گەنجێکی کورد دەیەوێت بە شێوەیەکی جیاواز موزیک بژەنێت

14/01/2015    22:25

گەنجێکی کورد دەیەوێت بە شێوەیەکی جیاواز موزیک بژەنێت 


Mwsîk

ئا: ئاراس عەبدوڵڵا

سوود وەرگرتن لە کەرەستەی نا موزیکی بۆ کاری موزیکی هەوڵی گەنجێکی کوردە بۆ دروستکردنی موزیک بەو کەرەستە نامۆیانە. ئەرکان عەبدولقادر، موزیسیانێکی لاوی کوردە و هەوڵدەدات بە شێوەیەکی جیاواز موزیک دروست بکات، بەوەی کە ئامێر و کەرەستەی نا موزیکی بەکار ببات بۆ ژەنینی پارچە موزیکەکانی. هەر وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات ئەم هەوڵەی ئەو لە کورددا بۆ یەکەم جارە و دەیەوێت ئەو شێوازە لە کاری موزیکیدا پەرە پێ بدات لە کوردستان.

سەبارەت بە چۆنییەتی کارکرن لەو بوارەدا ئەرکان عەبدولقادر بە سولی ئۆن وێب-ی ڕاگەیاند: بیرۆکەی ئەم جۆرە موزیکانە، بیرۆکەیەکی جیهانییە، دروستبوونی ئەم بیرۆکەیە لەلای من لە پێویستی من بۆ دونیای کارکردنم بووە، چونکە ئەمڕۆ لە جیهاندا ئەم جۆرە ئیشانە بە کەرەستە بەردەستەکان دەکرێت، بەڵام ئەم ستایلە ئیشکردنە لە کوردستان نامۆ بووە تا ئێستا، بۆیە من هەوڵمداوە لەڕێگەی هونەرەکەمەوە ئەم ستایلە بگوێزمەوە بۆ کوردستان.

وتیشی: هونەری ئەم جۆرە لە ئیشکردن لەوەدایە کە بە کەرەستە و دەنگی ناڕێک و پێک بتوانیت موزیکێکی ڕێک و پێک دروست بکەیت، بە دڵنیایییەوە بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەم جۆرە ئیشانە وەردەگرین لە دنیادا و ڕەنگە کەسانی تریش سوود لە ئێمە وەربگرن بۆ هەمان مەبەست، بەڵام دواتر جوگرافیا و شوێن بڕیار لەسەر جۆری ئیشکردنەکە دەدەن.

ئەرکان چیرۆکی یەکێک لە کارەکانیان بۆ سولی ئۆن وێب باس دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو ئیشانەی کە کردمان و تێیدا سوودمان لە کەرستەی ناموزیکی وەرگرتبوو، بریتیبوو لە بەکارهێنانی پارچەکانی زۆپایەک دوای ئەوەی کە بۆ پاککردنەوە کردمانەوە، کە دەنگەکانم تاقی کردەوە هەستمکرد دەتوانم ئیشێکی پێ دروست بکەین، ئێمەش موزیکێکمان بەو کەرەستانە و هەندێک کەرەستەی دیکەی ناموزیکی دروست کرد.

کارێکی ئەرکان عەبدولقادر لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان کە ژەنیاری سەنتورە و بە چەند شێوەیەکی جیاواز موزیکەکانی دەژەنێت:
https://www.youtube.com/watch?v=pr5QJzIHcX0

کارێکی دیکەی ئەو موزیسیانە لاوە کە تێیدا سوود لە پارچەکانی زۆپایەک وەردەگرن لەگەڵ هەندێک کەرەستەی دیکەی ناموزیکی:
https://www.facebook.com/video.php?v=10153016350999390


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw