکانی لەبارەی چارەسەرکردنییەوە تۆمەتباردەکات: "تەنانەت قەرەجەکانیش شێتی خۆیان فڕێ نادەن، بەڵام کورد منی فڕێدا." لەپاڵ ئەوەی پیرباڵ یەکێکە لەو شاعیر و ڕۆماننوسانەی زۆرترین دەستکەوتی هەبووە لە کوردستانی عێراقدا، نەخۆشییە دەروونییەکەی چەندین جار بەرەو زیندان ڕاپێچی کردووە، جێیەک کە وەک نەخۆشخانەیەکی دەروونی مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

پیرباڵ لە ساڵی ١٩٦١ لەدایکبووە و دەکرێت داهێنەرێکی گەورەی شیعر و پەخشانی سەدەی بیست و یەکی ئەدەبی کوردی بێت. یەکەم کۆکراوەی شیعریی بە ناوی مەنفا لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٩٠ لە زێدی خۆی، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، و پاریس نووسیوونی. کاریگەری سوریاڵیستەکانی فەڕەنسا و قوتابخانەکانی ئەوروپای لەسەر شیعرەکانی پیرباڵ دیارە، ئەو پەیوەندی بەستنە لەگەڵ ئەدەبی جیهانیدا کە پیرباڵ باسی لێوە دەکات گرنگ بوون بۆ گەشەسەندنی قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەدەبی کوردی لە سەدەی بیستەمدا. پیرباڵ بێ پشوو لە ئەزموونکردندایە. لە شیعرە کورتەکانیدا کار لەسەر شیعری وێنەیی دەکات و لەسەر شێوەی تاوەری ئیفڵ دایدەڕێژێت، کە هیچ پێشینەیەکی بچووکیش لەم بوارەدا لە ئەدەبی کوردیدا نییە. تەنانەت کاری لەسەر خۆشنووسیش کردووە، لە دروستکردنی وێنەی درەختێکەوە لە وشەی خلودی عەرەبییەوە کە بە مانای "نەمریی" دێت:

پەیوەندیی نزیکی پیرباڵ لەگەڵ هونەری وێنە بە ڕێگای تر خزاوەتە ناو کارکردنی شیعرییەوە، بە نووسینی ڕستە و داهێنانی وشە سڕینەوە لە شیعری کوردیدا، دەیگۆڕێت و مانایەکی تر دەدات بە شیعرەکە، بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی دژە نەتەوەیی خەیاڵێکی تر بە سرودی بەناوبانگی "ئەی ڕەقیب"ی دڵدار  داوە! لە دواهەمین کۆپلەی شیعرەکەدا پێناسە سەربازییەکەی ناسنامەی کوردی پێچەوانە و کورت کردۆتەوە:

کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان


داهێنانەکانی لە کارە پەخشانەکانیشیدا بەردەوامییان هەیە. لە نۆڤلێتەکەی ساڵی ٢٠٠١یدا بە ناوی مولازم تەحسین و شتی تریش...، کە سکێچی کۆنسێپتەکەی لە ساڵی ١٩٨٧ لە کۆپنهاگن کێشابوو، لە ناوەڕاستەوە بەشێوەیەکی ئاسۆیی جیاکراوەتەوە. پیرباڵ لەم کارەدا دوو ئاڕاستەی جیاوازی چیرۆکی مولازم تەحسینمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە یەکەمیان لە ڕۆژدا ڕوودەدات و دووەمیشیان لە شەودا. 

کارەکانی سەرەتای پیرباڵ هەستێکی نۆستالژی بۆ ساتە سادەکان پیشان دەدات، بۆ یادەوەرییەکانی کوردستانی سەردەمی کوڕێنی، پێش ئەوکاتەی "سفرە تامی تریفە و گۆرانی سۆزی ون کرد[بوو]." دواتر لە هەمان شیعردا، کە ناونیشانەکەی ئەدرەسی خانووی مناڵییەتی لە هەولێر، بە لاواندنەوەوە دەڵێت، "مخابن! منداڵیم دوورە، تا بڵێی دوور، مردنیشم لە ئەو دوورتر. " وەک عەبدوڵا پەشێوی هاوسەردەمی، شیعرەکانی زنجیرەیەک ڕووداوە لە مەنفا و ڕاگوێزان، گێڕانەوەی پەرێشانی و بەشێک نەبوون لە شوێن. نۆ گۆرانی نێو زنجیرە شیعری "گۆرانییە ڕۆمانسییەکانی دوورەوڵاتی" دەبێتە فەهرەسی ئەزموونی ساڵەکانی لە ئەوروپا. لە گۆرانی پێنجەمیدا پیرباڵ لیستی ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە پێویستە لە مەنفادا بیانکات و بە نیشانەی پرسیار و نیشانەی سەرسوڕمانی نادڵنیایی کۆتایی بە شیعرەکە دێنێت، لەکاتێکدا گۆرانی شەشەم زنجیرەیەکە لە بیست پرسیاری ئەم شاعیرە سەرلێشێواوە تا بزانێت لە کوێی ئەوروپادا خۆی بدۆزێتەوە و لە کۆتا پرسیار پەرێشانییەکی غەمگین بۆ نیشتیمانە ئاشنا و جوانەکەی خۆی لە "پەنجەرە دەم بە خەندەکەیەوە" دەردەبڕێت:

(٥)

دەلینگ کورتکردنەوەی پانتۆڵەکەم. 
قۆیچە
((هەڵبرینگانەوە)) واتە ئاو و هەوا خۆشبوونەوە. 
تەلەفۆن بۆ هاوڕێ ناونیشانی هیوای لێ وەربگرم 
دارستانە چڕ و چۆڵەکەی ڤێستەپۆرت. 
نامەکان بدڕێنم، یا بیانسووتێنم: تەنیا ئەوەی دایکم بێڵمەوە. 
پێڵاو. پینەدۆز. کلیلەکان. 
قەرزی لارس. سەللاجەکە بفرۆشمەوە (ماریا)
ناسنامە و کاغەزەکانم هەمووی. 
شەمەندەفەری ڕووەو نەرویج لە ساعەت یازدە و نیوی شەو بەڕێ دەکەوێ
نامە بۆ ئاراس لە میوونخ
بۆ ئارام لە ئەمستردام
بۆ تەها لە کەنەدا؛
نامەیەکیش بۆ بەخە لە سابڵاغ، پێی بڵێم: 
چەند ڕۆژێکی تر بەیەکجاری ئێرە جێ دێڵم: 
جارێ نازانم بەرەو کوێ؟!)). 


(٦)

[...]
ئایا هێشتا هەر لەناو ئەو زەلکاوە ڕەشە ساردەم لە ئەوروپا
یان لە ژوورە
بەرز و ئارامە
هەردوو پەنجەرە دەم بە خەندە 
جوانەکەی خۆمم؛
لە گەڕەکی ((تەیراوە)) لە هەولێر؟!

لە گۆرانی حەوتەمدا، شاعیر تێکەڵ بە سەوداگەرییەکی غەمگین، لە کاتی بەراوردکردنی جوانییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ جوانییە سادەکەی دارەکەی بەردەرگای گەڕەکی منداڵیی. پێش ئەوەی تەواوی زنجیرەکە بگاتە تڕۆپک، بە هەمان زەردەخەنەی هەڵخەڵەتێنەری پیرباڵ لە ژیانی ڕاستەقینەدا، لە تاکە کۆپلەیەکدا بیرمان دەهێنێتەوە کە گەڕانەوە بۆ نیشتیمان گەڕانەوە نییە لە مەنفاوە چونکە لە مەنفاوە گەڕانەوە بوونی نییە: 


(٧)

شەقامەکانت، - ئەی ئەوروپا
باخچەکانت
سەرکردەکانت
مۆزەخانەکانت
پۆلیسەکانت، کچۆڵەکانت، ژنەکانت، پەنجەرەکانت، دەرگاکانت، 
مەیدانەکانت، پشیلەکانت، دووکەڵکێشەکانت، بەلەمەکانت، شەمەندەفەرەکانت، 
ئوتومبیلەکانت، نافوورەکانت، فڕۆکەخانەکانت، کابینەی تەلەفۆنەکانت
بانقەکانت، پۆلیسخانەکانت، چێشتخانەکانت
قەراغ دەریاکانت، بانیژەکانت
سەگەکانت
پەساپۆرتەکانت
هەموو شتێکت، - ئەی ئەوروپا
هەموو شتێکت بە قووربانی ((دارەکەی بەر ماڵمان)). 


(٩)

چوومەوە هەولێر: بۆ ئەوەی منداڵیی خۆم بدۆزمەوە. 
تووشی گەنجێتی خۆم هاتم: پیر ببوو

لە زۆرینەی کارەکانی پیرباڵی پاش ئەوروپا، گێڕەرەوەی شاعیر مەودایەکی نادیار بەرەو مەرگ پەی دەکات. نامۆیەکە لە نیشتیمانێکی نامۆدا دەسووڕێتەوە، هاوشێوەی سۆفییەکانی کوردستانی ڕابردوو. پیرباڵ بە پرسیارێک کۆتایی بە شیعرێکی ساڵی ١٩٩١ دەهێنێت کە لە خوێندنەوەی ئێستادا وادەردەکەوێت پێشبینی بۆ سەرگەردانییەکانی ژیانی خۆی کردبێت، پرسیارێک کە لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگاکە و شیعریشی دەکاتەوە:

لەگەڵ شێعر بەڕێ کەوتم؛
شێعر وەک خۆم سەرگەردان بوو
سەرگەردان: 
نەیدەزانی ڕووبکەینە کوێ؟

لەکاتێکدا شیعرەکانی سەرەتای خاسیەتی بەزەیی و سۆز پیشان دەدا، بەڵام لە ناوەڕاستی ٩٠کانەوە دەستیکرد بە تێکۆشانێکی ڕاستەوخۆ بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی، وەک لە شیعری ١٩٩٣دا دەیبینین: 

[...]

مادام پارەی پێڵاوێک لە پاریس
٣٠ کەسی برسیی لە سیبیریا پێ تێر دەکرێ، 
مادام ٣ کڕۆنی ساردی سوێدی 
دەکاتە ژیانی ٣٣ ڕۆژی ٣٣ کەسی برسیی سۆماڵی، 

مادام نرخی بیپسی کۆلایەک لە شیکاگۆ 
دەکاتە مووچەی یەک مانگی تەواوی مووچەخۆرێکی 
بێ مووچە لە هەولێر، [...]

...دەبێ ئەم جیهانە، سەرتاسەری، وێران بکرێ!


ئەم سووربوونە لەسەر وێرانییەکانی ناعەدالەتی و نایەکسانی لە هەمان کاتدا پرسیارکردنیشە لە سەپاندنی ئازادی تاک. پیرباڵ ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا قسەی دڵی خۆی دەکات کە ئەمەش لە مەیدانی سیاسیی کوردستانی عێراقدا کێشەی دروستکردووە. لە شیعرە ٢١٩ دێڕییەکەیدا کە بۆ ڕۆدانی کوڕی نووسیووە کاتێک تەمەنی دەبێتە هەژدە ساڵ، ڕەخنە لە دەسەڵاتدارە جیاوازەکان دەگرێت و داوای هەمان تووڕەیی دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدار و ئیمام و بێژەر و مامۆستا و بازرگان و ئەندامانی ئاسایشی دەوڵەت: 

پاسەوانەکانت
بە خۆیان و کڵاشنکۆفەکانیانەوە
بە خۆیان و قسە خۆشەکانیانەوە
بە خۆیان و کۆبوونەوە ئیداری و ڕەسمیەکانیانەوە
بە خۆیان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و عەینەگ و تەسبیح و زانکۆ و مزگەوت و قوتابخانە
و سەتەلایت و گۆڤار و دیوارە بڵندەکانیانەوە... 
ناتپارێزن
ناتپارێزن بەڵکوو 
خۆیان بۆت مەڵاس داوە و 
لە کەمیندان بۆت
دەیانەوێ بتکەن بە کۆپیکراوی خۆیان 
بتکەن بە کۆیلەی خۆیان. 

[...]

پاسەوانەکانت فێری وەزن و قافیەت دەکەن
فێری (موطنی موطنی...)ت دەکەن
فێری پێنج جار نوێژی ((جەماعەت))ت دەکەن
فێری ئەوەت دەکەن هەرگیز لە خەتی سوور نەپەڕیتەوە
پاسەوانەکانت فێرت دەکەن لەناو جەماعەت هەرگیز تڕ نەکەنی
بەڵام قرپ: قەیناکە. 

[...]

پاسەوانەکانت
ڕێگاکانت لێ دەستێننەوە و کورسییەکت دەدەنێ
کتێبخانەکانت لێ دەستێننەوە و بەرماڵێکت دەدەنێ
ڕووناکیی زێڕەوشانی کارەبات لێ دەستێننەوە و 
چرایەکی حیزت دەدەنێ
دەست لەملانێ و پیاسەی بەجووتەی ناو باخچەکانت لێ دەستێننەوە و 
ئاڵایەکی کوردستانت دەدەنێ
عەشقەکانت لێ دەستێننەوە و 
سیدییەکی نانسی عەجرەمت دەدەنێ
سۆز، نیگا، چرپە، ژووان، میهر و چاوچاوانێکانت لێ دەستێننەوە و 
فیلمێکی خیلاعیت دەدەنێ
سەفەرەکانت لێ دەستێننەوە و 
مەلعەبێکی پازدەهەزار کیلۆمەتر چوار گۆشەت دەدەنێ
پەساپۆرتەکەت لێ دەستێننەوە و 
حەبێکی ئەنفلۆنزای طیورت دەدەنێ 
قەتێ، کۆتر، طیورالحب و چۆلەکەکانت لێ دەستێننەوە و 
خەڵاتێکت دەدەنێ
خۆپیشاندانەکانت لێ دەستێننەوە و 
ئیجازەیەکی سیاقەی تەزویرت دەدەنێ
مانگرتنەکانت لێ دەستێننەوە و 
مانگێکی ڕەمەزانت دەدەنێ


پیرباڵ بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتاوە لایەنگیری لایەنی سیاسی ناوخۆیی فەرامۆشکرد. پاش گەڕانەوەی لە پاریس لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی ناوخۆی کوردستانی عێراق، بە دکتۆراکەی دەستییەوە، دەستیکرد بە وانە وتنەوە لە زانکۆی سەڵاحەدین و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نوسەر و بڵاوکەرەوەکانی هەردوو لایەنە سیاسییەکەی کوردستاندا پاراستبوو.  لەو کاتەدا شتێکی باو نەبوو کە نووسەرێک لە هەولێرەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی خەڵکەکەی لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانن، زۆرێک لە کتێبەکانی لە سلێمانی بڵاوبکاتەوە، کە شارێکە دوو کاتژمێرێک لە سنووری ئێرانەوە دوورە و دانیشتوانەکەشی بە شێوەیەکی گشتی لایەنگری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن. تەنانەت ئەو کاتەش کە  ئەدەبی کوردی و زمانەکەی لە گەشەدابوون بەهۆی ئەو ئازادییەی لە دوای شەڕی ناوخۆوە سەریهەڵدابوو، بڵاوبوونەوەی نۆڤلێتە نوێگەرەکەی "مولازم تەحسین و شتی تریش..." بۆ سەرکردەکانی هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی زیادەڕۆیی بوو و لە پاڵ یەکێتی ژنانی کوردستان نووسەریان بانگهێشتی دادگا کرد، تۆمەتبارکرابوو بەوەی نۆڤلێتەکە بێڕێزیکردنە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و ژنان. لەو هەفتەیەدا زیاتر لە ٧٠ وتار لەو بارەیەوە دەنووسرێت و کتێبفرۆشەکانیش لە بازاڕەکانی کوردستاندا دەستیانکرد بە چاپکردنەوە و بە زیادفرۆشتنی نۆڤلێتە پڕفرۆشەکە. لەو کاتەدا پیرباڵ ئەوەندە فیگەرێکی ڕێزلێگیراو بوو کە سەرکردەی کۆچکردووی حیزبەکە، جەلال تاڵەبانی، دەستیخستە ناو بابەتەکەوە و داوایکرد پێشمەرگە لە داواکەیان بکشێنەوە و بابەتێکیشی بۆ کوردستانی نوێ نووسی کە داوای ئازادی ڕادەربڕینی بۆ پیرباڵ کردبوو. 

لەم دواییانەدا، ئەنجامی پەیوەندی پیرباڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حیزبیدا بووەتە چەوساندنەوەی خۆی. ئامادەیی و چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە پلاتفۆڕمێکی گرنگ  بۆ بڵاوکردنەوەی تێڕوانینەکانی، کە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار شوێنکەوتووی هەیە لە فەیسبووکدا. پیرباڵ لە ساڵی ٢٠١٣دا هەر زوو پاش ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکرا. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر هێشتاش ڤیدیۆی ئەو ڕووداوەیان لە ئەکاونتی فەرمی یوتوبی خۆیان هێشتۆتەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ پیرباڵ دیسانەوە دەستگیرکرایەوە، بە دەرپێ قوتەیەکەوە، کە هەوڵی دەدا میز بە دادگای هەولێردا بکات، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر قۆرخکاری هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار. بۆ زۆرێک لە کورد، ئەو تۆمەتانەی پیرباڵ باسی لێوە دەکردن گشتییان ڕاست بوون: "ئەگەر تۆ حیز نەبیت، گەواد نەبیت، ئیشت نادەنێ. بۆیە من سەر بڵندم، بۆیە میز بەو حکومەتەیدا دەکەم!" مانگی نیسانی دواتر، پیرباڵ لەلایەن دوو کوڕی گەنجەوە هێرشی کرایە سەر، کە لەلایەن زۆرێک لە خەڵکی وا دەبینرا تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی بێت. لە ساڵی ٢٠١٨ داواکاری گشتی هەولێر داوای دەستگیرکردنی نووسەرەکەی کرد، باسی لەوە دەکرد کە کۆمەڵێک سکاڵای لە خەڵکەوە پێگەیشتووە دەربارەی ڕەفتارەکانی پیرباڵ. هەر زوو دواتر، برای پیرباڵ ئەوەی ئاشکراکرد کە داوایکردووە براکەی لە زینداندا بمێنێتەوە، بۆ پاراستنی پیرباڵ خۆی، داوای لە حکومەت و هێزە سیاسییەکان و خەڵکیش کرد کە پیرباڵ لە سیاسەت بە دوور بگرن. "وتی، ئەو نەخۆشە و پێویستە چارەسەر بکرێت. "

لە پێش خۆرهەڵاتنی ١٤ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٩، پیرباڵ دەچێتە ناو ئۆفیسی کتێبفرۆش و بڵاوکەرەوەی وەفایی، کە ماوەیەک لەوەوپێش ڕایانگەیاندبوو بەرگی نوێی سەرجەمی کارەکانی پیرباڵ بڵاودەکەنەوە و یەکەم بڵاوکراوە کتێبی کۆکراوەی چیرۆکەکانی، پەتاتە خۆرەکان، و توێژینەوەکەی لەبارەی ئەدەبی جیهانییەوە، ڕێبازە ئەدەبییەکان، دەبێت. پیرباڵ بە جگەرەیەکی داگیرساو لە دەمیدا و بە مۆبایلەکەیەوە بە ئۆفیسەکەدا دەسووڕێتەوە و بەنزین دەکات بە کتێب و مێزەکاندا و لە کاتی چوونە دەرەوەشی قونی جگەرەکە فڕێ دەدات و بەنزینەکە گڕ دەگرێت و کتێبخانەکە دەسووتێت. هەر ئەو بەیانییە، شاعیر بە ویستی خۆی دانی بە تاوانەکەیدا نا، وەک خۆی باسی کرد ئەمە تەنها سزایەک بووە بۆ شکستی بڵاوکەرەوەکە تاوەکو وەک ئەوەی ڕێکەوتوون لەسەری پارەی بداتێ. لە نامەیەکدا بۆ پۆزش هێنانەوە، براکەی ئەم ڕەفتارانەی شاعیری پەیوەست کردەوە بە هۆگریی بۆ هەندێک لە دەرمانی بێهۆشکەر. پاش دوو مانگ لە زینداندا مانەوە، پیرباڵ بە کەفالەت ئازادکرا پاش ئەوەی پارەی زیانەکانی بڵاوکەرەوەی وەفایی ژمارد. پیرباڵ ئێستا لە هەولێر، بە تەنها لە ماڵێکی پڕ لە کتێب و تابلۆ و پەیکەر دەژی، ئەو تابلۆیانەی کە ڕاستەوخۆ لەسەر دیواری ژوورەکان کێشاونی لەگەڵ ئەو پەیکەرانەی لە کەلوپەلی دۆزراوە دروستیکردوون. هەرچەندە کارەکانی پیرباڵ لە کوردستاندا ناسراون، ناوبانگەکەی لە ڕادەیەکدایە هەموو کەسێک لەسەر شەقام دەیناسێتەوە، زۆر کەم لە کارەکانی لە ژانری جیاواز وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی، هەرچەندە نەوەی نوێی وەرگێڕە ئەدەبییەکان، لە نێویاندا پشتیوان کەمال و ژیار هۆمەر، دەستیانکردووە بە ناساندنی کارەکانی پیرباڵ لە جیهانێکی فراوانتردا. 

چیرۆکی پەتاتە خۆرەکان، یەکێکە لە کورتە چیرۆکە باشەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی، تێیدا ژیانی کارەکتەرێک دەگێڕێتەوە بە ناوی فەرەیدوون، کە پاش ١٣ ساڵ ژیان لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی کە بەهۆی وشکەساڵییەکەوە ناچارکراون بە تەنها پەتاتە بخۆن. دانیشتووانی گوندەکە فێربوون بە تەکنیکی جۆراوجۆر پەتاتە ئامادە بکەن، تەنانەت شەرابی پەتاتەش دروست دەکەن. لە کۆتاییدا، دەستبەرداری خواردنی هەموو شتێکی تر دەبن. هاوڵاتییان فێربوون کە لە پەلکی پەتاتە پۆشاک دروست بکەن، پۆرترەیتی پەتاتە هەرە خۆشەویستەکەیان لەسەر دیواری ماڵەکەیان هەڵبواسن. بەردەوام سوپاسگوزاری بۆ کڵۆڕیشەکانی پەتاتە لەسەر زارییانە "تەنانەت کاتێ کەسێکیشیان لێ دەمرد، بە ئاوی پەتاتە دەیانشۆردەوە؛ لە کۆتاییدا سەلکە پەتاتەیەکیشیان، لەگەڵ مردووەکە، دەخستە گۆڕەکەیەوە." گووندەکە وەک نووسەرێکی گەورە پێشوازی لە فەرەیدوون دەکەن، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خواردن و شەرابی پێدەدەن. پاش خواردنی بێ ئەندازە لە پەتاتە، لە کۆتاییدا هێزی بەخۆی دا تا ناو جانتا ئاوساوەکەی ئاشکرا بکات کە لەو گەشتە دوورەیەوە لەگەڵ خۆیدا بەرەو ماڵەوە هەڵیگرتبوو. بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە شانازییەوە، فەرەیدوون جانتا پڕ لە وردە زێڕ و پارچەی گەورە و پاشان زێڕی قەبەی بە قەد کەرپووچێک بەتاڵ کرد. باوکی بە شڵەژانەوە دەپرسێت، "یەعنی هیچ پەتاتەت لە خاریج نەهێناوەتەوە؟" هەر یەک لە ئەندامانی خێزانەکە لە دواتردا هەمان پرسیار دووبارە دەکەنەوە، فەرەیدوون زیاتر و زیاتر سەریسووڕدەمێنێت، تا ئەو کاتە دڵنیانییە کە ئایا خۆی شێت بووە یان خێزانەکەی. لە کۆتاییدا باوکی کە بە ئاشکرا شەرمەزار بوبوو، دەپرسێ، "باشە ئەم زێڕە چییە کوڕم؟ بە کەڵکی چی دێ؟"

لە جیهانێکدا کە هەمووان بەها بۆ پەتاتە دادەنێن، سامانەکەی فەرەیدوون شەرمەزارییەکی هەراسانکەرە. ئەمڕۆ پیرباڵ خۆی لە فەرەیدوونی کارەکتەری هەراسانترە. وەک فەرەیدوونی کارەکتەری بە جیهاندا گەڕا، ئەوەی توانی لە زێڕ کۆیکردەوە تا بەرەو نیشتیمانی بهێنێتەوە. بەڵام پیرباڵ گێڕەرەوەیەکی نییە تا یارمەتیمان بدات وەک پاڵەوانێک، وەک پیاوێکی عاقڵی ناو جیهانێکی شێت، بیناسین. 

ئەم نووسینە لە پۆوتری فاوندەیشن بڵاوکراوەتەوە
شیعرە وەرگێڕدراوەکانی ناو بابەتەکە لەلایەن پشتیوان کەمال و دەیڤد شووکەوە وەرگێڕدراون
چیرۆکی پەتاتەخۆرەکانیش لەلایەن ژیار هۆمەر و دەیڤد شووکەوە وەرگێڕدراون. 

لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە


______
دەیڤد شووک شاعیر و وەرگێڕ و فیلمسازە و لە شاری مەکسیک گەورەبووە. لە زانکۆی ئۆکلاهۆما بڕوانامەی بەکالریۆسی بەدەستهێناوە و لە زانکۆی ئۆکسفۆڕدیش بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. لە یەکەم کۆکراوەی شیعریدا، زمانە ڕەشەکانمان (٢٠١٣)، شووک زەبر و برسێتی ژیانی ڕۆژانەی پیشانداوە.   


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw