ئا: ئاراس عەبدوڵڵا لە میانی مەراسیمی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێکی دیکە لە کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە ڕۆژی ٧/٢، سێ کتێبی نووسەری دیاری عەرەب "محەمەد ماغوت" بەزمانی کوردی بڵاوکرایەوە کە پێکهاتوون لە "خۆشی پیشەی من نییە، خیانەت لە نیشتیمانەکەم دەکەم لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی عەدەن ڕۆژئاوای خودا"، ئەم سێ کتێبەی نووسەر لە وەرگێڕانی هەریەک لە "حسەین لەتیف و کارزان عەلی"یە کە بە هاوبەشی کاری وەرگێڕانیان بۆ ئەو ٣ کتێبە ئەنجام داوە، هەردوو وەرگێڕ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن؛ وەرگێڕانی ئەم ٣ کتێبە بەرهەمی چەندین ساڵ کارکردن و وردبوونەوەیە لە ئەزمونی شیعریی ماغوت. کارزان عەلی وەرگێر لەبارەی کتێبەکانەوە بۆ سولی ئۆن دەدوێت و سەبارەت بە کتێبی (خۆشی پیشەی من نییە) دەڵێت"ئەم کتێبە یەكێكە لە دیوانە شیعریە بەناوبانگەكانی ماغوت و ساڵی 1970 لە دیمەشق بڵاوبووەتەوە، كۆمەڵە شیعرێكی مرۆڤدۆستانەی لە خۆ گرتووە كە ماغوت لە ئەنجامی خەم و ئەشكەنجەی زیندان نوسیویەتی. دەرخەری ئەو مەرگەسات و نەهامەتیانەیە كە شاعیر پێیدا تێپەڕیوە. ئەم دیوانە ساڵی 2009 بۆ یەكەمجار دەزگای سەردەم بۆ چاب و بڵاوكردنەوە بڵاوی كردوەتەوە و دەزگای ئەندێشە چاپی دووەمی گرتووەتە ئەستۆ" سەبارەت بە کتێبی دووەم (خیانەت لە نیشتیمانەكەم دەكەم) کارزان عەلی دەڵێت" ئەم کتێبەش كۆمەڵە وتارێكی رەخنەیی و گاڵەئامێزی ماغوتە و بە شۆڕشێكی مەزن لە فیكر و تێڕوانینی ماغوت دا دەدەنرێَت بەرامبەر جیهانی عەرەبی و كلتووری ئیسلامی و شارستانیەتی عەرەب بە گشتی. هەڵگری مۆركی یاخی بوون و ڕەتكردنەوەیە بۆ هەموو نۆرمە نەشیاو و سواوەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی. لەم كتێبەدا ماغوت بە وردی پەنجەدەخاتە سەر شكست و نەهامەتی و مەرگەساتەكانی مرۆڤی عەرەبی بە بەرارودكردن بە جیهانی دەرەوە و كلتوورە جیاوازەكان. ماغوت لێرەدا بەستەڵەكی بێ باكی و كەمتەرخەمی و كەم عەقڵی عەرەب دەشكێنێت و دەیەوێ لەو وەهمە رزگاریان بكات كە بە درێژایی چەندین سەدە لەسەر یەك كەڵەكە بووە. ئەم کتێبە ساڵی 1987 بڵاوبوەتەوە و ساڵی 2001 بۆ دووەم جار چاپكراوەتەوە . ئەم كتێبە بەزمانی کوردی چاپی یەکەمییەتی و دەزگای ئەندێشە چاپی کردووە" کارزان عەلی دەربارەی کتێبی سێیەم (ڕۆژهەڵاتی عەدەن رۆژئاوای خودا) بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن دەڵێت" ئەم کتێبە دیوانە شیعرێكی تری ماغوتە و پێگەیەكی مەزنی لە كاروانی شیعریی ماغوت دا هەیە. درێژە پێدەری هەمان رەوتی یاخی بوون و جاڕدانی مرۆڤدۆستی ئەم شاعیرەیە . دیوانەكە لە پاش مەرگی شاعیر بە چەند ساڵێك بڵاو كراوەتەوە و هەموو ئەو دەقە شیعرییە جوانانە لە خۆ دەگرێت كە لە ماوەكانی كۆتایی تەمەنیدا نوسیونی. دەزگای ئەندێشە بڵاوی دەكاتەوە . ئەم کتێبەش چاپی یەکەمییەتی و دەزگای ئەندێشە چاپیکردووە" هەردوو وەرگێڕ : کارزان عەلی و حسەین لەتیف