زانیارییەکانی تازەترین ڕۆمانی بەختیار عەلی
photo: biyar rashid

07/02/2015    22:41

زانیارییەکانی تازەترین ڕۆمانی بەختیار عەلی 


Têkst

ئا: ئاراس عەبدوڵڵا

"هەورەکانی دانیال" تازەترین ڕۆمانی نووسەری دیاری کورد "بەختیار عەلی"یە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە، ئەم ڕۆمانە نوێیەی نووسەر قەبارەکەی نزیکەی ڕۆمانێکی پێشوتری نووسەر "کۆشکی باڵندە غەمگینەکان"ـە و ١٠،٠٠٠ دانە تیراژی چاپی یەکەمی دەبێت، بڕیارە لە کۆتایی مانگی ٣ی ئەمساڵدا بڵاوبکرێتەوە.

سەبارەت بە بیرۆکەی نووسینی ئەم ڕۆمانە "بەختیار عەلی" لە گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەندێشە"دا ڕایگەیاندووە" بیرۆکەی سەرەتایی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە ٢٣ سال لەمەوبار، بۆ چەند ڕۆژێک بەر لە کۆڕەوەکە، بۆ ساتێکی تایبەت، لە ژوورێکدا خەوتبووم و بۆ ساتێکی کورت هەستمکرد لە یەک کاتدا هەم لە خەونێکمدا و هەم لە دەرەوەش باران دەبارێت، هەم دەنگی بارانم لە دەرەوە گوێ لێ بوو، هەم لە خەونەکەمدا، ساتێکی سوریالی تێکەڵاوبوونی خەون و واقیع بوو، بیرۆکەی ڕۆمانەکە لەوەوە دێت ئەگەر ئەم تێکەڵاوییە لەسەر ئاستێکی گەورەتر ڕووبدات چی دەبێت؟"

سەبارەت بە هێلە گشتییەکانی ڕۆمانەکەی بەختیار عەلی دەڵێت" ڕۆمانەکە لەسەر پەیوەندی توندوتیژییە بە وەهمەکانی مرۆڤەوە، لە ئۆتێلۆی شکسپیردا، ئۆتێلۆ نزیکترین کەسی خۆی دەکوژێت بەهۆی واهیمەیەکی سادەوە، بەهۆی ئیرەییەکی عاتیفیییەوە، بەڵام جارێکی تر چی دەبێت گەر تەواوی کۆمەڵگایەک تووشی واهیمەیەکی لەوجۆرە ببێت؟ وەک ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتدا تیا دەژین، ئەوە خولیای سەرەکی من بووە لە ڕۆمانەکەدا. وێنەی دوژمن چۆن دەتوانێت ناخی کۆمەڵگایەک بکێڵێت و بیگۆڕیت بۆ کۆمەڵگایەکی داخراو و توندوتیژ. ڕۆمانەکە هەوڵی خوێندنەوەی ژیانی دوو گەنجە لە کۆمەڵگایەکدا کە بەجۆرێکی سیستماتیک گەنجەکانی خۆی دەگۆڕێت بۆ جەنگاوەر و بکوژ. هەموو ئەم پەیوەندییە لەڕێگای دوو شار، یان دوو هەرێم، یان دوو نەتەوەی خەیاڵییەوە دەخوێنرێتەوە، دێلاوار و مەمەدحەسار، دوو جێگا کە لە واقیعدا بوونیان نییە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیەدا بەختیار عەلی هۆکاری دواکەوتنی هەندێک لە نووسینەکانی تری خۆی بەهۆی ئەم ڕۆمانە نوێیەوە خستووەتە ڕوو و دەڵێت" هەندێک تێکست وەک خۆرە وان، یەک جار پەلامارت دەدەن و وادەکەن لە پێناویدا واز لە هەموو شتێک بهێنیت".

بەختیار عەلی بە ئومێدە "هەورەکانی دانیال" لەکۆتایی مانگی ٣ی ئەمساڵدا بڵاوببێتەوە و دەشڵێت: هەوڵدەدەم لە مەراسیمی بڵاوبوونەوەیدا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw