ئا: ئاراس عەبدوڵڵا نووسەر و وەرگێڕی ناسراو "کەریم پەڕەنگ" لە ڕوونکردنەوەیەکیدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە دوورکەوتەنەوەی دەدات لەکاری وەرگێڕان و نووسین. لەو ڕوونکردنەوەیەدا کەریم پەڕەنگ سەبارەت بە هۆکاری دوورکەتنەوەی لە کاری نووسین و وەرگێڕان نووسیویەتی " ماوەیەکی درێژ توانیم هەرچی چۆنێک بووە خۆم لە کار بدزمەوە و زیاتر خەریکی نووسین و وەرگێڕان بم و لەم ماوەیەشدا توانیم هەندێ دەق بخەمە بەرچاوی خوێنەران و دڵیان بەو دەقانە خۆش بکەم. بەڵام لە بەر ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ ئەرکی ژیان لە ئەوروپا قورستر دەبێت و ئەو ماوەی کار نەکردنەش بارێکی قورسی بۆ بەجێهێشتووم و نووسینیش بو کوردی ئەو بۆشایی و کەلێنانە پڕ ناکاتەوە کە بە هۆی پشتکردنە کار و ڕووکردنە نووسینەوە دێتە ئاراوە، حەز دەکەم لێرەوە بۆ هەموو خوێنەران و هاوڕێیان ڕابگەیەنم کە ئەم کارکردنەم دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەم لە نووسین، ئێستا ناتوانم بەڵێن بدەم کە دێمەوە سەر بار و بارم سووک دەبێت و دەتوانم کەی ڕوو بکەمەوە نووسین، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم ئەمە پلانی ڕۆژ و دوو ڕٶژ یان مانگ و دوو مانگ نییە" لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا پەڕەنگ نووسیویەتی" لێرەوە داوای لێبووردن لە هەمووان دەکەم کە ڕەنگ بێت جارێکی تر نەتوانم بە ئەرکەکانم وەکو نووسەر و وەرگێڕ هەڵبستم، چونکە هەتا مرۆڤ گەنج بێت دەتوانێت لە پاڵ کارەکەیەوە خەریکی نووسینیش بێت، بەڵام لە بەر ئەوەی من پێم خۆش نییە وەکو نووسەرێکی "هاوي" و هەفتەی چەند خولەکێک خەریکی نووسین بم، بەڵکو ئەگەر من نووسەر بم حەز دەکەم هەموو وزەی خۆمی تێدا بەکار بهێنم، من سوپاسگوزار ئەبم ئەگەر لە داهاتوودا نەک نووسینی جدی، بەڵکو کاتی ئەوەم بۆ بمێنێتەوە هەوڵ بدەم خوێندەوار بمێنمەوە و نووسین و خوێندنەوەم لە بیر نەچێتەوە" کەریم پەڕەنگ خەڵکی شاری کەرکوکە و لە ساڵی ١٩٨٠وە لە دەرەوەی وڵات دەژی و یەکێکە لە وەرگێڕە ناسراوەکانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ژمارەیەک لە شانۆنامە و ڕۆمانی گرنگی لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە، دوایین کاری وەرگێڕانی ئەو بریتییە لە "بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە" کە هی نووسەر "ئێریش ماریا ڕیمارک"ە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەندی غەزلنووس چاپ و بلاویبکاتەوە. تەواوی ڕوونکردنەوەکەی وەرگێڕ کەریم پەڕەنگ: ڕوونکردنەوەیەک بۆ هاوڕێیان و خوێنەرە ئازیزەکان ماوەیەکی درێژ توانیم هەرچی چۆنێک بووە خۆم لە کار بدزمەوە و زیاتر خەریکی نووسین و وەرگێڕان بم و لەم ماوەیەشدا توانیم هەندێ دەق بخەمە بەرچاوی خوێنەران و دڵیان بەو دەقانە خۆش بکەم. بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ ئەرکی ژیان لە ئەوروپا قورستر دەبێت و ئەو ماوەی کار نەکردنەش بارێکی قورسی بۆ بەجێهێشتووم و نووسینیش بو کوردی ئەو بۆشایی و کەلێنانە پڕ ناکاتەوە کە بە هۆی پشتکردنە کار و ڕووکردنە نووسینەوە دێتە ئاراوە، حەز دەکەم لێرەوە بۆ هەموو خوێنەران و هاوڕێیان ڕابگەیەنم کە ئەم کارکردنەم دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەم لە نووسین، ئێستا ناتوانم بەڵێن بدەم کە دێمەوە سەر بار و بارم سووک دەبێت و دەتوانم کەی ڕوو بکەمەوە نووسین، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم ئەمە پلانی ڕۆژ و دوو ڕٶژ یان مانگ و دوو مانگ نییە. لێرەوە داوای لێبووردن لە هەمووان دەکەم کە ڕەنگ بێت جارێکی تر نەتوانم بە ئەرکەکانم وەکو نووسەر و وەرگێڕ هەڵبستم، چونکە هەتا مرۆڤ گەنج بێت دەتوانێت لە پاڵ کارەکەیەوە خەریکی نووسینیش بێت، بەڵام لە بەر ئەوەی من پێم خۆش نییە وەکو نووسەرێکی "هاوي" و هەفتەی چەند خولەکێک خەریکی نووسین بم، بەڵکو ئەگەر من نووسەر بم حەز دەکەم هەموو وزەی خۆمی تێدا بەکار بهێنم، من سوپاسگوزار ئەبم ئەگەر لە داهاتوودا نەک نووسینی جدی، بەڵکو کاتی ئەوەم بۆ بمێنێتەوە هەوڵ بدەم خوێندەوار بمێنمەوە و نووسین و خوێندنەوەم لە بیر نەچێتەوە. لە بەر ئەوەی هیلاکیی دوای کاریش دەرفەتی ئەوەم نادات خەریک شتی ئەملاوئەولا بم، لێرەوە نەک هەر ماڵئاوایی لە نووسین بەڵکو ماڵئاوایی لە هاوڕێیانی فەیسبوکیش ئەکەم، کە ناتوانم ئیتر وەڵامی هەموو نامە و پرسیارەکان بدەمەوە، لێرەوە داوای لێبووردن لەو هاوڕێیانەش دەکەم، کە چەند ساڵێکە فەیسبوک بەیەکەوەی بەستووین. تکایە بمبەخشن ئەگەر ویستتان نامەم بۆ بنێرن و فەیسبوکەکەم داخرابوو. بە هیوای دیدار و سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە. چاوی یەک بە یەکتان ماچ دەکەم کەریم پەڕەنگ