ئا: دالیا کەمال – ئاراس عەبدوڵڵا
بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووبووەوە، چالاکییە کلتوورییەکان یەکەمین شت بوون کە ڕووبەڕووی سستی و وەستاندن بووەوە لەلایان دەزگا و ناوەندە کلتووری و تەنانەت شوێنە حکومییەکانیشەوە، وەک ئەوەی چالاکی کلتووری و هونەری گرنگی ئەوتۆی نەبێت و لەگەڵ دروستبوونی هەر قەیران و گرفتێکدا یەکەمین جار ئەو چالاکیانە دەبێت بوەستێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لەکاتی نەبوونی قەیرانیشدا وەک زۆربەی هونەرمەندان ئاماژەی بۆ دەکەن گرنگی ئەوتۆ بە کلتوور و چالاکییەکانی ئەو بوارە نەدراوە. بۆ ئەم پرسە سولی ئۆن وێب ڕای ژمارەیەک لە هونەرمەند و نووسەر و چالاکوانی بوارە کلتوورییە جیاجیاکان وەرگرتووە و هەریەکەیان لە ڕوانگە و بینینی خۆیانەوە وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە، کە پرسیارەکان بریتیبوون لە "هەڵسەنگادن بۆ دۆخی کلتووری ساڵی ٢٠١٤ هەروەها پێشنیاریان بۆ ئەو شوێنانەی کە چالاکی کلتووری ئەنجام دەدەن لە ساڵی نوێدا"
د. ڕێبوار سەعید (هونەرمەندی شێوەکار)، سەرۆکی سکوڵی هونەرە جوانەکانی سلێمانی.
بە دڵنیایەوە ساڵی ٢٠١٤ ساڵێکی پر لە تەنگەژەبوو بۆ بواری هونەر لە ڕووی نمایش کردنی کاری هونەی و بەردەوامی ئەو پرۆژانەی کە ئامادەکرابوون بۆ کارکردن، کاتێک جەنگ دێت زەرورەتەکانی دیکەی ژیان دەبنە پلە یەک لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەیی، بژێوی ژیان، تەندروستی، بەردەوام بوونی پەروەردە و خوێندن، ڕەنگە دوای ئەم پێداویستیانە هونەر دەستپێبکات هونەر هەمیشە لە فەزای ئارامی و ئاسایشدا دەتوانێت پێگەکانی خۆی تۆکمە بکات هەرچەند هەندیک کات بۆ پشتیوانی، لە زەمەنەکانی جەنگدا هونەر دەتوانێت ببێتە پەناگایەک بۆ هەناسەدان و بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ئینسانەکان، بەلام زۆربەی کات ئەم هەوڵانەش لەسەر کواڵتی هونەری دەکەوێت؛ بەوەی زۆر کات دیوە پەیامیەکەی زاڵ دەبێت بەسەر دیوە هونەریەکەیدا بۆیە کەم هەیە لەو بەرهەمانە بتوانن بۆ زەمەنێکی درێژ بەردەوام بن.
رەنگە بۆ ساڵی داهاتوو پلانەکانی کارکردن بۆ بواری هونەری بتوانرێت بگۆرێت بۆ بەکار هێنانی ئەو کەرەستانەی کە تێچویان کەمە واتە بەمانایەک( هونەری هەژار) کە دەستەواژەیەکە دەتوانرێت بە بودجەیەکی کەم پرۆژەیەکی هونەری سەرکەوتوو بە ئەنجام بگەیەنریت، هونەرمەندانی گروپی "کۆبرا" لە دوای کارەساتەکانی جەنگی دووەمی جیهانی نمونەیەکی لەبەر چاون کە توانێان سوود لەو کەرەستانەی دوای جەنگ ببنن بۆ بەرهەم هێنانی کارێکی هونەری، واتە کەرەستە خۆی مانایەکی دیکە وەردەگرێتەوە بۆ گوزارشتکردن. ڕەنگە کارکردنی گروپی رێگەیەکی باش بێت لەم قەیرانە ئابوریەدا بۆ گوزارشتی دەستە جەمعی هونەرمەندان و بوونی پێگەیان لەناو زەمەنی جەنگ دا کە کۆ دەنگیەک دروست دەکات بۆ وەلام دانەوەی بەهاکانی ژیان و جوانی.

سەرنجی نووسەران و هونەرمەندان لەسەر چالاکییە کلتوورییەکانی ٢٠١٤ و پێشنیارەکانیان بۆ ساڵی نوێ
شوان کەریم (نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی)
ئاڤان سدیق (هونەرمەندی شێوەکار)