بۆنی دوای دڵۆپە باران یەکێکە لە بۆنە خۆشەکان. لە دوای یەکەم باران، ئەم بۆنە زیاتر هەستی پێدەکرێت. چەند لێکۆڵەرەوەیەکی ئوستورالی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٤ باس لەم دیاردە سروشتییە دەکەن.
ئەم بۆنە لە ئەنجامی یەکگرتنی ئەو رۆنەی لە زەویدا هەیە لەگەڵ پێکهاتە کیمیاییەکان کە لە خاکەکە دێنە دەرەوە لەگەڵ باران باریندا.
چەند لێکۆڵەرەوەیەک لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماسەچوس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، روونی دەکەنەوە کە توانیویانە لە رێگەی کامیرایەکەوە ئەم رووداوە وێنەبگرن کە چۆن بۆنەکە دەچێتە هەواوە.
لە رێگەی کامێراکانەوە ئەوە دەبینن کە چۆن دڵۆپە بارانەکان بڵقە هەواییەکان دەگرن پاش ئەوەی دەکەونە سەر زەوی. پاشان بڵقەکان بەرەو روی دڵۆپە بارانەکە دەگەڕێنەوە و کۆدەبنەوە و دڵۆپەی زۆر بچوکی شل یان تەنۆچکەی رەقیان لێ دروست دەبێت کە لە هەوادا وەک تەم یان دوکەڵ دەمێننەوە و دەردەکەون.
وە زاناکان پێیان وایە ئەو تەنۆچکەیەی کە لە هەواکەدا دەمێنێتەوە تەنیا ئەو پێکهاتانەی کە دەتوانرێت ببینرێن لەگەڵ خۆیدا نابات، بەڵکو ڤایرۆس و بەکتریاش دەباتە ناو هەوا کە دەشێت لە خاکەکەدا نیشتبێتن. وەستانی ئەو تەنۆچکانەو دروست بونی ئەو بۆنە لەگەڵ نەرمە باراندا زیاتر دروست دەبێت، لە کاتێکدا بارانی بە لێزمە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی هەوا.
دیاردەی لەم شێوەیە پێشتر لەلایەن زانایانەوە روون کراوەتەوە بۆ ئەو بارانەی بەسەر ئاویکدا دەبارێت، بەڵام ئەمە یەکەم جارە بتوانرێت ئەم دیاردەیە لەسەر خاک ببینرێت.
پێدەچێت ئەم روون کردنەوانە یارمەتیدەر بێت بۆ زانینی هۆکاری گواستنەوەی ئەو نەخۆشیانەی لە خاکدا هەن. لە ئێستادا زانایان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن بۆ زانینی ئەو نەخۆشیانەی کە بە هۆی دڵۆپە بارانەوە دەگوازرێنەوە.
لینکی ڤیدیۆ (https://www.youtube.com/watch?v=Waqmq_GTyjA)
سەرچاوە: BBC
